سەردار جاف
٤١ – گزنگی بەیانیت ڕۆشن و بە تریفە، ئەم بەیانییە ئاوازێکت بۆ دەچڕم ھێشتان ڕیتم و ژێیەکانی ھیچ ئامێرێ نەیژەنیوە، گۆرانیەکت بۆ یەژم نۆتەکانی لە خەڵوەتی کارێزچۆڕەوە سەرچاوەی گرتبێ، تێکستەکەی لە میحراب و کڕنوشی ئەوینەوە ھەڵقوڵا بێ.
بشێ پرسیارگەلێ ھزرتان ماندوو و خامۆش و مت و دەستەمۆ بکا، نا نەشمیلەکەم غایەڵەی نامۆیی تووڕ بدە، شەنگەبێریی تۆ لە فەزای باڵابوونی پاکی و جوانی و ژیرمەندییەوە تخوبەکانی سەراپا بەزاندووە، لە پرخەی خەوی مورادیما دەتبینمەوە و شکۆفەی ھۆشمەندییەکانت ڕاموسانم دەبێ، ساڵانێکە خەونم بۆتە نۆتە خەو و نھا خەونم لە تەک ژنێکە باڵای بە بارتەقای ئەستێرە و ھزری کانیاوی ڕوونی ژنبوون و ھۆگری ژان و ئازاری ژنانی نیشتیمانمە، ژنێکی لە کەنار دەریاوە بۆ قوڵایی ئەو شەپۆلانە دەڕوانی کە سەوڵە بە ھێزەکانیش بە ئاستەم قورتاربوونی ژن دەخەمڵێنن، لەوێ ڕا خەم شەقاوەکانی ھەنگاوم بۆ جوانی ناخت میلۆدی خۆی دەژەنێ, ئەم ئاواز و نەغمەیە تەنھا تۆی ژن لێی تێ دەگەی، گۆزەیەکە سەر ڕێژ لە گەڵا و گوڵی باخچەی ئەوین، ئیدی ئێمەیش شەمولەیەکی دامەنی میھرەبانی و جوانی تۆین ……….١٤ / ٤
٤٢ – بەیانیت شیرین وەک ئەو ڕۆژانەی دەتدوانم، ئەم بەیانییە سینەم لە تەک تەوژمی ھەناسەم نامۆن، دوا ترپەی دڵی غوربەتیم بە شەبەیخونی نێو شەنگ و بیر و پەیڤەکانت دەئاڵێنم و دەبنە شەبەنگێک شەبەقی شەوقی دڵم شەق دەکا، دەمێکە ھەستەکانم بە دووت ڕا دەکەن وێڵن عەوداڵ و سەر لێشێواون و لە سۆراغتن و ناتگرن و ناتبیننەوە، وا نووزەی چراتۆڕم لە کزی دەدا و لێت دەنۆڕم و ھێدی ھێدی لێک دەنرێن، تۆ ھەر نەھاتی و ھەر نایەی سوعبەتەکانی دەسلەملڕنێی پێش زویر بوون نۆژەنکەینەوە، وا ملیۆنان کەرەت لە غەریبی تۆدا دەتلێمەوە و مەیلەکانت نوستوون و نامدوێنن، پێم بڵێ ئەمە کام ئیشق و ئەوینەوە خەڵاتانی ئازارەکانی بووین و ڕێی خۆی ناگرێتەوە، تۆ وەرە و بنۆڕە سپێدانم چ ئازارێکی بەستەڵەک قۆرخی کردووم و کۆست و ماتەم و ڕەشپۆشیم لێ دادەگرێ، ئێ تۆ لە ئازار من تێ ناگەی یا سزادانت بە باڵای ھەتیویی بێ تۆییم بە بەرا دەدووری………. ژن کە لە گوڵ جوانتر و ناسکیر بوو گەرەکە بەزەییەکانی لە سۆزداری ببینێتەوە ناسکتر ڕێی گەیشتنی یەکبوونمان ڕۆشن بکاتەوە، خۆ من بێ تۆ و بێ بزە و خەندەکانت لە مرۆڤ بوونم کاڵ دەبمەوە… ١٦ / ٤
