سەردار جاف
٥١ – ئەم بەیانیە جوانیەکەت لە ڕەنگی یاقوتەکانی دەریا دەچێ، زەنگیانەت لە گەوھەری ماسی بۆ دەچنم، بە شەپۆلی دەریاوە گوژم دەخۆم و دەخزێمە گڵێنەی چاو و سۆما و لە گەڵ بریسکانەوەی زەنگیانە روحێکی ئاوی پاکتر لە دەریا دەدەینە ڕۆژگارە لێڵەکانی نھا، نیگاکانم سەما لە سەر تاڵ تاڵی بسکت دەکا، زولەیخایەک بیت بۆ روحی ئاو، جەللادەکانی ئیشق نیشتیمانی دڵمانی تەنیوە، ماڵەکانی ئەوێ پڕپڕن لە شەمولانەی قێز لە ئەوینداری دەکەنەوە، ھێشتان بە بەرائەتی دلەکانەوە نامۆن، من و تۆ تازە بە تازە باوەش بەو ڕەنگاڵییە زەنگیانانە ھەرزەییانەی ناخمان دەکەین و کەفوکوڵی ئیشقمان بە سەر ئاو دەبارێنین وەک بەلەمێکی بچوک بچوک بە دەریایەکی قوڵ و مەنگدا ڕێ دەبڕین بە دار بەلەمێکەوە لە زەریایەک دەدەین و لە زنەیەکی کوێستانانی وڵات دەنیشینەوە، کزە بایەک بە روومەتی کارمامزیتەوە دەلکێن ، وای بە حاڵی ئەوانەی ڕێگری لە سەرشێتی و مەست بوونی ئەو دڵانە دەکەن، دواتر ھەر بۆ خۆیان گڕ دەگرن و دەسوتێن، ژەزانم لە ناخەوە ھەڵپەڕکێت دابەستووە، گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر . ٣ / ٥
٥٢ – سەبەتەیەک ھەنجیر بەیانیت شیرین و جوان بکا، قردێلەی تاریکی بقرتێنێ و لە ئاسۆوە خۆر سەرەتاتکێی خۆی بکاتەوە، گوێسەبارانە بە شەستەبارانی ئیشقەوە تەڕ بکا و ئاپۆڕای دەسلەملانێ بخولقێنێ، پێڵوی چاوەکان لە دەریای ئیشقەوە ھەڵبێن و شەپۆلی بەتاو لە ناخمانا لرفەی بێ و بازبازێنی سەرە رَێی کانیمان بێ، مەگەر من و تۆ وەک ماسی و ئاو نەبین ئەوە نییە بێ یەک ھەڵناکەین، خەرمانمان گڕ دەگرێ و ژین ڕێن نوێبوونەوەمان ون دەکا بەیانمان دەبێتە دوێنێی یاساغی خۆشەویستی، حەرفەکانی ئۆقرە بوون وێڵ دەبن و لە سۆراغیان شێتێکی سەیر و سەمەرەین، ئەو دەمانە ئێمەیش مرۆڤگەلێکی ونین و بە خۆ نازانین، تەنھا مەیلی لێو جووت بوونێ سبەینان دەکاتە ڕێ نیشاندەری دۆزینەوەی خودی ون و دێنەوە مەنزڵ، خرمژنی گڤەی با ڕامان دەتەکێنێ، ھەورە بروسکە ئۆخەییمان پێ دەدا، ناتوانێ نە بمان سوتێنێ نە لەقمان بکا، تەنھا ئاوبارانی تەڕمان دەکاتەوە بۆ ڕێی ئیشق، ئەوەیش دەکەینە دیاری بولێڵێکی گزنگی وڵات و خەرەند دەتارێنین، ئەرێ ئەوە گوڵە فێر بووە لە باخچە بپشکوێ و چەکەرە بکا تا ناخی لێڵ بوو پاک بکاتەوە، تۆ لە دڵی منا چرۆ دەکەی و دڵم ئینجانەی لک و پۆپ و ڕەنگەکانتە لە گوڵ گوڵتر.. ٦ / ٥
