بورھان شێخ ڕەئوف
سزا و گەمارۆی ئابووری لە پوختترین پێناسەیدا ئەوەیە کەوا دەوڵەتێک یان دەوڵەتگەلێک یان ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھەنگاوێک یان پرۆسەیەک ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ڕەفتاری وڵاتێک بگۆڕێت یان ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی ڕەفتارێکی یاساغ بەیاساو عورفی نێو دەوڵەتی.
ساڵانێکە سزاو گەمارۆی ئابووری وەکو کەرەسەیەکی کاریگەری لێھاتووە بە دەست ئەمریکا وڵاتانی ڕۆژاواوە بۆ بەرگرتن لە زۆر ڕەفتارو کرداری وڵاتان کە ئاسایش و ئارامی وڵاتان دەخەنە مەترسی یەوە , بۆیە ھەرلە ساڵی ١٩٩٠ کاتێک ڕژێمی ئەوسای عێراق دەوڵەتی کوەیەتی دراوسێ ی داگیرکرد لە ٢ ی ئابی ھەمانساڵدا سزایەکی گشتگیری نێودەوڵەتی خرایە سەر عێراق دواتریش لەم دواییەدا سزاو ئابڵووقە بەکارھێنرا بۆ قەیران و کێشەکانی چەکی ئەتۆمی دژ بە کوریای باکوورو ئێران ھەروەھا دژ بە ڕووسیا لەکاتی داگیرکردنی دوڕگەی قرمی ئۆکرانیا و دواتریش ھەوڵی ڕووسیا بۆ ژەھراوی کردنی سیخوڕێکی ڕووسی (سیرجی سکریباڵ ) و مناڵەکەی لە بەریتانیا بە مادەی کیمیاوی (نوفیتشوک ) کە لە ڕووسیا بەرھەم ھاتبوو.
جۆرەکانی سزا
١. سزای گشتگیر ئەو سزایەیە کە بەشێکی زۆری لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوچ لە ڕووی پەیوەندی بازرگانی و پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان و ھەموو پەیوەندییەکانی تریش کە ئەمەش زیانی گەورە دەگەیەنێتە بە ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە گەڵ بەرپرس و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کە تۆمەتبارن بەکاری یاساغ و پێچەوانە بە یاساو عورفی نێودەوڵەتی وەکو ئەو ئابڵووقەی کاتی خۆی خرایە سەر عێراق ئەو ئابڵووقەو سزایانەش وا ئێستا دژ بە ئێران لە سەرتاکەیەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە .
٢. سزای زیرەک ئەو سزانەیە کە دەخرێتە سەر ئەو سەرکردەو بڕیار بەدەستانەو ھەروەھا ئەوانەی ھاوکارو ھاوپەیمانیانن کە ئەمەش چینێکی دیاریکراو دەگرێتەوە کە کاریگەری بۆسەر ھاولاتیانی وڵاتی بە ئامانجکراو نابێت , چونکە سزای گشتگیر تێچوویەکی زۆری دەوێت بەڵام سزای زیرەک کەمتر , وەکو کاتێک ئەمریکا سزای ھەردوو وەزیری داد و ئاسایشی ناوخۆی تورکیای دا لە ئابی ٢٠١٨ بەھۆی دەستگیرکردنی قەشە ( ئەندرۆ برانسۆن ) ەوە .
سزای زیرەک زۆر شێوازی ھەیە دەتوانن وڵاتانی خاوەن دەستەڵات بەکاری بھێنن بۆ مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و یان بۆ سەپاندنی ئەجنداو ھەژموونی خۆیان بە سەر وڵاتانی تردا ئەوانیش ئەمان :
١. قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک و کەرەسەی سەربازی .
٢. سڕکردنی پارەو داھاتی مالی ھەموو ئەو وڵات و قەوارەو تاقمانەی کە کارەکە ئەنجامدەدەن وەکو ئەوەی بەرامبەر بە حزبوڵای لوبنان کراوە لە لایەن ئەمریکاوە .
٣. سزای دیبلۆماسی وەکو ئەوەی ئەمریکا وکەنەداو چواردەی وڵاتی ترلە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا ئەنجامیاندا بە دەرکردنی دیبلۆماتکارە ڕووسەکانی دوای ژەھراویکردنی سێخوڕە ڕووسەکە لە بەریتانیا .
٤. سزای ئاسمانی ئەویش قەدەغەکردنی ھاتۆچۆی ھێڵەکانی فڕۆکەوانی بۆ وڵاتی بە ئامانجکراو وەکو ئەوەی دژ بە ھەرێمی کوردستان کرا لە دوای ڕیفراندۆم .
مەبەست و ئامانج لە ئابڵووقە
دامودەزگا نێودەوڵەتیەکان و گەلێک لە حکومەت و دەستەڵاتە نیشتمانیەکان ئەم سزایانە بەکاردەھێنن بۆ ئەوەی ڕێ لە کارو کردەوەی دژ بە یاسا بگرن و ھەروەھا ھەژموونی خۆشیان بسەپێنن و ھەروەھا سزا بەکار دێت بۆ بەگژاچوونەوەی زۆر قەیران و دیاردەی تر لەوانە بۆ بەگژاچوونەوەو لەناوبردنی تیرۆر و مادەھۆشبەرەکان وپێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ھەروەھا بۆ بۆ دامەزراندنی سیتمی دیموکراسی وچەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەو ململانێکان .
لە کۆتاییدا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای ئەوەی لە ٥ تشرینی دووەمی ٢٠١٨ەوە خوولی دووەمی سزاکانی خرایە سەر ھەرچەندە بە ھۆی ئەوەی ھەشت وڵات لە ناویاندا عێراق و تورکیا بەخشێنران وبووران لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانە پێناچێت وازوو ئاکامی خێرا بدەن بەدەستەوە ھەرچەندە ئێران گرەو لە سەر تواناکانی خۆی دەکات بۆ بەرنگاربوونەوەی سزاکان ھەروەکو چۆن لە ٣٩ ساڵی تەمەنی خۆیدا وای کردووە ئێستاش ئەوان لە ململانێیەکی ئایدیۆلۆجی سەختدان لە گەڵ ئەمریکادا گرەو لە گەڵ کاتدا دەکەن کە دوای دووساڵی تر ووترەمپ دەبێتەوە بە سەرک ؟
لە ھەمانکاتیشدا ئەزموونەکانی ئەمریکا وەل عێراق و کوریای باکوورو زۆر شوێنی تریشدا ئەوەمان پێدەڵێن کە دەرباز بوونی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ململانێدا کارێکی ھێندە ئاسان نابێت .