خاتوونی ھونەرمەند بێرۆ عەبدوڵڵا رواندزی ناسراو بە (بێرۆ رواندزی) خاوەن سەلیقەیەکی ھونەری تایبەت بەخۆیەتی سوودی لە چەندین قوتابخانەی ھونەری شێوەکاری وەرگرتووە،بەڵام لە کارکردن دا خۆی بەھیچ قوتابخانەیەکی ھونەری دیارکراو نەبەستۆتەوە،سروشتی شاخ ودۆڵ و خەرەندی رواندز کاریگەری لەسەر رەوتی کارکردنی ھەبووە ئێمە لە نزیکەوە ئەم ھەڤپەیڤینەکان لەگەڵیدا سازدا.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین بێرۆ رواندزی چۆن ئاشنای ھونەری نیگار کردن بوو؟
– بە سادەترین شێوە ھونەری من دەستی پێ کرد. ھێشتا نەچووبوومە بەر خوێندن کە وێنەم ئەکێشا، کە منداڵ بووم لە ڕێی وێنەکێشانەوە ھەستی دەروونی خۆمم دەرئەبڕی، دواتر لە قۆناغی سەرەتایی زیاتر ئاشنای ڕەنگەکان بووم. ڕەنگەکانم تێکەڵ ئەکرد. لەسەر کتێب و کورسی دانیشت و دیواری قوتابخانە وێنەم ئەکێشا. زۆر جار لەسەر ئەو کارانە سزا ئەدرام. ئیدی ھونەری وێنەکێشان لەگەڵ گەورەبوونم پتر لە ڕۆحمدا چەکەرەی کرد. لە قۆناغی ئامادەیی بەردەوام لە پێشانگای ساڵانە ھونەری بەشدار دەبووم ــ بە ھونەری شێوەکاری و پەیکەرسازی و مۆدێلی ئەندازەی سێڕەھەندی. دواتر لە بەشی بیناسازی، لە پەیمانگای تەکنیکی ھەولێر خوێندم. لە ھیچ بەشێکی ھونەری نەمخوێندییە، ھونەر ھەر لە منداڵییەوە بە شێوەیەکی خۆڕسک لەناو مندا ھەبووە، وەکو بەھرەیەکی ھونەری .
*بەڕێزتان لە ڕواندز لەدایک بوون تا چەند سروشتی ئەو شارە کاریگەریی لەسەر تابلۆکانت ھەبووە؟
- بێگومان سروشتی سەوز و ڕەنگینی رواندز،زۆر کاریگەریی لەسەر ڕەوتی کارکردن و حەز و سەلیقەی ھونەری من ھەبووە. ھەڵکەوتەی شاخوداخی بەرز و خەرەندی دڵفڕێنی، ھەموو کات سەرنجیان ڕاکێشاوم و سرووشیان پێ بەخشیوم، ڕۆحی ئەم شارە ھیچ کات لە نەقش و ڕەشنووسی سکێچی کارەکانم دانەبڕاوە.
*کامانەن ئەو ھونەرمەندانەی کاریگەرییان لەسەر بەڕێزتان ھەبووە؟
– بەگشتی سەرسامی زۆربەی ھونەرمەندانی سەردەمی ڕێنیسانسم، چونکە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ھونەر بوو، مۆدێلە کلاسیکییەکانی سەردەمی یۆنانی و ڕۆمانی کۆن لەدایک بووە، لە ھەمان کاتدا تەکنیکە مۆدێرنەکانیشیان بەکار ھێنا. سەردەمی ڕێنیسانس قۆناغی زێڕین بوو لە ھونەری شێوەکاری و پەیکەرسازی و تەلارسازی ــ بۆ نموونە، (مایکل ئەنجێلۆ) لەو سەردەمە جێدەستی لە ھەر سێ بوارەکە نەخشاندووە و بێگومان کاریگەریی ھەبووە. دیارە ھونەرمەندانی کوردیش لە قۆناغانی پێشتردا ھونەر و پەیامی خۆیان بەجوانی و بە شێوازی جیاواز گەیاندووە. لەوانە( د. محەمەد عارف )کە یەکێک بوو لە خەمخۆرە دڵسۆزەکانی ھونەری کوردی. بەخت یاوەرم بوو لە تەمەنێکی بچووک توانیم بیبینم و گفتوگۆ بکەین و چۆنیەتیی کارکردنی و تابلۆکانیم لە نزیکەوە دیت و کتێبێکی ھونەریی ئەکادیمی ڕۆستۆڤچیفی پێشکەش کردم کە خۆی لە ڕووسییەوە کردبووی بە کوردی ــ ئەوکات زۆر سوودم لێ بینی. بێگومان ئامۆژگارییەکانی و تابلۆکانی تا ڕاددەیەک کاریگەرییان لەسەر کارەکانم ھەبووە.
