عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
پێشهاتی گەورە و نوێ لە ئێران و ناوچەکە و جیهاندا روودەدات. هەڵوێستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “ئێران” لە ناوەندی ئەم پێشهاتانەدایە! براوە و دۆڕاوەکەی کێیە؟
لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە نزیکەی ٧٠ وڵاتی جیهان هەڵبژاردن بەڕێوەچوو کە گرنگترینیان هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بوو. پارتی کۆماریخوازی ئەم وڵاتە جگە لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران و کۆنگرێسی ئەمریکاشی بەدەست هێنا. ئەم وەرچەرخانە مێژووییە بۆ دەسەڵاتدارانی رژێمی ئایینی ئێران زۆر بە ئازار و کوشندە بوو. چونکە کەسێک کەوتەوە سەر پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە پێشتر “قاسم سولەیمانی”ی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە بەغدا کوشت و پێش ئەوەش، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رژێمی ئێرانی دڕاندبوو! پارتی کۆماریخواز نەک هەر پاشەکشەی نەکرد لەمکارە، بەڵکو “شانازی”ی پێوە کردووە! هەربۆیە وەلی فەقێ و بەرپرسانیتری رژێمی ئێران بۆیان هەیە دڵتەنگ و نیگەران بن و دارە مەرگ بەدەستەوە بگرن. چونکە ئەم پێشهاتە گەورەیە هاوکاتە لەگەڵ توڕەیی پەنگخواردووی خەڵکی ئێران و بەرخۆدانەکەی، کە خۆیان بۆ گەیاندنی گورزی کۆتایی لە دیکتاتۆری لە ئێران ئامادە دەکەن!
رووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقێ کاری کێیە؟
دیارە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کار و ئەرکی خەڵکی ئێرانە و نەک کەس و لایەنیتر. خەڵکان و لایەنانیتر دەتوانن پشتیوانی لە خەڵک و موقاومەتی بکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. بەرخۆدانی گەل هەرگیز چاوی نەبڕیوەتە خەڵک و لایەنانیتر. موقاومەتی خەڵکی ئێران شەو و رۆژ خەباتی کردووە بۆ رزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت.
شەڕی سەرەکی!
شەڕی سەرەکی، شەڕی خەڵکی ئێرانە لە دژی دیکتاتۆرییەت بە گشتی و بەتایبەتی دیکتاتۆریی ئایینی. بەڵام هاوکات، بەرەوپێشەوەبردنی هێڵی سیاسی و دیپلۆماسی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا زۆر گرنگە و تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. چونکە دەبێت سیاسەت و ستراتیژی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئێران) تێکبشکێنرێت. بۆ ئەوەی لە دژی خەڵکی ئێران بەکارنەهێنرێن! بە واتایەکیتر شکستپێهێنانی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی، متمانەبەخشە بە شەڕی لەناوبردنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
شکستی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی!
رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی، رووبەڕووبوونەوەیەکی سادە نییە! چونکە سازشتکارانی رۆژئاوا لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن. ئەوان دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان نابن. تەنانەت سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکاش بە فەرمی رایگەیاند کە حەز بە گۆڕینی رژێمی ئێران ناکات. واتە ئەو بۆچوونەی کە وڵاتێک یان هێزێکی بیانی بۆ رووخاندنی رژێمی ئێراندا دەدۆزرێتەوە، لە “تراویلکە” بەدەر نییە.
چی دەبێ بکرێت؟
لە ناوخۆی ئێراندا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 800 کەس لە سێدارە دراون و نزیکەی 500 کەسیان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی “مەسعود پزیشکیان”دا لە سێدارە دراون. ئەم لەسێدارەدانانە لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی نان، هێلکە، بەرهەمە شیرەمەنیەکان، خانووبەرە، چیمەنتۆ یان سیمان، ئۆتۆمبێل، کرێی رێگاوبان، بلیتی فڕۆکە و شەمەندەفەر و هتد لەلایەن حکومەتەوە ئەنجامدراون. پزیشکیان وتبووی رێگای “ئیبراهیم رەئیسی” پەیڕەو دەکەم و پەیڕەوی هێڵی ویلایەتی فەقیهیم! واتە رێگای دوژمنایەتیکردنی خەڵکی ئێرانی گرتووەتە بەر! لەبیرمان نەچێت کە خەڵکی ئێران دەیانەوێت دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی بڕووخێنن.
