سەدیق سەعید ڕواندزی
ھیچ ژانرێکی ئەدەبی وەکو ڕۆمان، پێویستی بە وردەکاریی لە چنینی ڕوداوەکان و گێڕانەوە و وەسف نییە. بە جۆرێک کە ڕۆمان، بە ھونەری گێڕانەوە و وردەکارییەکان دەناسرێت. بە بڕوای من، ڕۆماننووس وەک ئەو ئەندازیارەیە، کە نەخشەی کارێکی ئەندازەیی ڕێک دادەڕێژێت و ئەگەر بچووکترین لایەنی ئەو نەخشە و ئەندازەسازییە لە بەرچاو نەگرێت، ئەوا ڕەنگە کارێکی ھونەری سەرکەوتوو، نەخشەیەکی ھونەرییانەی جوان دەرنەچێت. ڕۆمانیش بە ھەمان شێوە، ئەگەر ڕۆماننووس لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و وەسف و نیشاندان و ناساندنی کارەکتەرەکان، بەو شێوەیە ورد نەبێت، بێگومان دەکەوێتە ھەڵەی وەھا کە خۆشی درکی پێ ناکات. لە میانەی ئەزموونی خۆم وەک خوێنەرێک و لە پەراوێزی خوێنەوەی ڕۆمانەوە، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، کە زۆربەی ھەرە زۆری ڕۆماننووسەکانی ئێمە، لەو وردکارییە شارەزا نیین و دەکەونە ھەڵەوە. بە جۆرێک وەسفی شتێک دەکەن، کەچی لە درێژەی ئەو وەسفەدا، بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن، دەکەونە ھاودژییەوە.
ڕۆماننووسەکانی ئێمە، زۆر جار( وەسف) کە توخمێکی سەرەکی و بنەڕەتی ژانری چیڕۆک و ڕۆمانە، وەک پێکھاتەیەکی ھونەری و یەک وێنەیی دەبینن و ناچنە نێو ئەو وردەکارییەی کە دەبێ لە نێو ئەو وەسفەدا ھەبێت. بۆ نموونە: تۆ کە باسی وەرزی زستان دەکەیت، دەبێ ئەوەت لە خەیاڵ بێت، کە بەفر و باران و ڕەھێڵەش لە زستان ھەن. کە باسی ھەڵەی میکانیکی فڕۆکەیەک دەکەیت کە بە ئاسمانەوەیە و دەفڕێت، دەبێ باسی ئەوەش بکەیت، کە سەرنشینانی لە چ دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ و مەترسی ژیان دان لەو کاتەدا. ئەم جۆرە لە وەسفکردن زۆر گرنگە لە ژانری ڕۆمان و چیڕۆکدا. چونکە بە ھۆیەوە، گێڕانەوەی ڕووداوەکان مەودایەکی تر وەردەگرن و لە پەراوێزیشیەوە، خوێنەر وردتر دەچێتە نێو بینای ھونەری ڕۆمانەکەوە. ڕۆمانی لە ژووانی کۆڤیدەکاندا، چیڕۆکی ژیانی کەسێک بە ناوی ( ھیجران ) دەگێڕێتەوە، ھیجران دوای ئەوەی باوکی دەمرێت، بە تەنھا خۆی و ئینجانەی دایکی دەمێننەوە، بۆیە بژێوی ژیانی وەک کوڕی ماڵ، دەکەوێتە ئەستۆ و لای بەرگدرووێک کارێک دەدۆزێتەوە و دەبێتە بەردەستی و ژیان و گوزەرانێکی ئاسایی دەباتە سەر. دواتر کە دایکی دەمرێت ، وەک زۆربەی خەڵکی دیکە، کە ھەمیشە دەیانەوێت ببنە فەرمانبەر و ژیانی گوند و کستوکاڵ و ئاژەڵداریی جێبێڵن، ئەویش ھەوڵێکی زۆر دەدات لە فەرمانگەیەکی حکومەت بکرێتە فەرمانبەر، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و ئیدی نائومێدانە، بیر لە ھەندەران دەکاتەوە و لە ڕێگەی قاچاغەوە و بە ھۆی ئەو پارەیەی بە شاگردی دەستی کەوتووە، ھاوکات کاری دەستگێڕیش، ئیدی دەچێتە ئەستەنبۆڵ و لەوێش دەکەوێتە نێو تۆڕی قاچاغچییەکان و سەرەنجام لە ڕێگەی چوونی بۆ ئەوروپا، لە دەریای ئیجە دەگیرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە. بە سنووردارکردنەوەشی، جگە لەوەی ئەو سەرمایەی ھەیبووە لە دەست دەدات، ھاوکات دەکەوێتە دۆخێکی دەروونی ئاڵۆزەوە و بە ڕەشبینی و نائومێدی ژیان دەگوزەرێنێت و ئەو سەردەمەش، ڕۆژگاری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ئیدی خۆی کەرەنتینە دەکات.
