بورھان شێخ ڕەئوف
گەندەڵی ئەو ئافات و بەڵا گەورەو سامناکەیە کە ساڵانێکە ڕوبەڕوی عێراقی نوێ بووەتەوە لەسەرەوە تا خوارەوە ئەگەرچی ھەموو ھەستی پێدەکەن و ھەیە و دەزانن مەترسیەکەی لە تیرۆر زیاترە و ئەمە ھەردوو سەرۆک وەزیران پێشوو و عەبادی و ئێستا عادیل عەبدولمھدی دانیان پێدانەوە بە تایبەتی عەبادی لە کاتی دەستبەکاربوونی لە کابینەی پێشوو وتی ئەگەر سەریشم دابنێم کۆڵ نادەم لەبەگژاچونەوەی گەندەڵی بەڵام دواتر وتەکانی نەبوون بە کردار و ھەر حیبری سەرکاغەزو قسەی ناو میدیاکان بوو .
عادیل عەبدولمھدیش ئەگەر تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سێ وەزارەتی گرنگ و ھەستیار لە کابینەکەی وەزیریان بۆ دابنێت بەڵام ئەویش بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەندەڵی لەناو دەبات من بۆخۆم لە سەرتای ڕاسپاردنی بۆ پێکھێنانی کابینە لە وتارێکدا ئاماژەم بەوە کردووە کە گەندەڵی گەورەترین دۆسیەی بەردەم کابینەکەیەتی سەرەڕای ئەوەی عەبدولمھدی ئەو پێگە بەھێزەی نیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەکو بتونێت ئەو ئەرکە قورسە کە بێ کێشەو سەرئێشەو کاردانەوەی توندی زۆر تاقم و ناوەندی ھێزو بەرژەوندی کە لە عێراقدا خاوەن دەستەڵات و پێگەی کاریگەرن لە ھەموو جومگەکانی دەوڵەتدا .
ھەر لەو چوارچێوەو ڕێگادا عادیل عەبدولمھدی سەۆرکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لە ٩ کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ئەو ئەنجومەنە باڵای کە عەبادی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ دایمەزراند بۆ لە ناوبردنی گەندەڵی کارا بکاتەوەو ھەموو تواناو وزەکانی دەوڵەتی عێراق بخاتە ژێر ڕکێفی لە پێناو سەرخستنی ئەو پرۆژە گرنگە بە دیھێنانی ئامانجەکانی ھەروەکو لە کۆتا ڕۆژی ساڵی ٢٠١٨ ڕایگەیاند ئەویش گرتنەبەری ھەموو ڕێکارەکان و یەکخستنی ھەموو توانای دەزگا چاودێریی یەکانی عێراقە بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی ماڵی گشتی .
بەڵی ئەم ھەنگاوە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووی حکومەتی عێراق بە گوێرەی ئاماژەکانی ڕیزبەندی گەندەڵی نێودەوڵەتی کە ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە لە ڕیزی ١٦٩ ەمین وڵات بووە لە کۆی ١٨٠ وڵات, ھەر بەو بۆنەیەوە عادیل عەبدولمھدی لە ٤/١٢/٢٠١٨ ڕایگەیاند کە سیازدەھەزار دۆسیەی گەندەڵی لە دەستەی دەستپاکی عێراق تۆمارکراوە.
دۆسییەی گەندەڵی لە عێراقی نوێدا دۆسییەکی زۆر ئاڵۆزو ھەستیارە دەستکاری کردنی ڕیسکێکی گەورەیە لە بەرئەوەی زۆرێک لە و حزب و قەوارانە دەستەڵاتدارو خاوەن میلیشیاو ھێزی چەکدار و میدیای سەربەخۆیانن لەبەرئەوە ھەموو حکومەتەکانی پێشوو لە ٢٠٠٣ ەوە شکستیانخواردوە لە بنبڕکردن و بەگژاچوونەوە و تەنانەت سزادانی زۆرێک لە تاوانبارە گەورەکانی تێوەگلاو بە تاوانی شەرمھێنەری گەندەڵی .
