سەدیق سەعید ڕواندزی
پێوەرێکی ھونەری کە لە ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ھەر تێکستێکی ئەدەبی دەبێ لە بەر چاو بگیرێت و کاری لەسەر بکرێت ئەوەیە، کە دەبێ تێکست بەدەر لە ھەموو جۆرە دیدگایەکی سیاسی و ئایدۆلۆژیی و کۆمەڵایەتی و شاریی و ھاوڕێیەتی و کەسی بخوێنرێتەوە و ببینرێت. واتا مەمەڵە لەگەڵ دەقدا دەکرێت، بەدەر لەوەی شوناسی خاوەن دەقەکە کێیە، وەک ئەوەی بارت دەڵێت دوای نووسینی دەق، نووسەر دەمرێت. ئیدی لەسەر ئەو بنەما ھونەریی و ئستاتیکییانە دەق دەخوێنرێتەوە، کە پێکھاتەی ھونەری دەقەکە پێکدێنن. ئێمە زۆرجار، لە خوێنەوە و ڕاڤەکردنمان بۆ دەقێک بە داخەوە دەکەوینە ژێر کاریگەریەتی تێڕوانینیکی نا ئەدەبی و لە سۆنگەی ھاوڕێیەتی، شارچییەتی و گرووپگەرایی و ناسیۆنالیستیی ڕووتەوە دەقەکە دەخوێنینەوە، بەمەش تێڕوانینێکمان لا دروست دەبێت، کە دەقەکە بەدەر لە ھەموو ڕەخنە یەکی بابەتی و زمانەوانی ببینین. ئەم جۆرە ڕاڤەکردنەش، نەک ھەر خزمەت بە فەرھەنگ و کولتووری ئێمە ناکات، بەڵکو جۆرە دیدگایەکی ھەڵەو نا ئەدەبیش لە خوێنەوەی ژانڕە ئەدەببیەکاندا دروست دەکات. مەرج نییە ھەر دەقێک، نووسەرێکی بەناو و دەنگ نووسیبێتی، داھێنان و شاکارێک بێت، یاخود ھەر کتێبێک کوردێکی تێکۆشەری نەتەوەیی ئێمە نووسیبێتی، ئیدی شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بیت. ئێمە ھزرە نەتەوەیی شۆڕشگێڕییەکانی ئەو بە ھەند دەزانین و دەنرخێنین، بەڵام بەو مانایە نییە نووسینەکانی شایستەی ڕەخنە لێگرتن نەبن.
خوێنەری ڕاستەقینە و جددی، تەنھا پەیوەندی لەگەڵ دەقدایەو کێ ئەو دەقەی نووسیوە و خەڵکی کام شارە و ھەڵگری کام بیرو باوەڕە، بۆ ئەو نە جێی پرسیارکردنن، نە جێی گرنگی پێدانیشن. ئەوە گرنگە نییە، کاتێ تێکستێکی جوان دەخوێنینەوە، کێ نووسیویەتی ئەوە گرنگە چی لە نێو ئەو تێکستە دایە، ببێتە جێی سەرنج و پرسیارو ڕامان و چێژمان. پەیوەندی خوێنەر بەدەق، پەیوەندییەک نییە، شوناسی نووسەر بکرێتە پێوەر و میتۆدی خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی دەق، چونکە خوێنەر بەشێکە لە سێیانەی نووسەر، دەق، خوێنەر و لەو سۆنگەیەوە نابێ خوێنەری دەق بە ئەندازەیەک بکەوێتە ژێر کاریگەریەتی شوناسی نووسەرێک، تا ئەو ڕادەیەی شوناسی خۆی وەک خوێنەر ون بکات و لە بری ئەوەی ڕۆڵی ھزرییانەی خۆی وەک کارەکتەرێکی بخوێن لە دەق بگۆڕێت بۆ دەروێشی نووسەر و دەقەکانیشی وەک تەریقەت ببینێت. لێرەدا، ئێمە لە بەردەم خوێنەر نین، لە بەردەم کەسێک نین کە سەروکاری لەگەڵ تێکست بە تەنھا دابێت، بەڵکو لە بەردەم کەسێکی شێوە تەریقەت داین، کە نووسەر و بەرھەمەکانی وەک تەریقەتێکی ئایینی و پیرۆز دەبینێت و خۆشی وەک دەروێشێکی ئەو تەریقە بەدەر لە مانا دینییەکەی ڕۆڵ دەبینێت، بێ ئەوەی ھەستیشی پێ بکات. ئەمە بە ڕوونی لای بەشێکی زۆری ئەو خوێنەرە ھەمووەکی و پۆپۆلیستییانە ھەیە، کە دەق وەک کتێبێکی پیرۆز و گەورە دەبینن و سنوورێک لە بەردەم دیدگای جیاوازی دیکە دەکێشن، تەنھا لە سۆنگەی ئەوەی نووسەرەکە کەسێکە ناوبانگێکی دیار و گەورەی ھەیە. لەو ڕۆژانەدا، لە خوێندنەوەی کتێبی( ئەدەب و مۆدێرنە) بوومەوە. ئەم کتێبە، کۆمەڵە وتارێکە لە بارەی ڕۆمانی (نەفرەتی نەوبەھاران)ی بەختیار عەلی. لەو کتێبەدا، یەک دوو نووسەر باس لەوە دەکەن کە بەختیار عەلی بە