ھونەرمەند تەحسین فائق: پێموایە ھێشتا زووە بڵێین ڕەخنەگری سینەماییمان ھەیەھونەرمەند تەحسین فائق تۆفیق، لە شاری ھەولێر لەدایک بووە،دەرچووی بەشی موزیکی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانە.
لە ساڵی ١٩٨٠ ئاشنای جیھانی ھونەر دەبێت ،کاتێ لە قوتابخانە لەسەردەستی مامۆستا “جەلیل” بەشداری سەرجەم چالاکییەکانی قوتابخانە دەکات ،وەکو (خۆشنووسی ، نیگار، شانۆ..) دواتر لەرێگەی ھونەرمەندانی کۆچکردوو(تەحسین شەعبان و ھاشم زەینەل) لە “دار فن” بەشداری چەندین ئۆپەرێت و شانۆگەری دەکات ھەروەھا لە ساڵی ١٩٨٥ بەشداری چەندین کاری شانۆیی دەکات دواتر لەگەڵ چەندین تیپی شانۆیی وەکو ئەکتەر بەشداری چەند شانۆگەرییەک دەکات .. لە ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن رژێمی لە ناوچووی بەعس بەھۆی ئاشکرابوونی لە کاری رێکخستنی ناو شار دەستگیر دەکرێت دوایی بەھۆی لێبووردنی گشتی لە ساڵی ١٩٨٨ ئازاد دەکرێت. تەحسین فائق بەشانۆ دەستی بەکاری ھونەری کرد لە بواری نووسینیش خاوەن قەڵەمێکی باشی تێکستە،بەڵام دواتر لە بواری سینەما دەگیرسێتەوە وەک فیلمسازێک زیاتر دەناسرێت خاوەنی چەندین کاری سینەماییە بۆیە لەم دیدارە ھونەرییەدا پرسیارەکانمان زیاتر لە بواری سینەما ئاراستە کردووە.
ھەڤپەیڤین= کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین چۆن ئاشنا بوونت بە ھونەری سینەما ؟
– سەرەتای ئاشنابوونم بەھونەری سینەما لە شانۆوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بەر لە راپەرینی بەھاری ١٩٩١ی گەلەکەمانەوە، کامێراو تەکنیکی وێنەگرتن لە کوردستان قەدەغەبوو، بەعس وەکو چەکێکی کاریگەرو پڕمەترسی سەیری دەکرد، بۆیە ئەوسا تەنیا بینەرێکی سەرسەخت بووم، چێژ و ووزەی و ئیلھامم لێوەردەگرت بۆ ئەزموون و کارە شانۆییەکان.
*سینەماکارانی کورد لە فیستیڤاڵەکان، چەندین خەڵاتی جیھانیان بەدەست ھێناوە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە سینەمای کوردی لە ئاست سینمای جیھانی دایە؟
– دەتوانم بڵێم سینەمای کوردی لە باشوور ئەو تەمەنە درێژ و ئەزموونە زۆرەی نیە کە بتوانێت ھاوشانی سینەمایی جیھانی ھەنگاوی خێرا بنێت و کێبرکێ لەگەڵ سینەمایەک بکات کەتەمەنی سەرووی ( ١٢٠) ساڵە، بەڵام پێویستە شانازی بکەین کە فیلمسازان و سینەماکارانمان توانیان لە دەرگا و پەنجەرەکانی فیلمی فیستیڤاڵە جیھانییەکان بدەن و تۆپەکان لەسەر خۆیان واڵا بکەن و خەڵاتی فیستیڤاڵەکان بەدەست بھێنن، ئەمە لە کاتێک دایە کە ماوەی (١٠) ساڵ حکومەت فۆندی بۆ گەشەی سینما تەرخان کرد نێوەی زیاتری دەدرا بە دەرھێنەرانی دەرەوەی باشوور،ئەوەش تا ڕادەیەک بێ ئومێدی بۆ سینەماکارانی ناخۆ دروست کرد و ھیچ سوودێکی بەو تەوژمە سینەماییە نەگەیاند، تەنانەت ستافی ناوخۆشیان فەرامۆش کرد و ھیچ ئەزموونێکیان فێری لاوە فیلمسازان نەکرد.
* ئەو گرفت و ئاریشانە چین کە دەبێتە بەربەست بۆ سینەماکارانی کوردستان؟
– لەئێستادا ئێمەی کورد لەلایەنە ھونەریەکانی دروستکردنی فیلم ھەنگاوی زۆر تۆکمەمان ناوە ئەو فیلمە “کۆمێرشاڵ”انەی ئێستا دروست دەکرێن شایەتی ئەو ڕاستییەن، بەڵام گەشەی کولتووری لەھەموو دنیا و وڵاتان میزانییەی ساڵانەی نەبڕاوەی بۆ تەرخان دەکەن، بۆ ئەوەی بەھاوکاری فۆندی حکومی بتوانێ بەردەوام بێت، بەتایبەت لای ئێمە کە، کەرتی تایبەت، سینەما ھێشتا نەبووە بەکولتوور و پارەی خۆی ناھێنێتەوە ئەمەش گرفتی سەرەکی سینەماکاری کوردە وێڕای لۆکاڵی سیناریۆ و کۆپی کردنی ژانڕ و ئەزموونەکانی دەوروبەرمان.