٥٣ – ئەم بەیانییە وەرە نێو چاوەکانمەوە با پێڵوەکانم بە ئارامی لێک بنێم و ببنە گاردی بۆی خوماربوونی جوانیەکانی سپێدەت، وەرە نێو ھەناسەمەوە با تومتومانی گزنگ لە منت ون نەکا، لە نێو ھزرمدا بنوو با گێژەڵوکەی بیابان ئەنفالت نەکا، ئەوان فێرە کاری قێزەونن نەبا بەرەو نوگرەسەلمانی نامۆبوون ڕاپێچت بکەن، ئەم بەیانییە لە تەک تەلیسمی سیحراوی بێ ھاوتایی جوانیتا لە خەڵوەتی دڵما بێ باکانمە دەفە دەروێشیەکەی تەریقەتو زیکری خەونەکانت لێبدە ، ئەرێ …..! ئەو پیاوەم دڵ و بیرت زۆر دەمێکە ختوکەی تەمەنی بۆ لێ دەدا، لە ژێر دەواری ڕەوەندیما بسەکنێ با ھەمیشە گەرمێن و کوێستانان پێکەوە بکەین، لە زنەی ھەنگوینی ئیشقا بتوێینەوە، بە گیان بەخشینم قایل بی لە بەر تۆزی پێدا خوێنم لێ دەچۆڕێ لە بن پێیەکانتا دەبمە مەخسەرەی ئیشقت ، تۆ گوڵێکی لە ھیچ باخچەیەک وێنام نەبینیوە، تۆ ھەر تۆی ……٧ / ٥
٥٤ – نازانم خەونە یا خەیاڵە ئەم بەیانییە لێم بۆتە مۆتەکە و دەسرازەی ھۆگربوونم بە سات و یادەوەرییەکانمان شەتەک دەدا، کەچی وا ساباتی ئەندێشەم لە سەفەرێکی خۆڵەمێشی ئاڵاوەو جگە لە تۆی کەسی دیکەی ھاوڕێگا نەکردووە، تەونەکانە جاڵجاڵۆکەییەکانی ئەوین لە گەردانەی بەرزی خەیاڵما گرێ داوە و ئیدی خەونم بە خەونەوە گرێ دەدەم و ساباتیش فێنکترین بەیانی خۆی لە سینگ و بەرۆکی ژنێتی تۆ دەنێ، گوڵە قەوزەییەکان بڵقن بە لقی گێلاسەوە ئاڵاون و ئەم سەرچۆپییەم لێ دەگرێت و ھەڵپەڕکێی کۆتەڵم بۆ دادەبەستێ، لەم نیشتیمانەی ناخما تەنھا گاڵتەجاڕی ڕشبەڵەکی گرتووە و کەیفسازی لە غیابدایە، خەزانێک بە سەر ڕەگی مەیلم داوتراوە، بە دووی سەرفیرازیا عەوداڵە، ئەو ڕۆژە دەبێ کەی بێت بە سەر ئەو دەریای نێوانمانا دەست بگرین و قولە پێیەکانیشمان بە ئاستەم تەڕ بن ، ببینە ئەو ماسییە باڵدارەی سەر دەریا و ئەوینداران ئیرەییمان پێ ببەن، ترس و لەرز و خۆ شاردنەوە بڕەوێنەوە، بەیانیان بە مۆزیکێ دڵت بیخوازێ وەئاگات بێنمەوە ، ئەم دوورییە ورد و خاش کەین گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر … ٨ / ٥
٥٥ – ئەم بەیانیە بە ھەڵدانەوەی پەڕە بە پەڕەی سەر دڵتەوە سەرقاڵم و تۆیش شیلاوی شەککەرباری ھەناری لێوت بە سەر لێوە شەقار شەقار بووەکانما دەڕژێنی، دێم و چاو دەبڕمە سۆما و نیگا شەرمنەکانی بێ جووڵەیی و ھەست شۆک بووت کەچی چاوە ھەنگوینییەکانت ئاگرن و لە ھیشک ھەڵاتن و تینوێتیم دەئاڵێن، ئەمە چ شنەبایەکی ئیشقە لە بن پەنجەکانتەوە دەڕێسرێم و دەبمە بەن بۆ بەرماڵی