نووسینی ئەم ڕۆمانە، بۆ یەکەمجار دیاردەیەکی مۆدێرن دێنێتە نێو کۆمەڵگەی کوردی، کە ئەویش کامێرا و وێنەگرتنە، بەو پێیەی ڕۆمانەکە باسی کارەکتەرێک بە ناو کامیل ئاغا دەکات و ئەویش چونکە لە ساڵی ١٩٥٧ کامێرایەک دەکڕێت، ئیدی بە بڕوای چەند خوێنەر و نووسەرێکی نێو ئەو کتێبە، ئەوا ئەم ڕۆماننووسە کارێکی داھێنەرانەی گەورەی کردووە و بۆ یەکەم جار مۆدێرێنێتە دێنێتە نێو کۆمەڵگەی کوردی. بێگومان جیاوازی لە نێوان خوێنەرێک کە سەروکاری لەگەڵ دەقدایە بە تەنھا و خوێنەرێک کە شوناسی گەورەی نووسەر دەبینێت و ڕۆڵی دەروێشێک وازی دەکات ئەوەیە، کە ئەوەی یەکەمیان خوێنەرێکە، دەق پیرۆز ناکات، نووسەر ناکاتە پەیامبەر، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو تەنھا تێکستی بەلاوە مەبەستە، بەڵام ئەمەی دووەمیان نووسەر دەکاتە بت و بڕوای وایە جگە لەو کە نووسەری دڵخوازی خۆیەتی، کەسی تر ناتوانێت وەھا بنووسێت، چونکە ئەم جۆرە خوێنەرە یادەوەری ئەو ماسییە بچووکەی ھەیە، کە نێو حەوزەکەی وەک زەریایەک دەبینێت و بڕوای وایە لە نێو زەریا دایە ! ئەم جۆرە بۆچوونانە، بێ ئاگایە لە دنیای دەق و نووسین. ھەموومان دەزانین نالی، دووسەد ساڵ لەمەوبەر، ھزرێکی مۆدێرنانەی ھەبووە، شیعرەکانی (شێخ نووری ، بێکەس ، قانع ، ئەحمەد موختار جاف، زێوەر و بێخود) پڕن لەو ڕوانگە مۆدێرنانەی کە ھەیان بووە بۆ ژیان بوون و ھەموو دیاردەیەک. وێرای ئەمانەش (سابیر ڕەشید ) لە ڕۆمانی (شمشێری موسا) دا، باسی ڕووداوەکانی ساڵانی سی و چلەکانی شاری شەقڵاوە و پەیوەندی موسڵمان و جوولەکەکان دەکات. لەو ڕۆمانەدا، کە ڕووداوەکانی سی ساڵ پێش ڕووداوەکانی ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەھارانە، نووسەر باسی کامێرا و وێنەگرتن و ئامێری فۆتۆ دەکات. ئەم خوێنەرانە، ناڵێن سابیر ڕەشید بۆ یەکەمجار دیاردەیەکی مۆدێرنی ھێناوەتە نێو کۆمەڵگە و ئەدەبی کوردی، چونکە نووسەر پیرۆزکراوی ئەوان نییە، بەڵام چونکە ڕۆمانەکەی تر، ھی بەختیار عەلییە، ئەوا بە داھێنان و مۆدێرنە و نوێگەری دەزانن. ئەم جۆرە پەیوەندییە لە نێوان دەق و خوێنەر، پەیوەندی بە خوێندنەوە و ڕاڤەکردن وەک کردەیەکی ھوشیاریی و ئاگایانە نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە لە سەر بنەمای بە پیرۆزکراو، بە پیرۆزکردنە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە ئەم جۆڕە ڕوانین و خوێندنەوەیە بۆ دەق، نیشانەی بێ ئاگایەکی گەورەیە لەو دەق و تێکستانەی لە دەرەوەی تێکستی بە پیرۆزکراو ، نووسەری بە تەوتەم بوو نووسراون، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی خوێندنەوەی بابەتی و ڕەخنەیین، چونکە لە خوێنەوەی دەقدا بۆ خوێنەرانێک کە قووڵایی دەقیان ناسیبێت، شوناسی نووسەر گرنگ نییە، بەڵکو مامەڵەی خوێنەر لەگەڵ دەقی نووسەردایە، بۆیە دەبێ خوێنەر بە ئاگاییەوە قسە لە سەر پرس و بابەتێک بکات، نەک ھیڵێکی سوور بە دەوری دەقەکانی نووسەرێکی دڵخوازی خۆی و بکێشێت و پێی وابێت ئیدی ئەدەبی ھەموو نەتەوە لە ڕۆمانەکانی ئەو نووسەرەدایە و ھیچ نووسەرێکی دیکە نەیتوانیوە ئەوە بنووسێت، کە ئەم جۆرە خوێنەرە بە تێگەیشتنی خۆی بڕوای وایە نوێ و داھێنەرانەیە.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٤٢٣٥)لە ٢٣/١/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post