٤٣ – بەیانیت بە دیداری نیگاکان جوان دەبێتەوە، بەیانییەک لە ڕەنگی سبەینانی دی نەچێ، بەیانیەک چاوەکانم بۆ دیقەتی قامەتت قومریانە خۆی دەنوێنێ، بەیانییەک بە تێکشانی بەستەڵەکی دووریمان پیرۆز دەکەم، بە سەر باڵە زیڕەییەکانی لۆفتھانزاوە شین شین دەچمەوە، تا سپێدەیەکی سپی سپی لە بەفر سپیتر جەستەی تەزیوم دەکاتە دیاری ئەمجارە و بە نیگاکانتی ئاشنا دەکاتەوە، ئەم سپێدە فلوگھاڤن بە روحی منەوە جمەی دێ، مرۆڤەکان لە کاروانسەرای وڵاتان ژێوان نابنەوە منیش بۆ کن تۆ، ئاپۆڕای ئەم سپێدەیەم ھێندە لا جوان و شیرین و کەیفشادییە بە بارتەقای ھەناسەت چەشەی ڕۆژێکی خۆش خۆش، شەوێ بەختم لە تەک ستاسیۆن و گڤەی شەمەندۆفەر بە کۆتا ھات، ئەندیشەکانم بۆ ژووانی ئیشق ئەشکی شادی دەپرژاند، نازانم ئەم بەیانییە من لە نێو تەلیسمی ڕەنگاڵەیی و نەھەنگم یا ماسی لە ناخما خۆی مەڵاس داوە، دەشێ ھەردووکی بێ ھەم لە نێو سکی نەھەنگک ھەمیش ماسییەک لە ناوەوە تێکی شکاندووم و دەستەمۆی خۆی کردووم، ئااای کە ھەراسانی کردووم و بێ وی ئۆقرە ناگرم، چەند کاژێرێکی دی نیگاکان تێر تێر دەبن لە ڕەنگی چاوەکانت لە بۆنی لێوەکانت لە تامی ھەناسەت، بە غەمزەی چاوە مەخموورییەکانت لە کاوڵاشی خەراباتم دەردێنی و دەمکەیە گەڵا و لک تا گوڵبوونت جوانتر و ھەیبەتتر و بۆندارتر خۆ بنوێنێ….. ١٨ / ٤ .
٤٤ – بەیانیە ھەگبەی سروشتی خۆی پێچایەوە دەیەوێ جوانیت ڕاماڵی کەچی ھەر نەگەیشتە دامەنت، نەشمیلەکەم بەیانییەک بۆنی ھەولێرت لێ دێ بەیانیەکی دی بۆنی پایتەختی جەمسەری باکوور و سڵاوە گەرمەکانیشم دنەت دەدەن بێیە نێو ئەو تۆڕە جاڵجاڵۆکەییە و ناتبینم، نازانم تۆ لە کام سوچ و قوژبنی دڵتدا منت حەشار داوە و یەکدی نادۆزینەوە، لە سەر ڕەفەی دڵنیایین یا ھێشتان دڵەڕاوکێمانە لە چیمەنێک دەژین و پاییز خەزاندارمان بکا، گەڵا زەرد زەردەکان دامانپۆشن بۆ حەسرەتێ، بشێ لە نێو بوخچەیەکت نابم و گرێ کوێرەی ھەتا ھەایی درابێ، یا نوقڵێکم و ھێشتان تامی ڕۆژانی بووری لە بن دانەکاندا پەخش دەبنەوە، تۆ دیقەتێکی ئەو نوکی قەڵەمە بدە کە بۆت دەنوسێ ، ملیۆنان حەیف و جەغار لێم دووری دوور و نامبینی، بزانە ھاڵاوی ئەوینم چۆن لێ ھەڵدەستێ و چەند بە تاسوقی رۆژگارەوە پیتەکان لە یەک دەدا و وشە دەخولقێنی و روح بە بەری ڕستەیا دەکا و مرواریانە دەیانھۆنێتەوە، ئەوە نەک ھەستە کەفوکوڵییەکانمن لێ ئەوە دەودیو دیواری ئەوینداریمن و قوڵپ دەدەن، بێ دەنگیت فرمێسکەکانم دەکەنە بارانێ گەڵا زەردەکانی پێ سەوز دەکاتەوە ، ئێمەش بە نمەی بارنێ تەڕ بینەوە بۆ ئامێزبونێکی بۆندار تر لە گوڵ ….. ٢٣ / ٤
