ھونەرمەندی شێوەکار پەرێز شوان خاوەن سەلیقەیەکی جوانی ھونەری شێوەکارییە ،سەرەتای وێستگەکانی ھونەری لە شارەدێی خەلیفان، لە قوتابخانە بەشداری چەندین پیشانگەی ھاوبەشی کردوە،دایک و باوکی پاڵپشتی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی لەھونەر بەردەوام بێت،بۆ پەرەپێدانی حەزوو ئارەزووەکانی دەچێتە کۆلێژی ھونەرلەھەولێر.. نەبوونی ھۆڵ لە خەلیفان بۆنمایش کردنی بەرھەمی ھونەرمەندان یەکێکە لە کێشەوگرفتی ھونەرمەندانی ناوچەکە..بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*پێمان باش بوو کورتەیەک لە ژیانی ھونەری خۆت بۆ خوێنەرانمان باس بکەیت.
– من پەرێز شوان خەڵکی شارەدێی خەلیفانم لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ ھەر لە منداڵییەوە خولیاو ئارەزووی ھونەری شێوەکاریم ھەبوو لە قۆناغەکانی خوێند بەشداری زۆربەی پیشانگەکان بەشداریم کردوە، ھەر ئەو حەزو ئارەزوە وای لێکردم بچمە کۆلێژی ھونەر بەشداری چەندین پیشانگەی ھاوبەشم کردوە ،یەک پیشانگەی تایبەتم کردۆتەوە،لە ئێستادا قوتابیم لە کۆلێژی ھونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بەشی شێوەکاری.
* پێش ئەوەی بچن بۆ کۆلێژی ھونەرە جوانەکان ئێوە چۆن ئاشنا بوون بە ھونەری شێوەکاری ؟
-ھەر لە منداڵیەوە حەز و خولیام ھەبووە بۆ وێنەکێشان بەڵام نەمتوانیوە گرنگی پێ بدەم و بەردەوام بم تا تەمەنی ١٨ بۆ ١٩ ساڵیم ئەوکات توانیم دووبارە بگەڕێمەوە بۆ ناو ھونەر و دەست بە ڕاھێنان و چاڵاکیەکانم بکەم بۆ بەدی ھێنانی خولیاکانم ،بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوام بم لەناو ھونەر و گرنگی پێ بدەم بۆیە بڕیارم دا بڕۆمە کۆلێژی ھونەر و بە شێوەی ئەکادیمی بخوێنم سەرەتا زۆر حەزم بە دیزاینی جل و بەرگ بوو بەڵام لەبەر ھەندێ ھۆکار وازم ھێنا و دەستم کرد بە کێشانی پۆرترەیت و حەزێکی زۆرم بۆی دروست بوو، وە حەزم بە دەرخستنی جوانی ڕوخساری مرۆڤ ھەیە کەمتر حەزم بە سروشتە چونکە پێم وایە ئێمە ئەتوانین سروشتێکی جوان ببینین بەڵام کەممان ئەتوانین ڕووخساری مرۆڤ بخوێنینەوە لەبەر ئەوە حەزم بە دەرخستنی ھەستەکانە لە ڕوخساری مرۆڤ ، بۆیە گرنگیم دا بە پۆرترەیت و بەردەوام بووم لەسەری.
* بێگومان پاڵپەشتی لەھەر کارێک پێویستە، کێن ئەو کەسانەی ھاندەر و پاڵپشتی پەرێز بوون؟
-ھەر لە منداڵیمەوە دایکم و باوکم پاڵپشتی سەرەکی من بوون و وە پورێکم کە ھەم مامۆستام بوو ھەم پاڵپشتێکی زۆر باشم بوو و ھانی دام بڕۆمە کۆلێژی ھونەر وە ھاوڕێیەکی زۆر ئازیزم یارمەتی دام کە ئەم کۆلێژە ھەڵبژێرم و پەرە بە ھیواکەم بدەم لە قوتابخانەش بەھرەی وێنەکێشانم دیار بوو لەبەر ئەوە مامۆستاکانم و ھەندێ لە ھاوڕێکانم پاڵپشتم بوون، لێرەدا رێز و خۆشەویستم ھەیە بۆیان .
* بەرێزتان جگە لە وێنە کێشان،لە دیزاینش دەستێکی باڵاتان ھەیە، دەکرێت ئاماژە بەو لایەنەش بکەیت؟
– وەک دەزانن کە زۆربەی ھونەرمەند و نوسەر و شاعیرانی کورد لە زۆر بواردا دەستڕەنگینن ،منیش دیزاین یەکێکی دیکەیە لە ئارەزووە گەورەکانم لە تەک وێنەکێشاندا ھەر خۆی ئەم دوو بوارە لە یەکەوە نزیکن بەڵام من زیاتر کاتم بۆ وێنەکێشان تەرخان کردووە بەڵام دیزایین خولیایەکی گەورەمە ھەرچەندە زۆر ئیشم لە سەری نەکردووە بەڵام پێم وایە لە داھاتوو ئەیکەم بە ئیشی سەرەکی خۆم و حەزەکەم لەم بوارە کار بکەم،وە ھەندێ ئیشم لەسەر دیزاینی گڕافیک کردووە پێم وایە ئەتوانم لەم بوارە بەرھەمێکی باش پێشکەش بکەم و زۆربەی خەڵکیش بە دڵیان بووە و خواستیان لەسەری ھەبووە.
