مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” لە سی و چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێکسگڕۆند”ی ئەڵمانیا و پەنجاوهەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئەسپی زێڕین”ی تایوان نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێکسگڕۆند” Exground لە هۆڵی سینەمایی “ماڕنۆئا” Murnau لە شاری ویسبادێن لە وڵاتی ئەڵمانیا و هەروەها لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی “پانۆڕاما” لە پەنجاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئەسپی زێڕین” Golden Horse لە شاری تایپە لە وڵاتی تایوان نمایشکرا.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێکسگڕۆند” کە یەکێک لە گرینگترین فێستیڤاڵەکانی فیلمە سەربەخۆکانی دنیا دێتە ئەژمار؛ سی و چوارەمین خولی بە نمایشی 120 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “نمایشی فیلمە سەربەخۆکانی ئەمەریکا”، بەشی چاوخشاندنێک بە سینەمای بەرچاویی ئەورووپا”، بەشی “هەڵبژاردەیەک لە کورتە فیلمە گرینگە چیرۆکییە نێودەوڵەتییەکان”، بەشی “فیلمە بەرچاوەکانی فێستیڤاڵە جیهانییەکان”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە خوێندکارییەکان”، بەشی “ئێکستڕا” Extra، بەشی “موزیکی فیلمەکان”، بەشی “بەرهەمە ڤیدیۆییەکان”، بەشی “کارگەی فێرکاریی” و هەروەها بەشی “سیمینار پسپۆڕە سینەماییەکان” بە دوو شێوەی ئامادەبوون و ئۆنلاین لە شاری ویسبادێن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
هەروەها پەنجاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئەسپی زێڕین” Golden Horse لە بەشە جۆراوجۆرەکان لەوانە: پێشبڕکێی “خەڵاتی ئەسپی زێڕین”، بەشی “پانۆڕاما”، بەشی “شەپۆلی نوێ”، بەشی “دەلاقەیەک لە ئاسیا”، بەشی “پڕۆمۆشێن پڕۆژە”، بەشی “ئاکادیمیای فیلم” و … لە شاری تایپە لە وڵاتی تایوان بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵی “ئەسپی زێڕین” تایپە کە بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی فیلمی تایوانی و ناساندنی فیلمە گرینگەکانی ئەم وڵاتە و فیلمسازانی بەرچاو لە ساڵی 1962 دامەزراوە، گەورەترین ڕووداوی سینەمایی لەم وڵاتە دێتەئەژمار کە بەبێ بوونی بەشی پێشبڕکێی بۆ سینەماکارانی بیانی و بە مەبەستی ناساندنی فیلمە بەرچاوەکان لە سەرتاسەری جیهان، ناساندنی سینەما بە ناونیشانی فۆڕمێک لە هونەر و هەروەها بردنەسەرێی ئاستی بیر و ئەندێشەی نێوان کەلتووری لە نێوان نەتەوەکانی جیهاندا لە ڕێگای سینەما لە 60 ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچووە.
خەڵاتی ساڵانەی “ئەسپی زێڕین”ی تایوان، گرینگترین خەڵاتی سینەمایی بۆ فیلمە چینییەکان دێتەئەژمار و بە “ئۆسکاری فیلمە چینییەکان” ناسراوە، ئەم خەڵاتە لە نێوان سینەماکارە گەورە چنییەکاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://exground.com/en/tagestipps-fr-19-11/
https://www.goldenhorse.org.tw/film/programme/films/detail/3143?search_year=2021
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.