سەدیق سەعید ڕواندزی
زمان ھەر تەنھا ئامرازێکی دەربڕین نییە، بەڵکو گوزارشتکردنیشە و گوزارشتیش تەنێ زارەکی ناگرێتەوە، بەڵکو کردەییشە. ھەندێک وشە و دەربڕین لە زماندا ھەن، بە گۆکردنیان بە تەنھا مانا نابەخشن، بەڵکو دەبێ ئەزموون بکرێن. کاتێ بە یەکێ دەڵێین خۆشم دەوێی ، دڵسۆزی تۆم، بیرت دەکەم، بە ھاناتەوە دێم) ئەم وشانە کردەیین و دەبێ ئەزموون بکرێن، دەنا بە تەنھا دەربڕینی دڵسۆزبوون بەھایەکی نییە، گەر بە کرداریی و لە زەمینەی واقیعدا نەیسەلمێنین. لەبەرانبەر ئەمەشدا، چەندین دەربڕین ھەن، کە ناکردەیین، بۆ نموونە: دەگوترێت لە چاوی شێری ناگەڕێتەوە! بەڵام کەس ھەیە لە شێر نەترسێت؟ دەگوترێت لە سەر سەرمت دادەنێم، مرۆڤ چۆن لە سەر سەر دادەنرێت؟ کەواتا ئەم جۆرە دەربڕینانە، خوازەن بۆ بابەتێکی دیکە و ھەمان مانای خۆیان ناگەیەنن. لەو ڕوانگەیەوە کاتێ ئێمە دەڵێین وەرگێڕان پردی بەستنەوەی کولتووری گەلانە بە یەکتری، ئەوا مانای وانییە کۆی کولتووری ئەڵمان، یان فەڕەنسا، یان عەرەب، بێنینە نێو کولتووری کوردی، کە ئەمەش ناکرێت، مانای وایە نابێ بگوترێت وەرگێڕان پردی بەستنەوەی گەلانە بە یەکتری! ئەم تێگەیشتنە بۆ وەرگێڕان ھەڵەیە، چونکە ھەرگیز کۆی کولتوور ناگوزرێتەوە. کولتوور، لە بنەڕەتدا لە کەلچەری فەرنسی وەرگیراوە، وشەیەکە لەنێو ئێمەدا لە بەرانبەر فەرھەنگ، ڕۆشنبیریبوون، ئەدەب و ھونەر بەکاردێت، بەڵام کولتوور، کۆی سەرخانی کۆمەڵایەتی و خاسیەتە کۆمەڵایەتی و نەریتی و میللییەکانی کۆمەڵگەیەک دەگرێتەوە. لە وەرگێڕاندا، وەرگێڕ کار لە سەر بەشێکی کولتوور دەکات نەک ھەموو کولتوور، بەو مانایەی ھەر بوارێکی کولتوور، دەشێ لە ڕێگەیەوە وەربگیرێت، کەواتا دەربڕینی وەرگێڕان پردی بەستنەوەی کولتووری گەلانە بەیەکتری، ھەڵە نییەو ھەڵگڕی ھیچ گیرو گازێکی زمانەوانی و فەرھەنگی نییە، چونکە ئەوەی وەردەگێڕدرێت، بەشێکە لە کۆی ھەبووەکانی نێو کولتوور، نەک ھەموو کولتوورەکە، بەمەش ناڕاستەوخۆ کولتوورەکە، لە سەرێکەوە دێتە نێو نێو ڕۆشنبیریی نەتەوەیەکی دیکە و بە پێچەوانەوەش. کولتووری ھەر وڵاتێک، چەند پێشکەوتووش بێت، پەیوەندی بە دواکەوتووی کولتووری نەتەوەیەکی دیکە لە بواری وەرگێڕانەوە نییە! بەدەربڕینێکی تر،کاتێ پرۆسەی وەرگێڕان لە کولتووری وڵاتێکی پێشکەوتووی خۆرئاواوە، بۆ کولتووری میللی و دواکەوتووی ئێمە دەکرێت، ئەوا ئەوەی دەکرێتە پێوەر، پێشکەوتنە ژیاریی و زانستییەکان نین، وەرگێڕان کاری بەوە نییە، بەڵکو پەیام و ئامانجە مرۆیی و ڕۆشنبیرییەکە گرنگە.
