بورھان شێخ رەئوف
ھەرێمی کوردستان ئەو ناوچە خۆبەڕێوەبەرەیە کە لە دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە دوای کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکەکەی ، بەکەڵک وەرگرتن لە بڕیاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایش لە ٥/٤/١٩٩١ و دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سەرووی ھێڵی ٣٦ بە سەرۆکایەتی ئەمریکاوفەرەنسا و بەریتانیا ، دوای ھەڵبژاردنی یەکەم پەرلەانی کوردستان لە ١٩/٥/١٩٩٢ و دواتر پێکھێنانی یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد مەعسووم وەکو دیفاکتۆیەک ھەیە و ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت .
لە پرۆسەی ئازادی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣ وەکو بەشێکی گرنگ و ناوەندێکی کاریگەر بۆ ئۆپۆزەسیۆنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن ڕۆڵی ھەبوو ، دواتریش لە بەرزترین ئاستادا سەرکردەکانی کورد و دیارترینیان خوالێخۆشبوو مام جەلال چوونە بەغدای پایتەخت و دەوڵەتی ڕووخاوی عێراقیان بنیات نایەوە، ھەر لە ماوەی ڕاگوزەرەوە تانووسینی دەستوورو دواتر جێبەجێکردنی سەرەڕای ھەموو کۆسپ و تەگەرەکان .
بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەدامەزراندنی پێگەکانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە ھەبوو تا ئێستاش زۆر جومگەی گرنگ ھەیە بنیات نەنراوە ، مادەی ١٤٠ ی دەستوور ئەگەرچی لە ماوەی ڕاگوزەریشدا مادەی ٥٨ بوو جێبەجێ نەکرا ئەم کابینەو ئەو کابینەی پێ کرا ، بەڵام پێەوانەی شۆڤێنیەکان کە دەڵێن مادەکە بەسەرچووە ، بەڵام ئەو شایستەیەکی دەستووری و یاساییە و قەرزێکە چەند کۆن بێت نافەوتێت و دەبێت ھەر بدرێتەوە .
لە شەڕی تیرۆر داعشیشدا ھەرێمی کوردستان لانەو پەنای ئاوەرەکان بوو ، پێشمەرگەکانیشی قەڵغانی پاراستنی ھەرێم و ھەموو ناوچە دابڕاوەکان بوون و لە ھەرشوێنێکی تری عێراقیش پێویستی کردبێت ئامادەبوون .
لە بەرامبەردا لە دوای ٢٠١٤ حکومەتەکانی عێراق لەو گیانی تەبایی و یەکڕیزییەی سەرەتای پڕۆسەی سیاسی خاوو سارد بوونەتەوەو زۆر قەیران و کێشەی نەخوازراویان ھێناوەتە ئاراوە کە خزمەتی یەکڕیزی و پێکەوەژیان و عێراقێکی بەھێز نەکات ، لەوەیە ئەم قەیرانانە ھەندێکی لایەنی ھەرێمیش ھۆکاری بووبێت .
ئەوەی گرنگە ئێستا لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠/ ٢٠٢١ لە عێراق لایەنە کوردییەکانی عێراق خاوەنی زیاتر لە ٦٣ کورسین ، ئەگەر بتوانن ھەماھەنگی بکەن لەناو خۆیاندا ،دەتوانن ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینن لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا و پێداگیری بکەن لە جێبەجێکردن دەستووری عێراقدا و ئارامی وسەقامگیری بۆ عێراق دابین بکەن .
لایەنە عێراقیەکانیش پێویستە لە زووترین کاتدا بچنە دیالۆگێکی قووڵ پڕ بەرھەمەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ھەموو کێشە دەستووری و یاسایی و داراییەکان کۆتایی پێ بھێنن ، دوور بکەونەوە لە وتاری تائیفی و ئتنیکی چونکە گەلی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە ماندووە بێزاربوو لە شەڕو ململانێی نابەجێ ، ئێستا عێراق و عێراقیەکان پێویستیان بە یەکگرتن و ھاوکاری و بنیاتنانەوەی ژێرخانە بۆ وڵات، نەک ململانێ کۆنەکانی پێشوو ھەڵ بدەنەوە، دەبێت بە زووترین کات سەری گەندەڵکاران پان بکرێتەوە و دەستیان ببڕن لە جومگەگرنگەکانی وڵات ھەر ئەوان کەڵک لە قەیران و شەڕو ئاژاوە وەردەگرن .
لایەنی ئیقلیمی نێودەوڵەتی
پێویستە حکومەتی نوێی عیچراق پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانی ڕێک بخاتەوە بە جۆرێک لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراقدا بێت بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە ، دەبێت خوێندنەوەی تازەی بۆ بکرێت بە تایبەتی لە گەڵ دراوسێکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیاو وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ، کەڕۆڵی کاریگەریان ھەیە لە دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری و گەشەپێدانی عێراق .
لە کۆتاییدا ھەموو عێراقیەکان دەستیان لە سەر دڵیانەوە چاوەڕوانن لە زووترین کاتدا ئەنجومەنی نوێی نوێنەران کۆبێتەوە و سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت و ئەویش لیستی براوە ڕابسپێرێت بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی ڕەشیدی نیشتمانی کەلە ئاست ھیواو ئاوات و ئارەزوو و خواستەکانی گەلی ستەمدیدەی عێراقدا بێت .