دوا بەڵگەش لە سەر ئەم وتانە ئەوەیە کە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ( حەسەن یاسری ) ساڵی ڕابردوو ٢٠١٨ دەستی لە کارکێشایەوەو وتی حکومەت ھێچ ڕێکارێکی جدی ناگرێتەبەر دژ بە گەندەڵکاران وەکو پێویست ئەویش تەنھا ١٥% ەی ئەوانەی دۆسییەیان لە سەر کراوەتەوە لە کۆی سیازدە ھەزار دۆسیە ڕوبەڕوی داداگاکان کراونەتەوە ئەوانەش وادیارە لەوانەن کە پشت وپەناو ھێزی چەکدارو خەڵکانی خاوەن دەستەڵات و بڕیاربەدەستیان لە پشت نەبووە .
ھەرتایبەت بە گەندەڵی و میلیشیات و حزب و لایەنە سیاسیە جۆراو جۆرەکانی عێراق دۆسییەکی تری زۆر ئاڵۆز و مەترسیدار ھەیە کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە کەس زاتی ئەوە ناکات دەستی بۆ بەرێت ئەویش کەیسی موڵک و خانوو و زەویەکانی دەوڵەتە کە لەلایەن ئەو تاقم و گروپ و حزبانەوەی دەستی بەسەردا گیراوە نەک ھەر لە بەغدادی پایتەخت بەڵکو لە ھەموو پارێزگا کانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش .
بەڵام لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و موسڵیش دوای ڕزگارکردنی لە دەستی داعش ئێستا زۆر باڵەخانەو موڵکی دەوڵەت لە لایەن حەشدەی شەعبیەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە بە بیانووی ئەوەی ھی ڕژێمی پێشووە وەکو ڕژێمی پێشوو حکومەتی عێراق نەبووبێت و ئەم حکومەتەی ئێستا لە ڕووی یاساییەوە جێنشین و وارسی ئەو نەبێت .
جگە لەوەش دۆسیەی زۆر لەوانە سامناکتریش ھەن کە باس لەوە دەکەن کە زۆرێک لەو موڵک و تەلارو باڵەخانانە بەنرخی زۆرکەم و ڕەمزی بە کەسانی دەستەڵاتداری ناو حزب و لایەنەکان و تەنانەت حکومەتی عێراقیش فرۆشراون و تاپۆکراون وتۆمار کراوە یان بە کرێ ی زۆر کەم بە کرێ دروان لە کاتێکدا عێراق بە سەختترین قەیرانی دارایی دا دەڕۆیشت لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت .
لە کۆتاییدا ئەم باسە خەمناکە لەوەیە زۆرترین قسەی لە سەر کرابێت و کەمترین کردار کرابێت بۆ بنبڕکردن و بەگژاچوونەوەی ئەم باسە خەمناکە چونکە پەیوەندی بە ماڵی گشتیەوە ھەیە کە وتت ماڵی گشتی ھەموومان دەگرێتەوە ھەر لە پارووی دەمی ھەژاران و ھەتیو پیرە ژن و پیرە پیاو کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتەوە تاوەکو کاربەدەست و دەوڵەمەندو نووسەرو ڕۆژنامەنووسان و ئایندەی نەوەکانمان و نەوەی داھاتوویش بۆیە دەخوازێت ھەموو شەڕی لە سەر بکەین پاراستی مافی ھەموو ئەوانەی ناوم بردوون بە پاراستنی ماڵی گشتی و حەرامکردنی لە ھەموو ئەوانەی کە دەخوازن بە زۆری زۆردارەکی بەشی خەڵکی تر بخۆن بە حوکمی پێگەی حزبی حکومی .
بۆیە دوا وتەو دوا تێبینیم بۆ ئەنجومەنی باڵای لەناوبردنی گەندەڵی کە بەڕێز عادیل عەبدولمھدی کارای کردۆتەوەو دەخوازێت گەندەڵی بنبڕبکات ئەوەیە ھەرچەندە ھیوادارم سەرکەوتو بێت و بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئامانجەکانی بەدەست بھێنێت بەڵام پێناچێت جگە لە ئەڵقەیەکی تر بۆ زیادکردنی پۆست وقورستر کردنی باری بوودجە گشتی چونکە لە عێراقدا لە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتیش زۆر دامودەزگای چاودێری ھەیە, پشکنرەگشتیەکان لە ھەموو وەزارەتەکان ھەن کە دەتوانن ئەو ئەرکەبەجێبھێنن ئەگەر حووتە گەورەکان ڕێیان بدەن .