سەدیق سەعید ڕواندزی
کارەکتەر، بە یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی بینای ھونەری دەقی ڕۆماندا دادەنرێت. کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت لە وازیکردنی ڕووداوەکاندا. کارەکتەر چ وەک گێڕەڕەوی ڕووداوەکان، واتە لە یەک کاتدا ھەم پاڵەوانی ڕووداوەکان و ھەمیش گێڕەڕەوەی ڕووداوەکان وەک کەسی یەکەمی تاک، یاخود تەنھا بە ڕۆڵبینینی بێت لە ڕووداوەکان و بگێڕەوە نووسەر بێت، لە ھەردوو کاتدا بایەخی خۆی ھەیە. ھیچ دەقێکی چیڕۆک و ڕۆمان نییە، کەسایەتی وەک ڕەگەزێکی دەق، یەکێک لە پێکھێنەرە سەرەکییەکانی نەبێت. کارەکتەرەکانی ڕۆمان، وەک مرۆڤی نێو واقیعی کۆمەڵایەتییانەی ژیان، دەبێ ھەڵگڕی چەندین خەسڵەتی کۆمەڵایەتی بن و پێگە و ئاستی ھوشیاریی و شوناسی پیشەیی و کۆمەڵایەتییان لەگەڵ ئەو ڕۆڵە بگونجێت کە لە میانەی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمان وازی دەکەن. بێگومان ئەمەش بەوە دەکرێت کە دەبێ کارەکتەرەکان سەربەستییەکی تەواویان لە وازیکردنی ڕۆڵەکانیان ھەبێت و نابێ دەنگی ڕۆماننووس لە دەرەوەی ڕۆمانەکە بە ئەندازەیەک زاڵ بێت و دەربکەوێت، کە بوونی کارەکتەرەکانی ڕۆمان و ڕوئیا و تێگەیشتن و ڕەفتار و جوڵانەویان ون بکات. ئەمە ھەڵەیەکی گەورە و زەقە و بەردەوام بەشێکی زۆری ئەوانەی ڕۆمان دەنووسن بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن تێی دەکەون. لە ڕۆمانی (حەسەن سوورمەدا) بیست و سێ کارەکتەری جیاواز ھەیە. ھەڵبەتە بوونی بیست و سێ کارەکتەری جیاواز، واتا بوونی بیست و سێ مرۆڤی جیاواز لە ڕووی سایکۆلۆژی، ھزری، پیشەیی، ھوشیاریی و ئاستی تێگەیشتن و پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان، کەچی کۆی ئەو ھەموو کارەکتەرانە، بە یەک زمان دەپەیڤن، بە یەک ھزر بیر دەکەنەوە، بە یەک ڕیتم ڕووداوەکان دەگێڕنەوە، کە ئەمیش دەنگی نووسەری دەقەکەیە، لە دەرەوەی پانتایی ڕۆمانەکە. ڕۆماننووس نەک نەیتوانیوە ھاوگونجاندن لە نێوان ئەو ھەموو کارەکتەرانە، لە بوون و شوناسیاندا دروست بکات، بەڵکو کەوتۆتە ھەڵەی زەقیشەوە. لەو ڕۆمانەدا، کارەکتەرێک ھەیە بە ناوی (کەمال) ئەو مرۆڤە، نەخۆشی دەروونی ھەیە و شێتە، چەندین پزییشکیان پێ کردووە، کەچی چارەسەر نەبووە، لە ئەشکەوتەکان دەژیت، کەچی ئەم کارەکتەرەکە، وەک ئاقڵێک گفتوگۆ لەگەڵ حەسەن سوورمە دەکات ! ڕۆماننووس لە وەسفی کەمال دا دەڵێت:_( کەمال وێنەی دەزگیرانەکەی وەک ھەویە کەپس کردبوو، لە گیرفانی دابوو، ئەو لە وەسفی خۆشەویستەکەیدا دەڵێت ھەموو شەوێک دێت بۆ لام، دەستە نەرمەکانی بە ڕوومەتم دادێنێ ، بە پەنجەکانی پرچی ئاڵۆزم شانە دەکا) ئایا ئەمە لە زمانی کەسێکی شێت دەچێت؟ یان کەسێکی ئاشق و ڕۆمانسی و ژیر؟ مەگەر مرۆڤێک ھزری ئەوەی ھەبێت، ناسنامەیەک بە کەپسکراوی بخاتە گیرفانییەوە، دەشێ پێی بگوترێت شێت؟ لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی نەخۆشی دەروونیان ھەیە، بە گشتی کەسانی گۆشەگیر، نامۆ و داڕووخاون، حەوسەڵەی ھیچ پەیوەندی و گفتگۆ و ژیانیان نییە، کەچی کەمال کە گوایا شێتە، وەک ئاقڵێک ڕەفتار دەکات، کە ئەمەش نیشانەی نەشارەزایی نووسەری ڕۆمانەکە، لە بونیادی کەسیەتی کارەکتەر لە ڕۆماندا دەردەخات. مووسا، کوری حەسەن سوورمە و بەس چۆلەکەیە. مووسا، بە پیشە کاسبە و دوکانێکی ھەیە و لەو ڕێگەیەوە گوزەرانی خۆی دابین دەکات، مووسا، عاشقی سوورەییای ژنی جەرجیسی سیخوڕ دەبێت و دەستی لەگەڵ تێکەڵاو دەکات، ئەم کارەکتەرەش، کە شوناسی کۆمەڵایەتی و پیشەیی دیارە لە ڕۆمانەکە، کەچی وەک ھزرمەندێک دەدوێت، تەنانەت لە ھەندێک شوێن، بە ھۆی ئەو نەگونجاوییە لە ڕۆڵی کارەکتەرەکان، دژ واتایی گەورە دروست بووە ،بۆ نموونە: کاتێ سۆفی عەولای ئامۆزای حەسەن سوورمە، دەیەوێت زارای خوشکی مووسا بۆ مووسا بە ژن بدات، مووسا دەڵێت:_( ئاخر خۆمن ئێستا نازانم پرۆسەی ژن ھێنان و مێردکردن چییە ؟ ل ٦٤) ئەگەر کەسێک بزانێت پرۆسە وەکو وشەیەکی ھزری و سیاسی چییە، تۆ بڵێی بای ئەوە شارەزایی نەبێت، نەزانێت ھاوسەرگیری چییە؟ ئەگەر کەسێک ئەو چەمکانە، لە میانەی بیرکردنەوە و تێڕامان و گفتووگۆدا بە کار بێنێت، ئاخۆ مانای وانییە ھوشیاریەکی سیاسی ھەیە؟ بەس چۆلەکە، کە دایکی مووسا و ژنی حەسەن سوورمەیە، ھەڵگڕی نازناوی چۆلەکەیە، کەچی بە درێژایی ڕۆمانەکە، ئێمە وەسف و وێنەیەکی ئەو ژنە نابینین، بۆچی بە چۆلەکە ناودەبرێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە بچووکە؟ جەرجیس، کە مێردی سوورەیایە، پیاوێکی خۆفرۆش و سیخوڕە و دەستی لەگەڵ دوژمن ھەیە، کەچی بە درێژایی ڕۆمانەکە، کارێکی سیخوڕی لێ نابینین، بەدڕەوەشتییەکی لێ نابینین ! سەیر لەوە دایە، سوورەیا کە ژنی جەرجیسە و خیانەت لە مێردەکەی دەکات و دەست لەگەڵ مووسا تێکەڵ دەکات، کەچی بە بە ھاوسەرەکەی دەڵێت پیاوێکی بەدڕەوشتە و ھەر لە دوو کاری خراپە، ئایا کەسێک خۆی خیانەت لە مێردەکەی بکات، مافی ئەوەی ھەیە ڕەخنەی بکات؟ ڕۆمانەکە، گەرچی بە ناوی حەسەن سوورمەیە، واتا ناونیشانەکە لە ڕووی ڕووداوەوە پەیوەندی بە کارەکتەرەوە ھەیە، کەچی لە ڕۆمانەکەدا کەمترین ڕووداو پەیوەندی بە حەسەن سوورمەوە ھەیە، وێرای ئەو ھەموو کارەکتەر و ڕووداوانە کەچی ڕووداوی ڕۆمانەکە لە کۆتاییدا، دەبێتە باسی سورەیاو مووسا, ئیدی ھەموو کارەکتەر و ڕووداوەکانی دیکە لە پەراوێز دەمێننەوە و نازانین ئەو ھەموو باس و کارەکتەرانە چییە نووسەر ئاخنیویەتییە ڕۆمانەکەی؟ کە نەوەسف، نە ڕۆڵ، نە ھیچ پێگەیەکیان لە نێو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە نییە؟! بۆ نموونە : حەسەن سوورمە، کوڕێکی بزر بووە، کەچی ھیچ باگراوەندێکی مێژوویی و بیۆگرافی لە ڕۆمانەکە نییە. کەمال کە نەخۆشی دەروونی ھەیە، تەنھا لە دیمەنێک دەردەکەوێت، بەسێ چۆلەکە، نازانین بۆچی ئەم ناوەی لێنراوە ! ڕۆماننووس دەبێت، بە شێوەیەکی ھونەرییانە مامەڵە لەگەڵ کارەکتەر و تێماو ڕووداوەکان بکات، بە داخەوە نووسەری ئەم ڕۆمانە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە . تەنانەت زۆرجار زمانی ڕۆمانەکە، کە زمانێکی شیعریی و پەخشانییە، دەبێتە زمانێکی سیاسی و ئاسایی وەک ئەوەی ڕۆماننووس لە وەسفی جەرجیسی ھاوسەری سوورەیا دەڵێت:_( جەرجیس کەسایەتییەکی پاسیڤ و قێزەوەن بوو . ل ١٤٨) پاسیڤ چییە؟ مەگەر تۆ ڕۆمانت نووسیوە، یان وتاری سیاسی ڕووت ؟ ئەم جۆرە وەسفە ناھونەریی و نائستاتیکییە لە ڕۆماندا، بێگومان دەرەنجامی جیاوازینەکردنە لە نێوان زمانی ڕۆمان کە ڕەھەندێکی ھونەری ھەیە، لەگەڵ زمانی وتار، ڕۆژنامەوانی و کە دوو دنیای جیاوازن لە یەکتری. دواجار دەڵێم ، حەسەن سوورمە، بنەماکانی ھونەری ڕۆمانی تێدا نییە و نووسەر نەیتوانیوە وەک ڕۆمان مامەڵە لەگەڵ ئەو تێمایە بکات، کە ئەو بە ناو حەسەن سوورمە نووسیویەتی.
*پەراوێز: حەسەن سوورمە ، ڕۆمان، نووسینی : بەکر ئاڵەیی.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە (١٤٤٠) لە ٣/٦/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.








































































Discussion about this post