لە ئاستی ناوچەکەدا، بەو زەبرانەی لە هێزی نیابەتییەکانی رژێمی ئێران وەشێندراوە، “سەری رەشەمارەکە”، واتە ناوەندی هەموو کێشەکانی ناوچەکە، دەرکەوتووە. تەپ و تۆزی “میحوەری موقاومە” لادراوە و لاوازبوونی رژیم، زیاتر بۆ شرۆڤەکارانی سیاسی ناوچەیی و جیهانی دەرکەوتووە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی شەپۆلی “هەڵوەرین” و “ترس” لە ناو هێزەکانی رژێم لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە ناو هێزە نیابەتییەکان پەرەی سەندبێت. لە وەرزی نوێدا ئەم هێزانە خۆیان لە رژیمی ئێران بە دوور دەگرن.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، رۆژ بە رۆژ گۆشەگیریی رژیم زیاتر بووە. کەلێنی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا تاڕادەیەک داخراوە و رژێم توانای مانۆڤری نەماوە لە نێوانیاندا. هێشتا جەوهەری بڕیارنامەی 71ەمین سەرکۆنەکردنی رژێم بە هۆی پێشێلکارییە زەقەکانی لەمەڕ مافی مرۆڤ لە “کۆمیتەی سێهەمی کۆمەڵگای گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان” وشک نەبووەتەوە کە ترس و تۆقینی دەرهاویشتەکانی بڕیارنامەی “ئەنجوومەنی دەسەڵاتدارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم” سەر تا پێی رژێمی داگرتووە. لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە ئاماژە بدرێت بە هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ، کە لەسەر هەموو پێشهاتەکاندا کاریگەری هەیە.
جێگرەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ئاڵترناتیڤ!
بە ئاوڕدانەوەیەک لە سەد ساڵی رابردووی مێژووی ئێراندا، بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن بە هۆی نەبوونی هێزێکی دێموکراتیکی پێشەنگ لە کۆمەڵگای ئێراندا، قوربانیدانەکانی خەڵکی ئێران بە بەردەوامی شکستی هێناوە و هێزە هەلپەرستەکانی سەر بە رژێمە دیکتاتۆرییەکان و لایەنگرانی نێودەوڵەتییان، هێزە جەماوەرییەکانیان خستۆتە پەڕاوێزەوە و خۆیان بوون بە بانگدەر و برەودەری رژێمە دیکتاتۆرییەکان لە ئێراندا.
بەڵام تایبەتمەندیی هەرەدیاری ئەم سەردەمە لەوەدا بەرجەستە دەکرێت کە لە سەردەمی ئێستادا بەدیلێکی سەرتاسەری و فرەڕەهەند بۆ رژیمی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی هەیە کە ئاسۆیەکی روونی خستۆتە بەردەم هەموو جەماوەری خەڵکی ئێراندا. ئەم ئەڵتەرناتیڤە دڵنیایی دەداتە هەمووان کە ئێرانی داهاتوو حکومەتێکی جەماوەری و دیموکراتیک و ئاشتیخواز دەبێت بە درووشمی پێکەوە ژیان. کارنامە و بەکگراوەندی گرانبەهای ئەم ئەڵتەرناتیڤە، چرای ئومێد و زامنە بۆ خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە، کە هێزە سەرەکییەکەی، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێرانە کە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوو دیکتاتۆرییەتدا ئەزمووندارە. ئەم رێکخراوەیە ئێستا لە سەرتاسەری ئێراندا خاوەن پێگە و هێزی سەر شەقامە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا خاوەن دیپلۆماسیە و بەهرەمەندە لە پشتیوانیکردنێکی نێونەتەوەیی.
