ھونەرمەند موکریان ئەبوبەکر: من لە سوید بەرەخنەی لێزانەکان زۆر شتی ژیانمی گۆڕیم
موکریان ئەبوبەکر یەکێکە لە ژنیارە بەتواناکانی جیھانی موزیک ،ھەر لە منداڵییەوە خەونی بە موزیکەوە بینیوە، بۆیە تەمەن پێنج ساڵان دەبێت ئامێری ساز دەژەنێت،ئەم ھونەرمەندە وەکو پسپۆر ئامێری (چەلۆ) دەژنێنت بەڵام توانستێکی باشی ھەیە لە ژەنینی ئامێرەکانی کەمان ، ساز،عود..دوای ئەوەی بەپلەی نایاب پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی بەشی موزیگ تەواو دەکات بۆدرێژەدان دەچێتە وڵاتی سوێد لەوێ بڕوانامەی ماجستێر لە بواری موزیک بەدەست دەھێنێت بەشداری چەندین کۆنسێرت و ئاھانگی موزیکی لەگەڵ چەندین تیپی موزیکی جیھانی وەکو ژنیارێکی بەتوانا بوونی خۆی دەسەلمێنێت خاوەنی چەندین ڤیدیۆ کلیپە ئەو ھەمیشە خۆی بە منتباری ھونەرمەندان (ئامانج غازی و بەکر خالید) دەزانێت کەلەسەر دەستی ئەوان فێری ئەلف و بێی موزیک بووە ، ئێمەش بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەکارەکانی بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین دەسپێکی ھونەریت چۆن دەست پێکرد؟
- دەستپێکی ھونەرم بەشێوەیکی ئەکادیمی،لەپەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر بوو،ئەگەر چی پێش بچمەپەیمانگا ژنیاری ساز بووم بە جۆرێک چەند میلۆدی مقامێک لە ناو ھاوڕێکانم و لە کۆڕۆ و کۆبونەوەی ماڵەوە دەژەنی، ھەر ئەوەش بوو کە توانیم لەتاقیکردنەوەکەی پەیمانگا قبوڵ بکرێم بەسەرکەوتووی وەربگیرێم ، لە زۆربەی فیستیڤاڵەکانی ناو پەیمانگا بەشداری کارام ھەبوو، دوائەوەی چوومە ھاندەران لەوێش بەشداری چەندین کۆسێرت و ئاھەنگەکان لە بۆنە نیشتمانییەکان کرد.
*ھەرچەندە بەرێزتان لە ژەنینی زۆربەی ئامێرەکان توانستێکی باشتان ھەیە ،بەڵام وەکو پسپۆری ئامێری چەلۆتان ھەڵبژارد ھۆکارەکەی چی بوو؟
– ئەوەی راستی بێت ،من ھەر لەمناڵیەوە حەزوو ئارەزووم لە ئامێری چەلۆ بوو بەجۆرێک ئامێری چەلۆ لەلام وەکو سیحرێک وابوو ،تەنیا گوێم لێدە بوو ،لەبەر ئەوەی لەبنەماڵەیەکی کەم دەرامەت بووین بەڕادەیەک تەلەفزیۆنیشمان نەبوو ، ھەتا لەپەیمانگاش وەرگیرام ، ئامێری چەڵۆم نە بینیبوو!، بۆیە کاتێ لەپەیمانگا وەرگیرام یەکەم جاربوو ئامێری چەلۆ ببینم بۆیە زۆر بەعشقەوە لە باوەشم کرد ،تا ئەو رادەیە زۆرێک لە ھاوڕێکانم گاڵتەیان پێکردم ھەرچەندە لەو کاتە ھەندێک ھەستم بە شەرم کرد بەڵام ئەو رۆژە رۆژێکی زۆر خۆش بوو بۆمن.
*تۆ لەھاندەران دەژیت وەکو ھونەرمەندێک جیاوازی کاری ھونەری لە کوردستان و ھاندەران لەچی دەبینیتەوە؟
– جیاوازیەکان زۆرن کاتێک تۆ لە ناو میللەتێکی ھەژارو دارووخاو دێیتە ناو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی ئەم گەردوونە و باسی موزیک بکەیت لەگەڵیان ھەست بە جیاوازییەکی زۆر دەکەیت،من لە وڵاتی سوید لەرێگەی موزیک بژێووی ژیانی خۆم دابین دەکەم، بڕونامەی ماستەرم لە کۆلێژی شاھانەی ستۆکھۆڵم بەدەست ھێنا لە بەرزترین دەزگای ھونەری سوێدی کاردەکەم لە بواری موزیک و سینەمادا بەتوانستی خۆم توانیم لەگەڵیان بگونجێم لەرێگەی ھونەری موزیک توانیم شوێن پەنجەم دیار بێت.
