بورھان شێخ ڕەئوف
ڕۆژی ٢٣/ئازار ٢٠١٩ وتەبێژی ھەسەدە ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە زۆرینەی کورد پێکھاتوون و ئەمریکا پشتیوانی یان دەکات مژدەی سەرکەوتن و کۆتایی ھاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ڕاگەیاند کە لەدوا پێگەیان لە ڕۆژھەڵاتی فورات و بە دیاریکراوی لە شارۆچکەی باغۆز لە ڕۆژھەڵاتی دیرزۆر ھەموو بنکەو بارەگاکانیان ڕزگار کراو تارومار کران .
بۆیە پێم باش بوو لەم کاتەدا کە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش سەرەنگوم بوو پانورامایەکی خێرای چۆنیەتی سەرھەڵدان و نەشونماکردنی و فەرمانڕەوایی چوارساڵی پڕلە کارەسات و ماڵوێرانی و تاوانی گەورە گەورەو ھەتک کردنی حورمەتی مرۆڤ و کوشتن و لەناوبردنی ھەرکەسێک کە لەگەڵیاندا نەبێت و تا جینوۆسایدی ئێزیدییەکانی شەنگال و بە سەبایاو کەنیزەک کردنی کچ و ژنانەکانی یان .
ڕاگەیانی دەوڵەتی خەلافەت
لە ٢٩/حوزەیرانی ٢٠١٤ تاقم و گروھە چەکدارەکانیان دەوڵەتی ئیسلامی یان لە عێراق و شام ڕاگەیاند لە ھەموو ئەو ناو چانەی کە لە ژێر دەستەڵاتیاندا بوو ,لە تۆمارێکی دەنگی کە بڵاویان کردەوە لە یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزانی ئەو ساڵەدا ناوەکەیان گۆڕی بۆ (( دەوڵەتی ئیسلامی )) بەم گۆڕانکاریەش بۆ یەکەم جار دوای نزیکەی سەد ساڵ ڕێککەوتنامەی سایکس _ بیکۆ یان ھەڵوەشانەوە قوولە کانی سنووری نێوان عێراق و سوریایان تێکداو ئەبوبەکر بەغدادیان وەکو خەلیفەی ئیسلام ڕاگەیاند داوایان لە خەڵکی کرد پەیمان و سۆز و موبایەعەی بکەن .
ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ١٠ / حوزەیران ٢٠١٤ دەستیانگرت بە سەر شاری مووسڵ دووەم گەورە پارێزگای عێراق دوای ئەووەی سوپاو ھێزەچەکدارەکانی عێراق شەڕییان نەکردو ھەمووچەک و تەقەمەنی و کەرەسە سەربازییەکانیان دا بە دەست چەند سەد چەکدارێکی داعشەوە کە بەو چەکو تەقەمەنی و کەرەسانە سێ یەکی خاکی عێراقیان داگیرکرد دواتر
ھەرچەندە پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٣ شاری ڕەقەو دێر زور و بەشێک لە شاری حەلەب ی سوریایان داگیرکردبوو بەم شێوەیە ھەردوو شاری مووسڵ و ڕەقە بوون بە پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی .
لە ٥ تەمووزی ٢٠١٤ بۆ یەکەمجار ئەبوبەکر بەغدادی دەرکەوت لە تۆمارێکی فیدیۆیی داوای لە موسڵمانان کرد سۆزی پێ بدەن و موبایەعەی بکەن .
بۆیە ئیتر لەو کاتەوە دەستیانکرد بە جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلام بە دیدو بۆچوونی خۆیان بۆ ئایین و بۆ ئیسلام کە ھەزارو چوارسەد ساڵی ڕابردووی سەرھەڵدانی ئەو ئایینە ئەمە شێوازێکی نوێ ی توندوتیژی و لە ناوبردن بوو چ بە جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدام بە سەرخەڵکێکی زۆردا بە تاوانی خیانەت و بەکرێگیراوی بۆ بێگانەو زینا و بەگشتی ھەموو ئەوکەسانەی کە وەکو ئەوان بیریان نەدەکردەوە مەحکوم بوون بە ئیعدام .