٤٥ – ئەم بەیانیەت بە پرشی ھەناسەم تەڕ و جوان، بە بۆنی شانێل ژوورت پڕ بێ لە بۆنی ئەوین، ئەم بەیانە ھەر لە تەک خۆر ھەڵاتنەوە نزاکانم گەرم گەرم بوون و دەپاڕێنەوە ئەوین و ئیشق قۆرخت بکا و بە سەرتا زاڵ بێ و لە پەیمان و دڵبەستنی دڵەکان نزیکبینەوە ، چیتر دووری زەفەرمان پێ نەبا و دابڕان بە یەکجاری لە زبڵدانی مێژوو بنێین، نزا دەکەم و سوێندیش بە دەنک بە دەنکی تەسبیحەکەی باوکم دەخۆم کە وەک جاران ناوە پیرۆزەکانی ئەشقی تیا ھەڵکۆڵراوە ئەو دەریا پان و بەرینەی دووریمان ھیشک ھەڵگەڕێ و سەرقاڵ و مەستی چنینەوەی دەنکەکانی ئەو تەسبیحە بین، با وەک نەورەس و دەریا یەکبگرینەوە، بەیانیانمان بە ئاویزانبوونی یەکەوە قەشەنگ بکەین، وەک تاریکی و چرا ھاوەڵ بین، سارد و گەرمی ئەلەکتریک بین ماڵێک ڕۆشن بکەینەوە، دەمێکە ھەردووک نامۆی رۆژگارین، ئەزیزەکەم تەنھا تۆ لە گوڵ گوڵتری و بە تۆوە ژینم ڕۆشنە …… ٢٤ / ٤ .
٤٦ – ئاای کە بەیانییەکی جوان چاوەنواڕی دادێی تەمەنمان دەکا ھەر بۆیە ئەم سپێدە بە بۆنی نمە بارانێکی فێنکایی پەنجەرەی ئیشقی غوربەتیت لە کۆڵانی دڵما ئاو باران دەکەم، بە گەڵای درەخی سێبەری ڕەنگین بنوێنێ و گولیش جوانتری بکا، بەیانییە و باڵەکانم دەکرێنەوە فێرە فڕینی سەر دەریای شین بوون، لە تەک باڵندەکانا وێڵم و عەوداڵی سیما و ڕوخسارتین، لە نێو پۆلە ماسییەکدا سۆراغت دەکەم ، کچێ خۆتم لێ مەشارەوە ھەر ئاشقەکەی سەر و نێو دڵمی ، چەپکەنەی دڵۆپ دڵۆپی دەریا دەکەم تا ھیشک ھەڵگەڕێ و بتدۆزمەوە ، بشێ نەبووبی بە ماسییە یاقوتییەکە و لێم یاخی نەبوو بی، کە دێمەوە لە ئاودیو بوونی خۆمەوە داڵان و دەرگای ماڵ و ئیشقت ماچ دەکەم، توولە ڕێگای ھەورازی بەر ماڵت روحی بولبولینتی تیا دەبینمەوە، ئەو گوزەر و تۆڕە ئەپارتمانە ھەر ھەموو لە تۆ دەچن، تۆیش لە شنەی با بە ئاستەم ئاونگت گرتووە، باوەشم پڕپڕ دەکەی لە با لە بۆنت لە خۆت ، کەنگێ ئەو ڕۆژە دابێ و بیبینین، گوڵەکەم لە گەڵ گوڵتر ….. ٢٦ / ٤ .