* ھۆڵەکانی سینەما لە کوردستان تاچەند گونجاون بۆ نمایشی فیلمەکان؟– دەتوانم بڵێم لەئێستاد، ھۆڵەکانی سینەما لە ناو مۆڵەکاندا لەئاست، ستانداردی جیھانین لەھەموو پارێزگاکانی کوردستان ھۆڵی زۆر باش ھەن .* کردنەوەی بەشی سینەما لەکۆلیژەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک تاچەند فاکتەر بووە بۆ پێشڤەچوونی سینەمای کوردی؟– ھەڵبەت ئەو ھەنگاوە بوێر ودڵسۆزانەیەی دکتۆر (سەلمان فائق) بووە بەردی بناغە بۆ ھەر سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان، کە سینەما بەزانستی بخوێندرێ، دوای کردنەوەی بەشی سینەمای کۆلێژی ھونەرە جوانەکان، چەندین پۆل لەو سینەماکارانە دەرچوون، بەشێکیان وەکو توێژەر و ڕێبەرو ڕێنیشاندەرو مامۆستاو سەرۆک بەشن لەھەمان کۆلێژ بەشەکەی تریان ، لەبوارە پراکتیکییەکە بەردەوامن لە کاری سینەمایی، ئەوەش وادەکات کە ئاییندەی فیلمی کوردی و سینەمای کوردستان لە ئاییندە بگاتە دۆخی زێڕینی خۆی.
* رەخنە و رەخنەگری سینەما لەکوردستان چۆن دەبینیت؟
-ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ئاسان نەبێت، چوونکە ھونەری سینەما لای ئێمە ھێشتا نەگەیشتۆتە شووناس، ئەوەی کەتا ئێستا ھەیە لاسایی کردنەوەی ژانڕە باوەکانە، زۆر کات نائاگایانە ئاوێتە کردنی چەند ژانڕێکە، پێموایە ھێشتا زووە بڵێین ڕەخنەگری سینەماییمان ھەیە.
* تاچەند سینەمای کوردی توانیویەتی گوزراشت لە ناسۆرییەکانی گەلەکەی بکات؟
– زۆر بەی ھەوڵەکان لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە یان گرتووە، بەڵام تا ئەمڕۆ ھیچ کامیان تینوێتی نەشکاندووین ، پێویستە ئەو چیرۆکە پڕتاسەو جەرگبڕانەی نەتەوەکەمان ببنە ھەوێنی دەیان شاکاری سینەمایی، ئێمە کێشەی گەورەمان لەگەڵ کوردبوونی خۆمان ھەیە لەھەموو بوارەکان ،نەک تەنیا سینەما، ئەوەتا فەرھەنگ و کولتووری نەتەوەییمان بەدەستی خۆمان خەتەنە دەکەین مناڵەکانمان ئاشنای زمانە بیانییەکان و ئەنتی کولتووری خۆمان دەکەین،پێموایە دەساڵی تر کوڕو کچەکانمان گەورەدەبن و ھاوسەرگیری دەکەن زمانێک نامێنێت بۆ ئا خاوتن لەنێوانیاندا جگە لەزمانە بیانییەکان، ئەو نەوەیەی کە ئەوان دەیخەنەوە ئیدی تەواو نامۆیە بە کۆمەڵگەو کولتوور و مێژووی نەتەوەیەک کە ناوی کوردە.
ھونەرمەند تەحسین فائق و وێستگە ھونەرییەکانی:
– ئامادەکردن و دەرھێنانی شانۆگەری (مانگێکی دی دێت) نووسینی “عەزیزنەسین” وەرگێڕانی پڕۆفیسۆر”ھیمدادی حوسێن” ١٩٨٥
– دەرھێنانی شانۆیی”دایکە ئازاکە” نووسینی گەروە نووسەرو دەرھێنەری ئەڵمانی (پرتۆڵد برێخت”١٩٨٦ .
