ن- کامەران حاجی ئەلیاس
لە کوردستان زۆرێک لەبنەماڵەکان، دەبنە ھاوکارێکی باشی نەوەکانیان بۆ ئەوەی بەحەزو ئارەزووەکانیان بگەن لەپێناویشیان قوربانی زۆریان داوە، ئەوەی مەبەستمە ھەڵوێستەی لەسەر بکەم بەگشتی بنەماڵەیەکی ھونەری دیاری،ھەولێر و کوردستانە، ئەویش بنەماڵەی (مەرجان)-ە وە بەتایبەتیش ھونەرمەند خاتوو (نەسرین مەرجان)-ە ئەو ھونەرمەندەی وەکو یەکەم ئافرەت لە کوردستان بەمەبەستی برەودان بە ھونەرەکەی لە ساڵی ١٩٧٠ دەچێتە شاری بەغدا لە ئەکادیمای ھونەرە جوانەکانی بەغدا دەخوێنێت..
سەرەتا پێمان باش بوو کورتەیەک لەسەر بنەماڵەی (مەرجان) باس بکەین، بابزانین نازناوی(مەرجان) چۆنە بۆتەپاشگری ناوەکەی نەسرین خان؟ مەرجان کێ بوو؟
(داپیرە) ی ھونەرمەند نەسرین خان ناوی مەرجان بووە، لەبەر ئەوەی ئافرەتێکی سەلار و خان مان و بوێر و ڕچە شکێن و ئازابووە لەسەردەمی خۆیدا، لەبەر ئەو خەسڵەتانەجوانانەی نەنکی نازناوی مەرجان یان بۆ خانەوادەو بنەماڵەکەیان ھەڵبژاردووە و تائێستا ناوێکی پرشنگدارە بۆ بنەماڵەی مەرجانەکان..
مام خدر مەرجانی باوکی یەکێک بووە لە ھونەرمەندە میللییەکانی شاری ھەولێر (زوڕناژەن ، شمشاڵژەن و باڵەبانژەن ) ێکی بەناوبانگ بووە، بێگومان ئەو ھونەرە بێ خەوش و شادی بەخشەی باوکی کاردانەوەی لەسەر ھونەرمەند بووەو لەگەڵ ھونەرەکەی باوکیدا ژیاوە و ھەنگاوی بۆ داھاتووی ناوە.
مام خدر مەرجانی باوکی نەسرین خان لە زوڕناژەنین پیاوێکی مەعلان و ماقووڵی مەجلیسی ھەولێرییان و خەڵکی دەوروبەرەکەی بوو، لەناو شار و لە دەشتی قەراج و کەندێناوە و مورکیە و شەمامک و خۆشناوەتی تا دەگاتە دۆڵی ئاکۆیان و باڵەکایەتی بەناوبانگ و خۆشەویست و لەبەردڵان بوو، کەم شایی و زەماوەند و بۆنە بەبێ زوڕنایەکەی مام خدر مەرجان تێدەپەڕی، ئەو سەردەستەی پیاوە جوان و خواستراوەکەی مەجلیسی پیاوماقوڵان و بەگزادان بوو.
لەھەر گۆشەیەکی ماڵدا کتێب بوونی ھەبوو بێت واتە چرایەک بۆ ھەمیشە داگیرساوەو دەدرەوشێتەوە، ئەم بۆچوونە بۆ ئامێرەکانی مۆسیقاو تابلۆی ھونەری ھەروایە ، کەواتە بوونی ئامێرە بەجۆش و ھەست بزوێنەکانی وەک ( زوڕنا و شمشماڵ و باڵەبان) بوونی تابلۆی ھونەری لەناو خانەوادەکەی نەسرین مەرجان دا وەک چرایەکی گەش بوون ھەموو کات ڕۆشنی بەدڵ و ھەستی نەسرینی منداڵ و مێرمنداڵ بەخشیوە.