*باشە بێرۆ رواندزی کاتێکی دیارکراوی ھەیە بۆ کارکردن لەسەر تابلۆکانی؟
– ھەر کاتێک بمەوێت و دۆخەکەش تۆزێک گونجاو بێت راستەوخۆ دەست ئەکەم بە کارکردن و سکێچ کردن، گرینگ نییە چ کاتێک بێت.. زۆربەی کات ڕەشنووسێکی بچووکم پێیە کە ئەچمە سەر کار یان ناو سروشت و سەر شاخ کە ئارەزووم کرد سکێچ ئەکەم. دواتریش لە دەرفەتێک لەسەر خامی گەورە دووبارە کاری لەسەر ئەکەمەوە. بەگشتی کاتێکی دیاریکراوم نییە بۆ کارکردن لەسەر تابلۆکان.
*قوتابخانەکانی ھونەری شێوەکاری زۆرن، بەڕێزتان لەسەر کام قوتابخانە کار دەکەیت؟
– ئەوەی من چێژی لێ ئەبینم لە ھونەر ئەوە کە زۆر خۆڕسکانە کار ئەکەم. زۆر حەزم بە سنووردانان و یاسا و ڕێسا نییە لە دنیای ھونەردا. بێگومان ئەوە گرینگە ئەکادیمیانە زانیاریت ھەبێت لەسەر ڕێچکە و گەشەکردنی قۆناغە جیاوازەکانی ھونەر و لەتەک پراکتیکی ھونەری پێویستمان بە برەودان و بایەخدان بە لایەنە تیۆرییەکەش ھەیە، بەڵام نەگاتە ئەو ڕاددەیە کە کاریگەریی لەسەر ھونەرێکی خۆڕسک دروست بکەن و ئاڕاستە و پەیامی ھونەرمەند بگۆرن. بەگشتی من وابەستە نەبووم بە شێوازێکی کارکردنی تایبەت، بۆیە ئەتوانم بڵێم ئەو شێوازەی من لەسەری کار ئەکەم بەتەواوی ناچێتە سەر جۆرێک لە قاڵبی قوتابخانەیەکی ھونەری دیاری کراو.
* (بۆنی فیشەک و مێخەک) ناونیشانی دوا پیشانگای بەڕێزتان بوو دەکرێت باسێکی ناوەرۆکی تابلۆکان بکەیت؟
– فیشەک و مێخەک دەرگای چوونە ناو جیھانی جەنگ و خۆشەویستییە، بەڵام نەخشی فەرش و قۆچی بزنەکێوی بۆنی کوردەوارین و تێڕامان و وردبوونەوەم قووڵدەکەنەوە بۆ سروشتی ژنەکێوی و سروشتی شاخ و مەودای خۆڕاگری ئێمە.
بۆنی فیشەک و مێخەک کە دووەمین پێشانگای تایبەتی منە بە درێژایی یازدە ساڵی ئەزموونی کارکردنم چەند قۆناغێکی جیاوازی بڕیوە، ھەوڵم داوە ساتەکانی شەڕ و ژیان و بەردەوامبوون بنووسمەوە و ئاوێتەی ڕەنگ و ڕوئیای ھونەرییان بکەم،ھەر بۆیە ژوورە کۆنەکانی قەڵای ھەولێرم ھەڵبژارد تا ھەر ژوورەی گوزارش لە قۆناغێک بکا و پێناسەی ماوەیەکی زەمەنی ژیانی ھونەریم بێ. دەمەوێ پارێزگاری کردن لە کەلتوور و سروشت و مۆرکی کوردانە بەشێک بێ لە پێناسەی کارەکانم.
*بۆ داھاتوو ھیچ پرۆژەیەکەت لە ھەگبەدایە؟
– ئەوەی راستی بێت چەند کار و پڕۆژەیەکم ھەیە ئێستا کار لەسەر بەشێکیان ئەکەم، بەو ھیوایە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا بەرھەم بێن و بخرێنە بەر چاوی بینەران.
Discussion about this post