– ئەکتەری سەرەکی (مۆنۆدرامای نامۆ) کە نمایشێکی پانتۆمایم بوو، نووسینی”پشتیوان عەبدوڵا ، دەرھێنان “حوسێن زارین” ١٩٨٦
– ئامادەکردن و دەرھێنانی شانۆگەری “ڕێبواری ھەژارو خۆشەویستی” نووسینی” گەوھەر موراد” ١٩٨٦
– نووسین و دەرھێنانی شانۆگەری “ڕاپەڕین” ١٩٩٢
– نووسین و دەرھێنانی شانۆگەری “برسییەکانی سەردەم” ١٩٩٣
– نووسین و دەرھێنانی “کەرنەڤاڵی ئەنفال” وەک شانۆیی سەرشەقام بەھاوبەشی لەگەڵ ھونەرمەند “لالۆ ڕەنجــدەر” ١٩٩٣
– ئامادەکردن و دەرھێنانی شانۆی وێنەیی “لە پشت دەرگا داخراوەکان” نووسینی ” ژان پۆل سارتەر” ١٩٩٤
– دەرھێنانی شانۆگەری “مەرگ و تارماییەکان” نووسینی حاکم “عوسمان یاسین” ١٩٩٤
– نووسین و دەرھێنانی شانۆگەری “دۆزەخی ھەمیشەیی” ١٩٩٤
– ئامادەکردن و دەرھێنانی نمایشی” براکوژی” کەژانڕی شانۆی ڕەش بوو، لەدەقێکی شیعری”جاک بریڤەر” ١٩٩٥
– نووسین و دەرھێنانی شانۆگەری “مەملەکەتی ئەفیوون” ١٩٩٥
– ئامادەکردن و دەرھێنانی شانۆگەری “وێرانەخاک” نووسینی : ت.س.ئەلیوت
. – ئامادەکردن و دەرھێنانی شانۆگەری”میدیاشا” نووسینی”یۆرپیدس” ١٩٩٧
– ئامادەکردن و دەرھێنانی پێرفۆڕمانسی “پەنجەکانی شەیتان” ٢٠٠٥
ناوی بەرھەمە سینەمایی و تەلەفزۆنیەکان:
– نووسین و دەرھێنانی زنجیرە درامای (٧) ئەڵقەیی”نەگبەت”بەرھەمی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان ١٩٩٢-١٩٩٣ ھەولێر.
– دەرھێنانی فیلمی “ڕەشەبای مەرگ” بەرھەمی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان ١٩٩٥ – ١٩٩٦ ھەولێر.
– سیناریۆ و دەرھێنانی کورتە فیلمی “ھەرمان” چیرۆکی شێرزاد پۆلیس، بەرھەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ١٩٩٩ – ٢٠٠٠ سلێمانی.
– سیناریۆو دەرھێنانی کورتە فیلمی “وێران” بەرھەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ٢٠٠٠-٢٠٠١ سلێمانی.
– سیناریۆو دەرھێنانی کورتە فیلمی ” سێبەری خۆر” بەرھەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری ٢٠٠١ – ٢٠٠٢ سلێمانی.
– سیناریۆ و دەرھێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتەری “دڕندەکانی ڕۆژ” بەرھەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ٢٠٠٣ سلێمانی.
– سیناریۆو دەرھێنانی کورتە فیلمی “جەلادو فڕین” نووسینی “بەختیار عەلی” بەرھەمی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان مەڵبەندی گشتی سلێمانی. ٢٠٠٤
– سیناریۆو دەرھێنانی کورتە فیلمی “گومان” بەرھەمی فیستیڤاڵی ئاڵای زێڕین ھەولێر ٢٠٠٥.
– سیناریۆ و دەرھێنانی کورتەفیلمی “سایکۆبات” بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٦
– سیناریۆو دەرھێنانی فیلمی “منیش قسەم ھەیە” بەرھەمی گروپی شوناسی ھونەری. ٢٠٠٦
– سیناریۆ و دەرھێنانی فیلمی “ناسنامەی دۆزەخ” سەبارەت بەکارەساتی ئەنفال. بەرھەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ١٩٩٧
– سیناریۆ و دەرھێنانی فیلمی ئێکسپێرمێنتالی “دیوار” بەرھەمی بەڕێوەبەرێتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٨
– یاریدەری دەرھێنەری فیلمی “شەوی حیساب” بەختیار عەلی، بەرھەمی بەڕێوەبەرێتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٨ – ٢٠٠٩
– سیناریۆ و دەرھێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتەری “لاوکی خەزان” بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما ھەولێر. ٢٠١٠
– سیناریۆ و دەرھێنانی فیلمی “پەیکەرە لمینەکان” بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر. ٢٠١١ – ٢٠١٢
– سیناریۆو دەرھێنانی فیلمی “بەھەشتی ژیان” بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر. ٢٠١٩
ئەو پێگەو پۆستانەی کە خزمەتی تێدا کردووە:
*دامەزرێنەرو سەرۆکی تیپی شانۆی ھاوچەرخ لە ١٩٨٦ تا ١٩٩٦
*ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان لە ١٩٩٧ ھەتا ٢٠٠١
*سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمەڵەی پاڕاسایکۆلۆژی کوردستان. ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢
*سەرۆکی تیمی خۆبەخشی ڕێکخراوی مانگی سووری عێراقی لە ساڵی. ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤
*دامەزرێنەری گروپی شوناسی ھونەری ٢٠٠٥
*بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی تەلەفزیۆنی ئەلعڕاقییە. ٢٠٠٦ – ٢٠٠٨
*دامەزرێنەرو خاوەن پشک لەکۆمپانیای “دراما فیلم” لەسلێمانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٠
*ئەندامی دەستەی کارگێڕی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان/لقی ھەولێر لە ٢٠١١ – ٢٠٢٦
NCO دامەزرێنەرو سەرۆکی ڕێکخراوی سینەمای نەتەوەییی *
لە ٢٠١٤ – ٢٠٢٦ بۆگەشەپێدانی بواری ڕۆشنبیری سینەمایی.






































































Discussion about this post