سەدیق سەعید ڕواندزی
ھیچ ژانرێکی ئەدەبی وەکو ڕۆمان، ناتوانێت ببێتە ئاوێنەیەک بۆ ناسین و ڕەنگدانەوەی ژیانی گەلان. ڕۆمانگەلێک ھەن، تەنھا بەخوێنەوەیان ئێمە دەزانین ژیانی ئەونەتەوەیە چۆنەو چ نەھامەتییەکییان بینیوە کەڕەنگە ڕۆمانەکانی خالد حوسێنی نموونەیەکی دیاری ئەوناساندنە بێت. بەو پێیەی باسی وڵاتەکەی دەکات. گەلێک جار لەدووتوێی دەقێکی ڕۆماندا، مێژووی نەتەوەیەک، یاخود ڕووداوێک دەخرێتە ڕوو، کەلە پەراوێزییەوە خوێنەر بەبەشێکی زۆری لایەنە شاراوەکانی نەتەوەیەک ئاشنادەبێت. لەو ڕوانگەیەوەڕۆمانی(قەدی بامبۆ)یەکێک لەوڕۆمانانەی کەلەمیانەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، خوێنەر ئاشنای کلتوورو شێوە ژیانی دوونەتەوەو کۆمەلگەی جیاوازدەبێت. چونکە پاڵەوانی ڕۆمانەکە، کەسایەتییەکی دووسەری و دووناسنامەیی ھەیە. بەو پێیەی لە دایکێکی فلیپینی و باوکێکی کوێتی لەدایک بووە. ئیدی لەنێوان کلتووری دایک و باوانیدا، دۆش دادەمێنێت و ناتوانێت دواجارلە یەکیان ناسنامەی خۆی ببینێتەوە.چیڕۆکی ئەو ڕۆمانە، دەکرێ بڵێم چیڕۆکێکی تراژیدیەو سەرگوزشتەی نەھامەتی خێزانێکی ئەوپەڕی ھەژارو نەدارو بێ لانەوجێ دەگێڕێتەوە، کەلەوڵاتی فلیپین، لەوسەری خۆڕھەڵاتی گۆی زەوی و لەشوێنێکی دورەدەست و دابڕاولەدنیا دەژین.ئیدی ئەوخێزانە لەپێناو ژیاندا، ناچارن چارەنووسێک ھەڵبژێرن دوورلە خواستی خۆیان کە ڕەنگە سەرەنجام بەمەرگی خۆشیان کۆتایی بێت. ئەم ڕۆمانە باسی کەسێک دەکات کەناوی(ھۆزێ)یە. ھۆزی کە گێڕەڕەوی ڕووداوەکانە، بەڵام گێڕەڕەوەی یەکەم و ھەمووشتزان نییە، بەڵکو ئەو ڕووداوەکان لەدەمی یەکێکی تر دەگێڕێتەوە کەئەویش دایکیەتی. ئەودایکەی ھۆزێی بەژیانێک ئاشنا کرد، کەلەیەککاتدا ڕووبەڕووی دوو ئایین و دوونیشتمان و دووکلتووری ئەو پەڕی جیاوازی لە یەکتری ببێتەوە. بەبێ ئەوەی خواستی خۆی بێت.لێرەوەش پاڵەوانی ڕۆمانەکە، لەنێوان ئەو دوودنیاجیاوازەدا، نامۆدەبێت و بەرداشی زەمانە دەیھاڕێت. لەکاتێکدا، ئاواتی دەخواست وەک ھەر منداڵێکی دیکەی فلیپینی، کەئەگەرچی رووت و نەدارو ھەژارن، بەڵام دەژین و شانازیش بەو ژیانەی ھەیانە دەکەن.بەرلەدایکبوونی ھۆزێ، جۆزافینی دایکی لە ئامێزی خێزانێکی ھەژارکەلە خوشک و برایەک و دایکێک و باوکێکی زۆردارپێکھاتبوو، ھاوشێوەی ملیۆنان خێزانی دیکەی فلیپینی دەژیا.جۆزافین لە پێناو ژیانی خێزانەکەیدا، ناچارەکاربکات و بەدوای کارێکدا بگەڕێت. بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئایدای خوشکە گەورەی بەھۆی لەشفڕۆشییەوە کەباوکی ناچاری کردبوو، منداڵێک دێنێتە دنیاوە. ئیدی ئایدا واز لەکارکردن دێنێت و جۆزافینی خوشکی شوێنی دەگرێتەوە. بەڵام ئەوئەگەر چی نایەوێت ھەمان چارەنووسی خوشکەکەی ھەبێت، بەڵام سەرەنجام چارەنووسێکی ھاوشێوەی ئەووبگرە تراژیدیتریشی دەبێت، بەڵام لەکات و زەمینەو شوێنێکی دیکەی جیاوزدا. جۆزافین دوای ئەوەی بەدوای کارکردن دەگەڕێت لە پێناوبەخێوکردنی خێزانەکەی،دواجار لەڕێی دەزگایەکەوە