ئەزموونی وەرگێران لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، کە کولتوورێکی دواکەوتووی ھەیە و بگرە وڵاتانی جیھانیش، زۆر بە ڕوونی ئەوەیان سەلماندووە، کە دەشێ وەرگێڕانی تێکست و دەقی نێو کولتوورێکی وڵاتێکی دواکەوتوو، زۆر لە وڵاتێکی پێشکەوتوو بە ھەڕمێنترو پڕ خوێنەرتر و پڕ ماناییتر بێت. وەرگێڕان، گواستنەوەی کولتووری گەلێک، بە کۆی پێکھاتە فەرھەنگی و ھونەریی و ژیاریی و زانستییەکان، بۆ نێو کولتووری گەلێکی دیکە نییە، تا نەشێ ئێمە تێکست و بەرھەمی ئەڵمانی یان فەڕەنسی، وەربگێرینە سەر زمانی کوردی، بلوجی وتیگریی، بە بیانووی ئەوەی ئەو زمانانە جیھانی نین و لۆکاڵینە، بە پێچەوانەوە ئەزموونەکانی وەرگێڕان ئەوەیان دەرخستووە کە تێکست لە وەرگێڕاندا دەکرێتە پێوەر، نەک کۆی کولتوور. گەر سەرنج بدەین دەبینین نانی ڕووتی محمەد شوکری، ڕۆمانی قەپێلکی مستەفا خەلیفە، شیعری نەتەوەی ئەفغان و ڕۆمانەکانی خالید حوسێنی و ئەدەبی ئەفغانی وکۆڵۆمبی و میسری و کینی، بە ھەزاران جار لە ئەدەبیاتی ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن، پڕ خوێنەرتر و سەرنج ڕاکێشتر و پڕ ماناترە و پێدانی خەڵاتەکانی نۆبلیش لە بوارە جیاوەزوکاندا بە نووسەر و زاناو داھێنەرانی ئەم وڵاتە دواکەوتووانە، دەرخەری ئەوەن، کە وەرگێڕان پەیوەندی بە لۆکاڵی و گلۆبالیزمەوە نییە، ئەمە بۆ بوارەکانی دیکەی دەرەوەی ئەدەبیش ڕاستە، مەگەر ئەریتریەکی دواکەوتوو، لەگەڵ ژاپۆنییەکی پێشکەوتوو، وەک یەک پەنا نابەنە بەر ژیری دەستکرد و بە کارھێنانی دوایین مۆدیلی کەرستە و ئامرازی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو؟ کەواتا نابێ کردەی وەرگێڕان، ببەستینەوە بە کولتوری لۆکاڵی و گڵۆباڵی. لە وەرگێڕاندا خوێنەر بە دوای مانا، چێژ و جوانی، پەیام و ئامانجی دەقەکەوەیە، نەک ئەوەی دەقەکە ژاپۆنییەک نووسیویەتی، یان ئێرانییەک. ئەمە بۆ کەرستە و بابەتەکانی دیکەش دروستە، وەک چۆن ژاپۆنییەک لە تۆکیۆی سمبولی پێشکەوتنە زانستییەکان ئایپاد و مۆبایل بە کاردێنێت، بەم شێوەیەش شوانی مێگەلێکی بناری چیای ھەڵگۆرد، ھەمان کەرستە بەکاردێنێت، بە جیاوازی دوو جیھانبینی جیاواز. بۆ وەرگێڕانیش، کولتوور و زاست و ژیار پێوەر نین، بەڵکو پەیوەندی خوێنەر بە دەق، چێژ و جوانی، پەیام و مانای دەق گرنگە، نەک ئەوەی دەقەکە لە کولتووری ژاپۆنەوە ھاتووە، یان مەغریبێکی دواکەوتوو، کەوەک وتمان ھەموو نووسەرانی ژاپۆن، ڕەنگە ئەوەندەی نانی ڕووتی محمەد شوکری، کە زادەی کولتوورێکی دواکەوتووە، کاریگەریەتیان لە سەر خوێنەر و تێڕوانینی دانە نابێت.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە( ١٤٩٩) لە ١٨/٨/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.
































































سەدیق سەعید ڕواندزی












Discussion about this post