سەدیق سەعید ڕواندزی
ڕۆژانە یە ھۆکاری جیاواز، لە شێوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ، نەخۆشی و تلانەوە بە دەست زامە قووڵەکانییان، کە دەرەنجامی بەرگریی لە خاکی پیرۆزی کوردستان کەوتۆتە جەستەیان، شەھیدبوون و تەقینەوە و تیرۆر، نەخۆشی درێژ خایەن، پێشمەرگە قارەمانەکان دەمرن و خوێنی پیرۆزییان تێکەڵ بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەبێت. ئەوان تا لە ژیاندان، کەس ھەست بە ئازارەکانییان ناکات، کە دەشمرن، بە پرسەیەکی سارد و سوڕ و ھەژارانە، پرسەیەکیان بۆ دا ئەنرێت بەرپرسێکی گەندەڵ بە پرسەنامە و بەشدارییەک، ھاوخەمی خۆیان بۆ دەرنابڕن، لە کاتێکدا ھەموویان لافی ئەوە لێ دەدەن گوایا ئەوانیش پێشمەرگەن و چەند بە گەورەیی و شکۆمەندییەوە سەیری پێشمەرگە و قوربانییەکانی دەکەن، کە لە ڕاستیدا وانییە. لە بەرانبەر ئەمەدا، ھونەرمەندێکی ھەڵپەرست و بەرژەوەندیخواز، کە ھەموو تەمەنی لە سەنگەر گۆڕین و پەت پەتێن و حزب گۆڕین، بە سەر بردووە و ھەر ڕۆژە و لای حزبێک با لە کوێ ھاتووە لەوێ شانەی کردووە، لەمبەرو ئەوبەری جۆگا بووە، کە دەمرێت بە سەدان پرسەنامەی بەرپرسان و بەشداری و ھاوخەمی بۆ دەچێت و دەردەبڕدرێت. لە کاتێکدا ئەگەر گریمان کۆی کارە ھونەرییەکانی ئەو جۆرە ھونەرمەندانە بخەیتە سەریەک، یەک دڵۆپ خوێنی ڕژاوی پێشمەرگەیەکی شەھید و زامدار ناھێنێت، کە لە پێناو سەربەستی خاکەکەی و ئارامی و ئازادی مندا، لە دژی تیرۆرستە ئیسلامییەکانی داعش لە سەنگەری بەرگریی نواندوویەتی، چونکە ئەوەی من و خاکەکەم لە ژێر دەستەیی و داگیرکاریی و بەربەریەتی داعش و دوژمنان دەپارێزێت، پێشمەرگەیە نەک ئەو جۆرە ھونەرمەندانە کە ئامادەن مێژوو، کەسییەتی، ناوبانگی خۆیان لە شەو و ڕۆژێکدا لە حزبێکەوە ، کە تەمەنێکییان تێدا بردۆتە سەر، بفرۆشنە حزبێکی دیکە تەنھا لە پێناو پارەدا. جێگەی داخە، کەم نین ئەوانەی لە پەراوێزی ناوی پیرۆز و پەیامی گەورەی ھونەر، بوونەتە ھەڵپەرست و پۆست و پێگە و بەرپرسیاریەتیان وەرگرت، ئەوانە تەنھا لە پاداشتی فرۆشتنی بیر و باوەڕو ڕابردووی خۆیان لە حزبێکەوە بە حزبێکی دیکە ، بە یەک بڕیار پلەیەکی کارگێڕی باڵایان وەردەگرت و دەبوونە بەڕێوەبەری گشتی و ھەر بەو پلەیەش دوای چەند ساڵێکی کەم خانەنشین دەکران و تا ھەتایە ئەو مووچە زۆر و زەبەندە وەردەگرن. کە فەرمانبەرێکی ئاسایی بە چل ساڵ خزمەت وەریناگرێت. جێگەی داخە مێژوویی ھونەری ئێمە لە دوای ڕاپەڕین تەژییە لەو جۆرە ھەڵپەرستانە، کەچی لە ژێر ناوی ھونەر و داھێنان و خزمەت بە ھونەری کوردی دەناسێنرێن و دەنرخێنرێن. گەر بە مێژووی ھونەری خۆمان لە ڕابردوودا بچینەوە، نموونەی دیکەی پێچەوانە دەبینین. تاھیر تۆفیق چەند ھەژارانە مرد، ڕەسوول گەردی ، حەسەن سیساوەیی ! ئەی کەریم خەمزەیی، کە ئەستێرەی ھەفتاکان بوو، کەچی ئێستا تەسبیح دەفرۆشێت، ئەی حەسەن زیرەک چی مانا نەیبینێت لە ژیان؟ ئەی دڵشاد مەریوانی؟ مەگەر بەعس لە سۆنگەی گوردایەتییەکەی لە سێدارەی نەدا؟ ئەی شێخ حوسێن بەرزنجی؟ کە ئاوازی بۆ سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب داناوە ! ئەمانە و دەیان ناوی دیکە کە نموونەی ھونەرمەندی نەمر، بە شکۆ گەورە و مەزنن ، کە ھیچ کاتێک ئامادە نەبوون پەیامی پیرۆزی ھونەر بۆ ھەڵپەرستی و پۆست و بەرژەوەندیخوازی بەکار بێنن و خەڵکی فریو بدەن. ئەمانە لە سەر وتە و ڕێبازە جوانەکەی حەزرەتی مەسیح(سەلامی خوای لێ بێت) بوون، کاتی دەڵێت:_( چی بە کەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر ھەموو دنیا بەرێتەوە و خۆی بدۆڕێنێت) بێگومان مەزنی و شکۆمەندی و مێژوو ، گەورەیی بۆ ئەو کەسانەیە کە ھەموو دنیا دەدۆڕێنن بۆ ئەوەی خۆیان ببەنەوە نەک بە پێچەوانەوە.
Discussion about this post