کامەران حاجی ئەلیاس
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕەوڕەوەی ژیان لە رابردوو و لە ئێستاش دا بدەینەوە ھونەری شانۆ ھەمیشە فاکتەرێک بووە بۆ رۆشنبیرو ھۆشیارکردنەوەی جەماوەر،زمانێک بووە بۆ گوزراشتکردن لە ھەست و سۆز وچێژ بەخشین و ستایکا و داھێنان… شانۆ ھەردەم ئاوێنەی گەل بووە گوزارشتی لە ناسۆرییەکانی کردوە لەرێگەی تیشک خستنە سەر لایەنەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگا زۆرجاریش چارەسەری بۆکێشەکان دۆزیوەتەوە بۆتە ھۆی ھۆشیاری و ھەستانەوەی کۆمەڵگا.. ھونەرو ئەدەب بەپبَی قۆناغەکانی ژیان کاریگەری خۆی ھەبووە لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا لەنێو ھەمووشیان ھونەری شانۆ چونکە ھونەری شانۆ بەھۆی ئەوەی زۆربەی رەگەزەکانی ئەدەب و ھونەر لە خۆدەگرێت لەھەمان کات دا راستەوخۆ رووبەرووی بینەران دەبێتەوەو ھەڵسوکەوت لەگەڵ کۆمەڵگا دەکات کاریگەری زیاترە لە ھونەرەکانی تر ھەربۆیە شانۆ لە ھەموو سەردەمەکانی ئامادەیی ھەبووە کەئامانجی لێی تەنیا کات بەسەربردن نییە وەکو ھەندێ کەس وای بۆ دەچن بەڵکو ھەمیشە ئامانجی سەرەکی بریتی بووە لە ھۆشارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ھەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەکو رۆشنبیری ، ئایینی ، ئابووری ،رامیاری … لەم ورانگەوە دەرھێنەری ئەڵمانی بەرتۆڵد بریشت دەڵێت ” بینەر گرنگنترین و سەرەکیترین توخمی پێکھاتەی نمایشە شانۆییەکانە تێکستە شانۆییەکان بۆ ئەو نووسراون ،بۆئەوەی بیر بکاتەو تێرامانەکانی لە واقع بکات ھەڵوێستی وە ھەبێت لەسەر کۆی کارە شانۆییەکان دا”. شانۆ دەتوانێن تۆوی مرۆڤایەتی نیشتیمان پەروەری لە نێو نەوەکان دا چەگەر بکات سەردەمەکانی رابردووش ئەمەی بۆ سەلماندوویین ھەر بەھۆی ئەو کاریگەرییەی شانۆدا ھەیەتی لەسەر کۆمەڵگا زۆرێک لە دەسەڵاتداران لە سەردەمی کۆن و لە سەردەمی ئێستاش دا ھەوڵیان داوە شانۆکاران بۆلای خۆیان رابکێشن بۆئەوەی لەرێگەی ئەوان جەماوەر بکەنە بەلایەنگرانی خۆیان و لەبەرژەوەندی خۆیان بەکار بھێنن،بەڵام ھەردەم بەشی زۆری ھونەرمەندانی شانۆ لەبەرەی گەل بوونە بگرە زۆرجار بوونەتە قوربانی زۆریان لە پێناو ئەو ھونەرە داوە.
بەھۆی ئەوەی ھونەری شانۆ لایەنێکی سەرەکییە بۆ بنیاد نانی تاک لەبەرئەوە تایبەت نەبووە بە چینێک یان تەمەنێکی دیارکراوی نێو کۆمەڵگا تا ئەو رادەیەی لە بواری پەروەردەش رۆڵی کاریگەری خۆی ھەبووە بەتایبەتیش لەرێگەی شانۆی منداڵ وشانۆیی قوتابخانە و شانۆی زانکۆ..
پەیامی شانۆ ھەمیشە پەیامی لێبووردەیی و خۆشەویستی بووە بۆیە دەبێ گرنگی زۆری پێبدرێت لەو کاتەی ئەم ھونەرە رۆڵێکی کاریگەری ھەیە لە پێگەیاندنی تاک لە نێو ھەر کۆمەڵگایەک دا… مێژووی شانۆی کورد لە سەدەیەک زیاترە، بەڵام بەداخەوە ئێمەی شانۆکار تائێستا نەمان توانیوە رێبازێک یاخود رێچەکەیەکی تایبەت بەشانۆی کوردیمان ھەبێت ھۆکاریش زۆرن..لەسەری ھەمووشیانە نەبوونی سەنتەرێکی کۆکەرەوەی شانۆکاران بۆ ئەوەی سەرجەم شانۆکاران لەھەر چوار پارچەی کوردستان بیروڕاکان ئاڵوگۆر بکەن بۆ ئەوەی ئەو پارتەوازەی شانۆکاران کۆبکاتەوە .
بەھۆی پێشکەوتنی تەکەنەلۆژیا و سەرقاڵ بوونی خەڵک لێرەولەوێ گۆرانکاری بەسەردا ھاتووە بە واتایەکی تر تووشی قەیران بووە بەتایبەتی لە کوردستان بەڵام شانۆ ھەمیشە ئامادەبوون و کاریگەری خۆی لە دەست نەداوە خۆئەگەر لە ئێسادا سەیری ئاستی شانۆ لە وڵاتانی ئەوروپی و دەورووبەری دەرەوەی کوردستان بکەین رۆژانە چەندین نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکرێن بگرە دەبێ بینەر چەند رۆژێک نۆرە بۆ نمایشەکان بگرێت لە ھەمان کاتیشدا سەرجەم نمایشەکان بە پلیت بگرە نرخی پلیتەکانیش زۆر گرانن ..بەھیواییەی لە داھاتوودا بەرپرسان ئاوڕێکی جدی لەو پرسە بدەنەوە شانۆی کوردیش بگاتە ئاست شانۆیی جیھانی .








































































Discussion about this post