ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستنیشانکران.
لە لایەن بەرپرسانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” Leloun لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە دەستنیشانکران، کە بریتین لە: “عەلی ئەحمەد بەدرخان” Ali Ahmed Badrakhan ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، دەرهێنەری کورد و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی میسر، “توورەج ئەسڵانی” Touraj Aslani ـ دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەڕێوەبەریی وێنەگرتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “بەڕۆژ ئاکرەیی” Baroj Akrayi ـ نووسەر، شاعیر، وەرگێڕ، فۆتۆگرافەر و ئەکتەر لە هەرێمی کوردستان، “حوسێن حەسەن” Husain Hasan ـ دەرهێنەر و ئەکتەر لە هەرێمی کوردستان، “بەندێتا ئاڕجێنتیری” Benedetta Argentieri ـ دەرهێنەری بەڵگەفیلم و ڕخنەگری سینەمایی لە وڵاتی ئیتالیا، “ئاپۆ و. بازیدی” Apo W. Bazidi ـ دەرهێنەر و سیناریۆنووسی باکووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەمەریکا و هەروەها خاتوو “ئێریک گۆنزالێس فلۆرێس” Erika González Flores ـ توێژەر و لێکۆڵەریی سینەمایی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی مەکزیک.
لەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” 58 فیلم لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕووداوە هونەرییە، وەکوو هێمای 58 ڕۆژ خۆاڕگریی قارەمانانەی خەڵکی عەفرین لە بەرانبەر هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە شێوەی گشتی نمایش دەکرێن.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” بە یارمەتی “کۆمۆنی سینەمایی ئاڤرین” Avrîn کە ڕێکخراوەیەکی هونەریی سەر بە هونەرمەندانی عەفرینە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئاشتی بەڕێوەدەچێت و مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە هونەرییە، “ئاڵووگۆڕیی فەرهەنگی و داکۆکیکردن لە بایخە هونەرییەکانە لە هەر ساتێک و کاتێک و باروودۆخێکدا”. هەوڵی لەو چەشنە لە کاتی ئاوارەیی و لە ژێر مەترسی بەردەوامی شەڕ، هێمایەکە لە پێگەی بڵندی ئامانجە هونەرییەکان کە هونەرمەندە تێکۆشەرەکان هەیانە.
یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لێلوون” بە دروشمی “تەنیا بە گوڵێک نابێتە گوڵستان” و بە بەشداریی 58 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: ئیتالیا، ئەمەریکا، پۆڵەندا، دانیماڕک، ئێران، ئوستوڕاڵیا، عێراق، هەنگاریا، ئیسپانیا، میسر، ئەفغانستان، شیلی، سووریا، ماڵت، لوبنان، هیندستان، یونان، تورکیا، ئەردەن، ئازەربایجان، تونس، مەغریب، هۆنگ کۆنگ، ئیرلەندا، ڤینزۆئێلا و هەرێمی کوردستان لە سێ بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “فیلمە بڵندە سینەماییەکان”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە بڵیند و نیوە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان” و هەروەها بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم” بەرهەمی ساڵی 2017 تا 2020 لە ڕۆژی 23ی سێپتەمبەری 2020 هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە کەمپی ئاوارەکانی عەفرینی داگیرکراو هەڵکەوتوو لە ناوچەی شەهبا بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاریی زیاتر:
http://lelun.net/festival-jury/