ھونەرمەند نەسرین خدر مەرجان لە لە ١٠-٦ ١٩٤٧ شاری ھەولێر لەدایک بووە قۆناغەکانی خوێندنی وسەرەتایی و ناوەندی وئامادەیی ھەر لەم شارە تەواو کردووە،بەھاندان و پاڵپشتی بنەماڵەکەیان بەتایبەتی ھەردوو براکەی ھونەرمەند واحید مەرجان و ھونەرمەند یەحیا مەرجان وەک یەکەم ئافرەتی کوردلە کوردستان بەمەبەستی خوێندنی زانستی ھونەری لە ساڵی ١٩٧٠ دەچێتە ئەکادیمیای ھونەرجوانەکانی بەغدا بەشی شێوەکاری لە لقی نیگار وەردەگیرێت، چوارساڵی خوێندن بەکارامەیی تەواو دەکات، لەوماوەی خوێندنی لە نێو ئەکادیمیا و دەرەوەی ئەکادیمیا بەشداری چەندین چالاکی ھونەری کردووە.
ھونەرمەمەند نەسرین مەرجان لەماوەی ژیانی ھونەری خۆی بەشداری چەندین پیشانگەی شێوەکاری کردوە یەکەم پیشانگەی ھاوبەشی لە شاری بەغدا لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکی کورد بووە لە بارەگای ئاژانسی دەنگ و باسی عێراق لەژێر چاودێری سیاسەتمەداری کوردی کۆچکردوو سەیدا (ساڵح یوسفی ) بووە، ھەر لەساڵی ١٩٧٣ وەک ئەکتەر بەشداری چەندین زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی کردووە، لە بۆنە نیشتمانییەکان بەشداری کارای ھەبووە، بەتایبەتیش یادەکانی نەورۆز لەشاری بەغدا.
نەسرین خان وەکو پێشکەش کارێکی لێھاتوو لە ساڵی ١٩٧٣ بەرنامەیەکی ھونەری بەناوی (جیھانی ھونەر) پێشکەش دەکرد،کەبەرنامەیەکی ھەفتانە ی تەلەفزیۆنی بوو،لەھەمان کاتدا بۆماوەیەک وەکو بێژەر لە رادیۆی کوردی بەغدا کاری کردوە.
دوای ئەوەی ئەکادیمای ھونەرەجوانەکان تەواو دەکات لە ساڵی ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە،شاری ھەولێر یەکەم پیشانگەی تایەبەتی خۆی لەقوتابخانەی ئەیوبیە دەکاتەوە لەپیشانگەیەکەدا (٣٠) تابلۆی زیتی و ئاوی نمایش کرد،لە ساڵی ١٩٨٢لەگەڵ کۆمەڵی لە ھونەرمەندان ، بەشداری پیشانگەی پۆستەرات کردوە، ھەروەھا بەشداری چەندین چالاکی ھونەری،لەرێگەی یەکێیەتی ئافرەتانی کوردستان و سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان کردوە.
ھونەرمەند نەسیرین خان لەساڵی ١٩٨٣ دەگوازرێتەوە بۆ شاری دھۆک لەوێش لەگەڵ ھونەرمەندانی دھۆک لە چالاکی ھونەری بەردەوام بووە،لەساڵی ١٩٨٣ لە بەرێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان بەشداری پێشبرکێ (پۆستەرات)ی پارێزگای کردوە،ھەر لەشاری دھۆک لە ساڵی ٢٠٠٤ پیشانگەیەکی تایبەتی خۆی لە ھۆڵی (شەھید سەلمان) کردۆتەوە، ٣٥ تابلۆی خۆی نمایش کرد.
ھونەرمەند نەسرین خان بۆماوەی ٧ساڵ مامۆستا بووە لە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی دھۆک، ئەندامی کارای سەندیکاری ھونەرمەندانی کوردستانە، دوای خانەشین بوونی گەڕاوەتەوە شاری ھەولێر لە ئێستادا خۆی ئامادە دەکات بۆ کردنەوەی پیشانگایەکی تایبەت.
شایانی باسەخاتوو نەسرین خان منداڵەکانیش ھەمان رێچکەی ھونەری ئەویان گرتووە ،دوو کوڕی ھەیە بە ناوی ( یونس) کەدەرچوی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێرە بەشی شێوەکاری ودەرچووی کۆلێژی ھونەرە جوانەکان بەشی سینەما وە (یوسف) ئەویش دەرچووی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێرە بەشی شێوەکاری.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم بەرێزانەی خوارەوە وەرگتووە:
– واحید مەرجان ئەو ھونەرمەندەی نیو سەدەی تەمەنی بەھونەر بەخشی جەمال دەلاک.
-پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ھونەرمەند ھۆشیار مەرجان .
-پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ تابان خان .
Discussion about this post