بورھان شیخ رەئوف
ئەو ھێزو لایەنانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/٢٠٢١ پاشەکشەی زۆریان کردووەو کێرڤی دەنگەکانیان زۆر دابەزیووە ،لەھەوڵی ئەوەدان کاریگەری لە سەر کارو ھەڵوێستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دابنێن بۆ ئەوەی ئەنجامەکان لە ژێرفشاردا بگۆڕن ،بەڵام تائێستا ھەوڵەکانیان بێ ئاکام بووەو ، ئەو وێستگانەی ژماردنی دەستیان بۆ کراوە ھیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەھێناوەتە ئاراوە .
ئەگەر ئاوڕێک لە دووساڵی ڕابردوو بدەینەوە بە تایبەتی دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ ،بینیمان خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چەند توورەِو نیگەران بوون لە ھەندێک لایەنی تائیفی و خاوەن میلیشیات ،کە بەشێکی زۆری بنکەو بارەگاکانیان لە لایەن خەڵکی ئەو شارانەوە کە ھاو مەزھەبیشیان بوون سووتێنران ، کەچی ئێستا مایەی سەرسووڕمان و ھەڵوەستە لە سەر کردنە ئەو لایەنانە چاوەڕوانی دەنگ و پاڵپشتی ئەو جەماوەرە بن ! گومان دروست بکەن لە سەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و فشار بکەن و خێمە ھەڵبدەن لە بەردەم دەرگاکانی ناوچەی سەوزی بەغداو، ھەڕەشەی سینارێۆی خراپتر بکەن بەڕادەی ئەوەی کە لە سندوقەکانی دەنگدان بە دەستیان نەھێناوە بە فشارو توندوتیژی بەدەستی بھێنن .
ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەگوزەرێن کە ھەڵبژاردنە گشتیە پێشوەختەکەی عێراق لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی تەواوی لێ دەکرێت و گەواھی ئەوەی بۆ دەدەن کەبە شێوەیەکی جوان و بێگەردو ئاشتیانەو بە کەمترین سەرپێچی بەڕێوەچووە .
دابەشبوونی شیعەکان
ئەوەی ئەمجارە دەرکەوت لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا دابەشبوون و پەرت بوونێکی سامناکی شیعەکانی عێراقە بۆ دووبەرەی دژبە یەک ، لیستەکەی موقتەدا سەدر (شیعە)یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکانە بە (٧٣) کورسی کە پەیوەندی باشی لە گەڵ ئێرانیەکان ھەیە بەڵام لە ھەمانکاتدا دژی دەستوەردانی دەرەکیە لەکاروباری ناوخۆی عێراق ، لیستەکەی حەلبووسی (٣٧) کورسی لە پێکھاتەی سونە و سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران ، لیستەکەی مالیکیش بە پلەی سێیەم دێت (٣٥) کورسی ، ھەرێمی کوردستانیش کورسی خۆی ھێناوە ، لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران .
لەلایەکی ترەوە لیستی فەتح کە بە لیستی حەشدی شەعبی ناسراوە سێیەکی کورسیەکانی لە دەستداوە لە (٤٨) کورسیەوە بووەتە (١٦) کورسی ، ئەگەر جاری پێشوو لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ حەشدی شەعبی بە ھۆی ڕۆڵی زۆری لەلەناوبردنی داعش و تیرۆر خەڵکی عێراق پشتیوانی دەکردن ،بەڵام ئێستا دوای سێ ساڵ ئەو گرنگیەی نەماوەو بەتایبەتی دوای بەشداریکردنیان لە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی تشرین .
لەلایەکی ترەوە ئەنجامەکانی ئەم ھەڵبژاردنە نەک ھەر بۆ لیستی فەتحی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران خەمناک بوو،بەڵکو بۆ ھەندێک لایەنی تریش کە خۆیان لە ئێرانیش بە دوور دەگرت یان پاسەوانەکۆنەکانی سیاسەت لە نموونەی حەکیم و عەبادیش ئەوانیش پاشەکشەی زۆریان کردووە بە ھۆی ئەوەی نەیانتوانی خزمەتی گەل بکەن و حکومەتی ڕەشید دابمەزرێنن .
ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن
ئەوەی نادیارە نازانرێت کەی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان ڕادەگەیەنرێت ، چونکە ھەزار تانە پێشکەشکراوە ، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی وردبینی تێدا دەکات ،لەوساوە ھێزە ئەمنیەکانی عێراق لەو پەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان ،چونکە ھێزەکانی حەشدو لایەنگرانەکانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان ھوتافی دژ بە ھەڵبژاردنەکان و یۆنامی و ئەمریکا دەدەن و دەبێژن ساختەیە .
لە کۆتاییدا:
١. سەدر تا ئێستا بێدەنگی ھەڵبژاردووە لە سەر لێدوان کاردانەوەکانی ڕکابەرەکانی تاوەکو ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەینرێت ، لە ھەنگاوێکی تریشدا نووسینگەکانی سەرایا سەلامی سەربە ڕەوتەکەی لە ھەندێک لە شارەکانی عێراق داخست وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە بەنیازە ھەموو میلیشیا چەکدارەکان دەبێت بێنە ژێر دەستەڵاتی حکومەتەوە ،داوای گفتوگۆی تازەی کردووە دەربارەی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ،ھەروەھا سەرکۆنەی پەلاماری باڵوێزخانەو نێردە دیبلۆماسیەکانی کرد .
٢. پێدەچێت فشاری لایەنگرانی فەتح بەردەوام بێت تاوەکو سەدر ناچاربکەن کە بەشدارییان پێ بکات لە حکومەتی نوێدا .