* لە خەلیفان شوێنی تایبەت ھەیە بۆ نمایش کردنی بەرھەمەکانت بۆنموونە ھۆڵی تایبەت ھەیە؟
زۆر بە داخەوەم ،کە زۆر بە کەمی ئەتوانم تواناکانم دەرخەم لەبەرئەوەی شوێنێکی تایبەت نییە بۆ نمایشکردنی ئیشەکانم وادیارە ئەگەر ئارەزووی خزمەت کردنم ھەبێت ئەوە سەختتر و دژوارتر ئەبێت بۆم ،بەڵام ھێزی خولیاکانم زۆر گەورەترە و بە پشتیوانی خودا انشاء اللە سەردەکەوم.
* بەشداری چەند پیشانگات کردووە؟
بێگومان لە تەمەنی منداڵیم لە خەلیفان ھەر کاتێک پیشانگا کرابێتەوە من بەژدار بوومە وە جگە لەوە بەژداریم کردووە لە پێنج پیشانگای ھاوبەش وە لە ھەولێر و سۆران وە پیشانگایەکی تایبەتم کردۆتەوە لە سۆران ھیواخوازم بتوانم لە چالاکی زیاتر بەژداری بکەم و بەردەوام بم.
* ئاستی ھونەری شێوەکاری لەناوچەی سۆران چۆن ھەڵدەسنگینێت؟
ھونەر مەیدانێکە بۆ خۆشگوزەرانی و بڵاکردنەوەی ھۆشیاری و ڕۆشنبیریەت ، بەڵام بەداخەوە من لە ئاستێکی وا باش نایبینم ھەرچەندە جێگای سەرسوڕمانە کە کورد خاوەنی ھونەرو کلتوری تایبەت بە خۆیەتی لەبەر ئەوەی ھەمومان ئەزانین کە ھۆکاری سیاسی و ھەڵوێستی دوژمنانی کورد ھۆکارێکە بۆ دواکەوتن و کاریگەری لەسەر ھونەری کوردی لەبەر ئەوە ھونەرمەندی کورد کە ئەگەر کەموکوڕیشی ھەبێت ئەوا قوربانی بارودۆخە سیاسییەکانن بەڵام ھۆکارێکی تریش کە بوەتە ھۆی ئەم دواکەوتنە حکومەتە کە وەک پێویست ، ھەڵنەستاوە بە ئەرکی خۆی و گرنگی نەداوە بە ھونەر و ھونەرمەندان.
* بیرت لەوە نەکردۆتەوەبەرھەمەکانت لەشارەکانی ھەولێر، سلێمانی ، دھۆک نمایش بکەیت؟
– بەڵێ ئەکید پێشتر لە ھەولێر ئیشەکانمم نمایش کردووە انشاءاللە لە داھاتوو ئەتوانم لە شارەکانیتریش نمایشی بکەم.
* کامەن ئەو ھونەرمەندانەی کاریگەیان لەسەر تۆ ھەیە؟
ئەگەر باسی ھونەرمەندانی کورد بکەم ئیشی زۆربەیانم بە دڵە، بەڵام تایبەترینیان مامۆستایەکی خۆم مامۆستا نامۆ ڕۆستەم ھەرچەندە ستایلی ئیشەکانم دوورە لە ھی ئەو بەڵام بە تەواوی کاریگەری ھەبوو لەسەرم وە چەندین ھونەرمەندیتر کە ئیشەکانی زۆر تایبەتەلام وەکو بەڕێز سالار مەجید وە ئەگەر باسی ھونەرمەندانی بیانی بکەم ، بە ھەمان شێوە ئیشی زۆربەیانم بە دڵە بەڵام زۆر ئارەزووم لە ئیشەکانی پابلۆ پیکاسۆیە.
* پرۆژەی ھونەری نوێت ھەیە؟
بێگومان پڕۆژەی ھونەری نوێم ھەیە، بە تایبەت لە بارەی دیزایین کردنی بووک ماڕکە (مۆتیڤ) ،وە دەستم بە بەشێکی کردووە بەڵام نامەوێت زیاتر لەوە ئاماژەی پێ بدەم انشاءاللە لە داھاتوو ئەیبینن.
*زۆر سوپاس بۆئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی بەھیوای پرۆژەو کاری ھونەری جوانتر.
-منیش سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەو دیدارە.