بن پێیەکانت تۆیش نوێژی ئیشقتم لە سەر دادەبەستی ، بە ریتم و ئاوازی باران سروودی ماچ دەڵێینەوە، مارشێکی نیشتیمانی خۆشەویستیم بە دەم ھەناسە و لەرەی دەنگە بە سۆزەکەی مەیلتەوە بۆ دەچڕی، بیر لە بالکۆنی پێکەوەییمان دەکەمەوە لە دوا سەفەری ماندوو بوونما غیابی بوو, چەند جوان بووی بە مناڵییەوە لە ھۆڵ و ناندینەکە دەمبینیتەوە، ئااای ھەستت پێ نەدەکردم چاوەکانم پڕ پڕ دەبوون لە تۆ و گریان ، ئەرێ ئەوی رۆژێ و ئەو بەیانە گەنم ڕەنگیم بوونە سوار چاکەکەت و باغی لەش سەر مەستێکی بێ پەردە بووبە دەورتا دەتوایەوە، ئەوی ڕۆژێ شەرابێکی سبەینانمان نۆشکرد و بە نێو یەکا غلۆر بووینەوە توامەوە ھەر ئەو سپێدە منیش وەک تۆ لە گوڵ گوڵتر بووم بۆ تۆ ….. ١٠ / ٥
٥٦ – ئەم بەیانییە تۆ پڕ خۆشی و منیش لێوڕێژی بیرکردنت، ئەم بەیانییە بیری ئەو دیمەنە جوان و سەرنج ڕاکێشەی ئەو چڕە دووکەڵە دەکەم، بەرەو ڕووخسارت ھەڵدەکشێ و کوڵم و نیگای چاوەکانت لە ژێرەوە تەلیسمێکی سیحراوین خوێنم دەبزوێنن، نوقم بوونت لە نێو قاگی دووکەڵدا بێھۆشبوونی روحم دەخولقێنێ، بیری ئەو پەنجە ناسکانەت دەکەمەوە نەرم نەرم تەرمی جگەرەی لە ئامێزی خۆی دەنێ و ھێدی ھێدی بەرەو بەرەو گەردن و لەبی ناسکت ھەڵدەکشێ، لێوەکانت وەک ئەوەی لێوەکانم بکرووژێنێ بە حەسرەتەوە لە نێو ڕەنگ ھەناری لێوتا دەگیرسێنەوە و مژ لە فلتەری جگەرەکە دەدەی و قەف قەف دووکەڵ دەبێتە رووحی من و بە سەر ھەستی پڕ چێژتا دەتوێمەوە، ئیدی لێو و چاو و کوڵم و تەواوی سیمات لە ژێر فڵچەی ئەو نیگارکێشەی دووکەڵ تابلۆیەک دەڕەنگێنن ھێشتان ھیچ نیگارکێشێ وەک خۆی تەوزیفی نەکردووە، لە تۆوە فێری بۆنکردنی دووکەڵ بووم، لەم دونیای دوور مەوداییەماندا بیری ھەناسەی پڕ گڕی دووکەڵیت دەکەم، تا مێشکم زاخاو بدرێتەوە بۆن و چێژە ڕەنگاوڕەنگەکانت ھەرگیز لێیان تێر نابم .. ١١ / ٥
٥٧ – بەیانییە و بە پاکی و بەرائەت و دەستنوێژی ئیشقوە بەردەرگای ماڵت لێ دەگرم، من ھەڵاتووی شارێکم نوقمی دۆڕان و تۆران و درۆ و فانتازیا و خۆ ھەڵکێشانم، سەر لێشێواوێکی نێو فشقیاتی شار بووم، پێکەنینەکانم درۆ بوون، ھەنگاوەکانم پڕ بوون لە ساختە، سڵاو و مەرحەباکانم چوو بووە خولیای ئەوانەوەلە نوگرە قووڵ و دوورەکان دەچوو، چاوەکانم سۆزانی بوون، خەتای خۆم نەبوو بە خەتایانەوە دەلکانم، من ڕۆژ درەختەکانی ژیانم ئاو نەداوە شەویش گۆڕەکانی سەیوان ھەڵبدەمەوە، فێر نەبووم وەک دراو دوو ڕوو بم ھەمان نرخیشم