مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی “دیمز” لە کۆریای باشوور وەرگیرا.
بەڵگەفیلمی “نانی پیرۆز” Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie؛ لە دوایین و هەشتەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا و بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی فەرمی “پێشبڕکێی ئاسیا” لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی بەڵگەفیلمی “دیمز” DMZ وەکوو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی کۆریای باشوور وەرگیرا و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم خولەی فێستیڤاڵ، لەگەڵ فیلمی وڵاتانی ژاپۆن، چین، فیلیپین، ئەندۆنیزیا، هۆنگ کۆنگ، تایوان و هیندستان ڕکابەریی دەکات.
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.
ئەم ڕووداوە سینەماییە بە شێوەی هاوبەش لە لایەن “پاجۆ” Paju و “گۆیانگ” Goyang لە پارێزگای گێیونگگی Gyeonggi تەنیا خاڵی غەیرەسەربازی لە جیهاندا؛ بە مەبەستی ناساندنی بەڵگەفیلمە بەرچاوەکان و هەروەها بۆ پشتیوانی لە فیلمسازانی بەهرەمەندی ئاسیایی و نێودەوڵەتی و پڕۆژە سەرکەوتووەکانی سینەمای دیکۆمێنتاریی دامەزراوە و لە ئێستادا بۆتە ڕووداوێکی گرینگی سینەمای بەڵگەفیلم لە کیشوەری ئاسیا.
سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی “دیمز” بە ناونیشانی پێشڕەوترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی لە کیشوەری ئاسیا بە ناوەرۆکی “ئاشتی، پەیوەندییەکان و ژیان”؛ بە یارمەتی “جیۆنگی ـ دو” Gyeonggi-do، وەزارەتی فەرهەنگ، وەرزش و گەشتیاریی و ئەنجوومەنی فیلمی کۆریا و هەروەها بە نمایشی 130 بەرهەمی دیکۆمێنتاریی لە دەرهێنەرانی 40 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لە رۆژانی 9 تا 16ی سێپتەمبەری 2021 لە سینەماکانی “گوڤانگ” Goyang، “مێگاباکس” Megabox و “بێکسیوک” Baekseok لە شارەکانی گۆیانگ و گۆوانگ جۆ لە وڵاتی کۆریای باشوور بەڕێوەدەچێت.
بەڵگەفیلمی “نانی پیرۆز” لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێونەتەوەیی حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “زاگڕێب داکس” ZagrebDox لە وڵاتی کڕۆواسیا نمایشکرا و خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی خەڵاتی سەرەکی “ئەو فیلمانەی کە گرینگیان هەیە”ی The Movies That Matter Award ئەم ڕووداوە سینەماییە گرینگەی وەرگرت. ئەم خەڵاتە تایبەتە، بەو فیلمانە دەبەخشرێت کە بە باشترین شێوە، ئاستی مافی مرۆڤیان بردبێتە سەرەوە و گەشەیان پێدابێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.instagram.com/p/CSammAsl3-M/?utm_medium=copy_link
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی بەڵگەفیلمی “نانی پیرۆز”.