سەدیق سەعید ڕواندزی
ئینگلیزەکان دەڵێن:_(ھەموومان وەک مانگ واین، ڕووێکی شاراوەمان ھەیە) زۆر جار ئەم ڕووە شاراوەیە دەکەوێتە بەر ڕۆشنایی و ئیدی حەقیقەتی بوونی مرۆڤ وەک ئەوەی کە ھەیە دەردەکەوێت نەک ئەوەی خۆی لە بەرگ و ماسکێکی نماییشیدا دەنوێنێت! بێگومان بۆ کەسانێکی ئاسایی گەر ئەم ڕووە شاراوەیە خاڵێک و پەلەیەکی ڕەشیشی تێدا بێت، ڕەنگە ڕێی تێ بچێت و ئاسایی بێت، بەڵام بۆ فەیلەسوفان و بیرمەندان نەک ھەر ئاسایی نییە، بەڵکو شەرمەزاریی و ڕووڕەشییەکی گەورەی مرۆیی و مێژووییشە، چونکە فەیلەسوفان کار لە سەر زانستی زانین و فەلسەفە و ھوشیارکردنەوەی تاک و داھێنانی ھزری و تێزی جیاواز دەکەن. لەو ماوانەی ڕابردوودا، چەندین وتارم لە بارەی ھەریەک لە (ھایدگەر و نیتشە و فۆکۆ) بەزمانی کوردی خوێندنەوە ، چونکە تەنھا ئەو زمانە دەزانم. بە ڕاستی زانیاریی وایان تێدا بوو بۆ من سەیر و نوێ و شۆکھێنەربوون، ئاخر ئەو فەیلەسوفانە لای زۆرینەی ھەرە زۆری نووسەرانی کورد، تا ڕادەی پەیامبەرێکی ئایینی پیرۆز کراون و وایان لێھاتووە گەر نووسەرێک لە نووسینەکانیدا ناویان نەھێنێت، ئەوا بە نەخوێندەوار و بێ ئاگا لە دنیای ڕۆشنبیری ناوی دەبرێت، گەر ساڵانە سەد کتێبیش بخوێنێتەوە! ئەوەی ئێمە لە بارەی ھایدگەر زانیومانە، تەنھا بوون و زمانە، بەڵام ئەم فەیلەسوفە، ڕەوایەتی بە جینۆسایدی جوولەکەکان داوە، ئەندامی حزبی ناسیونالستی ئەڵمانی بووە، ھەوڵیداوە پەرێزی نازییەکان پاک بکاتەوە و تا مردووشە ئامادە نەبووە ھاوسۆزی ئەو تراژیدیایە بێت، کە تا ئێستاش پەلەیەکی گەورەی پڕ شەرمەزارییە بە تەوێڵی مێژووی مرۆڤایەتیدا ! نیتشە دەڵێت : کە چوویە لای ژنەکەت قامچییەکەت لە بیر نەچێت، باوەڕی بە دەسەڵات و خزمەتکار و ڕەعیەت ھەبووە، تەنھا فاشیستەکان و کۆنەپەرستەکان سەرسامن بە بیری نیتشە. فۆکۆ، ھۆمۆسێکسواڵ بووە! بۆ ماوەی بیست و پێنچ ساڵ، گەنجێکی کوڕی ھاوماڵ کردووە و لەگەڵی ژیاوە، بە دوایدا چۆتە جەزائیر، سەرەنجامیش بە نەخۆشی ئایدز مردووە. شۆپنھاوەر، ھانی مرۆڤەکانی دەدا خۆیان بکوژن و بەردەوام ڕەشبینانە بیری دەکردەوە، کەچی تا ئەو سەری ئاسمان دەستی بە ژیانەوە گرتبوو، ئەمە وێرای ئەوەی گاڵتە بە ژنان دەکات و بە قازو مراوی دەیانچوێنێت! ئەم ڕووە شاراوانەی فەسلەسوفان، نەک ھەر نەنگییە، بەڵکو خۆیان و فەلسەفەکەشیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئاخر چۆن دەکرێت تۆ فەلسەفە پیشانی مرۆڤایەتی بدەیت، بەڵام بە نەخۆشی ئایدز بمریت، کە ھەموومان دەزانین ئەو نەخۆشییە زادەی جۆرەھا سێکسی نەشیاوە؟ مارکس ، کە بە بڕوای من ناشێ ناوی لەگەڵ ئەوانە بھێنرێت، فەلسەفەی مارکسیزمی دانا، کە دیارترین فەلسەفەی خزمەتکردنە بە مرۆڤایەتی بە ئێستاشەوە بەراورد بە سیستەمی نامرۆیی سەرمایەداری، کەچی کاتێ سۆڤییەت ڕووخا، تین و توانجی دنیا لە شۆڕشەکە و لینین و مارکس دەگیرا و گاڵتە بە کۆمۆنیزم دەکرا، بەڵام ھەمان ئەوانەی ڕەخنە لە مارکسیزم دەگرن، سەیر لەوە دایە سەرسامن بە کەسێک کە چاوی لە کوشتنی پێنچ ملیۆن مرۆڤی بێ تاوان پۆشیوە! بە داخەوە ئەوەی تا ئێستا لە ڕێی وەرگێڕانەوە بە ئێمە لە بارەی ئەمانەو دەیانی تر گەیشتووە، ھەر تەنھا ڕووە ماسکدراوەکەی ئەو فەیلەسوفانە و نموونە گەلێکی دیکەن. بۆیە ئێمە پێویستیمان بەوەیە، زانیاریی نوێ لە بارەی ئەوانە بزانین، زانیارییەک کە بوونیان بە ڕاستەقینەیی دەربخات، ئەمەش بە وەرگێڕێک دەکرێت، وەرگێڕان وەک ئەمانەت ببینێت، نەک ھەوەسی کەسی !
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان بڵاوکراوەتەوە.











































































Discussion about this post