مەنسوور جیهانی ـ دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی “کۆبانێ” لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی “کۆبانێ” Kobani بە بەرپرسیاریی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای فێستیڤاڵ و بە دەرهێنانی هونەریی هاتوو “ئەڤین بەرازی” Evîn Berazî و بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین و هەروەها بە ڕچاوگرتنی ڕێکارە تەندروستییەکان، بە ئامادەبوونی هەندێک لە سینەماکارانی کوردیی دانیشتووی وڵاتانی ئەورووپا و هەروەها ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی “گەشەپێدان و ئاشتی” ئەڵمانیا GIODP لە شاری “گلیزێن کێرشێن” Gilzen Kirchen لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو و براوەکانی ئەم ڕووداوە سینەماییە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم ناسێندران.
لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا، کورتە فیلمی “گۆرانی شکاو” Sitrana §ikestî لە دەرهێنانی “جان باپیر” Can bapîr نمایشکرا و پاشان، فیلمەکانی هەڵبژاردەش بە شێوەی ئۆنلاین بۆ هۆگرانی هونەری سینەمای و ئامادەبووانی ناو هەڵەکە چوونە سەر پەردە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی “کۆبانێ” لە ساڵی 2020 لە لایەن “مێهران عەبدۆ” Mehran Abdo دامەزراوە و ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی دووهەمیش خولەیش کە بریتی بوون لە: “پشتیوان عەبدوڵڵا” دەرهێنەر، نووسەر و ڕخنەگری سینەمایی ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە هەرێمی کوردستان، خاتوو “نەجاح ئیبڕاهیم” دەرهێنەر لە وڵاتی سووریا، “نەجیب ئەلئەسەد” دەرهێنەر لە وڵاتی مەغریب و خاتوو “مریەم حەلاسی” دەرهێنەر لە وڵاتی توونس؛ براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕووداوە سینەماییان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە “محەمەد دەربەندیخانی” بۆ سازکردنی کورتە فیلمی “نیشتمانی قەلەڕەشەکان” The Crows land لە هەرێمی کوردستان بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی بە “ڕۆژێکی زۆر ئاسایی” لە دەرهێنانی “ئەنەس ئەلزەواهیری” بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم بە “هێمی ئارمی” Hemy Armi لە دەرهێنانی “کەماڵ قادر” بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین ئەنیمەیشن بە کورتە فیلمی “بابەتی بازنە” Reel Thread لە دەرهێنانی “ئایەت فوئاد مەکی” بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بە “مستەفا فەرمانی” بۆ وێنەگرتنی کورتە فیلمی “شەپۆلی کۆتایی” The last Wave بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆ بە “مەروە مستەفا” بۆ نووسینی سیناریۆی “یاڕەماسی” Potato لە دەرهێنانی “محەمەد بەدری” بەخشرا.
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕۆڵی یەکەمی ژن بە “ئانجێلا موراد” Angela Murad ئەکتەری لوبنانی کورتە فیلمی Ta’a Al-Tannis بەخشرا.
ـ خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانیش بە بەڵگەفیلمی “ئەمانی” Amani لە دەرهێنانی “فازل مەحموود” بەخشرا.
زیاتر لە 100 کورتە فیلم لە فیلمسازانی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقیا، وڵاتانی عەەڕبی و هەروەها سینەماکارانی کوردستان، خوازیاری بەشداریی لە خولی دووهەمی ئەم فێستیڤاڵە بوون کە لە کۆتاییدا 22 فیلم گەیشتنە قۆناغی کۆتایی بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم.
پێشکەش کردنی گۆرانی و پارچە موزیک جوان و هەست بزوێنی کوردی لە لایەن “بیرادێرًێ موزیکی” Biraderè Mûsikî موزیکزانی ناوداری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، دوایین بەشی ڕێوەڕەسمی کۆتایی ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی “کۆبانێ” بوو.
لە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی “کۆبانێ”؛ “جینکۆ شەریف” Genko Sharif دەرهێنەری کورد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی، “مستەفا زەیدان” Mustafa Zidan بەرپرسی لێژنەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، “ئەحمەد ئەحمەد” Ahmed Ahmed ڕاگەیاندنی گشتیی و هەروەها “راڤی دیار” Ravi Diyar دەرهێنەری کورد و “محی الدین عبدالعزیز” Muhieddin Abdulaziz دەرهێنەری کورد ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردنی ئەم ڕووداوە سینەماییە بوون.
بۆ زانیاری زیاتر: