سەدیق سەعید ڕواندزی
یاسایەکی ئابووری ھەیە، پەیوەندی بە خستنەڕوو ، داواکارییەوە ھەیە و ھەر کاتێک کاڵایەک لە بازاڕدا زۆربوو، بەھای دێتە خوار تا ئەو ئاستەی ھیچ نرخێکی نامێنێت ، گەر لە ڕووی کواڵیتی و پێکھاتەشەوە جیاواز بن لە یەکتری، بەڵام چونکە خستنە ڕووی زۆرە ھەر ناتوانرێت بەھای بەرزبێتەوە. لەو سۆنگەیەوە، لەگەڵ زۆربۆنی زانکۆکان لە ھەرێمی کوردستان، کە دەرەنجامی ململانێی سیاسی ھەردووحزب و زۆنی حزبی بوو، نەک پێویستییەکی زانستی و پیشەیی و مەعریفی وای لێ ھات لە ھەر قەزایەک زانکۆیەک کرایەوە، ئیدی لە دەرەنجامی ئەم دۆخەوە، واقیعێک ھاتە ئارا کە کوردستان پڕ بوو لە ھەزاران ئەوکەسانەی بە کۆلاژکردنی نووسین، بەکارھێنانی سەدان سەرچاوە، وەرگرتنی تایبەتەوە، بوونە خاوەن ماستەر و دکتۆرا کە ئێستا نزیک بەوەیە ھەموو کەس ھەڵگڕی ئەو بڕوانامانە بێت، بێ ئەوەی لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە زانیارییەکی قووڵ و ئەوتۆی لە پسپۆڕیەکەدا ھەبێت. ھەیانە نەگەیشتۆتە سی ساڵە کەچی دکتۆرای لە یاسا، ئەدەب، زمان، ماف و مێژوو، جوگرافیا ھێناوە ! لە کاتێکدا لە زانستی سایکۆلۆژیدا، مرۆڤ لە سەرووی سی ساڵییەوە ئەو کات توانستی ھزریی و کەسی و کۆمەڵایەتی پێ دەگات. ھەیە، ھەر لە بیستەکانی تەمەنییەتی، کەچی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە، ئەم دەرکەوتانە نیشانەی پێشکەوتنی زانستییانەی خوێندن بە گشتی و خوێندی باڵا نین، بەڵکو ئاماژەن بۆ نەمانی ھیچ جۆرە سنوور و پسپۆڕایەتی و تێگەیشتنی زانستییانە لە نێوان کەسەکاندا، بۆیە دەبینین وێرای ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا نزیک بە دوو ملیۆن قوتابی ھەیە، بە ھەزاران ماستەرو دکتۆرا لە پسپۆڕییە جیاوازەکان ھەن، کەچی ئەوە ئاستی پێشکەوتنی ھزری کۆمەڵگەی ئێمە و توانستی ھوشیاریی تاکەکانە کە دەیبینین ! لەو ڕۆژانەدا، ھەواڵی تاوتوێکردنی نامەیەکی ماستەری کەسێکم بینی، کە تیایدا لیژنەی تاوتوێکردن و ھەڵسەنگاندنی لە چەند ئەندامێک پێکھاتبوو. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، لە میانەی ناساندن و دەرخستنی ناونیشانی زانستی و پیشەیی لیژنەی سەرپارشتیاری نامەکە ئەوەبوو، لە بەرانبەر ناوی یەکێکیان نووسرابوو : ( ناوی زانکۆ: خانەنشین) . بە ڕاستی سەیرم پێ ھات ! ئاخر نازانم زانکۆ چۆن خانەنشین دەبێت؟ ئایا ئەویش لە شەست و سێ ساڵیدا خانەنیش دەبێت؟ دەبێ مووچەکەی چەند بێت؟ چەند ساڵ خزمەتی کردبێت؟ بە ڕاستی ئەم جۆرە ناساندنە، نیشانەی ھەژارییە لە زمان ونووسین و دەربڕین، دەنا ئەوەی خانەنشین دەبێت مامۆستای زانکۆیە نەک زانکۆ ! ئەوانەی تایتلی ئەو تاوتوێکردنەیان داناوە، وایان زانیوە جیاوازی لە نێوان مامۆستای (خانەنشینی زانکۆ) لەگەڵ (زانکۆی خانەشین) نییە! چی تێدایە، حەسەن کەچەڵ بێت، یان کەچەڵ حەسەن !
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە (١٤٧٩) لە ١٣/١/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەزە.


































































سەدیق سەعید ڕواندزی









Discussion about this post