٤٧ – بەیانیەک مێژووی تەمەنمت بۆ دەکەم بە سوتوو تا لە ڕچینی سەرما بە دوور بی، ھەر بە دووریت ناڵە و ھاوار و ئازاری سات و ڕۆژ و ھەفتە و مانگ و ساڵانەم چەکەرە دەکا، مەگەر تەنھا تۆ لەو حەسرەت و ناڵەم تێ بگەی، فرمێسکەکان لە گەڵ خۆر لە دایک دەبن و سووراوەکەی تۆ دەیسڕێتەوە، ھەموو سپێدەیەک سووتانی بەختم بە دەم ڕەشەباوە تەشەنە دەکات و بە ئازارمەوە چنینەوەی جاڕ دەدەم، خەندەکانت دەبنە فریاد ڕەسم، لە دایکبوونی شیعرێ ژان و ئازاری دەگاتێ و ھاوێر نابێ مەگەر سڵاوێکی پڕ نازت بتوانێ سەما بە وشە شیعرییەکان بکا و مەست مەست بێ، ئەو دەمانەی لە غیابی تۆ لە پێشوازی سبەینان دەبم، دەبمە مناڵێکی وڕکگرتووی سەر تەنبوور و بۆ لەتێ نانێکی گەرم دەکڕووزێمەوە، کە کپ دەبمەوە مانای وا نییە کەفوکوڵی دڵی پڕ جۆشم دادەمرکێ ، نا ئەزیزەکەم ئەو دەمانە حاڵی دەبم خاوەنداری ئیشقم ھەیە و لێم ناترازێ دەزانم خانەخوێکەی نێو خولیاکانم ئەشکم دەکاتە ماڵی خۆی و بە جوانی دەمشێلێ تا ئازارەکانم بپوکێتەوە، بۆ خۆیشت دەزانی برین و کێمی ناخم دووریە دووری، گرێیەکە وا بە سانایی ناکرێتەوە، تۆ بە حەرفەکانی ئەوین خاوی دەکەیتەوە، ساباتێکم بۆ چێ دەکەی تا بەیانیان دەم بە ھەناسەی سوبحتەوە بنێم، ئەم بەیانیەیش وەک ھەمیشە شەبەقی تۆ ناخم ڕۆشن دەکاتەوە گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر…٢٩ / ٤ .
٤٨ – بەیانیم پڕ نزا بۆ تۆ ، بۆ شاد بوون، لە سەر سینگی دووگوردی ئەوین ڕاکشێ ، با ئەم سپێدەیە حەوت رکات نوێژی ئاشقانەت بۆ دابەستم، جگە لە تۆ ناوی ڕکاتەکانم ناوێکی دیم لێ نەناوە، تۆ بڵێی پەروەردگار لێم بگرێ ڕکم بە سەردا ببارێنێ و تەمەنم بە کۆتا بێنێ، بۆ ….. ؟ خۆ کەنیزەم نەگرتووە و مامەڵەی پێوە بکەم، من تۆ لە خۆما کۆ دەکەمەوە، وەک ئەو شۆڕە بییەی بە شەنگەبێریت ناساند، لێک دەئاڵێین بەرەو ئاسمان ھەڵدەزنێین ھەڵگژێین لە مناڵییەوە تا ئێستا ھەر پێمان دەڵێن خوا بە حەواوەیە دەچینە بەر دەرگای دەپاڕێینەوە، ئیدی ئاشق کوشتن بەس بێ ، ئەرێ چی بوو ئەم ھەموو تاوانە بۆ نابڕێتەوە، دەسا تۆیش دەرگای ئیشقتم لێ دامەخە ئەو لێوانەت بە ھەناسەمەوە بنێ تێرتێر بۆنیان بکەم، خودا لە چاکەیدا بە دڵی خۆتت لە گەڵ دەکا، تۆ لە تەمەنی منا ھەموو چرۆیەکی جوانی تەنھا دەبێ لە ھزرما بپشکوێی گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر …. ٢٩ / ٤ .
