سەدیق سەعید ڕواندزی
میکانیزمی بەرگریی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە سەر بوون و ژیاندا، ویستێکی خۆرسکانە و فیزیکییانەی ھەموو بوونەوەرێکە، بە ئامانجی بەرگریی لە خۆکردن و مانەوەی لە ژیاندا. ئەم ویستە، لە دۆخی مەترسیی و ھەڕەشەدا لە ھەموو کاتێک زیاتر کارایە، چونکە کاردانەوەی ئەو ھەڕەشەیە، کە مەبەستیەتی کۆتایی بە بوون بێنێت. لەو سۆنگەیەوە کورد وەک نەتەوەیەک بە ئێستاشەوە، ھەمیشە لە ژێر ھەڕەشەی نەمان و سڕینەوە و توانەوە دایە، بۆیە بەرگریکردن تاکە بژاردەی داکۆکیکردن بووە لەو مانەوەیە و پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی. ئەمە زۆرجار بە گوتاری مانەوە ناو دەبرێت، کە گوزارشت لە مانەوە وەک نەتەوە دەکات. ئەم گوتارە گەلێک جار لای نووسەران و بەشێکی سیاسییەکان، دەکرێتە ڕەخنەیەکی سیاسی و ئاراستەی کورد خۆی دەکرێتەوە، کە بۆچی ئەم نەتەوەیە ھەر تەنھا لە چوارچێوەی ئەم گوتارەدا ماوەتەوە و ھەوڵی خۆییبوون و سەلماندنی خۆی نەداوە، وەک ئەوەی بەختیار عەلی لە کتێبی گوتاری مانەوە و مەسعود باباییش لە نووسینێکی دا، کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاویکردۆتەوە باسی دەکەن.
بێگومان لە دۆخێکدا، کە نەتەوەیەک تەنھا بواری ئەوەی ھەیە، بەرگریی لە خۆی بکات و گەر ئەو بەرگرییە نەمێنێت، دەسڕدرێتە وە ولە نێو دەچێت، چۆن دەتوانێت خۆی بێت و بیسەلمێنێت کە خۆییانە بوونی ھەیە؟ کاتێ نەتەوە دەکەوێتە بەردەم نەمان، بژاردەی سەرەکی تەنھا لەو بەرگریەدایە کە نەتەوە دەپارێزێت، ئیدی ھەموو بوارەکانی دیکەی ژیان لە پەراوێز دەبن. لەو سۆنگەیەوە کە کورد وەک نەتەوەیەک، ھەمیشە لە نێو گوتاری مانەوەدایە، ئەوا زەبرە مێژوویی و سیاسی و جیۆپۆلەتیکیەکە، ئەو فاکتەیان سەپاندوو، نەک ئەوەی کورد ھەر بۆ خۆی خەونی سیاسی گەورەتری لەوە نەبێت، کە بوونی خۆی بسەلمێنێت و خۆیی بێت. ئەم واقیعە، وەک ئەوە وایە، جەلادێک داوا لە زیندانییەک بکات لە نێو زینداندا، بوونی ئازادانەی خۆی و سەربەستییەکەی بسەلمێنێت، لە کاتێکدا ھەموو پانتایی ژیانی ئەو لەو چوار دیوارە سەپێنراوەدایە کە زیندانییەکە تیایدایە. بۆیە ئەوانەی ڕەخنە لە کورد دەگرن کە ھەر لە ھەوڵی مانەوەدایە، ئەوا بڕوام وایە ھێشتا ماویانە لە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەکەی خۆیان بگەن، کە لە چ بارودۆخێکدایە. ئێمە لە جوگرافیایەک دەژین، تەنراو بە دوژمنان، وڵاتێکی دابەشکراوین و لە ڕۆژھەڵاتێک داین، کە ھەمیشە شوێنی شەڕ و ئاژاوە و ململانێ بووە، بۆیە ئەوەی کورد توانیویەتی بیکات، تەنھا پارێزگاریکردن بووە لە خۆی کە ئەمەش گەورەترین شانازیی مێژوویی و سیاسییە، چونکە ھەر ئەو گوتارەیە کوردی وەک نەتەوەیەک ھێشتۆتەوەو ئەوانەی ئەم گوتارە، بە گوتاری قەتیس بوون لە نێو خۆدا و خۆیینەبوون و خۆ نەسەلماندن لێک دەدەنەوە، پاساویی ئەو ڕەخنەیان زۆرجار بەراوردکردنی نەتەوەی ئێمەیە، بە نەتەوەکانی دیکەی دنیا، کە ئەمەش لێکدانەوەیەکی زۆر نالۆژیکی و نا سیاسیە، چونکە کاتێ ئەڵمانییەک خۆی سەلماندووە و توانیویەتی خۆی بێت، ئەوا ھیچ مەترسییەکی نەمانی نەبووە، گریمان ئەگەر لە جەنگێکیشدا بەر ھەڕەشەیەکی لەو شێوەیە کەوتبێت، ئەوا وەک مێژوو کۆتایی ھاتووە، بەڵام کێ دەتوانێت گرەنتی ئەوە بکات، کورد بەیانی چی لێ نەیەت؟ ئێمە ھەموومان چەند ساڵێک بوو، لە دۆخێکی ئاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی جێگیر و ئاشتەوایی دەژیاین، کەچی لە پڕ ھێزێکی تاریک پەرست و دواکەوتووی ئیسلامی وەک داعش دەرکەوت و شەڕێکی گەورەی بێ ئامانجی بە سەر ئێمەدا سەپاند و گەر بەرگرییەکانی پێشمەرگە و قوربانیدانەکانی نەبووایە، ئێستا کوردستان سەدەیەک دەگەڕایەوە دواوە، کەواتا چۆن نەتەوەیەک دەتوانێت خۆی بێت، یان بوونی سیاسییانەی خۆی بسەلمێنێت، گەر سەروەریی، دەوڵەتێکی بەھێز، ئاسایشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری جێگیری نەبێت؟ لەم دۆخانەدا، کورد دەتوانێت ھەر ئەوە بکات کە لە گوتاری مانەودا بەرجەستە دەبێت، ئەوانەشی ڕەخنە دەگرن کە کورد ناتوانێت خۆی بسەلمێنێت، دیارە لە تێڕوانینی خۆیانەوە واقیعەکە دەبینن، نەک ئەوەی کە ھەیە!لە ڕاستیشدا، ڕۆشنبیری کورد کاتێ ناتوانێ ھێزی گۆڕانکارییەکان بێت، ئەوا لە بەر ئەوەیە یان لە دوای کۆمەڵگەکەیەتی، یان سەد فرسەخ لە پێشەوەیەتی، لە کاتێکدا دەبێ لە نێو جەرگەی واقیعەکە و ھاوتەریب لەگەڵ کۆمەڵگەکەی بڕوات، تا بە وردی درک بە خەوشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکات و بزانێت کەمو کورتی و خەوشەکان لە کوێن، نەک بە ئەقڵێکی خۆرئاوایانە بڕوانێتە نەتەوەیەک کە ئێستا لە ھەموو کات زیاتر، باجی ململانێ و شەڕێک دەدات، کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئەوەوە نییە.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە( ٩٦٥٩) لە ١٨/٥/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.







































































Discussion about this post