کەئەرکی دۆزینەوەی کارەکەرەکانە بۆدەرەوەی وڵات، لەکوێت دەبێتە خزمەتکارو کارەکەری دایکێک و سێ کچی و ڕاشدی تاقەکوڕەکەی. جۆزافین ھەگبەی سەفەر دەپێچێتەوەو لەپێناو خێزانەکەیدا، بەرەو کوێت کۆچ دەکات و دەبێتە خزمەتکاری ماڵە دەوڵەمەندێک. جۆزافین لەوماڵەدا کارەکەری دەکات، تاکو نزیکەی دوای دووساڵ ڕاشدی کوڕە تاقانەکەی ئەو خێزانە، جۆزافین دەخوازێت و لەکۆتاییشدا منداڵێکی لێ دەبێت کە ناوی دەنێت(عیسا)، کە ھۆزێی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە.دایکی ڕاشد کەپێشتر بەڵێنی دابوو کچێکی تربۆکوڕەکەی بێنێت، بەو کارەی ڕاشد یەکجار نیگەران و توڕەدەبێت. دیارەئەمەش لەسۆنگەی ئەوەی کەجۆزافین نەعەرەبەو نەموسڵمان،ھاوکات لە ئاستی پێگەی کۆمەڵایەتیشدا، لەخوار ئەوانەوەیە کەخزمەتکاری ماڵەکەیانە. گەرچی ڕاشد ھەوڵدەدات کەدایکی ڕازی بکات بەوەی کەبوکەکەو نەوەکەی لای ئەو بمێننەوە، بەڵام ئەو ھەرسووردەبێت لە سەرئەوەی کەدەسبەرداری ژنەکەی و منداڵەکەی بێت.سەرەنجام جۆزافین دەگڕێتەوە فلیپین و منداڵێکی تازە لەدایکبووش دەباتەوە ئەوێ. کاتێ مینۆزای باوکی جۆزافینیش کچەکەی بەو بارودۆخەوەدەبینێت،بەکچەکەی دەڵێت:_(دیسان منداڵی بێ باوک؟ ئەم کارەت لەوڵاتەکی خۆت بکردایە باشتر نەبوو؟). بەڵام ئەو وڵامی دەداتەوە کە منداڵەکەی باوکێکی ڕاستەقینەو شەڕعی ھەیە،کەلەسەر بنەماکانی ئایینی ئیسلام پێشت مارەیکردووە.جۆزافین دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە وڵاتە ڕاستەقینەکەی خۆی،ئیدی ناوی کوڕەکەی دەبێتە ھۆزێ.لەکوێت عیسای ناو بوو، وەلێ ئەوناوەچونکە ناوێکی نامۆو لەدەرەوی ناوی فلیپینییەکانە، ئیدی دەبێتە ھۆزێ. پەیوەندی لەنێوان جۆزافێن و ڕاشدھەربەردەوام دەبێت و مانگانە یارمەتی دەدات. ئەگەرچی دواجاربەھۆی فشارەکانی دایکی وبەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیانەی ئەودووکەسە،ڕاشدتەلاقنامەیەک بۆجۆزافێن دەنێرێتە فلیپین. بەڵام لەبەرکوڕە ڕاستەقینەکەی خۆی،بەردەوام دەبێت لەھاوکاریکردنی. تائەوکاتەی ڕژێمی بەعس پەلاماری کوێت دەدات وھەمووشتێک سەراوژووردەبێت. چونکە ڕاشدی ھاوسەری بە دیلی دەکەوێتە دەست سوپای عێراق و بێ سەرو شوێن دەکرێت و ساڵانێک دواتر، ڕوفاتەکەی دەدۆزنەوە. ھۆزێ بەردەوام لەلایەن دایکییەوە ھانددەرێت کەبگەڕێتەوە وڵاتی باوانی و لای نەنکی وپوورەکانی.ھۆزێ وا خەیاڵ دەکات ئەگەر بگەڕێتەوە کوێت، ئەوا ھەموو خەونەکانی دێنە دی و تاھەتایە بەختەوەردەبیت. بێ ئاگا لەوەی کەلەوێش ئەو ھەر فلیپینییەکە کەھەمووشتێکی جیاوازە لە نەریتی ماڵە باوانی. دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، ھۆزێ ڕوودەکاتە کوێت، بەیارمەتی غەسانی کۆنە ھاوڕێی باوکی ماڵی نەنە غەنیمەی دایکی باوکی دەدۆزێتەوە. بەڵام ئەوان لەسووچێکی نێوحەوشەکەیان و لەگەڵ کارەکەرەکانییان، ژوورێک بۆ نەوەکەیان تەرخان دەکەن.