مەنسوور جیهانی / کان ـ دەرهێنەری ناوداری سینەمای ئێران “جەعفەر پەناهی” لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا ڕایگەیاند: سینەمام بە “عەباس کیارۆستەمی” دەست پێکرد و خۆم بە قوتابی ئەم مامۆستا بەڕێزە دەزانم.
“جەعفەر پەناهی” دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “سە رخ” واتە “سێ ڕوخسار” Three Faces کە لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ڕخنەگرانی سینەمای جیهان و هۆگرانی هونەریی سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا، لە پەیامێکدا بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا ڕایگەیاند: سینەمام بە “عەباس کیارۆستەمی” دەست پێکرد و خۆم بە قوتابی ئەم مامۆستا بەڕێزە دەزانم. ئەو کاتەی کە یەکەمین فیلمی بڵندی خۆم سازکرد و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” خەڵاتم بەدەستهێنا، هات بۆ فڕۆکەخانە بە پێشوازییم و زۆر بەداخم کە لە ژیاندا نییە و ئەوە یەگجار زور تووشی خەفەتی کردووم.
فیلمی سینەمایی “سێ ڕوخسار” لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی باشترین سیناریۆی پێبەخشرا و بە شێوەی هاوبەش ئەم خەڵاتە بە خاتوو “ئالیس رۆرواچێر” Alice Rohrwacher لە وڵاتی ئیاڵیا بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینەمایی “لازارۆی بەختەوەر” Happy as Lazzaro بەخشرا.
“سۆڵماز پەناهی” کچ و هەروەها “پەناە پەناهی” کوڕی “جەعفەر پەناهی” بە جیاتی باوکیان ئەم خەڵاتەیان لە هۆڵی “تیئاتری لۆمییەر” Théâtre Lumière لە ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیهان وەرگرت و پەیامەکەی باوکیان خوێندەوە.
“سۆڵماز پەناهی” لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای وەرگرتنی ئەم خەڵاتە گرینگە لە وڵامی پرسیاریی “مەنسوور جیهانی” سەبارەت بە ڕێزلێنانی “جەعفەر پەناهی” لە سینەماکاری ناوداری ئێرانی “عەباس کیارۆستەمی” گوتی: ڕەوون و ئاشکرایە کە بەڕێز کیارۆستەمی نە تەنیا بۆ “جەعفەر پەناهی” بەڵکوو بۆ تەواوی دەرهێنەرانی ئێران و تەنانەت هونەرمەندانی ئێران و جیهان زۆر گەورەیە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. نەبوونی بەڕێزیان، بۆ هەمووان کارەساتێکی دڵتەزێنە. “جەعفەر پەناهی” سینەمای لەگەڵ ئاغای کیارۆستەمی دەست پێکرد و بەڕێزیان مامۆستای جەعفەر بوو و ئەوە بۆ باوکم یەگجار زور گرینگە. تەنانەت بەڕێز کیارۆستەمی سیناریۆی یەکەمین فیلمی جەعفەر بە ناوی “بادکنک سفید”ی نووسی.
گوتیشی: بۆ باوکم، ئاغای کیارۆستەمی بێجگە لە مامۆستایەکی گەورە بەڵکوو هۆگرییەکی یەگجار زۆر و تایبەت لە نێوانیاندا هەبوو و نەبوونی بەڕێزیان، “جەعفەر پەناهی” زۆر خەمبار کردووە. هەر شوێنێک بێت و هەر ڕووداوێک ڕووبدات، باوک بە باشی و بە شانازییە ڕێزیی تایبەت لە ئاغای کیارۆستەمی دەگرێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا بریتی بوون لە: “کێت بلانشێت” Cate Blanchett ئەکتەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئوستوڕڵیا ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “چانگ چێن” Chang Chen ئەکتەر لە وڵاتی چین، خاتوو “ئاوا دۆ وێڕنای” Ava DuVernay سیناریۆنووس، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و بڵاوکەرەوەی فیلم لە وڵاتی ئەمەریکا، “رۆبێرت گۆدگۆیان” Robert Guédiguian دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو “خاجە نین” Khadja Nin گۆرانیێبژ و موزیکزان لە وڵاتی بڕۆنۆئی، خاتوو “لێئا سێیدۆخ” Léa Seydoux ئەکتەر لە وڵاتی فەڕەنسا، خاتوو “کریستییەن ئێستوارت” Kristen Stewart ئەکتەر لە وڵاتی ئەمەریکا ، “دێنیس ویلێنیۆڤ” Denis Villeneuve دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی کەنەدا و “ئاندرێ زۆیاگینتسێف” Andrey Zvyagintsev دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی ڕووسیا.
خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی Palme d’Or باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، بە فیلمی سینەمایی “دزەکانی دووکان” Shoplifters لە دەرهێنانی “هیرۆکازۆ کۆرئیدا” Hirokazu Kore-eda لە وڵاتی ژاپۆن بەخشرا.
خەڵاتی گەورەی GRAND PRIX لێژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیهان دوای خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی کان، بە فیلمی سینەمایی “”بلکک کلزێمان” Black Klansman لە دەرهێنانی “ئێسپایک لی” Spike Lee لە وڵاتی ئەمەریکا بەخشرا و خەڵاتی لێژنەی دادوەرانیش بە فیلمی سینەمایی “کفرناحووم” Capharnaum لە دەرهێنانی خاتوو “نادینە لەبەکی” Nadine Labaki لە وڵاتی لوبنان پێشکەش کرا.
“مارسێلۆ فۆنتێ” Marcello Fonte خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویی ئەم فێستیڤاڵەی بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی “دۆگمان” Dogman لە دەرهێنانی “ماتێئۆ گارۆنێ” Matteo Garrone لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا.
هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە “پاوێڵ پالیکۆفسکی” Paweł Pawlikowski بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی “شەڕی سارد” Cold War لە وڵاتی پۆڵەندا بەخشرا.
“ژان لۆک گۆدار” Jean-Luc Godard دەرهێنەری ناوداری سینەمای فەڕەنساش بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی “کتێبی دیمەن” The Image Book بە پێشکەش کردنی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی تایبەت Special Palme d’Or ڕێزی لێگیرا.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم فێستیڤاڵەش بە “ساماڵ ئێسلێمۆڤا” Samal Yeslyamova بۆ دەورگێڕان لە فیلمی سینەمایی “ئایکا” Ayka لە دەرهێنانی “سێرگێئی دڤورتسڤۆی” Sergey Dvortsevoy پێشکەش کرا.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەشی پێشبڕکێی “سینە فۆنداسیۆن” The Cinéfondation بە کورتە فیلمی “هەمووی ئەم بوونەوەرانە” All These Creatures لە دەرهێنانی “چاڵز ڤیلیام” Charles William لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەخشرا.
خەڵاتی کامێڕای زێڕینی Caméra d’Or کان بۆ باشترین فیلمی سینەمایی یەکەم بە فیلمی سینەمایی “کچ” Girl لە دەرهێنانی “لۆکاس دۆنت” Lukas Dhont لە وڵاتی بەلژیکا پێشکەش کرا و فیلمی سینەمایی “لە سنوور” On the Border لە دەرهێنانی “وێی شۆجان” Wei Shujun لە وڵاتی چین ڕێزی لێگیرا.
حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” بە نمایشی 21 فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، 18 فیلمی سینەمای لە بەشی پێشبڕکێی “جۆرێک ڕوانین” Un Certain Regard، 7 فیلمی سینەمایی لە بەشی “دەرەوەی پێشبڕکێی”، 8 فیلم لە بەشی “نمایشی تایبەت”، 17 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی “سینە فۆنداسیۆن”، 8 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، 19 فیلمی سینەمایی لە بەشی “کلاسیکی کان”، 12 فیلمی سینەمایی لە بەشی “سینەمایی ساحلی” و هەروەها 5 فیلم لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای دیکۆمێنتاریی” لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە شاری کان لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو.
وێنەکان: مەنسوور جیهانی