جگە لە بە کەنیزەکردنی ئافرەتانی یەزیدی و کڕینو فرۆشتن کردن پێ یانەوە لە بازاڕەکانی ڕقەو مووسڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش تۆمەتباریان دەکەن بە پاکتاوکردنی ڕەگەزیو ئتنیکی و جینۆساید و ئەشکەنجەدانی زیندانیان , لەمانەش مەترسیدارتر و دڕندانەتر ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی چەندین پرۆسەی کوشتن و سەربڕین و سووتاندنی تۆمارکردو بە فیدیۆیی و لە تۆڕەکانی ئەنتەرنێت و تۆڕکۆمەڵایەتیەکانەوە پەخشیان دەکرد ھەروەھا چەندین کردەوەی خۆکوژی و تەقاندنەوەی بۆمب و بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیل و داھێنانی چەندین شێوازی نوێ یان داھێنا و بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لێ ی ڕادەگەیاند لە عێراق و سوریا کە خەڵکێکی زۆری سڤیل یان دەکردە ئامانج و دەبوونە قوربانی .
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لە ناوبردنی داعش
لە دوای سەرھەڵدانی ئەم ڕەوتە توند ئاژۆ و تاوانبارە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لە ناوبردنی داعش پێکھات لە حەفتا دەوڵەت بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ھەر ئەمریکا خۆی بەتەنھا ٥٠٠٠ سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە کردو لە مانگی ئەیلەلی ٢٠١٤ یەکەم پەلاماری ئاسمانی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا دەستپێکرد دوای ئەوەی پێشتر لە عیچراق پەلاماری دابوون .
سەرەتای تێکشکان و پاشەکشەی داعش
لە ٢٦کانوونی دووەمی ٢٠١٥ ھێزە کوردییەکانی سوریا بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش شاری کۆبانی یان لە داعش ڕزگارو پاک کردەوە .
لە ٣١ ئازاری ٢٠١٥ سوپاو ھێزە چەکدارەکانی عێراق پارێزگای سەلاحەدین کە ناوەندەکەی شاری تکریتە لە داعش پاککردەوە دواتریش شارەکانی ڕومادی و فەلووجە و شەنگال ڕزگارکران لە تیرۆریستانی دەوڵەتی خەلافەت.
لە ئابی ٢٠١٦ ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) شاری مەنبەج یان ڕزگارکرد لە داعش و گروھەکانیئۆپۆزەسیۆنی سوریای سەر بەتورکیا دەستیان گرت بە سەر شاری جەرابلس و باب ی سەربە پارێزگای حەلەبی سوریا لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ .
لە ١٠ تەمووزی ٢٠١٧ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیچراق و فەرماندەی گشتی ھێزەچەکدارەکانی عێراق ڕزگارکردنی تەواوی شاری مووسڵی ڕاگەیاند دوای نۆ مانگ ھێرش و شەڕو ئۆپەراسیۆنی بەردەوام بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش .
لە ١٧ / تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ھەسەدە شاری ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیشی لە بندەستیان دەرھێنا.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق عەبادی سەرکەوتنی تەواوی بەسەر ھێزەکانی داعش لە عێراقدا ڕاگەیاند .
لە گۆڕنانی داعش دوا وێستگە
لە ٢٣ ئازاری ٢٠١٩ ھەسەدەو ئەمریکاش لەلای خۆیەوە سەرکەوتنی تەواویان بەسەر سوپای جەھل و ڕەشپۆشی داعشدا ڕاگەیاند لە دوا پێگەیان لە باغۆزی لە ڕۆژھەڵاتی سوریا .
لە کۆتاییدا سەرەڕای ئەوەی دوا بنکەو بارەگاو پێگەی ئەو ھێزە وەحشیگەرە کۆنترۆڵ کرا لە عێراق و سوریا بەڵام ئێستاشی پێوەبێت لە بیابانەکانی عێراق و بادییەی شام خۆیان حەشارداوەو شانەی نووستوویان لە زۆر شوێن ھەیە مەترسی جدییان ھەیەبۆ ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە , چونکە ھەموو ئەو فاکتەرانەی کە زەمینەیان خۆش کرد بۆ سەرھەڵدانی ئەم ڕەوتە توندئاژۆیە ھێشتا ماون , بۆیە ئەرکی ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکەشە کە ئەو ئەرکە قوورسە بگرنە ئەستۆ ئەویش چارەسەرکردنی کێشەو ئاریشە ئاڵۆزەکانی وڵاتانی ناوچەکە چ لە دابینکردنی دادپەروەری و یەکسانی ھاوسەنگی و شەفافیەت و خزمەتگوزاری و دابینکردنی ھەلی کارو ئازادای و نانو خۆشگوزەرانی.