دارا خونچە
داننان وە شکست هیچ کەسەک ئاسوودە ناکا، لێ ئاسۆی هەر کەسەک رۆشنتر دەکاتەوە کە بیەوێ دووچاری شکستی دیکە نەبتەوە.
نەڕەنەڕی (مەلایەکی گاڵتەجاڕ) و قیژەقیژی دادەیەکی (بێ دەمولفت و سادەکار) کە هۆردووکیان ئی دەڤەری کەسکن و لە هەولێری پایتەختی دەڤەری زەرد – کە دوو پسمامی شازادە تێیدا میرکوڕن و هیچ شایەکی نێوخۆ تەنانەت پیاوەکانی میرنشینی ‘بلە و جلە’ش وە سەپانی خۆیان راناگرن، بەرانگژی یەک بوونەوە.. سەرەنجام لە رێی (ئەلاهوئەکبەر)کێشانی داعشییەوە یەک گورزی کەمەرشکێنیان خێواندە مژاری ماف و ئازادییەکانی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز!
لێرە و لەوێ کەسانەک هەن هەر لەسەر ئاوازی هەمان ئەو دادەیەی ئاماژەم پێیدا دەبێژن ئەو دادگەییکردنەی مەلایەکە چالاکییەکی فرە گرنگ و پێشکەتنخوازیی ژنانی ئازا و ئازادییخوازە لە دژی مەلا و دین و پاشدامایی و نێرەوزیی و مێکوژیی و… تد، کەچی خۆشیان باش دەزانن ئەوها نییە.. لێ دەیانهەوێ پەردەپۆشی بکەن چونکێ ناتوانن دان وە شکست دابنێن تا ئاسۆ وە رۆشنیی ببینن، هەر بەوەش راناوەستن بەڵکە لەوەش دەدوێن کە خەڵکەکی زۆر وە بیانووی ناوەجێ هاوکار و هاوپشتی ئەو دادەیە – یان ئەو چەند کەسە! – نەبوون و نەوێران بەشداریی لە لەنێوبردنی فەرهەنگی دژە ژنیی بکەن!
دەک خۆش هاتن.. سەر هەرتک چاوان! ئاخر ئەو تێڕوانینەی ”خەڵک سووچبارکردن” لە هەمان سەرچاوەی پارتایەتی – خێڵی مۆدێرن – ئاو دەخواتەوە؛ وەک گشتمان دەیزانین کەم کەس هەن لە کوردستان – چ پێشان لە لایەن مەلا و ردێنسپی و پیاوە جوامێر و ژنە ناودارە نێرسالارەکان و سەرەکخێڵەکان چ ئێستا لە لایەن جەردە و رامیاربازەکانی نێو پارت و دەسەڵات و پارتە وەناو بەرهەڵستکارەکان – لەسەر ئەڤینداریی و ماچ و پەیوەندییە سروشتییەکانی دیکەی نێوان نێر و مێ سزانەدرابن.. تەنانەت تەنێ لەسەر یەک (گان) وە سەدان و هەزاران کەس نەک هەر لە ژنان بەڵکە لە پیاوانیش دارکاریی کران.. شاروەدەر کران.. بەوپەڕی دڕندەییەوە لەنێوبردران! لەوەش واوەتر ژنانەکی زۆر بێ ئەوەی (گان)ەکەش بکەن یان هیچ پەیوەندییەکی سۆزدارییان هەبی تەنێ وە هەڵبەستە و قسەوقسەلۆک سوتاندران یان بەردبارن و چەقووباران و گوللەباران کران! جا ئایە ئێستا خەڵکی کوردستان لەبەرچی نایانەوێ بەرانگژی مەلایەکی لەو بابەتە ببنەوە و ئەو فەرهەنگە دژە مرۆیی و دژە ژنییە کە دین و دابونەریتی کەونەپەرستانەی کوردەواریی و نێرسالاریی و لە سەرێی هەمووانەوە حیزبەکان و دەسەڵاتداران لێی بەرپرسن وەربگۆڕن و لەنێویببەن!؟
خەڵکی کوردستان دەیەوێ و پتریش! ئەدی کە رۆژانە خەڵکی کوردستان لەسەر پەیوەندییە سروشتییەکانی نێوان ژنان و پیاوان و لەسەر رێگرتن لە سادەترین ماف و ئازادییەکانی ژنان قرچوبڕ دەکرێن و لەنێودەبردرێن.. ئەوە بەرانگژبوونەوە نەبی دەبی چ بی!؟ لێ هەرگیز ناخوازن وەدوو کەسەک یان چەند کەسەک – چ ژن چ پیاو – بکەون کە خۆیان سەر وە رەوت و لایەنەک یان چەند لایەنەکی رامیارییەوەن.. تا مەلایەک یان هەر کەونەپەرستەکی دیکە لەسەر دژایەتییکردنی ژنان و یەکسانییخوازیی بدەنە دادگە و دادوەرییەک کە خۆیان دژە ژن و دژە یەکسانییخوازین و خۆیان کرێگرتەی دەسەڵاتداران و هەر خۆشیان مەلایەکان و هەرچی دژە ژن و دژە ژیانە چێیاندەکەن و دەستیان واڵادەکەن و بەریاندەدەنە گیانی خەڵک وە گشتیی و ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز وە تایبەتیی. دادگە و دادوەرییەکی لەو بابەتەی کە لە کوردستان هەیە لە ریسواکردن و دامرکاندنەوەی ئازادییخوازان پتر بترازێ هیچی دیکەیان پێ نییە.. تەنێ کەسانەک دادگەیی دەکەن کە بیانەوێ ئەو دەسەڵاتە بگۆڕن و گەل دەسەڵاتدار بی.. ئەگینا کێشەیان دەگەڵ کەسانەک نییە کە خۆیان چەوسێنەرن و دەیانەوێ دەسەڵاتداران جێیان بکەنەوە و بەشداربن دەگەڵیان، زۆر مەلا و کەسانی کەونەپەرستمان دیتن زۆر خراپتریان وە ژنان و کەسانی ئازادییخواز کرد.. کەچی نەک هەر سزا نەدران بەڵکە ئێستا لە ترۆپکی سەرێی دەسەڵاتن و دەستوور و یاسایەکانی ئەو دادگە و دادوەرییانە دژ وە خەڵکی دادەنێن و ناوەناوە وە پێی بەرژەوەندییە ستەمگەرییەکانیان هەمواریان دەکەنەوە.