ھیجران، خوشکێکی ھەیە بە ناوی قومری، بەڵام ئەو لەگەڵ دوو منداڵ و سەنگەری ھاوسەری، لە گوندێکی سەر سنوور دەژین و ژیانییان بە کشتوکاڵ کردن و باغدارییەوە دەبەنە سەر. ئەوان زۆر تکا دەکەن، کە ھیجران دوای بەر لە ڕۆیشتنی، بچێتە لای ئەوان و کۆچ نەکات بۆ ھەندەران، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی داوە. سەرەنجام ھیجران دوای گەڕانەوەی، بە ھۆی بوردومانی فرۆکەکانی دوژمنەوە لە سەر سنوور کە ماڵی خوشکەکەشی لە یەکێک لە گوندەکانی سەر سنوورە، ساکاری خوشکەزای دەمرێت و ماڵی خوشکەکەشی وێران دەبێت، بەڵام دواجار ھەموویان بڕیار دەدەن ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەنەوە و بەرەنگاری دوژمن ببنەوە، بەو جۆرەش کۆتایی بە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دێت. بێگومان یەکێک لە خەوشە دیارەکانی ئەو ئەو ڕۆمانە، ھاوشێوەی ھەموو ڕۆمانەکانی دیکەی کوردی، ئەو درێژدادڕیەیە، کە ڕۆماننووس بە مەبەستی درێژکردنەوەی ڕۆمانەکەی لە ڕووی لاپەڕەوە، پەنای وەبەر بردووە. ئەم درێژکردنەوەیەی ڕووداوەکان، زیانی گەورەی لە بینای ھونەری ڕۆمانەکە و گێرانەوە و کارەکتەر و ڕووداوەکان داوە، بە جۆرێک کە لە ڕووی بابەتی و ھونەرییەوە، ھەڵەی تێ بکەوێت. بۆ نموونە: کاتێ ھیجران لە تورکیا دیپۆرتی کوردستان دەکرێتەوە، تا شەش مانگ ھەواڵی قومری خوشکی و سەنگەری زاوای نازانێت، ئەمە لە کاتێکدا سەردەمەکە، سەردەمی مۆبایل و تۆڕی پەیوەندییەو لە ھەمووش دیارتر، دەزانێت ماڵی خوشکەکەی لە کوێیە. ئەمە نەگونجاوە. ئەگەر پاساوی ڕۆماننووس ئەوە بێت، کە مۆبایلەکەی پێشتر کەوتۆتە نێو دەریا و ژمارەکانی ون کردووە، دیسانەوە نەگونجاوترە، چونکە بڕوا ناکەم کەس ھەبێت ژمارەی خوشکەکەی نەزانێت، ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی ئەو شەش مانگەی کە دێتەوە کوردستان، قومری خوشکیشی ھیچ ھەواڵێکی ناپرسێت، کە ئەمەش دیسانەوە نەگونجاوە، بەو جۆرە ھیجران لە ڕێی فەرھادی ھاوڕێیەوە، سۆراغی ماڵی خوشکەکەی دەکات و دەچێتە سەر سنوور و کاتێ بە وانیش شاد دەبێتەوە، دەبینێت کە ساکاری خوشکەزای، کە تەمەنی ھەر چەند مانگێک بووە بە ھۆی بوردومانەکانەوە شەھید بووە. ئەم درێژدادڕیە، وایکردووە ڕۆمانەکە لە زۆر شوێن، بەرەو ڕاپۆرتێکی سیاسی بچێت و بینای ھونەری لە ڕۆمان نەچێت وەک لاپەڕەکانی ( ٢١٥ تاکو ٢٤٥ ) یاخود جۆرێک لە وێنەی کۆمیدی و کاریکاتێری وەربگرێت، کە ھیچ ھزر و لۆژیکێک لە ڕۆماندا وەریناگرێت. وەک ئەوەی لە لاپەڕە( ١٨٣ ) دا، باس لەوە دەکات کە وێنەی ساکاری مەلۆتکەیان، بە مۆنتاژو فۆتۆشۆپ، کردووە بە کۆمەڵێ چەکدار، کە لای ماڵی قومری بوونیان ھەبوو ە و پاساوی بۆرردومانەکەش ئەمەیە. ئەم وەسفە نا ھونەریی و نائستاتیکییانە، بە داخەوە دەرەنجامی درێژداڕی ڕۆمانەکەیە. ڕۆمانەکە، ناوی لە ژووانی کۆڤیدەکانە، بەو مانایەی دەبێ ڕەنگدانەوەی سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو ھەڵومەرجە کۆمەڵایەتییەی ژیانی مرۆڤەکان بێت، کەچی ڕۆماننووس نەیتوانیوە لە گێڕانەوە و گوزارشتکردن لەو ڕۆژگارە سەرکەوتوو بێت، چونکە کە ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، لە کەمترین شوێن و گێڕانەوەدا