هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندێکی شێوەکار و کاریکاتێریستێکی پێشەنگی کوردە، لە خێزانێکی هونەرییەوە پەروەردەکراوە، هەر لە منداڵیەوە بەهرەی هونەریی تێیدا بەدەرکەوتووە و چەکەرەی کردووە، هەر لە منداڵیەوە بەشداریکردووە لە چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان، دەیان ساڵە لە بواری هونەردا کاردەکات و خزمەت دەکات، لە دوایین چالاکییە هونەرییەکانی کردنەوەی دووەمین پێشانگای تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بوو، هونەرمەند هەندرێن خۆشناو لەمبارەیەوە بووە میوانمان و چەندین پرسیارمان ئاڕاستەکرد.
* ناو و ناوەڕۆکی پێشانگاکەتان چی بوو؟
– پێشانگاکە لە ژێر ناوی (کەسایەتییە کوردییەکان لە پۆرترێتدا) بوو، بریتی بوو لە (25) تابلۆی پۆرترێتی رەنگاوڕەنگ، پۆرترێتەکانیش هی کەسایەتییە رۆشنبیر و نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی کورد بوون.
* ئەم ستایلە هونەرییە شێوەکارییە یەکەم جارە لە پێشانگاکاندا دەیبینین، پێشتر نەکراوە؟
– بەڵێ راستە، ئەم ستایلە نوێیە، کە ستایلی پۆپ ئاڕتی ئەندونیسیاییە، کە لە ساڵانی نەوەدەکان لەوێ سەریهەڵداوە، و ئەمە یەکەم جارە بەم ستایلە پێشانگایەکی هونەری لە کوردستان و عیراقدا بکرێتەوە، و تەنانەت لە ناوچەکەش، من لە ساڵی 2010 ەوە لە رێی چەند هونەرمەندێکی ئەندونیسیا ئاشنای ئەم ستایلەبووم و تاقیمکردەوە، و لە ساڵی 2013 دانە دانە کارەکانم لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاودەکردەوە.
* پێوەری هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییانە چی بوون؟
– هەندێکیان ساڵانێکی زۆرە لە بواری خۆیان خزمەتیان کردووە و جێ پەنجەیان دیارە وکۆچیان کردووە، وەکو یادکردنێک و پێزانینێک بۆ ئەو خزمەتە گەورەیەیان حەزم کردووە منیش خزمەتیان بکەم، هەندێکیان مامۆستامانن و بە تەمەن گەورەن، و هەتا لە ژیان ماون حەزمکرد خزمەتی ئەوانیش بکەم و دەستیان بگوشم و دڵیان خۆش بکەم، و هەندێکیشیان کە ئەم شێوازە نوێیەیان بەدڵ بووە، و بە سایەی برادەرایەتی و هاوڕێیەتی خۆیان داوایان لێکردووم کە بەم ستایلە هونەرییە پۆرترێتیان بۆ بکێشم، دڵم نەشکاندوون و خزمەتی ئەوانیشم کردووە.
* پێشانگای دیکەش بەڕێوەن بە هەمان شێواز و کەسایەتی نوێوە؟
– بەڵێ خوا تەمەن بدات و توانامان هەبێت، لە بەرنامەم دابووە کە پورترێت بەم شێوازە هونەرییە نوێیە بۆ هەموو کەسایەتییە دیارەکانی کورد بکێشم، بەتایبەتی ئەوانەی کە له لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە پشتگوێ خراون، وەکو رێزلێنانێک پۆرترێت بۆ ئەوانیش بکێشم.
لە کۆتاییدا سوپاسی هونەرمەند هەندرێن خۆشناو دەکەین بۆ ئەو هەنگاوە مێژووییە هونەرییە، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.