کامەران حاجی ئەلیاس
ئەگەر ئاوڕێک لە رابردووی کلتوری ھونەری وئەدەبی و رۆشنبیری خۆمان بدەیینەوە گومانی تێدانییە ،کەخاوەنی چەندین چالاکی و ئەدەبی وھونەرین ،خاوەن ئەرشیفێکی دەوڵەمەندین دەتوانین ھەمیشەشانازی بەرابردووی خۆمانەوە بکەین ..بەڵام یەکێک لەو گرفتانە کە رووبەرمان دەبێتەوە بریتییە لەوەی، لە کاتی ئەنجام دانی ھەر چالاکییەک نەبوونی دەزگایەک یان فەرمانگایەکی فەرمییە کە پەیوەست بێت بە تۆمار کردن بە دۆکیۆمێنتکردنی و کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو چالاکیانەی کە ئەنجام دراون وە ئەوەی ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی وەکو بەڵگە لە داھاتوو ئاماژە پێبدرێت لە ھەمان کات دا لە ناچوون بپارێزدرێن ،ببێتە سەرچاوە بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێک بۆ تۆمارکردنی مێژوویەکی راست و دورست چونکە وەکو ئاشکرایە دورستکردنی مێژوویەکی راست و دورست و بێ گوماناوی لەرێگەی بەڵگەو دۆکیۆمێنت و شوێنەوار دەبێت لەبەر ئەوە وڵاتان گرنگی زۆریان بە ئەرشیفکردن داوە ھەر لەرێگەی بەڵگەشەوە دەبنە خاوەن شارستانییەتی تایبەت بەخۆیانەوە پارێزگاری لە مێژووی خۆیان دەکەن.
ئێمە لە کوردستان بەداخەوە ھیچ دەزگایەکی ئەوتۆمان نییە بۆ تۆمارکردنی سەرجەم چالاکییەکان راستە لێرەو لەوەێ چ لە ئاستی کەسی بێت یان رێکخراو یان کۆمەڵە بێت ھەوڵدراوە بەڵام ئەمەنە کارێکی فەرمی و گشتگیر نین تەنیا بوارێک لە خۆ دەگرن وەکو دەزگایەکی فەرمی نین ھەموو لایەنێکی ئەدەبی و ھونەری وگشتی لە خۆبگرێت بۆئەوەی لە ھەرکاتێک کەسێک یاخود لایەنێک پێویستی پێبێت راستەوخۆ پەیوەندی بەو دەزگایەوە بکات و سوودی لێوەرگرێت ،کە بەداخەوە ئەوەش کەلێنێکی گەورەیە لە ئەنجام دا دەبێتە ھۆکاری لە ناوچوون یان تۆمارنەکردنی چالاکییەکان بەشێوەکی راست دورست .
کتێبی(ئافرەت لە شانۆی کوردیید) لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەری دیاری کورد (مەغدید حاجی) لەساڵی ١٩٨٩ چاپی یەکەمی بڵاوکرایەوە.. بەھۆی ئەوەی کتێبەکە زۆر گرنگ بوو لە ھەمان کاتیشدا لەکتێبخانەکانی کوردستان نەمابوو، لە ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر ئەرکی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێیەتی لە ھەولێر بۆجاری دووەم چاپ و بڵاوکرایەوە ..لەوانەیەپێش چاپ کردنی ئەم کتێبە لەسەر رۆڵی ئافرەت لە شانۆی کوردیدا لە رۆژنامەو گۆڤارەکان وەکو وتار لێرەو لەوێ نووسرابێت بەڵام وەکو کتێب بەو تێروتەسلە لە چوارچێوەی کتێب نەنووسراوە بۆیە کتێبی (ئافرەت لە شانۆی کوردیدا) یەکێکە لەو کتێبانەی کە بۆتە ئەرشیفێکی دەوڵەمەند بۆ شانۆی کوردی بەجۆرێک بۆتە سەرچاوە بۆ چەندین تێزی نامەی ماستەر و دکتۆرا..کارێکە دەبوایە لەلایەن دەزگایەکی گەورەی حکومەتەوە جێبەجێ کرابا و بودجەیەکی شایستەی بۆ تەرخان کرابا نووسەر زیاتر لە چوار ساڵ خەریکی ئەم کتێبە بووە ھیلاکی و ماندووبوونی زۆری کردووە لەسەر ئەرکی خۆی چاپی یەکەمی لە شاری بەغدا چاپ کردووە…نووسەر بۆ ئامادەکردنی کتێبەکە سەردانی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی کردووە چەندین دیدار و ھەڤپەیڤینی لەگەڵ چەندین ھونەرمەند ئەنجام داوە بۆئەوەی بەشێوەیەکی راست و دورست کتێبەکە بخاتە بەردەم خوێنەران نووسەر بۆ راست و دورستی مێژوەکان زۆربەی دیدارەکانی لەرێگەی ریکۆدەر یان بەشێوەی نووسین دیدارەکانی ئەنجامی داون تائێستا وەکو بەڵگە لەلای خۆی پارستوویەتی.. تۆ بیر بکەوە لە ساڵانی ھەشتایەکانی سەدەی رابردوو ئەوھەموو کارە لەسەر خەرجی خۆت ئەنجام بدەیت دەبێ چ ئەرکێکی زەحەمەت بووبێت چونکە ھۆکارەکانی پەیوەندی کردن وەکو ئێستا ئاسان نەبووە بۆیە ئەم کتێبە بەئاسانی لەدایک نەبووە .
