سەردار جاف
ئەڵمانیا
ڕۆژێ ڕچین ،
ڕێی پێگرتین ، دەروازەکانی کڵۆمدا
خۆری لە کونجێدا توند کرد
پەنجەی سەرکیُش بوونی تەزاند
کڵۆکڵۆ کڕێوەی دەم
خەونەکانمانی گلۆری مێژوو کرد و
تاریکستانی تەمەنی لە ھەناومانا داباراند
لە کەناڵی کێلەوە دێم
دەم و قەپۆزی ھیتلەرم داکوتاوە
چەنەم لە دەریای بێسیمی روحم دەڕوا و
لە دوورگەی باڵامۆری دا
وا ئۆخژنی ھێور بوونی روح جێدێڵێ
ئەوە ڕۆژی نیشتیمانی ئەوینان بوو
ماین ھەر خۆی لێم ھەڵدەسوو
تەڕ تەڕ ڕادەستی ئیشق بووم
بە سەر ژەمە ئاسنی ئاڵتونی و شینا ھەڵدەفڕم
تک تک ئاوی ماین دەتکێ
لە گاردمۆین
لێوەکانم لە پێ دەشتی دەستەکانتا فێری حەزی ڕاکشان بوو
فرۆگنەرێ
بووە بۆنی یەکەم ژوان
کێڵگەی بەراوی ویستێکمان
شانێلی چاوەکانی من
بە سەر گەڵای پەنجەکانتا
چێژی ئەوینی کردووە
گۆستافی نوێم
ڕۆژی ئاوا گوڵ و بۆنێ
لە نێو باڵەخانەی نۆروەی دا دەچێنم
تەمەنی دی
دەکەمە ئاکیرشۆسێک و
ئەم نیگایە ،
ئەم ژووان و بەڵای ئەوێ و جوانی ئێرە
ھەموو گوناھی ڕابردووی وەراندووە
لە ترۆپکی بیری ئەوا
مرۆڤ ڕێگای ڕەوتی ئەم ژینەی بڕیوە
لە نێو فیگڵاند
بە رووتبوونەوەی ئادەمی
سەراسیمای زۆرانبازین
لە پەڕاوە شڕەکەی بەر باخەڵمدا
ھەرەمی ژینی مرۆڤان
ھەنگاو ھەنگاو ترپەی ڕێی دێ و
لە ناخی من ژن و دڵم
بۆ بەردەوامی تەمەن
سەوداسەری جریتبازین
یادی ڕۆژی نیشتیمانی ئاشقبوونمان
ھەموو شەوانێکی پایتەخت
بە ستوونی کارل یۆ ھانسی لای تۆوە
فڕینی لێو
ماچی جوان و بیرەوەری
دەبنە ئاڵای ڕەنگاو ڕەنگ و
ھەڵدەواسرێن
من ھاکۆنی سەردەمێکم
قەڵای ئەوین بەسەرشانی ڕۆلەر کۆستەر دەنێرم و
دێنە ھەبوون
ئەو نوێژانەی دامان بەستن
ھەرگیز نامرێن
٢٣ / ٦ / ٢٠١٩