ھەبێ، ژرۆ بکەم و سوێندیشم بە درۆ بڵێمەوەو تەنھا پەرستگایشم بن، ژینێک لە تەنگیدا گوزەری کرد و لە شارێکا بچوک بۆوە، لە زێی بچوک پلکژبوومەوە و لە ھەیبەسوڵتانێ غلۆر بوومەوە بۆ پایتەختی سەھۆڵبەندان، کچێ دوژەم بە نیگاکانت تێر تێری ڕۆشنایی سبەینانم بکە، لێم مەگرە کە زۆرم خۆشدەوێی و ھەڵزناوە بۆ باڵا بوون تا بە ئیشق ڕا گەیشت، گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر …… ١٣ / ٥
٥٨ – ئەم بەیانییە جوان جوانە لە تۆ دەچێن ڕوون ڕوون وەک نیگای چاوەکانت دەتریفێنێ، ئاونگی سەر پەڕە گوڵ لە پرچە تەڕەکەت دەچێ، ئەم سپێدە لاسایی تۆ دەکاتەوە گەرەکێتی وەک تەنوورەکەت کورت کورت بێ و خەڵکی تامەزرۆی مانەوەی بکەن، ئااای چەندم خۆش دەوێی کە سروشتیش لاساییت دەکاتەوە ، بە شەقامی چۆڵی ئەندێشەما ڕادەگوزەرێم تا لە خۆتم ئاڵێنی، لەم سروشتەی ئەم بەیانییە شاعیرێکی بێ تۆ دڵشکاوم، ئاوازی بەستەی لەنجەکانتم لێ دەچۆڕێ ، کەسێ لێم تێ ناگات و ناپرسێ کەسێ نازانێ حەسرەتەکانی ناوەوەم بۆ بریقەدارن، بۆ خۆم دەزانم زبڵدانێکی دۆڕاوە، تۆیش نھا لە شەختەبەندانی ھاوینتا گڕم تێ بەر بدە، ژڵم چەپەڵترین ئاشقی سینە و بەرۆکتە، لە مزگەوتی دڵتدا ڕکاتەکانم دابەستووەو دڕندەترین بانگدەری ئیشقم، بۆنی بارووتی ماچتم لێ دێ، قەوانی نیگاکانمان کۆ دەکەینەوە، کچێ کاتێتی شەپۆلێکی بارانی بەلێزمەم تێبگری تا وەک تۆ بم …. ١٤ / ٥
٥٩ – لێوم بە لێوە ئاڵەکانتەوە شین بۆتەوە، ھەناسەم گوێ لە ئاە و ھەسرەتەکانی ماچت دەگرێ ، ئەم سپێدە نوقم و خەڵتانی بیرەوەری گەڕنەوەی سەفەرەکەمم ئەندیشەمی قۆرخکردووە، شەکەت و ماندووی نێو ستاسیۆنی سەنتڕاڵی پایتەختم، نازانم ماچەکانت ورد بکەمەوە یا پرچە تەڕەکەت بە نافوری ڕەنگاوڕەنگی شار، لە خەیاڵدانی ئەم سپێدەم یادەوەرییەکانت دەبنە حەرف و وشە و دەیانخوێنمەوە، لە دیمەنی نێو بوزەکانا وێنە سەرنج ڕاکێشەکانت دەبینم، لە ترامەکان بزاوتە سەرکێشییەکانت بزەم دەدەنێ، لە ترافیکەکانا ھەڵوێستەکانت سۆراغ دەکەم گورج و گۆڵییەکانت دەبنە چرای ڕێم، لە شەوی ڕابردووی نێو خەیاڵم نیگاکانت دەبنە ھاوڕێم و شەقام شەقام و ھوتێل ھوتێل لە گەڵمدا پیاسەی کۆبنھاگن دەکەن لە نێو لەرەی مۆبیلەکەیشتەوە دەنکت کزەی سەرمای دوای نیوە شەو دەڕەوێنێ و گەرم گەرم دەمدێنێ، لە گڵۆپە بریسکەدارەکانیشا ڕەنگ گوڵی تۆم دەبینی گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر….. ١٥ / ٥ .
ئەلمانیا