ئەمڕۆ دوای گەڕانەوەی لە گەشتە هونەرییەکەی لە هەریەک لە سوید و بەریتانیا، هونەرمەند تەنیا ئیدریس لەگەل دەیان هاوڵاتی تر کە لە نێوانیاندا کەسانی پەرلەمانتار و سەربازی و بازرگانی تێدایە کارەنتین کرا.
لە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەگەل سایتی چراتیڤی تەنیا ئیدریس دەربارەی کارەنتینکردنەکەی ووتی: ” زۆر خۆشحاڵم بەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگریکردن و بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەی مرۆڤایەتی پێوەی دەناڵێنت و سەرقاڵن. کارێکی باشە سەرجەم هاوڵاتیان لە ئەوروپاوە و وڵاتانی دراوسێ و ناوخۆش پێشوەختە ڕێگریان لێبکرێت وەک ئەم شوێنەی کە ئێستا منی لێم ئەویش بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گەشتیارەکان و تێکەڵنەبوونی کەسانی نەخۆش بە کۆمەڵگا”.
هەروەها هونەرمەند تەنیا ئیدریس سوپاسی هەوادارن و هاوڕێ و دۆستانی کرد بۆ پرسیارکردن و نیگەرانیان، وتیشی ” تکا دەکەم پێویست بە نیگەرانی ناکات. کارەنتین تەنها بۆ دڵنیابوونەوەیە. مانای ئەوە نییە کەسێک کارەنتین کرا ئیتر ئەم کەسە هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بێت یان نەخۆش بێت. ئەمە تەنها دەستپێشخەری لایەنی پەیوەندیدارە بۆ جیاکردنەوەی ساغ لە نەخۆش، بۆ ڕێگریگرتنە لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە. بە ئومێدی ئەوەی هەموو ساغ و تەندروست بن”.
ئەوەی تا ئێستا زانراوە جگە لە هونەرمەند تەنیا ئیدریس هونەرمەند سەعید گاباری لە هەمان شوێن کارانتین کراون.