سەدیق سەعید ڕواندزی
سەرەتای چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، بە پیت دەست پێ دەکەن وەک (ن ) و (ئەلف لام میم ) و گەلێکی دیکەش. تا ئێستاش زانایانی قورئانناسی و شڕۆڤەکارانی قورئان نەیانتوانیوە مانای ئەو پیتانە لە ڕووی واتاییەوە شڕۆڤە بکەن، بەڵکو تەنھا خودا خۆی دەزانێت مەبەست لێی چییە . کەواتا پیت بە تەنھا، مانایەکی دیاریکراوی نییە، کە مەبەستمان لێرەدا پیتەکانی نێو زمانە جیاواز لەوەی لە قورئانی پیرۆز باس دەکرێت. پیت بچووکترین یەکەی پێکھێنەری وشەیە، لە ڕووی نووسینەوە نەک دەنگەوە. واتا وشە لە چەند پیتێک و ڕستەش لە چەند وشەیەک پێکھاتووە. لەو ڕوانگەیەوە ئەلفبێ، وشەیەکی لێکدراو نییە وەک ئەوەی کەسانێک لە بێ ئاگایانەوە لە زمان لێکدانەوەی بۆ دەکەن، چونکە وشەی لێکدراو، لە دوو وشەی جیا پێکدێت و بە ھەڵوەشانەوەیان لە مانا ناکەون، پێچەوانەی وشەی دارێژڕاو. کەواتا ئەلفبێ کە لە دووپیت پێکھاتووە، بە ھیچ شێوەیەک وشەیەکی لێکدراو نییە، چونکە ئەلفبێ بە تەنھا ھیچ مانایەکی نییە و ئەوەی لە بنەڕەتدا ھەیە (ئەلف ) و (بێ) یە کە مەبەست لێی پیتەکانی ئەلف و بێن بە جیا، کە ھێمان بۆ بنەماکانی سەرەتای فێربوون و زانینی خوێنەوە و نووسین. ئەم دوو پیتە، بە یاریدەی ئامرازی (و) ی لێکدەر بە یەکەوە دەبەسترێنەوە و دەبنە ئەلف و بێ . گەر سەرنج لە چاپی یەکەمی کتێبەکەی مامۆستا باڵدار بدەین، دەبینین ئەلف و بێ نووسراوە، کە چی چەند ساڵێک دواتر، وەزارەتی پەروەردە پێی وابوو ئەمە ھەڵەیە و ئەوان لە باڵدار شارەزاترن، بۆیە کردیانە (ئەلفبێی نوێ) و بە داخەوە پاشانیش کتێبەکەیان کە کتێبێکی فێرکاریی و پەروەردەیی یەکجار گرنگ بوو، بەتەواوەتی لابرد و لە شوێنی ئەو ، خوێنەوەی کوردییان بۆ دوو وەرز دانا، کە چەندین ھەڵەی تێدایە و ئێمە خۆمان وەک مامۆستایەک زۆرتر لە جارێک لە سەرمان نووسیوە. بە گەواھی ھەموو ئەو مامۆستایانەی وانەی ئەلف و بێیان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی پێشوو، لە ماوەی چەندین ساڵ گوتۆتەوە، ئەلف و بێکەی باڵدار، بۆ کرداری فێربوونی خوێندکارانی پۆلی یەک، گونجاوتر و پەروەردەییتر و ئاسانتر بوو لەوەی ئێستا دەخوێنرێت ، کە چەندین نەوە ، سەرەتاکانی فێربوونیان لەو ئەلف و بێیەوە دەست پێ کرد و دواتر بوونە پسپۆڕ و داھێنەر و لێھاتوو، کە خزمەتی گەورەیان بە پیشەکانیان بە کۆمەڵگەی کوردی کرد. بۆیە ئەوەی ھەیە ئەلف و بێیە نەک ئەلف بی، ئەگەر لە زمانانی دیکەش ئەلفبێ بنووسرێت، ئەوا ڕەنگە پەیوەندی بە نەبوونی ئامرازەکانی بەستەنەوە و پەیوەندییەوە ھەبێت، کە زمانی کوردی لەم ڕووەوە زمانێکی دەوڵەمەندە و کێشەی نییە.
• ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ( ٩٥٠١) لە ١٨/٩/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.








































































Discussion about this post