سەدیق سەعید ڕواندزی
کۆمەڵناس و زانای ناوداری عێڕاقی (عەلی وەردی) لە کتێبی وانەکانی ژیانمدا، کە بیرەوەرییەکانی خۆیەتی و تیایدا باسی کۆمەَلگەی عێڕاقی لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەکات، ھەروەھا لە گەلێک لە کتێبەکانی دیکەشی، باسی کەسییەتی تاکی عێراقی دەکات و ڕەھەندە کۆمەڵایەتییەکانی دەردەخات. بە بڕوای ئەو کۆمەڵناسە، تاکی عێڕاقی تاکێکی دووفاقییە و لە زۆربەی کاتدا، پرەنسیپێکی کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵی جێگیری نییە و ھەوڵدەدات لەگەڵ ھەموو بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ھەموو دەسەڵاتێک خۆی بگونجێنێت. لەم ڕووەوەش لە کتێبی وانەکانی ژیانمدا، نموونەی سەرۆکی شارەوانی بەغدا دەھێنێتەوە کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا چۆن ژیاوە و چەند خزمەتی ئەوانی کردووە، کەچی کاتێ ئینگلیزەکان عێڕاق داگیردەکەن و عوسمانییەکان لە بەغدا وەدەردەنێن، ھەمان ئەو سەرۆک شارەوانییە چی بۆ ئەوان کردبوو، بۆ ئینگلیزەکانیش دەیکات. لە کاتێکدا خەلافەتی عوسمانی دەسەڵاتێکی بە ناو ئیسلامی ھەبوو. ئەو دووفاقییە، بۆتە بەشێک لە خەسڵەتی کۆمەڵایەتییانەی تاکی عێڕاقی و وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی لێھاتووە. ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە ئەوەیە، کە چۆن پارێزگاری لە بوون و بەرژەوەندی خۆی بکات، ھەربۆیەشە چۆنی مەبەست بێت بەو شێوەیە دەژیت، یان لەگەڵ ھەموو بارودۆخێک خۆی دەگونجێنێت.
کاتێ سەرنج لە کارەکتەری (ئەمیر) ی پاڵەوانی ڕۆمانی (منداڵ و پێڵاوەکان) یش دەدەین، دەبینین ھەمان ئەو جۆرە کەسیەتییە دووفاقیەی ھەیە. کە لە عێڕاق دەژیت، مرۆڤێکە و کە ئاوارەی ئیسپانیاش دەبێت، کەسێکی دیکەی سەد و ھەشتا پلە جیاوازە لەوەی لە گوندەکەی خۆی، لە نێو عەرەبەکان بووە.
کارەکتەری ئەو ڕۆمانە، ناوی ئەمیرە. ئەمیر لە بنەماڵەیەکی خێڵەکی، کە باوکی پۆلیس و دانیشتووی گوندن لە دایک دەبێت، لە نێو کەش و ھەوایەکی خێڵەکی و میللی گەورە دەبێت و باوکی دەیەوێت لە سەر ڕیتمی ژیانی خۆی لە داھاتوودا بیکاتە پۆلیس . بەڵام ئەمیر، لە باوکی یاخی دەبێت و بە نھێنی لە بەغدا، کۆلیژەکەی دەگۆڕێت. لەوێ زەھڕا کە ئەویش لە کۆلیژێکی دیکەیە دەناسێت، بەڵام ھەردووکییان بەھۆی خولیایان بۆ شانۆ دەچنە کۆلیژی ھونەر. دوای تەواوکردنی خوێندن، بە بێ ڕەزامەندی خێزانی ھەردوولا، ھاوسەرگیری دەکەن و منداڵێکی ناکامیان دەبێت. ئەو منداڵە دوای لە دایکبوونی بە چەند ڕۆژێکی کەم ، کە ھێشتا زەھڕای دایکی بە ھۆش خۆی نەھاتۆتەوە دەمرێت. ئەمیریش ئەو منداڵە لە ئامێز دەگرێت و بە درێژایی شەو و ڕۆژێک دەیلاوێنێتەوە و سۆزی باوکایەتی خۆی بۆ دەردەبڕێت، تاکو لە گۆڕستاندا دەینێژێت. بێگومان ئەمەش بە نھێنی و بە بێ ئەوەی ھاوسەرەکەی لەو ڕووداوە ئاگادار بکاتەوە. ئەم بەشە، جوانترین و ھاوکات بە ئازارترین بەشی ڕۆمانەکەیە، کە ڕووداو و بەسەرھاتەکانی ھێندە تراژیدی و غەمگینن، کە دیوێکی ئازاراوییان بە ڕۆمانەکە داوە. زەھڕای دایکی منداڵەکە، دوای ئەوەی دەزانێت ئەمیری ھاوسەری منداڵە ناکامەکەی بە خاک سپاردووە بە بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو بکاتەوە، ئیدی لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوە، داوای جیابوونەوە دەکات و بەو ھۆیەشەوە کۆشکی ئەو خۆشەویستی و عەشقە دادەڕمێت کە چوار ساڵی زانکۆ و چەند ساڵێکیش دوای ھاوسەرگیری نێوانییان، بونیادیان نابوو.
