بورھان شێخ ڕەئوف
جەمال خاشقچی یەکەم ڕۆژنامەنووس و یەکەم کەسی ئۆپۆزەسیۆنی عەرەبستانی سعودیە نیە کە بێ سەرو شوێن دەبێت بەڵکو پێشتر زۆرکەسی تر تەنانەت لە شازادەکان واتە لەئەندامانی بنەماڵەی پاشایەتی ئال سعودیش بوون بە ھەمان دەردی خاشقچی چوون و شوێن بزر بوون .
لەوانە ناسر سەعید کە لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە لە شاری بەیروت ی پایتەختی لوبنان شوێن بزرکرا لەوساوە تائێستا کەس نازانێت چی لێھاتووە ھەروەھا شازادە سوڵتان بن تورکی لە شاری جنێف لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕفێنرا ھەروەھا شازادە تورکی بن بەندەر کەلە فەرەنسا داوای مافی پەنابەری سیاسی کردبوو ساڵی ٢٠١٥ ئەویش لە بەرچاوان نەماو شوێن بزرکرا ھەروەھا چیرۆکی جەنراڵ عەلی قەحتانی یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاسەوانی نیشتمانی عەرەبستانی سعودیە کە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا بوو لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی بەخشی ئەمانەو زۆری تریش لە پشتی زیندانەکانەوەن لە چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ کە تۆمەتی تیرۆر دراوەتە پاڵیان کە چاوەڕوانن حوکمی ھەڵواسین و لە سێدارەدان بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت .
خاشقچی چی لێھات
لە سەعات یەکی نیوەڕۆی ٢/١٠ /٢٠١٨ ڕۆژی سێشەمەوە ھەموو پەیوەندیەکانی ناوبراو بە جیھانی دەرەوەی خۆی بڕاوە و کەس ھەواڵی نازانێت دوای ئەوەی دەزگیرانە تورکیەکەی خەدیجە ھەواڵەکەی بڵاوکردەوە لەوکاتەوە چارەنووسی نادیارە ھیچ ھەواڵیکی ڕاست ودروست بەردەست نەبوو لەسەر روداوەکە , تاوەکو ڕۆژی شەمە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە دووسەرچاوەی تورکیەوە ھەڵسەنگاندنی سەرەتایی لەسەر ڕوداوەکە دەست کەوت باس لەوەدەکات کە جەمال خاشقچی لەناو کونسڵخانەی عەرەبستانی سعودیەدا لە ئەستەنبوڵ کوژراوە و لاشەکەی بۆ دەرەو براوە .
کاتێکی زۆری پێنەچوولەم ھەواڵەی ڕۆیتەرز تاوەکو ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەو ڕۆژنامەی کە خاشقچی بۆی دەنووسی ھەواڵی تری دەربارەی پرۆسەی تیرۆرکردنی ناوبراوی بڵاوکردەوە کە لە دوو سەرچاوەی نزیک لە تیمی لێکۆڵینەوە لە کارەساتەکە , کەباس لەوەدەکەن ئەو تیمەی کە تاوانی تیرۆرەکەی ئەنجامداوە پێکھاتوون لە پازدە کەس کە لە سعوودیەوە ھاتوون .
ھەواڵێکی سەرسووڕھێنەرتر لەسەر ڕوداوەکە پێگەی میدل ئێست ئی بڵاوی کردەوە کە گوایە خاشقچی ئەشکەنجەدراوەو پێش ئەوەی لەشی ئەنجن ئەنجن بکەن بە شێوەیەکی زۆر وەحشیانەو دڕندانە و ھەموو ی تۆمارکراوە لە کاسێتێکدا و گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی تورکیا .
ھەواڵ و چیرۆکی ئەم تاوانە قێزەونە لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی واشنتۆن پۆست دا بڵاوکراوەتەوە.
عەرەبستانی سعوودیە نکووڵی دەکا ؟
کونسڵخانەی سعوودیە لە ئەستەنبوڵ بە توندی ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە خاشقچی لای ئەوان تیرۆر کرابێت یان لای ئەوان بێت و دەرگای کونسڵخانەکەی بۆ پەیامنێرانی ئاژانسی ڕۆیتەرز کردەوە کە سەردانی بارەگاکەیان بکەن بەڵام دواتر بە فەرمی دانی نا بە وەدا کە لەناو قونسڵخانەکەدا شەڕەدەم دروست بووەو دواتر خاشقچی کوژراوە .
کاردانەوەی نێو دەوڵەتی
بزربوون و نەمانی نووسەرو ڕۆژنامەنووسی ناوداری سعوودیە جەمال خاشقچی کارادانەوەو نیگەرانی زۆر ی بە دوای خۆیدا ھێنا لە ناوەندە نێو دەوڵەتی و میدیای و مافی مرۆڤ …تد
بەشێوەیەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی زۆری خۆی ڕاگەیاندو وتیان لەنزیکەوە چاودێریڕوداوەکە دەکەن .
لەلایەکی ترەوە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و نیگەرانی توندی خۆیان ڕاگەیاند ئەمەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی ڕادەربڕین و بەرتەسکردنەوەی دیموکراسی و تێکدانی کەش و ھەوای ئازادی لە قەڵەم دا .ھەموو ئەوانە جگەلە چەندین سیناتۆر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی کە بەتوندی ئیدانەی ئەو تاوانەیان کرد .
بێدەنگردن و دەم داخستنی نەیاران
ئەم ھەنگاوەی عەرەبستانی سعوودیە دەچێتە قاڵبی دەم داخستن و کپ کردنی ھەموو ئەو دەنگانەی کە لەدەرەوەی سربەکەی ( بن سلمانەوەن) کە شازادەی جێنشینە و بەتەمایە لە زووترین کاتدا لە سەر کورسیەکەی باوکی دابنیشێت بە تایبەتی دوای ئەو ھەڵمەت و شاڵاوی گرتن وزیندانی کردنە فراوانەی کە دەستی داوەداتێ دژ بە پیاوانی ئاینی و بزنسمان و تەنانەت ئەوانەی بەرگری لە مافی ژنانیش دەکەن .
لە کۆتاییدا من ئەم چەند دێڕەم لەسەر خاشقچی نووسی وەکو بەرگریەک لە ڕای ئازاد لە کاتێکدا وەکو ھەندێ سەرچاوە باسی دەکەن کە خاشقچی باکگراوندێکی ئیخوانی ھەیەو دۆستی ئەردۆگانەو بە بنچەش تورکە و زۆر شتی ناڕەوا ی دژ بە کوردانی ڕۆژاوا نووسیووە بێگومان بەرامبەر باشووریش لە کاتی ڕیفراندۆمەکەدا توێتی زۆر ی کردووە .
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ھەندێک کەس و قەڵەم بە دەست دەڵێن نابێت میدیای کوردی باشی خاشقچی بکات کە ئەوەش دەچێتە قاڵبی دەمداخستن و سەپاندنی ڕایە ک کەئەو تاقم و کەسانە ئازادن باسی نەکەن .