ئەگەر رامانێک بە ناوەڕۆکی کتێبەکەشدا بکەین سەرەتا مامۆستا (ئەحمەد سالار) پێداچوونەوەو پێشەکی بۆکتێبەکە نووسیوە ..راستە ناونیشانی کتێبەکە لە ژێر ناوی (ئافرەت لە شانۆی کوردیدا) یە پشکی شێر بە رۆڵی ئافرەت لە شانۆی کوردی بەرکەوتووە بەڵام ھەر لە نێو کتێبەکەدا نووسەر باسی بزووتنەوەو مێژووی شانۆی کوردی ناوی سەرجەم ئەو ئافرەتانەی تۆمارکردووە کە وەکو ئەکتەر رۆڵیان بینیوە لە سەرتەختەی شانۆ و دراماکان دا لە ھەمان کات ئاماژەی بەناوەی ئەو پیاوانەی داوە کە رۆڵی ئافرەتیان بینیووە ئەمەش سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ھونەرمەندان و نووسەران.. نووسەر ئاوڕێک لە مێژووی شانۆی کوردی دەداتەوە باس لە یەکەم دەقی شانۆی کوردی دەکات بە ناوی (مەمی ئالان) کە لە ساڵی ١٩١٩ لەلایەن نووسەری دیاری کورد (عەبدولرەحیم رەحمی ھەکاری) نووسراو لە ھەمان کاتدا باس ناوەرۆکی شانۆگەرییەکە دەکات نووسەر مەغدید حاجی دەڵێت”ئەم شانۆگەرییە(مەمی ئالان) بەھیچ شێوەیەک باسی ئەوینداری (مەم و زین) ناکات بەڵکو چەمکی شانۆگەریەکە باس لە رۆحی ھاوکاری نەتەوەی کورد دەکات بەتایبەتی وەکو گەلێکی موسڵمان ھاوکاری گەلی فەڵستین دەکات لە پێناوی رزگار کردنی شاری قودس ھەروەھا باس لە رۆڵی ئافرەت دەکات لەوسەردەمەدا”.
ئەوەی زانراوە شانۆگەری (مەمی ئالان)ی عەبدولرەحیم رەحمی ھەکاری چیرۆکی شانۆگەرییەکە باس لە ساتی رۆیشتنی مەمی کوردان بۆ غەزای رزگارکردنی قودس دەکات. کاتێک (مەم) خۆی ئامادە دەکات بچێت بۆ شەڕ، چاوڕەشی دایکی و غەزالی ژنی بە تەنیا جێدێڵێت، دوای چەندین ساڵ، وەک قارەمانێک لە غەزا دەگەڕێتەوە و دەچێتە لای ژنەکەی، سەرەتا ژنەکەی نایناسێتەوە. دواتر کە خۆی ئاشکرا دەکات، دەیناسێتەوە و ھەردووکیان لێک دەئاڵێن و باوەش بە یەکتردا دەکەن.