ئەمیر بەھۆی جیابوونەوە لە زەھڕا، دەکەوێتە دۆخێکی دەروونی دژوارەوە و دەگەڕێتەوە گوندەکەی و کاتەکانی بە خەوتن و مەی خواردنەوە بەسەر دەبات. دەکرێ بڵێین تا ئێرە، بەشێکە لە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە کە لە عێراقدا ڕوودەدەن، دواتر ئەمیری پاڵەوانی ڕۆمانەکە لە ڕێگەی مەنھەڵی کوڕە خاڵییەوە، کاروباری سەفەری بۆ ڕێک دەخرێت و کۆچ دەکات بۆ ئیسپانیا و دواتریش کۆڵۆمبیا و ئەمەش بەشی دووەمی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەیە. لە ئیسپانیا لە ڕێستروانتی کوڕە خاڵەکەی کاردەکات و بەو ھۆیەوەش دەیان کچی عەرەبی و ئەفریقی و بیانی دەناسێت و ژیانی دەبێتە سێکس و خواردنەوە، تا ڕادی گرێیەکی دەروونی گەورە. بەو ھۆیەوە چەندین منداڵ لەو ژنانە دەخاتەوە و دواتریش دەچێتە کۆلۆمبیا. بێگومان لێرەدا، کەسیەتی ئەمیر لە کەسیەتییەکی شەرمن، خێڵەکی و کۆمەڵایەتی و کۆنسەرڤاتیڤ، کە بەرھەمی خێزانێکی گوندی و میللییە، دەگۆڕێت بۆ کەسیەتییەکی سوپەر سێکسی، مەی خۆر، ڕابواردنخواز و گەمە باز و دەست باز و داوێن پیس. بە بڕوای من، ئەمە ئەو ھێڵە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەیە کە لە ڕۆمانەکانی موحسن ڕەمڵی و بە تایبەتیش خورمای پەنجەکان، کاری لە سەر کردووە. کارکردنێک کە لە دووتوێیدا، دەگەڕێتەوە سەر ھەمان ئەو تیۆرە کۆمەڵناسیەی کە وەردی باسی لێوە دەکات، کە ئەویش دووفاقی کارەکتەری عێراقییە. لێرەوەش ئەو بۆچوونەی عەلی وەردی لە بارەی کەسیەتی تاکی عێراقی جوانتر بەرجەستە دەبێت. چونکە ئەمیر لە کەسێکی داخراوی کۆمەڵایەتی و وابەستە بە نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانی خێزان و گوندییەکانی عێراق، ھاوکات سەربازێکی دۆڕاوی نێو جەنگ و ڕەشبینییەکانی ژیان، دەگۆڕێت بۆ کەسیەتییەکی سوپەر سێکسی و ھەموو ژیانی لەوەدا کورت دەکاتەوە کە چۆن لەگەڵ ژنان ڕابوێرێت و وەچە بخاتەوە، وەک ئەوەی ھەمیشە منداڵ و خێزانی گەورە، گوزارشت لە گەورەیی و بە ھێزی و شکۆی بنەماڵە، بە تایبەتیش لە کلتووری کۆمەڵایەتییانەی عەرەبەکاندا دەکات. دوای ئەو ژیانە بێ مانایە کە لە ھەندەران تێی دەکەوێت، ئەمیر نائومێد دەبێت و خەمۆکییەکی کوشندە دەیگرێت و سەرەنجام بڕیار دەدات بگەڕێتەوە عێراق . ڕۆماننووس ھونەرییانە ڕووداوەکانی لە نێوان عێراق و ئیسپانیا، مۆنتاژکردوون و بە یەکەوەی گرێ داون. بە ڕادەیەک خوێنەر کە ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، چێژی لێ وەردەگرێت. ئەو ڕۆمانە پڕە لە وێنە و دەستەواژەی جوان و پڕ مانا، کە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن و ڕایدەگرن. بە تایبەتیش کە بە زمانێکی یەکجار کوردییانەی ھونەری و جوان وەرگێڕدراوە و و وەرگێڕەکەی شایەنی دەستخۆشی لێکردنە. بە داخەوە خوێنەری جددی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بە ھۆی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە پاشەکشە دایە و کەس کتێب ناخوێنێتەوە. بۆیە ئەم ڕۆمانە و دەیان دەقی جوانی دیکەی ئەدەبی بڵاو دەبنەوە و تێ دەپەڕن بە بێ ئەوەی کەس شتێکییان لە بارەوە بنووسێت مەگەر کەسانێک کە کارەکتەری ڕاستەقینە و پەرۆشی ئەدەبی کوردین. دەستخۆشانە لە نێوەندی ڕەھەند و وەرگێڕی ڕۆمانەکەش دەکەم، کە ڕۆمانێکی جوانی لەو شێوەیان چاپ کردووە و وەرگێڕاوە.
* پەراوێز: منداڵ و پێڵاوەکان، نووسینی: محسن ئەلڕەملی، وەرگێڕانی: رەنجدەرجەبار، بڵاوکراوەی ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەھەند_سلێمانی ٢٠٢٠.