سەدیق سەعید ڕواندزی
بە پێی ئاماری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بێت، سەرووی پێنچ ھەزار ڕۆژنامەنووس لەو ھەرێمە بچووکەی ئێمە ھەن. لەو ژمارەیەدا، چەندییان پڕۆفیشناڵانە بە ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، ھەبوونی پاشخانێکی گەورەی ڕۆشنبیریی کار دەکەن، گەر لە مەحەکیان بدەین، ڕەنگە سەد ڕۆژنامەنووسێک بمێنێتەوە. بێگومان بە ھۆی پێشکەوتنە ژیاریی و مرۆییەکانی سەردەم و ھاتنە ئارای سۆسیال میدیا و دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە زادەی پێشکەوتنە زانستییەکانی سەردەمن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دۆخێک دروست بووە، کە ھەرچی مایکێکی بە دەستەوە گرت، ئیدی پێی بگوترێت ڕۆژنامەنووس ! ئەم دۆخە وایکردووە بە ھەزاران کەس، بێ ھەبوونی ھیچ پاشخانێکی زمانی و مەعریفی، بوێریی و خەسڵەتی کەسی و پیشەیی بێنە نێوەندەکە و بە داخەوە بە ئاسانیش بکرێنە بە ناو ڕۆژنامەنووس. بواری ڕۆژنامەنووسی بەر لەوەی ڕووبەری ڕووماڵکردنی ھەواڵ و ڕووداوەکان و شڕۆڤە و ڕاپۆرتە ھەواڵ و خستنە ڕووی کێشەکان بێت، ھەڵگری شوناسێکی کولتووریی و مەعریفییە، ئەمەش ئەوە لە کارەکتەرەکانی نێو ئەو بوارە دەخوازێت، کە لە ھەموو ڕووێکەوە توانایەکی گەورەی زمانەوانی و ڕۆشنبیرییەکی گشتییان ھەبێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتادا وەک ڕۆشنبیرێک و زمانزانێک دەربکەون، ئەوکات وەک ڕۆژنامەنووس، بەڵام لە ھەرێمی کوردستاندا، بە داخەوە بە پێچەوانەوەیە، ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو فەزا ئازاد و کراوەیە ھەیە کە بوونی ھەیە، بە جۆرێک ئازادی کە دەبێ بە یاسا ڕێکبخرێت، تێکەڵ بە گەڕە لاوژێیی و بەڕەلایی بووە، کە ئەمەش گەورەترین مەترسییە بە سەر ئازادی خۆیەوە. ھەڵبەتە وەک ناو، ڕەنگە ھەزاران بە ناو ڕۆژنامەنووس ھەبن، بەڵام ڕۆژنامەنووس کارەکتەرێکە، کە پێویستە ھەڵگڕی چەند تایبەتمەندییەک بێت ئەوانیش:
یەکەم:_ دەبێ زمانێکی پوخت و پاراوی ھەبێت و بە کەمترین وشە و دەربڕین، پەیامەکەی بگەیەنێت.
دووەم:_ دەبێ بوێر و ڕاشکاو، ھاوکات سەربەخۆ و بێ لایەن بێت و لە ژێر ھەر جۆرە سازشێک و مەراییکردنێکی ماددییانە و کەسییانە، ئەو شوناسە گرنگەی خۆی لە دەست نەدات، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین کە بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسان ھەر رۆِژە بۆ پارەی زیاتر لە کەناڵێکن ، بێ ئەوەی بە بیریان دابێت کە ئەم پەت پەتێنە، چ زیانێک بە ناوبانگ و کەسیەتی کۆمەڵایەتی و پیشەیان دەگەیەنێت.
سێیەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ ئینسکلۆپیدیایەک بێت لە ڕۆشنبیریی گشتی، بە تایبەتیش لە میانەی ڕاپۆرت و شڕۆڤەی ڕۆژنامەوانی و وردەکاریی گەیاندن لە سەر ھەر پرس و بابەتێکی سیاسی و نەتەوەیی و مێژوویی بێت.
چوارەم:_ دەبێ لە میانەی کارکردن، ڕەچاوی ھەموو ئەو ئیتیکانە بکات، کە جەوھەری کاری ڕۆژنامەنووسی پێکدەھێنن.
پێنجەم:_ دەبێ سەرکێشی و بزێوی، لە ھونەری مامەڵکردن لەگەڵ ڕووداوە نەخوازراوەکان شارەزابێت. ھیچ جوامێرییەک لەوە دانییە، ڕۆژنامەنووسێک کە ھیچ لە ھونەری شەڕ و بەرگریی نازانێت، بە پێش پێشمەرگەیەکی قارەمان بکەوێت و ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، چونکە ژیان لە پیشە مەزنتر و پێویستترە.