٤٩ – بەیانیت جوان بەیانیت خەرمانێک گوڵ ، بەیانیت لێوڕێژی دەنگی من ، بەیانیت پڕ قریوەی خۆشی ئەی ژنە میھرەبانەکە، ژنێک سەرڕێژی پاکی و بەرائەت و راستبێژی، ژنێک بێ چەشنی خان و مانی ژنێک بۆندارتر لە میسک و عەنبەر و شانێل ، ژنێک سادە و خاکەڕا و سەنگین و شیرین، ژنێک خودان شەھامەتی ژنێتی، ژنێک پەیام ھەڵگری ژنانی بوێر و چەلەنگ و ھەقبێژ، ژنێک ھەموو ڕوحدارێ ئیرەیی پێ دەبا، حەیف و دەست لە ئەژنۆ ئاسوودەییت لە قوڵایی دەریا نوستووە، شەتەکی و ماندووبوونی شۆڕە سوارێکی دەوێ لە گەردن و نێو چەوانتی بئاڵێنێ، ژنێکی مۆمئاسا بۆ ڕازاوەکانی ژین دەتوێیتەوە و ناخت تاریک تاریک وەلێ ھومێدەکانت باڵا و خۆ لە گەورەبوون دەدەن حەسرەتەکانت بە دەم باڵابوونی جگەر گۆشەکانەوە دەڕۆن، لێرەوە جاڕدانی سوتانی جوانی و تەمەنت بۆ کۆرپەکان بەیان کردووە ئەوە میھرەبانی ڕەوتی ژنێتیتە ئەی شەھامەتترین ژن، گوڵێتی تەنھا ئەوە نییە باخچە بڕازێنیتەوە ئەوە گوڵێتییە کە لە چوار لاوە سیفەتەکانی ژنێتیت لێ بتکێ ئەوە لە تۆدا ھەیە، لە گوڵ گوڵتر …. ١ / ٥
٥٠ – بەیانیت جوان و خۆش بەیانیت گەرمە ساباتی من، بەیانییەک ئاتەشگای ئیشقتم بۆ داخراوە و لە غوربەتی تەنھایی دەمسوتێنێ، دەبمە چڕە دووکەڵی ئەو مەجمەرە و ئاوایی نیشتیمانێ بە دەم ھەناسەی گەرممەوە تەنگەتاو دەکەم، لە سوتووی پڕپۆڵەیی جەستەمەوە سەمادێ بۆ بن درەختی تەمەنت دەڕژێنم و لە سەروبەندی کۆتا ژینما نەشئەیەکی جوان بە ئاوێتەی تریفەی خەندەی لێوەکانت دەکەم، با توانەوە و نەمانی من جوانی بە سیما و ڕووخساری تۆ بدا، ئەوە بەیانکردنی سەرەتای ئیشقمە و لە بەر دەرگەی سبەینانی ناخت نەک ھۆگر ئولفەتی دوا ھەناسەمە و بەرد بە خەرەندی توانەوە ئاشنا دەکا، سۆماکانم نیگای بێ کۆتاییت لێ دەگرن سیرەیەک نیشانەکانی بپێکێ، ئیدی ئیشقێکە لە قۆڵبەندی روحتا یەخسیر و دەستەمۆیە لوتفێ بە لێوەکانت بدە با ماچێکی دەم سپێدەی قەرزی بە لێوەکانم بداتەوە، لە بازاڕی بێ کەسی خۆیدا موحتاجی ئەو لێو تێکەڵبوونەیە، شەوان ئاگر تێبەرمەدە بە تەنیاییش لە چۆڵەوانی تەریکی دۆزەخی خولانەوەم مەکە ، شەوچەرەی سوتانمت پێشکێش دەکەم گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر …… ٢ / ٥
ئەڵمانیا