بورھان شێخ ڕەئوف
لە کاتێکدا کێشەو ململانێ ی سەخت لە نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەئارادایە لەمەڕ پرسی نەوت و غاز و سامانی سروشتی و بە تایبەتی لە یاسای بوودجەی گشتی عێراقدا حکومەتی ھەرێم ناچارکراوە ڕۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات کە سەرپەرشتی کۆی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی عێراق دەکات لە بەرامبەر ئەوەشدا حکومەتی ناوەندی مووچەوپێداویستی کارمەندانی ھەرێم بدات .
لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ئێستا وا نیوەی ساڵی ٢٠١٩ تەواو بوو ھێشتا یەک بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکراوەلەلایەن ھەرێمەوە و عادیل عەبدولمھدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ناوەندی فشارێکی زۆری لە سەرە لە لایەن فراکسیۆن و لایەنەجیاوازەکانی عێراقەوە بەتایبەتی شیعەکان بۆ ئەوەی ئەگەر نەوتەکە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکەن ئەوا ئەویش پارەی مووچە بۆ ھەرێم نەنێرێت .
ھەرچەندە عەبدولمھدی دکتۆر ئەیاد عەلاوی ناردووە بۆ لای بەڕێز مەسعود بەرزانی کە ئەو کێشە چارەسەر بکات و لەوەزیاتر عادیل عەبدولمھدی نەخاتە بەر نەشتەری ڕەخنەو فشاری لایەنە عێراقیەکان و بە وتەی عەلاویش بەرزانی بەڵێنی داوە شاندێکی ھەرێم بنێرێت بۆ بەغداد لەم دوای جەژنەدا و کێشەکانی تایبەت بە نەوت و غاز چارەسەربکەن .
سەرۆکی کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی ڕوسی ( روس نەوت ) لە کۆنگرەی ساڵانەی ھاوبەشەکانی دا ڕایگەیاند لەم ساڵدا سۆپرایزێکی بۆ حکومەتی ناوەندی وڵاتەکەی دەبێت ئەویش دەستکردنە بە پرۆسەیەکی فراوانی گەڕان و پشکنینی جیۆلۆجی بۆ نەوت لە ھەرێمی کوردستانداو لە ساڵی داھاتووشدا بە نیازن دەست بە دەرھێنان و فرۆشتنی بکەن .
سەرچاوە کانی ھەواڵ باس لەوە دەکەن کە ئەو گرێبەستە نەوتیە نوێ یە لە نێوان حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای روس نەوت کە کۆمپانیاییەکی نیمچە حکومیەو نزیکە لە حکومەتی روسیاوە سیاسەتەکانی گوزارش لە سیاسەتەکانی دارایی ئابوری و سیاسی حکومەتی ڕوسیا دەکات , کە بە نیازن لە پێنج ناوچەی جیۆلۆجی ھەرێم وەبەرھێنان بکەن کە سەرەتا توێژینەوەی سەرەتایی و دۆزینەوەی بۆ دەکەن لە قۆناغی یەکەمدا و دواتر دەست بە ھەڵکەندنی بیرو دەرھێنانی دەکەن .
بە گوێرەی گرێبەستەکە کۆمپانیای روس نەوت ھەموو تێچووی ئەو پرۆسەیە کە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە لە ئەستۆ دەگرێت , کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات کە ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا بەرھەم بێت و دواتر ٨٠% قازانجەکەی بۆ روس نەوت بێت .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەی چی قازانجێک بۆ ھەرێم دەبێت ٢٠% ئایا ئەمە ڕێژەیەکی زۆر کەم نیە ئایا ئەم گرێبەستە بە فلتەرەکانی پەرلەمان و حکومەتدا دەڕوات ؟!
ھاوبەشی ستراتیجی نێوان ڕوسیا وھەرێم
ڕوسیا ھەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی وەبەرھێنانی گرنگ دەزانێت و لەلایەکی تریشەوە کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەوروپاو ئەمریکا وەبەرھێنان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن و بەرژەوندییەکانیان ناخەنە مەترسیەوە لە گەڵ ھەرێمدا وەبەرھێنان لە بواری نەوتو غازدا بکەن لە بەرئەوە ھەرێمی کوردستان پەنا بۆ کۆمپانیا ڕوسیەکان دەبات .
لە ھەمان کاتدا ڕووسەکانیش ئەوە باش دەزانن کە نەوتی کەرکوک و ناوچەکانی باشووری عێراق ھەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بە بڕیارێکی سیاسی بۆ ئەو کۆمپانیانە یەکلایی بووەتەو ھەریمی کوردستان لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنەیە ھەر لە بەر ئەوەشە ڕوسەکان لە ھەوڵی ئەوەدان ناوچەیەکی ھەژموون وجێ پێ یەکیان لە عێراقدا ھەبێت لە ڕێگەیوەبەرھێنان لە بواری نەوتدا و ھەر لە و پێناوەشدا لە ساڵی ٢٠١٧ دا قەرزێکی ٣.٥ ملیاردۆلاریان دابە ھەرێم و ھەروەھا خاوەنی بۆڕی ستراتیجی گواستنەوەی نەوتن لە ھەرێمەوە بۆ بەندەری جیھانی تورکی و لە دوای ڕیفراندۆمیش لە ژێر قورسترین بارودۆخدا دەستبەرداری ھاوبەشی ھەرێم نەبوون .
ھەڵوێستی حکومەتی عێراق
عێراق کارتی فشاری زۆری پێ نیە بۆ بەرگرتن لەم گرێ بەست و سات وسەودایە لە بەرئەوەی دەستووری عێراق بوار دەدات بە ھەرێمەکان کە گرێبەست و دەرھێنان و گەڕان وپشکنین بۆ نەوت بکەن جگە لەوەش ئێستا ھەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران ڕۆڵی کارا دەگێڕن لە کاروباری عێراقدا و ھەروەھا حکومەتی عێراق لە ئێستادا ناخوازێت گرژی و ھەڵچوونی زۆر ڕووبدات بە ھۆی ناکۆکییەکانی ئەمریکاوە ئێرانەوە .
لە لایەکی تریشە و حکومەتی ناوەندی عێراق لە ئێستادا زۆر پێویستی بە ھەرێمی کوردستان و بۆِڕییە نەوتی و غازییەکانیەتی لە بەرئەوەی لە کاتی ڕوودانی یان ھەڵگیرسانی شەڕو ململانێ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا و بە تایبەتی لە ناوچەی کەنداو و تەنگەی ھورمز عێراق ھیچ دەرچەیەکی خێراو خۆشدەستی وەکو ھەرێمی دەستناکەوێت بۆ درێژەدان بە فرۆشتنی نەوت لە کاتێکدا ٩٠% داھاتی عێراق نەوتە .