شەشەم :_ ڕۆژنامەنووس دەبێ کەسێک بێت، بە ئاسانی دەستبەرداری بەھا باڵاکانی مرۆیی و پیشەیی نەبێت و نابێ کەسێک بێت ڕووپامایی و سازش، پۆست و دەسکەوت، بەرژەوەندی تایبەتی لە پێشەوەی کارەکەی ببینێت. بەشێکی زۆری ڕۆژنامەنووسان، لافی ئەوە لێ ئەدەن کە ئەوان بۆیە لە دەزگایەک دەڕۆن دەچنە دەزگایەکی دیکە، چونکە مەبەستیان خزمەتکردنی زیاتری بوارەکەیە، بەڵام شۆخییەکە لەوەدایە، ھەر ئەوانە کاتێ لە دەزگاکەی خۆیان دەڕۆن، دەچنە ئەو کەناڵانەی زۆرترین مووچە و بودجەی بۆ کارمەندەکان تەرخان کردووە، تا ئەو ڕادەیەی مووچەی بێژەرێکی ئافرەت کە ھەموو سەرچاوەکەی تەنھا جوانیەکەیەتی و ڕەنگە نەزانێت ھاوەڵکارو ھاوڵناو چین بە دەیان گەڵابێت، کە ئەمەش ھەر خۆی لە خۆیدا، ناڕاستی گوتەکەی ئەوان دەردەخات، کە ئەمانە بە دوای بەرژەوەندی کەسییەوەن نەک خزمەتکردنی گشتی.
ھەفتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ زۆر بە وردی بواری کارکردنانەی خۆی پۆلێن بکات و لەو سنوورە دیاریکراوە کار بکات، کە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتن و توانست و ڕۆشنبیریی گشتی ئەو یەکدەگرێتەوە. بۆ نموونە: ڕۆژنامەنووسێک کە لە ھەموو ژیانیدا ڕۆمانێکی نەخوێندۆتەوە، نابێ دیمانەی ئەدەبی لەگەڵ ڕۆماننووسێک بکات کە شارەزایی لە بواری ئابووری و بۆرسەی دراو و بەرزیی و نزمی نرخ و بەھای دراوەکان نەبێت، نابێ لە سەر پرسی قەیرانی ئابووری و بازاڕی ئازاد و کایەی ئابووری دیمانە بکات. ئەمە لە نێو ئێمەدا بە پێچەوانەوەیە، ڕۆژنامەنووس ھەیە نازانێت دوو پرسیار لە بارەی ئەو بوارەی کە گوایا دیمانەی لە بارەوە دەکات بپرسێت و زانیاریی ھەبێت، کەچی دیمانەش دەکات. بێگومان ئەمەش دەرەنجامی تێکەڵکرنی ناپسپۆڕییانەی بوارەکەیە.
ھەشتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ دڵنیا بێت لەوەی دەیڵێت و ڕووماڵی دەکات، بە تایبەتیش لە پەخشی زیندیدا، کە بوارێکی بۆ مۆنتاژو بڕین و سڕینەوە تێدا نییە.
نۆیەم:_ ڕۆژنامەنووسی حزبی، کاتێ لە دەزگایەکی ئۆرگانیشدا کاردەکات، دەبێ ئەوەی لە بەرچاوبێت کە ئەو سەرەتا ڕۆژنامەنووسە دواتر حزبی، بۆیە دەبێت بە یەک مەودا لە نێوان ڕووداوەکان، ھەواڵ و کار و ڕووماڵەکان بووەستێت و نابێ ئایدیای سیاسییانەی خۆی تێکەڵ بە کاری پیشەییانەی بکات و ئیدی لە پەراوێزییەوە لایەنگیریی بکات، چونکە ئەمە بەھاو بڕوای ڕۆژنامەنووسەکە لە نێو خەڵک و میدیادا ناھیڵێت. دیارە مەبەستی ئێمە لێرەدا، ھەواڵ و ڕووماڵی دەرەوەی کاری حزبییانەیە. ھەڵبەتە ئەستەمە ئەو ھەموو تایبەتمەندییانە بەیەکەوە لە ڕۆژنامەنووسێکدا ھەبن، بەڵام گەر پیشەییانە بڕوانینە کارەکە، دەبێ ڕۆژنامەنووس خەسڵەتی زۆر لەوە زیاتریشی ھەبێت، کە ڕەنگە ئێمە پەیمان پێ نەبردبێت.











































































Discussion about this post