باسی کۆرۆنا و ئەم ڤایرۆسە دەکات. بێگومان ئێمە دەزانین مەبەستی لە کۆڤیدەکان ھەر تەنھا ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، بەڵکو مەبەستی نەیارانی کوردیشە وەک تورکیا و ئێران کە ھاوشێوەی ڤایرۆسێکن بۆ ئێمە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ڕۆماننووسێک پلوتی سەرەکی ڕۆمانەکەی لە بیر بکات و بە ڕووداو و گێرانەوەی لاوەکی سەر قاڵ بێت. لە ڕووی تیمەی ڕۆمانەکەشەوە، گەر سەرنج بدەین دەبینین ھیجرانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، وێرای ئەوەی دوو کار دەکات و بژێوی تا ڕادەیەک باشە، کەچی بیر لە چوونە دەرەوە دەکاتەوە و بۆ ئەمەش نەبوونی بە فەرمانبەر لە فەرمانگەیەکی حکومی دەکاتە پاساو. لێرەدا ڕۆماننووس بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات، ڕەوایەتی دەداتە کۆچکردن و ئەو تێگەیشتنە لە ڕێی ڕۆمانەکەی لای گەنجان دروست دەکات، کە ھەر کەسێک دانەمەزراو نەبووە فەرمانبەری حکومەت، با کۆچ بۆ دەرەوە بکات.
چەند ھەڵەیەک لە ڕۆمانەکە:_
لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەکان و درێژکردنەوەی پلوتی ڕۆمانەکە، ڕۆماننووس لە گەلێک شوێنی ڕۆمانەکەی کەوتۆتە ھەڵەوە وەک:_
* لا ١٠ نووسیویەتی:_( وەک دەرچوویەکی ئامادەیی) لێرەدا دیارە کە ھیجران دەرچووی ئاماەییە وەک قۆناغی خوێندن، کەچی لە لاپەڕەی دواتر دەنووسێت:_( ھیچ کارم بە کەسێک نییە، کارنامەی ئەکادیمی خۆم ھەیە) ئەمەش ھەڵەیە، چونکە ئەوی دەرچووی ئامادەیی بێت، کارنامەی ئەکادیمی نییە.
* لا ١١ نووسیویەتی:_( ئەژدیھای سێ سەرت بۆ لغاو بکا ) یەکەم کەس ناتوانێت ئەژدیھا کە ئەفسانەیە لغاو بکات، دووەم: ئەژدیھای ھەفت سەرە نەک سێ سەر.
* لا ١٧ نووسیویەتی:_( خانییەکی قیت و قۆز ) ئەگەر بەو وەسفە بێت، ئەو خانیانەی قیت نینە، نابێ جوان و ڕازاوە بن.
* لا ٤٤ نووسیویەتی:_( وەک نەریتێکی تازە باو) نازانم ئەگەر نەریت بووە، چۆن تازە باوە و بە پێچەوانەوەش !
* لا ٥٦ نووسیویەتی:_( ژیانی مێشەکی نەکوشتووە، مریشکێکی لە ئاو نەکردووە ) ئەوەی دەکوژرێت مێشەکەیە نەک ژیان، ھاوکات ئەوەشی کە لە ئاو ناکرێت مێروولەیە نەک مریشک ! ئەم جۆرە وەسفانە، لە وەسفی ڕۆماننووسێک ناچن، زەلیل و کانگەی بەڵای نووسیبێت، کە دوو لە دیارترن ڕۆمانی نێو مێژووی ڕۆمانی کوردین.
* لا ٧٦ نووسیویەتی:_( بۆ ماوەیەکی سنووردار ) لێرەدا، ڕۆماننووس سنوورداری بۆ کات بە کار ھێناوە، کە لە بنەڕەتدا بۆ شوێن بەکار دێت و بۆ زەمەن، کاتێکی دیاریکراو بەکار دێت.
* لا ١٣٧ نووسیویەتی:_( ئەو چوار دیوارە کەڕ و ڵاڵە )، دیواری کەڕ وڵاڵ لە کوێ بوو؟ چ پێویست دەکات بە وەسفێکی ناقووڵای لەو شێوەیە، لە کەسیەتی و دەروونی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بدەین؟ من کەو ڕستەیەم خوێندەوە، دەست بەجێ خوشکە کەڕوڵاڵەکەی خۆم کە تەمەنی چڵ ساڵە ھاتە بەرچاو. ئەو ئەگەرچی زمانی نییە و نابیستە، بەڵام بەقەد سەد کەس ژیر و شارەزا و بە مێشکە، یادەوەرییەکی ھێندە دەوڵەمەندو زیندووی ھەیە، کە لەتەمەنی شەش ساڵییەوە شتی بیر ماوە. من ھیچ کێشەیەکی تێگەیشتنم لەگەڵی نییە، چیم بوێت و چی بوێت، بە زمانی ئاماژە لە یەکتری دەگەیەنین.
