سەدیق سەعید ڕواندزی
کاری ڕۆژنامەنووسی، وەک ھەر بوارێکی دیکەی پیشەیی و فەرھەنگی، کە دەچنە نێو شوناسی کولتووریی و فەرھەنگییەوە، کارێکی پیشەمەند و گرنگە، چونکە گەر ڕۆژنامەنووس وەک بکەرێکی ئەکتیڤی نێو ڕووداوەکانی ژیان نەبێت، بێگومان شتێک بە نێوی ڕووماڵکردنی ھەواڵ، ڕووداو و کارەساتەکان نابێت، بۆیە ڕۆژنامەنووسی لەو پیشە ھەستیار و تایبەتمەندانەیە، کە وەک ھەر ژانرێکی دیکەی فەرھەنگی، جۆرێک لەخاسیەتمەندی خۆی ھەیە، بەو مانایەی وەک چۆن ناشێ ھەموو کەس ڕۆماننووس، شاعیر، وەرگێڕ بێت، بەو شێوەیەش ناشێ ھەموو کەس بکرێتە ڕۆژنامەنووس و ھەڵگڕی ئەو شوناسە پیشەیە بێت.
لە ھەرێمی کوردستاندا، بە ھەزاران ڕۆژنامەنوس، دەزگای ڕاگەیاندن، مینبەری چاپ و بڵاوکردنەوە ھەن، کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووماڵی ھەواڵ و بەدواداچوون و ڕووداوەکانی کۆمەڵگە دەکەن، بەڵام گەر لە ڕووی تایبەتمەندیی و پیشەییەوە بڕوانینە ئەو ھەموو کەناڵ و ڕۆژنامەنووسانە، ئەوا جۆرێک لە بێ بەھاکردنی کاری ڕۆژنامەنووسی لێ کەوتۆتەوە، بە جۆرێک کە مایک بەدەست و ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشنال و خاوەن ئیتیک تێکەڵبوونە. ئەم بەگشتیکردن و بە میللیکردنەی کاری ڕۆژنامەنووسی لە ھەرێمی کوردستاندا، بە پلەی یەکەم سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لێی بەرپرسیارە، ئەویش لە ڕێگەی ئەو یاسایەی دایناوە کە شوناسی ڕۆژنامەنووسی بە جۆرێک بێ ھەبوونی ھیچ مەرجێک دیاریکردووە، کە بشێ ھەموو کەسێک بە نەخوێندەوارەکانیشەوە ببنە ڕۆژنامەنووس. ئەم جۆرە لە بە عەوامکردنەی کاری ڕۆژنامەنووسی، زەمینەیەکی ھێناوەتە ئاراوە، کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستاندا، خەڵکی بە خۆشی و توانجەوە بە ڕۆژنامەنووسان دەڵێن مایک بەدەست!
بێگومان وەک چۆن مرۆڤ بێ ئەزموونێکی درێژی خوێنەوە و ھەبوونی باکرگراوەندێکی گەورەی ڕۆشنبیریی ناتوانێت بنووسێت، بەو شێوەیە دەبێ ڕۆژنامەنووسیش زادەی ڕۆشنبیریەکی گەورە و زمانزانییەکی ورد و کەسێکی شارەزا بێت لە ھەموو بوارێک بۆ ئەوەی بشێ وەک ڕۆژنامەنووس کار بکات و ئیدی بزانێت کامە گیانەوەرە (مردار دەبێتەوە کامەشیانە دەتۆپێت) کە بەداخەوە دەیان جار لە میانەی ڕوومالکردنی ھەواڵ و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەم ھەڵەیەم خوێندۆتەوە و کەوتۆتە بەرچاو. بگرە ڕۆژنامەنووس ھەیە جیاوازی لە نێوان ( تشرینی یەکەم ) و ( تشرینی دووەم) لە ڕووی ژمارەییەوە ناکات ! جیاوازی لە نێوان وڵاتانی (نەیجەر ) و (نەیجیریا) نەکردووە و وادەزانێت ھەردووکیان یەکن ! دەیان جار کەوتۆتە بەرچاوم کە نووسیوانە وڵاتی ئەفەریقای باشوور لە کاتێکدا وڵاتێک بەو ناوەوە نییە، بەڵکو ئەوەی ھەیە وڵاتی (باشووری ئەفەریقیایە). ماڵپەڕ ھەیە دەنووسێت:_( بەفر بارین لە گەرمیان مسۆگەر بووە) وەک ئەوەی ئەوان لای خوداوە ھاتبن، یان لە پێشبینیەکانی گەردوونی و کەش و ھەوا، زانامەندترو زانستیتر بن؟ ئاخر لە کوێ بەفر بارین گرەنتی ھەیە، چ جای ئەوەی ئەو شوێنە گەرمیانیش بێت؟ دەزگای ڕاگەیاندن ھەیە، جیاوازی لە نێوان سەرۆکی (باشووری سودان) و وەزیری دەرەوەی (چاد) نەکردووە و وێنەی سلفاکێر میاردێتیان داناوە، کە گوایا وێنەی وەزیری دەرەوەی چادە. بریا ئەو ھەواڵانەم دیکۆمێنت دەکرد. ڕۆژنامەنووس ھەیە، نازانێ سەروبنی ھەواڵ، زمان، داڕشتنی ھەواڵ چییەو چۆنە، کەچی ھەر ڕۆژە بۆ پارەی زیاتر لە کەناڵێکە.
ئەگەر تا دوێنێ، سیاسییەکان نموونەی ناشیرینی سەنگەر گۆڕین و ھەڵوێست فرۆشی و بیرو باوەڕ فرشی بووبن لە پێناو پارەدا، ئەوا ئەمرۆِ ئەوان تۆز لە دوو ڕۆژنامەنووسان ناکەن! مەگەر ڕۆژ ھەیە ڕۆژنامەنووسێک نەچێتە ئەو کەناڵانەی بە پارەی خەیاڵی نەوتی ئەم میللەتە پەخشی بەرنامەکانیان دەکەن؟ سەرنج بدەن، ئێن ئارتی دەیان ڕۆژنامەنووسی نەناسراوی پێ گەیاند و دروست کردو فێری کردن ھەواڵ و ڕۆژنامە و بەرنامە و کاری ڕۆژنامەنووسی چییە، کەچی دواتر ئەوانە چیان کرد؟ مەگەر خۆیان نەفرۆشتە کەناڵەکانی سەر بە دەسەڵات؟ ئەم بێ بەھاییبوونەی کاری ڕۆژنامەنووسی لە نێو ئێمەدا، بەرھەمی ئەو ھەزاران بە ناو ڕۆژنامەنووسەیە، کە گوایا خاوەن ئیتیک و پیشەمەند و کاری ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵانەن، لە کاتێکدا جگە لە مایک بەدەستێک کە ھەر ڕۆژە بۆ پارە لە شوێنێکن، ھیچی تر نین . ئەمە وێرای سەدان ھەڵەی دیکەی زەق کە نیشانەی نەبوونی ھوشیاری و ڕۆشنبیرییە لای بە شێکی زۆری ڕۆژنامەنووسان. کورد وتەنی لەو خۆڵە، ھەر ئەو قوڕە دروست دەبێت !








































































Discussion about this post