چونکە نایانەوێت دراوسێکانیان وتەنانەت ھیچ کەسێکیش بەوچیڕۆکە خەمناکە بزانێت کەعیسا نەوەی ئەوان و کوڕی ڕاشدی کوڕیانە. لەبەر ئەوەی لای ئەوان نەنگییە کوڕەکەیان منداڵێک لەژنێکی فلیپینی بوزا پەرست بخاتەوە. کە ئەمە بۆ ئەوان بەھیچ شێوەیەک گونجاونییە و لەکلتووری عەرەبەکان نەشیاوە. ھۆزێ کەلەکوێتی وڵاتی باوکی ناوی دەبێتەوە بەعیسا، وەک کارەکەرێک لەلایەن پوورو نەنکییەوەتەماشا دەکرێت. ھیچ سۆزوحۆشەویستییەکی پێ نابەخشن،بەڵکو وەک تەنێکی نامۆ لەنێوجەستەیەکی پیرۆزدەیبینن.لەبۆنەوجەژنەکاندا، ناچاردەکرێت لە ژوورە تایبەتییەکەی، خۆی لە چاوی خزم و پوورو دراوسێ و کەسانی تر بشارێتەوە. بۆئەوەی پرسیارلەنەنکی نەکەن کە ئەم فلیپینییە چی دەکات لەماڵی ئەوان. کەس سۆزو خۆشەویستی پێ نابەخشێت. ئەوھەموو شتێکی ھەیە لەژیان، تەنھا لاوانەوەو خۆشەویستی نەبێت.بۆیە دواجار ناچاردەکرێت ماڵ نەنکی جێبێلێت و دەچێت لە چێشتخانەیەک کار دەکات. لەوێش ڕۆژانە بەرفیزو بێ ڕێزی کوێتییەکان دەکەوێت کە ھەمیشە بەچاوی ھاووڵاتی پلەدوو سەیری ئەو کەسانە دەکەن کەوەک کارەکەر لەو وڵاتەدا کاردەکەن. عیسا ناچارە بەرگەی ھەموو ئەو تێھەڵدان و شکاندنەوەیە بگرێت، چونکە کوێتی نییە و فلیپینییە.ئەو ئەگەرچی بەرلە ھاتنی بۆ کوێت، وێنای بەھەشتێکی دەکرد،بەڵام کەھاتەنێوکوێتییەکان شتێکی پێچەوانەی دیت. ھۆزی گەیشتە ئەو ڕاستییەی کەقەدی بامبۆلە فلیپین نەبێت،لەقوڵایی خاکی ھیچ وڵاتێکی دیکەدا ڕەگەکانی داناکوتێت.کوێت بۆکوێتییەکان بەھەشتە، نەک بۆھۆزێ و ھاوشێوەکانی.ھەموو ئەو دروشم و بانگەشانەی باسیش لەوەدەکەن کەمرۆڤەکان وێرای ھەمووجیاوازییەکانیان وەک یەک مرۆڤن و ھەموویان یەکسانن، دروشمی فریودەرن.ھۆزێ دواجار بەدڵێکی شکاوەوەبڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵاتی دایکی دەدات و بەسەرھاتەکەشی دەکاتە ڕۆمانێک.بەمەش کۆتایی بەڕووداوەکانی ڕۆمانی قەدی بامبۆ دێت. ئەم ڕۆمانە وێرای ئەوەی بەقەبارەڕۆمانێکی گەورەیە، وەلێ یەکێکە لەجوانترین وبەچێژترین ڕۆمانەعەرەبییەکان.خوێنەربەھیچ شێوەیەک لەخوێنەوەی ڕۆمانەکە ماندوو بێزارنابێت. ئەمە وێرای ئەوەی کەوەرگێڕی ڕۆمانەکە بەزمانێکی یەکجار جوان و سەرکەوتوو ڕۆمانەکەی وەرگێڕاوە،وەک ئەوەی بەکوردی نووسرابێت وایە. لەوماوانەی ڕابردوودا،چەندین ڕۆمانم خوێندنەوە، بەڵام دوو لەو ڕۆمانانە زۆرسەرنجیان ڕاکێشام و چێژی زۆرم لەخوێنەوەیان بینی، ئەوانیش ڕۆمانەکانی(وێرانە پیاو)و(قەدی بامبۆ)بوون. ھیوادارم خوێنەران ئەودوو ڕۆمانە لەدەست خۆیان نەدەن. دەستخۆشانەش لەوەرگێڕەکانی ئەودووڕۆمانە دەکەم، کەلەڕاستیدا دوو لەتێکستە ھەرە جوانەکانی ڕۆمانی عەرەبییان وەرگێڕایە سەرزمانی کوردی و خوێنەرانیان لە خوێنەوەیان بێبەش نەکرد….
*پەراوێز/ قەدی بامبۆ/ڕۆمان/نووسینی( سعودئەلسنعوسی)/وەرگێڕانی (ڕەنجدەر جەبار)/بڵاوکراوەی(ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند_سلێمانی ٢٠١٩)…..
*ئەم بابەتە لە پەڕاوی ڕۆژنامەی ھاووڵاتی ژمارەی ڕۆژی ١٤-٥-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە……….