لەمدواییانەدا و لە رۆژی 3ی گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا خانمی مریەم رەجەوی بە ئامادەبوونی لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند:
یەکەم. دیکتاتۆریی ئایینی و لایەنگرانی دەڵێن ئاڵترناتیڤ بوونی نییە. ئەمە درۆیەکی تەواوە و خەڵک و ئەندامانی پەرلەمانەکانی جیهان لە دژی راپەڕیون.
دووەم. دەسەڵاتدارانی رژێم دەڵێن بەبێ ئەوان ئێران دەبێتە ئاژاوە و وەک سوریا یان لیبیای لێدێت! ئەمە دیوەکەیتری ئەو بانگەشەیەیە کە دەڵێن هیچ ئاڵترناتیڤێک بوونی نییە. کاتێک ئاڵترناتیڤێکی شایستە هەبێت، هیچ بوارێک بۆ ئاژاوەگێڕی نامێنێتەوە. ملیۆنان ئێرانیی دوور لە زێدی خۆیان، بە شارەزایی و سەرمایەی خۆیانەوە دەگەڕێنەوە ئێران.
سێیەم. دیکتاتۆری دەسەڵاتدار و لایەنگرانی دەڵێن ئێران دابەش دەبێت! ئەمەش دیسانەوە درۆیە. بەلووچ و کورد داوای مافی خۆیان دەکەن نەک دابەشبوون.
تێڕوانینێک بەسەر دیمەنی سیاسی ئێستای ئێراندا!
هەڵبەت هەموومان شاهیدی ئەم دیمەنە بووین کە دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری لە ئێران، چەندین جار و لە بۆنەی جیاجیادا، خۆشحاڵبوونی خۆیان دەردەبڕن کە “هێشتا نەڕوخێنراون و لەسەر کار ماون”! ئەم دیمەنە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بارودۆخی لەرزۆک و ناسکی رژێمی ئێرانە و ئاماژەیە بۆ راستییەکیتر کە خەڵکی ئێران نەک هەر سیستمی دیکتاتۆرییان ناوێت، بەڵکو رقیان لێیەتی و لێی بێزارن!
ئاخوند زولنووری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی پەرلەمانی رژێم، لە رۆژی 3ی گەڵاڕێزانی ئەمسال لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی حکومەت رایگەیاند کە تەنیا رۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەڵاڕێزانی 2019، ١٤٧ تێکهەڵچوون لە تاران و ٨٠٠ تێکهەڵچوون لە سەرتاسەری وڵات روویداوە ، و 900 بەنزینخانە لە وڵاتەکەدا ئاگریان تێبەردراوە.
وشەی کۆتایی!
هەر لەم روانگەیەوەیە کە دەتوانین سەیری رووداوەکانی وەک ٣٠ی جۆزەەردانی ١٣٦٠ (1981)، ٥ی رەزبەری ١٣٦٠، گورزی کوشندە لە ٣٠ی جۆزەردانی ساڵی 1988 (1367) و وەرچەرخانی قبوڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان و راپەڕینە جەماوەرییەکانی ئەمدواییانە بکەین، کە چۆن هەریەکەیان تامی تاڵی رووخاندنی دیکتاتۆرییان رژاندە ناوزاری رژیمی مەزهەبییەوە. ئەمانە رووداوگەلێکن کە دواجار دەبنە هۆی “سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا”. واتە ئەو رۆژەی کە دوور نییە و بەرەونزیکبوونەوە دەچێت. هەموو رووداوێک لەم “خاکەدا”دا وەک پریشکێک وایە کە گڕ بگرێت و ئاگرەکە بکەوەێتەوە!
***
Discussion about this post