سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا ئەو پرسیارەی لەو رۆژانە بە مێشکی سیاسەتڤانانی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا دێت ( شێوەی سیاسەتەکانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سایەی ئیدارەی سەرۆک بایدن” دیموکراسیەتی داهاتوو” چۆن دەبێت)، دەسپێکی پرسیارەکە بە پانی و درێژی روونە کە ئەمریکا هەر هێزێکی کاریگەری ئابووری و مەعنەویە لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەک دەزانین ئیدارەی بایدن دوای دوو ئیدارەی زۆر سەرنجڕاکێش دێت، یەکەمیان ئیدارەی سەرۆک باڕاک ئۆباما، ئەو پیاوەی زیاتر حەزی بە سەرکردایەتیکردنی پشت پەردە دەکرد و خۆی دووردەخستەوە لە دەستێوەردان لە مەلەفە گەرمەکانی جیهان بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووەمیشیان ئیدارەیەک کە سەرقاڵی ئەوە بوو سەر لە نوێ ئەمریکا بکاتەوە گەورەترین هێز تەنانەت ئەگەر هەندێک جار پێویستی بە دوورەپەرێزی و هەندێک جاریش شەڕاکەت لە مەلەفە نێودەوڵەتیە گەرمەکان هەبووبێت.
بەڵگەش لە سەر دانانی دیپلوماتکاری ئەمریکی تایبەت و لێزان ” ئەنتۆنی بلینکن” لەلایەن بایدن-ەوە رەنگە شتێک بێت کە بیرۆکەیەکی تەنانەت ئەگەر سەرەتاییش بێت سەبارەت بە هێلە پان و درێژەکانی سیاسەتی بایدن و ئەوەی جیهان چاوەڕێیەتی پێمانبڵێ.
ئەوانەی لە نزیکەوە “بلینکن” دەناسن وای بۆ دەچن کەسێکی عەقلانی خاوەن رێبازێکی مامناوەند بێت و حەزی لێیە لە زۆر لاوە کار بکات، دەشبێت سالانی دوورودرێژی تەمەنی منداڵی کە لە فەڕەنسا بەسەریبردووە رێڕەوی فکری و رۆشنبیری جیاوازی بۆ کردبێتەوە.
“بلینکن” غەریب نیە لای بایدن بەڵکو راوێژکاری کاروباری سیاسەتی دەرەوەیەتی و لە ئیدارەی ئۆباما وەک کەسی دووەمی نێو وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی روون راستیەکان بۆ سەرۆک باسبکات و روونبکاتەوە، ئەوەش کاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە و بەسەر زۆر لە ئاستەنگەکان بازدەدات کە عادەتەن رووبەڕووی هەر سەرۆکێکی ئەمریکی لە کاتی بوونی ناکۆکی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی دەبێتەوە.
بەر لە چەند رۆژێک تۆڕی هەواڵی بەنێوبانگی ئەمریکی ” سی ئێن ئێن ” چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ ئەو کەسە ئەنجامدا، تێیدا گووتی” بەو شیوەیە قسە لە گەڵ جیهاندا ناکەین وەک ئەوەی ساڵی ٢٠٠٩ یاخود ٢٠١٧ کە کاتێک ویلایەتی ئۆباما کۆتاییهات، بەڵکو بەو شێوەیەی کە هەیە و پێشبینی دەکەین، لەگەڵ بوونی هێزی نوێ و یاریزانە نوێیەکان”. لێدوانی ئەو وەزیرەی کە چاوەڕێی بێگومان رازیبوونی ئەنجومەنی پیران دەکات بۆ دامەزراندنی پێشئەوەی دەستبەکاربێت وەک وەزیری دەرەوەی سەرۆک بایدن، زۆر شت رووندەکاتەوە رەنگە پێش هەموو شتێک ئێمە لە بەردەم بەرپرسێک بین کە نەهجی واقیعی سیاسی لەلا باشبێت نەک سیاسەتی نموونەیی خەیاڵی کە ئێستا هیچ باوی نیە لە نێو سیاسەتی گەلاندا.
لە هەمانکاتدا لە پڕۆسەی شیکردنەوەی ووشەکاندا کەسانی سیاسی و لێکۆڵەر و ووردبین درک بە قەناعەتی تایبەتی ئەو کەسە دەکەن بۆ گۆڕانی جیهان لە دەیەی رابردوو، بەتایبەت کە دیمەنی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە راستی گۆڕاوە لەچاو ئەو کاتەی کە ئۆباما گەیشتە دەسەڵات، بە هەمان شێوەش ئەمڕۆ ئەمریکا لەبەردەم جیهانێکی جیاوازە لەوەی کە دۆناڵد تڕەمپ دروستی کرد لە گۆڕانکاریە باش و خراپەکان بە هۆی هێلە چەوتەکانی.
گوێگر باوەڕ بە قەناعەتی خۆی ناکات کاتێک ” بلینکن ” لە رێگەی کەناڵە خەبەرییە ئەمریکییەکە قسە دەکات و دەڵێت ئیستا هێزی نوێ هەن کە کاریگەرییان لە سەر جیهان هەیە هەروەها یاریزانی نوێ هەن کە قوربانیانداوە بەو رۆڵەی لە رێکخستنی جیهان لە نزیکبونەوە لە سەرەتای دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەک هەیانبووە.
ئایا خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن هەناسەیەک بدەن، بەتایبەت لەو حالەتە نیگەرانییەی کە دەکرێ ئیدارەی بایدن وێنەیەکی دیکەی ئیدارەی ئۆباما بێت کە هۆکاری ئازار و مەینەتی زۆر بوو بۆ ناوچەکە ئەویش لە رێگەی پاڵپشتیکردنی تەیاری ئسوڵی و هاندانیان بۆ سەنتەرەکانی سەرکردایەتی؟
نامانەوێت پێش رووداوەکان بکەوین بەڵام زمانی ” بلینکن ” دووپاتیدەکاتەوە کە واقیعێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە ئارادایە، ئەگەر ئیدارەی بایدن نەیەوێت زیاتر چوارگۆشەکانی نفوز لە دەست بدات دەبێت بەشێوەیەکی عەقلانی و مامناوەند مامەڵە بکات و نەبێتە بوکەڵە بەدەست ئۆباماوە کە بەو دواییە بەشێوەیەکی نائاسایی لە سەر دیمەنی سیاسی ئەمریکا جوڵە دەکات.
أمیل أمین ـ رۆژنامەی الاتحاد ی ئیماڕاتی
لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی