زانا دڵشاد دزەیی : کچە میوزیکژەن دیدە فەرەیدوون دوای بڵاوبوونەوەی کلیپەکە نوێیەکەی، کە لە دیمەنێکدا بەشێوەی چارلی چاپلن دەرکەوتووە و مۆسیقای کلاسیک دەژەنێت، رایگەیاند، لەسەر نوێکردنەوە و دەستکاریکردنی میوزیکی کلاسیک بەردەوام دەبێت و دەیەوێت ھەموو خەڵک فێربکات گوێ لە مۆسیقای کلاسیک بگرێت.
دیدە فەرەیدوون، لەشاری کەرکووک لەدایکبووە و ئێستا دانیشتووی شاری ھەولێرە، قوتابی قۆناغی چوارەمی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانە، ھەفتەی رابردوو کلیپە میوزیکییەکەی بڵاوکردەوە، کە میوزیکێکی کلاسیکی جیھانییە بە ناوی “ھەنگاریان دانس”، دانەرەکەی “برانس”ـە، بەڵام دیدە فەرەیدوون بە تێکەڵکردنی کوردی و شەرقی مۆسیقاکەی نوێکردۆتەوە، ھەفتەی رابردوو کلیپەکەی بڵاوکردەوە کە دیمەنێکی کلیپەکەدا دیدە لاسایی چارلی چاپلن دەکاتەوە، کاتێک چاری چایلن لە سەرتاشخانەیەک سەما لەگەڵ مۆسیقایەکی کلاسیک دەکات.
لەو بارەیەوە دیدە رایگەیاند “ھەموو مۆسیقییە ھاوڕێکانم پێیان شتێکی جوان و تازە بوو، بۆ من شتێکی باوەڕنەکراو بوو، چونکە زۆربەی مۆسیقاژەنە کلاسیکەکان مۆسیقای کلاسیکیان لاپیرۆزە و قبوڵ ناکەن دەستکاری مۆسیقای کلاسیک بکرێت، بەڵام من دابەشکردنێکی کوردی- شەرقیم بۆ کرد، بۆیە دەمەوێت لەسەر ئەمجۆرە ئیشەکردنە بەردەوام بم و وابکەم تەنانەت خەڵکێکی ئاسایی گوێ لە مۆسیقای کلاسیک بگرێت، باشترین شت ئەوەیە بەشێوەیەکی نوێ مۆسیقای کلاسیک بخرێتە بەگوێی خەڵک، بۆئەوەی ھەموو جۆرە خەڵکێک گوێ لە مۆسیقای کلاسیک بگرێت”.
دیە ئاماژەی بەوەشدا خۆی بیرۆکەی کلیپەکە داناوە و ویستوویەتی لاسایی چارلی چاپلن بکاتەوە و دەڵێ “ھەرچەندە بۆمن زەحمەت بوو لاسایی چارلی بکەمەوە، بەڵام ستایلی قژم گۆڕی و سمێڵیشم دانا، بۆئەوەی روخسارم بەو بچێت”.
سەرچاوە: سڤیل
zanadzey@yahoo.com