* لا ١٣٨ نووسیویەتی:_( لە ئەزەل و ئەبەدەوە خوێنمان پڕە لە ڤایرۆسی کۆڤیدەکانەوە) من نازانم ڤایرۆسێک کە سێ ساڵ لە مەو بەر لە جیھاندا دۆزرایەوە، ئەزەل و ئەبەدی لە کوێ بوو؟ گەر مەبەستیشی لە دوژمنانی کورد بێت، ئیدی ناکرێت بە کۆرۆنا بیانچوێنێت لە ڕووی مێژووییەوە، چونکە پەتای مێژوویی تر، ھەزاران ساڵ بەر لە کۆرۆنا بوونی ھەبووە.
* لا ١٥٩ نووسیویەتی:_( جارەھای جار کەسانی دەست و زمانپاک لە جیاتی گوناحبارانەوە بوونەتە دۆزەخنشینی دنیا و قیامەتەوە ) ئەگەر بە پێی ئەو بۆچوونەی نووسەر بێت، ئەوا دەبێ بەس دۆزەخ ھەبێت بەھەشت نا، چونکە کەسانی بە زمان و پاکیش لە قیامەتدا ھەر دەبنە دۆزەخنشین، ئیدی بەھەشتمان بۆ چییە؟ ڕۆماننووس بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات، لەو گوزارشتکردنە کەوتۆتە ھەڵەوە !
* لا ١٨٨ نووسیویەتی:_( ڕەشماڵێکی ڕەشکۆڵە) ڕەشماڵ خۆی ڕەشە، ڕەشکۆڵەی ناوێت !
* لا ٢٢٤ نووسیویەتی:_ ( بۆچوونەکانی خۆم ھەموار دەکەمەوە ) نازانم بۆچوون چۆن ھەموار دەکرێتەوە؟!
زمان:_
یەکێک لە دیارترین ھەڵەکانی زمان و ڕێنووس لە ڕۆمانەکەدا، کە بەدرێژایی ڕۆمانەکە دووبارە دەبێتەوە ئەوەیە، کە ڕۆماننووس جیاوازی لە نێوان ( و ) وەک ئامرازی لێکدەرو( و )ی بونیادی وشە نەکردووە، بە جۆرێک ( و) لێکدراوی نێوان دوو وشە و ڕستە، بۆتە بەشێک لە وشەکان، کە ئەمەش لە ڕووی ڕێزمانییەوە ھەڵەیەکی زەق و جێگەی سەرنجە بۆ ڕۆماننووسێک، کە تەمەنێکی لەگەڵ ڕۆمان بردۆتە سەر. ئەم شێوازە لە نووسین، وایکردووە زمانی ڕۆمانەکە زۆرنامۆ و نا ڕێزمانی بێت، کە پێ ناچێت ھەمووی ھەر ھەڵەی چاپ بێت . بۆ نموونە با سەرنج لەم وشانە بدەین:_( دڵۆپدلۆَپ، خولیدەخواردەوە، گلیو گازاندە، کەسنەناسو بێداکوباب، ئاسایو، گەنیو، بەختەوەریو، بۆیدەرکەوت، تووڕەییو، بێگوناحو، حیزبو، لە یەکترنزیکدەکەوتینەوە ، کەسو، پووشوپەڵاشو، فرمێسکڕشتنو، شارەزاییو، ماڵو سامان ) ئەمانەو سەدان وشەی تر، کە لە ڕووی ڕێزمانییەوە بە ھەڵە نووسراون و زمانی ڕۆمانەکەیان تێکداوە. دواجار دەڵێم ژووانی کۆڤیدەکان، بە داخەوە لە نووسینی ئەزموونی ڕۆماننووسێک ناچێت، کە تەمەنێکی لەگەڵ ڕۆمان بردۆتە سەروو ئەو ڕۆمانە، لە ڕووی نووسینەوە، سەد فرسەخ لە دواوەی ڕۆمانی کانگەی بەڵا و زەلیلن، کە ئێستاش لە چێژ و جوانی خۆیان نەکەوتوون.
* پەراوێز: لە ژووانی کۆڤیدەکاندا، ڕۆمان، نووسینی: حسام بەرزنجی ، ساڵی چاپ ٢٠٢٠_
*ئەم بابەتە لە ھزرو ھونەری ڕۆژنامەی خەبات بڵاوکراوەتەوە.









































































Discussion about this post