نووسەر کتێبەکەی بۆ چوار بەش داش کردووە لە بەشی یەکەم باس لە ئافرەت لە دەقی شانۆی کوردی دەکات وباس لە نووسەرەکان دەکات کە چۆن وەکو بابەت مامەڵەیان لەگەڵ ئافرەت کردووە لەنێو دەقە شانۆییەکانیدا.
لە بەشی دووەم باس لەو ھونەرمەندانە پیاوانە دەکات کە وەکو پیاو رۆڵی ئافرەتیان بینیووە ھەر لەسەرەتایی چلەکان و پەنجاکان تا حەفتاییەکانی سەدەی رابردووە باس لەچۆنییەتی پرکردنەوەی ئەو کەلێنە دەکات لە نێوە شانۆی کوریدابوونی ھەبوو ئاماژەی بە ناوەکانیان دەکات.
لە بەشی سێییەمدا مەغدید حاجی باس لەو ئافرەتانە دەکات کە رۆڵیان بینیووە لەسەر تەختەی شانۆ و لە نێو درامای کوریییدا ھەرلەو بەشدا نووسەر باس لە دامەزراندنی تیپەشانۆییەکان دەکات بە تایبەتی لە دوای شۆرشی١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ بەجۆرێک باس لەم تیپە ھونەریانە دەکات کە کاریگەری ئەرێنیان ھەبووە لە پێشڤەچوونی رەوتی شانۆ بەگشتی بەشداریکردنی ئافرەتان زیاتر بوو.
لەبەشی چوارەم نووسەر مەغدید حاجی ئاماژەی بە ناوی زیاتر لە ٤٠٢ لەو خانمانەی داوە کە وەکو ئەکتەر رۆڵیان بینیوە لەسەر تەختەی شانۆ و لە نێو درامای کورییدا ھەریەکەو بەپێی قۆناغ و بەپێی شارەکەی خۆی ناویان لە نێو کتێبەکەدا نووسراون چەندین دیداری لەگەڵ بەشێک لە ئەو ئافرەتانە ئەنجام داوە کە رۆڵیان بینیوە لەسەر تەختەی شانۆ وە لە نێو درامادا.
لە کۆتاییش نووسەر چەندین وێنەی شانۆیی وەکو بەڵگە بڵاوکردۆتەوە ھەندێک لە وێنەکان ئەو ھونەرمەند پیاوانە لە خۆ دەگرێت کە رۆڵی ئافرەتیان بینیوە ھەندێکی تریش وێنەی ئەو ئافرەتانن کە لەشانۆگەرییەکان وەکو ئەکتەر بەشداربوون.
ھەرچەندە ناوی کتێبەکە بەناوی (ئافرەت لە شانۆی کوردیدا)-یە بەڵام ناوەرۆکەکەی تەنیا ئاماژە بەناوی ئەو ئافرەتە ھونەرمەندانە دراوە کە لە کوردستانی باشوور بەشداری لە شانۆ درامایان دا کردووە بەھیچ شێوەیەک ئاماژە بە ئافرەتانی پارچەکانی تری کوردستان نەدراوە ،ئەگەرچی من دڵینام ئەمە کارێکی زۆر زەحمەتە ھەروەکو لە سەرەتا ئاماژەمان پێدا دەبێت ئەم کارە لەلایەن دەزگایەکی فەرمی حکومی بکرێت لە ھەمان کات ساڵانی ھەشتاکانیش ئەستەم بوو ئاماژە یان پەیوەندی بەپارچەکانی تری کوردستان بدەیت ، بەڵام دەکرا لە ناونیشانەکەی نووسرابا (ئافرەت لە شانۆی کوریدا لە باشووری کوردستان یان لە کوردستانی عێراق دا)
لە کۆتاییدا دەست خۆشی لە برای ئازیزم مامۆستا مەغدید حاجی دەکەم بەوەی کارێکی زۆر باشی کردووە ،لە ھەمان کاتیشدا بەباشی دەزانم لایەنەکانی پەیوەندار بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێورەسمێکی شایستەی رێزلێنان بۆ نووسەر (مەغدید حاجی) سازبکات دووبارە دەستی خۆشی لێدەکەم.
































































کامەران حاجی ئەلیاس







Discussion about this post