خۆ زۆر لەگینە ئەوانەی ئێستاش – چ ژن چ پیاو – کە وە ناوی ماف و ئازادییەکانی ژنان یان هەر ماف و ئازادییەکی دیکەی میللەت دەیانەوێ خەڵک وەدوو خۆ بدەن و مەلا و کەونەپەرستان لە دادگەی دەسەڵاتدارن دادوەریی بکەن.. سبەینێ کە وەدیاردەکەون خۆیان بفرۆشنە دەسەڵاتداران و لە تەنیشتیان دابنیشن! ئاخر مانگەشەو سەرلەئێوارێڕا دیارە.. ئەوانە کەسانی رامیاریی سەر وە گەل نین بەڵکە کوڕان و کیژانی پارتەکانن و رامیاربازن.. واتە زۆر وە هاسانیی ئەوەیان لێدەوشێتەوە و خەڵکی کوردستانیش بەڵگەی زۆری لەبەردەستە کە دونێ وە دەیان و سەدان کەسی لەو بابەتانە تیر و شیریان لە دەسەڵاتداران دەسوی و ژیانی خەڵکەکی زۆریان وێران کرد و تەنانەت زۆریشیان وەکوشت دان.. کەچی ئێستا لە نێو دەسەڵاتن و تەنانەت لەو دەسەڵاتدارانەش پتر یاریی وە چارەنووسی خەڵک دەکەن کە هەر لە سەرەتاوە لە رێی ستەمگەرییەوە وە دەسەڵات گەیشتینە!
هەرچەندە خەباتی خەڵکی کوردستان زۆر قورسە چونکێ بێجگە لە کێشە کۆمەڵاتیی و چینایەتییەکانی هێشتا لە کێشە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیشی رزگار نەبووە.. لێ ئیدی خەڵکی کوردستانیش وەک هەموو خەڵکی وڵاتانی جیهان تێدەگەن و هووردە هووردە لەوەش پتر بەرچاویان رۆشنتر دەبتەوە کە چیدی وەدوو رامیاربازان و پارتەکان نەکەون.. بەڵکە رۆژانە وە تێکڕای شێوازەکان – بێجگە لە خۆڕادەستکردن و پەنابردنەبەر دادگەکانی دەسەڵاتداران – خەباتی خۆیان دەکەن و خۆیان بەرهەمی خەباتی خۆیان دەچننەوە.. تەنانەت ئێستا ئەو قیچە ئازادییەش کە لە هەموو بوارەکان وەدەستهاتیە هەر بەرهەمی خەباتی خۆیانە، ئەوە راستە کە سەردەمانەک پارت و لایەنەکان سەرپەرشتیی ئەو خەباتی خەڵکیان دەکرد.. لێ ئەوە تێپەڕی و ئیدی رێ نادەن چیدی رامیاربازان – چ راست چ وە ناو چەپ و شۆڕشگێڕ – رەنجی خەباتیان هەڵبلووشن بەڵکە پێ وە پێ و رۆژ وە رۆژ دەسەلاتداران – چ نێوخۆ چ داگیرکەران – ناچار و ملکەچ دەکەن دان وە ماف و ئازادییەکانی ژنان و سەرجەم چین و توێژە نەدار و چەوساوەکاندا بهینن.. هەر کاتەکیش خەڵک هەست بکا توانای سەراوبنکردنی دەسەڵاتدارانیان هەیە ئەوە پێویستیان وە رامیاربازان و پارتە وەناو بەرهەڵستکارەکان نابی بەڵکە خۆیان دێتە سەر شەقام و وەک داگیرکەر و ستەمگەرە لەنێوچووەکان وە رووخاندن دادگەییان دەکەن.