سلێمانی – ھەرێز جەمال : دڵسۆز عوبێدی کچە ڕاکەری کوردو یاریزانی ھەڵبژاردەی عیراق مەشقەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیاو ڕەتیشیدەکاتەوە یانەکەی بەجێھێشتبێت .
دڵسۆز کە ماوەی چەند ساڵێکە بۆتە ناوێکی دیاری یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان لە کوردستان و عیراق ماوەی چەند ساڵێک یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی پێشمەرگەی ھەولێر بوو ماوەیەک لەمەوبەریش بە پێی گرێبەستێک ڕووی لە یانەی سیروانی نوێ کرد , ئەو یاریزانە ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە ئێستادا لە گەڵ یانەکەی بەردەوامە لە مەشقکردن و ڕەتیشکردەوە کە ڕووی لە پێشمەرگەی سلێمانی کردبێت , وەک خۆی ڕونیکردەوە کە سەرسام بووە بەو دەنگۆ ناڕاستانەی کە باسیان لە ڕۆیشتنی کردەوە .
دڵسۆز کە پاڵەوانی عیراقە لە یاری ڕاکردنی بەربەستدا ئەوەشی خستە ڕوو کە بەنیازە لە پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیا بۆ یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان کە ڕۆژانی ١٢-١٥\١٢ ی مانگی داھاتوو لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت ئەنجامێکی باش دەستەبەر بکات بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا تەواو مەشقەکانی چڕتر کردۆتەوە .