ئێران.. ئامانج لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە دووهەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی ئێران نزیک دەبینەوە کە لە ٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە دوای کوژرانی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز لە کوردستانی ئێران بە ناوی ژینا ئەمینی (مەهسا) لە تاران دەستی پێکرد و تێیدا زیاتر لە ٧٥٠ لاوی ئێرانی لەسەر دەستی هێزەکانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی شەهید کران!
لە دوو ساڵی رابردوودا جیهان بە سەنتەری ئێران، بە ناو چەندین گۆڕانکاریدا تێپەڕیوە و ئێستا ئەوەی لە مێژووی ئێراندا تۆمار کراوە ئەوەیە کە “هەرگیز دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بەرەو کۆتایی خۆی دەچێت”. کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، دەستپێکی دەسەڵاتێکی جەماوەرییە. واتا دیمۆکراسی و یەکسانی، بەرامبەر بە سیستەمێکی دیکتاتۆری. چونکە خەڵکی ئێران دژی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێک بوون و هەن. خەڵکی ئێران رژێمی دیکتاتۆریی شایان رووخاند و ئێستا کاتی رووخانی دیکتاتۆریی ئایینی هاتووە!
لەم دوو ساڵەدا:
- دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران گەیشتووەتە خاڵی هەرەلاوازی خۆی و کاتی رووخاندنیەتی کە گومان هەڵناگرێت. خەڵکی ئێران لە جاران زیاتر لە بەدیهێنانی خواست و خەونەکانیان نزیک بوونەتەوە و لە “دۆست و دوژمن”ی خۆیان تێگەیشتوون. دوا قسە بۆ خەڵکی ئێرانە کە بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت دەنگ نادات. خەڵکی ئێران “پڕۆژەی ئیبراهیم رەئیسی”، کە بە زاری خامنەیی “شیرین” بوو، لێیان کرد بە “جامی ژەهر”. هەر بۆیە دوای لەناوچوونی ئیبراهیم رەئیسی، بەڵگەی سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەتدا دەرکەوت و ئاسۆیەکی “روون” لە نزیکبوونەوەدایە.
- پیلانەکانی دەسەڵاتی ئایینی و هەوڵی لایەنگرانی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی”، بۆ داتاشینی “بەدیل” و جێگرەوەی دەسەڵات، لە ئاستی جیهانیدا شکستی هێنا. ئەو تاک و بزووتنەوانەی (لەناکاو) هێنرابوونە ناو گۆڕەپانی سیاسی ئێرانەوە هەموویان ریسوا بوون. هەرکامیان بوون بە بەڵگە بۆ ئەم راستییە کە بێ رەگ و ریشەن لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا و تەنها بۆ ئەوە هاتبوونە ناو گۆڕەپانەکە کە شتێکیان دەست بکەوێت و خەڵک ئێران دڵسارد بکەنەوە لە داواکارییەکەیان، واتا رووخاندنی دەسەڵاتی ئایینی. هەربۆیە درووشمە بریقەدارەکانی ئەوان کە جار و بار لە لایەن بۆندەکانی “دیکتاتۆر”ەوە، پشتیوانی دەکرا و هەر کامەیان بۆ دامرکاندنی راپەڕین و دووبەرەکینانەوە لە ناو گەلدا و هەروەها بۆ خستنە پەڕاوێزی (بەدیلی دیموکراتیک) هێنرابوونە گۆڕەپانەکەوە، کاڵ بوونەوە و دۆڕان و دروشمی سەرەکیی گەل بوو بە “هەمیشەیی”. واتا رووخاندنی دەسەڵاتی ئایینی.
- تاکە ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیک لەدژی ئەم رێژیمە، کە هەم رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە و هەمیش لە ئاستی نێوەدەوڵەتیدا لێدەکرێت، هەم خاوەن هێز و توانایە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ئێران و هەمیش خاوەن هێز و رێکخستن و پلانە بۆ رزگارکردنی کۆمەڵگەی ئێران، هەم خاوەن بەرنامەی روون و نەخشەڕێگا و رێنوێنیی کردارییە، هەمیش لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا تاقیکراوەتەوە و متمانەی خەڵکی بەدەست هێناوە، هەم خاوەن “ئۆرگانی سەرکردایەتیکردنی هەیە بۆ راپەڕین” و هەمیش لێهاتووە لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا، رەوایەت و پێگەی خۆی سەلماندووە.
ئەرکی رەوەندی ئێرانی و لایەنە سیاسییە راستەقینەکانی گەل
ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی راپەڕینی سەرتاسەری و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، ئەم “راستی”یە زیاتر بۆ خەڵکی ئێران دەرکەوتووە کە بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا سەربکەوێت، پێویستە “یەکڕیزیی لایەنەکان” پتەوتر بکرێت و لە دەوری هێزی سەرەکیی گۆڕەپانەکە کۆ ببنەوە تا ئەم یەکڕیزییە پتەوتر بێت لە جاران. مەبەست لە “هێزی سەرەکی” ئەو هێزەیە کە لە بواری کۆمەڵایەتیدا سەلماندی کە “تاکە هێزی رکابەرە لە بەرانبەر دەسەڵات ویلایەتی فەقیهی”دا و توانیویەتی رەوایەتی خەباتی خۆی و گەلەکەی، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی ئێراندا بسەلمێنێت.
جێگە و پێگە و جیددیەتی هەر مرۆڤێکی ئێرانی و هەر هێزێکی ئێرانی لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا، بە دووربوون یان نزیکبوونی لەم هێزە هەڵدەسەنگێنرێت. بە وتەی خانمی مریەم رەجەوی کە لە کۆبوونەوەی ئەمساڵدا موقاومەتی ئێرانی راگەیاند، هەرکەسێک خوازیاری “کۆماری” و “دەسەڵاتی کۆماری” و ئازادی و دیموکراسییە، سەرەتا دەبێت دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی و دیکتاتۆرییەتی فەقیهی بڕوخێنێت. هەر بۆیە سنووربەندیی دیاری ئەمڕۆکەی ئێران، رەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران. چ دیکتاتۆرییەتی شا و چ دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی.
بنەمای بنەڕەتی!
هەر کەسێک و هەر بزووتنەوەیەک، کە دەیەوێت دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بڕوخێنێت، ئەندامی ئەم “یەکڕیزی و یەکگرتووییەی بەرەی گەل”ە، و خەڵک و موقاومەتی ئێران بە “دۆست”ی خۆیانی دەزانن. ئەمە بنەمایەکی بنەڕەتی و خەوشهەنەگرە! هەربۆیە دوژمنایەتیکردنی موقاومەتی ئێران بەدەر نییە لە خزمەتکردن بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا!
مەبەست لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت!
بە وتەی خانمی مریەم رەجەوی کە لە کۆبوونەوەی ئەمساڵدا دووبارەی کردەوە، ئامانج ئەوە نییە دەسەڵاتیێک جێی دەسەڵاتێکیتر بگرێتەوە. بەڵکو ئامانج گواستنەوەی ئەم دەسەڵات و سەروەرییەیە بۆ خاوەن راستەقینەکان، واتا جەماوەری خەڵکی ئێران، کە دەتوانرێت لە سێ رستەدا کورت بکرێتەوە: پشت بەستنی پتەو بە گەل و هێزە جەنگاوەرەکەی. هەبوونی سنوور لە نێوان گەل و دەسەڵاتی پاشایەتی و دەسەڵاتی ئاخوندیدا کە لە لایەن (ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و بنەمای لەسەر (کۆمارێکی دیموکراتیک) بە ناسنامەی (جیاکردنەوەی ئاینن لە حکومەت)ە.
کەواتە، هەر کەسێک یان هێزێکی ئێرانی، بە دووربوون یان نزیکبوون لە هێزی سەرەکی و، پابەندبوونی بە بنەماکانی خەبات و نەخشەڕێگای هەڵدەسەنگێنرێت. سروشتییە کە ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لە رێگادا هەبێت. چونکە دیکتاتۆری و هاوپەیمانەکانی، بە شێوازگەلێکی جیاواز هەوڵ دەدەن بۆ تێکشکاندنی ئەو بناغە و نەخشەڕێگایانە بۆ ئەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران درێژ بکرێتەوە! بەڵام هێزی پابەند و بەرپرسیار و جەماوەری، بە ئەرکی خۆی دەزانێت لەبەردەمیاندا بوەستێت و نەهێڵێت راپەڕین و شۆڕشی خەڵکی ئێران بە لاڕێدا بەرن. وەک ئەوەی لە راپەڕینی ساڵی ١٤٠١دا شاهیدی بووین. وەک “حیجاب”، “توندوتیژی”، “ئایین”، “نەتەوەیی” و…
دوا وشە!
(بەرخۆدان) مافی رەوای گەلی ستەملێکراوی ئێران و رەمزی پێشکەوتن و سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت و سەکۆی ئومێد و ئازادییە. ئەگەر بەرخۆدان نەبێت، هەموو شتێک بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەمێنێتەوە. بەرخۆدان، واتە هێرشکردنە سەر دیکتاتۆرییەت و تێپەڕین بە ناو توندوتیژی و ئایین و نەتەوە و حیجاب و ئاراستەی سیاسی و دانوستان و سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، کە بە قوربانیدان و فیداکاری بۆ گەیشتن بە ئازادیی ئێران و خەڵکی ئێران دێتە دی.
***
Discussion about this post