*زۆرێک لە ھونەرمەندان پێیان وایە سەردەمی ھەشتایەکانی سەدەی رابردوو ،سەردەمی زێرێنی ھونەری کوردی بوو ئێوەش ھەمان بۆچوونتان ھەیە؟ ئەگەر وایە ھۆکارەکەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
– بەڵێ ئەو سەردەمە عەشقێک ھە بوو بۆ ھونەر و ژیان کردن ،ئێستا شێوازی ژیان کردن گۆراوە، ھونەری ڕاستە قینە بەھاکانی لە دەست داوە، کاتێ ھەندێ لەو گۆرانیبێژانەی ئێستا لەرێگەی نمایش کردنی چەند ئافرتێک، رێزم بۆ ئافرەتان ھەیە ھەندێک لە ھەوادارانیان سەیرو کلیپەکانیان دەکەن نەک لەبەر دەنگ و میلۆدی و تێکست ھەرلەبەر ئەمەشەپۆڵێک ھونەرمەندی بە ئەزموون وازیان ھێناو گۆرانی وتن ھەێناوە، بە راستی من بەزەیم بەم و گەنجانە .
*تاچەند گرنگە ژنیار و گۆرانیبێژ کەسانی ئەکادیمی بن ھیچ نەبێت نۆتە بخوێنێتەوە؟
- راستە ھونەرپێش ھەمووشتێک بەھرەیە ،بەڵام ئەگەر ھەر ھونەرمەندێک لە ھەربوارێک دا بێت بەشێوەی ئەکادیمی بخوێنێت ئەوا ھونەرمەندێکی پڕۆفیشناڵ بوون دێتە کایەوە، واتا لە پڕۆفشناڵیزمی خۆی دەبینێتەوە لە تیۆر ی و پراکتیکی دا، کاتێک ژنیار پڕۆفشیۆناڵ بێت بتوانی موزیک بخوێنیتەوە ،بنوسی،بیژەنێت، بۆ ئەوەی بتوانیت لە گەڵ گرووپە جیھانیەکان کاری موزیک و بزنسی ھونەری بکەیت لەم باسە دا نامەوێت قوڵ ببمەوە لە باسی ھاڕمۆنی و ستایلەکانی موزیک و وردەکاریەکانی تربکەم.
*رەخنەگری موزیکیمان ھەیە تاچەند بوونی رەخنە گرنگە بۆ پێشکەوتنی ھونەری موزیک؟
– رەخنەی پڕۆفیشناڵ کاری رەخنەگرانە،من لە سوید بە رەخنەی لێزانەکان زۆر شتی ژیانم گۆڕیم،لە بڕوانامەی ماستەرەکەم پڕۆفیسۆرێکی سویدی گوتی” ڕەخنەی عاقڵانە دەبێت پشنیار و ھەڵسەنگاندن و ڕێنمای تێدابێت، بەجۆرێک نابێت لە جەوھەری بابەتەکە کەم بکاتەوە بگرە ھاندان بێت واتە رەخنەی بنیاتنەر بێت ”
*لەم دوایانەدا کارێک بۆ ھونەرمەند خاتوو دڵنیا رەزازیی ئەنجام دا ئەکرێت باسی چۆنیەتی لە دایک بوونی ئەو بەرھەمە بکات؟
- ھونەرمەند خاتوو ،دڵنیا رەزازی لە کۆنسێرتێکی لە شاری لەندەن پرسیاری ئەوەی لێکردم بە نیازە لە ئەلبومەتازەکەی ئەم گۆرانیە بخوێنێ منیش بە خۆش حاڵیەوە قبوڵم کرد ودواجار لە ستۆدیوکەی خۆم لە ماڵەوە کاری تۆمار کردن و ژەنین و میکسم بۆ ئەنجاماندا ھیوادارم بەدڵی ھەموولایەک بێت.
*بەرنامەت نییە بگەریتەوە کوردستان ؟ ھیچ بەرھەمی نوێت ھەیە ؟
– لە راستیدا لەئێستادا لە بەرنامەم دا نیە بگەڕێمەوە کوردستان چونکە کاری ھونەریم و گرێبەستەکانم تەواو سەرقاڵیان کردووم ،لەوکاتەی زۆر زۆر تامەزرۆم بگەڕێمەوە کوردستان، بە ڵام بەداخەوە ھەتا ئێستا ھیچ لایەنێک و دەزگاو میدیایەک،ئامادە نەبووە بانگێشتێکمان بکەن سەکۆیەکم بۆ واڵابکەن، بۆ کۆنسێرتێک ،سمیناریک ،پڕۆژەیەک،لای خۆشم بۆتە پرسیار بۆچی ھیچ لایەنێک بانگێشتمان ناکەن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە ھونەریانەی ھەمانە پێشکەش بە گەلەکەمان بکەین، لەو کاتەی من و چەندین ھونەرمەندی تری ، ڕۆژانە لەسەر گەورەترین شانۆی جیھانی لەگەڵ گەورەترین ھونەرمەندانی ووڵاتانی بێگانە نمایش و چالاکی گەورە ئەنجام دەدەین.
*ئێمە زۆر سوپاس بەرێزتان دەکەین کە ئەودەرفەتان بە ئێمە بۆ سازدانی ئەم ھەڤپیڤینە.
– منیش زۆر سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوەتان دەکەم دەستان خۆش بێت.
Discussion about this post