ھونەرمەند شێرزاد حەیدەری: پەیمانگاکان لە کوردستان ،بۆتە پێگەیەکی زۆر پیرۆز بۆ پێگەیاندنی چەندین ھونەرمەند
ھونەرمەند شێرزاد حەیدەری:لەسەردەستی ھونەرمەند(زرارمحەمەد مستەفا) ئەلف و بێی موزیک فێربووم
ھونەرمەند شێرزاد ئەکرم حەیدەری ناسراو بە (شێرزاد حەیدەری) یەکێک لە ژنیارە بەتوانەکانی کوردستان دەستپێکی ھونەرییەکەی دەگەرێتەوە بۆ تیپی موزیکی پاشای گەورە لە شاری رواندز کاتێ لە ١-٧-١٩٧٧ یەکێک دەبێت لەدەستەی دامەزراندنی تیپی موزیکی پاشای گەورە ئەو لەگەڵ چەندین تیپی موزیکی ناوداری کوردستان عێراق کاری کردوە وەکو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، تیپی مۆسیقای سلێمانی ، تیپی سەمفۆنیای نیشتمانی عێراق ، گروپی موزیکی پەیمانگەی ھونەرجوانەکان ، ئۆرکێسترای کوردستان تیڤی ،گورپی موزیکی پەیمانگای ھونەر جوانەکانی ھەولێر ..چەندین بەرھەمی ناوازەی ھەیە ئێمە بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە چالاکییەکانی لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین دەسپێکی ھونەرمەند شێرزاد حەیدەری چۆن دەستی پێکرد؟
– ئەگەر ئاوڕێک لە رابردوو بدەینەوە لە رووی ھونەرییەوە کۆمەڵگەکەمان زۆر گرنگی بەھونەر نەدەدا بەڵکو زۆر جاریش بەچاوێکی سووک سەیری ھونەریان دەکرد، ئێمەش تاکێکی ناو ئەو کۆمەلگەیەین بۆیە بۆمنێک لە تەمەنی منداڵیم ئەستەم بوو کاری موزیک بکەم بەڵام خانەوادەکەمان کە لە بنەماڵەی (حیدەرییەکان) نین، باوکم بە (ئەکەرم حیدەری) ناسرابوو،تارادەیەکی زۆر باش حەزی لە بواری رۆشنبیری ھونەر بووھەر بۆ یە ئەوھاوکارم بوو ، کاتێ باوکم لە سەرەتای حەفتاییەکانی سەدەی رابردوو سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی (ھەریر) بوو ئەو کات لەو شارۆچکەیە خوولێکی ھونەری موزیکی کردەوە ئەوە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆمنێک چونکە ھەرلەو خوولەوە حەزو و ئارەزووم بۆ موزیک دەستی پێکرد بەتایبەتی بۆ ئامێری کەمان.
دوای ئەوە ئێمە ماڵمان گواستراوە بۆ شاری رواندز لە قوتابخانەی پاشای گەورە دەستم بەخوێندن کرد بە ھۆی بوونی مامۆستا (زرار محەمەد مستەفا) ، کە مامۆستای ھونەر بوو لە قوتابخانەکە ئەو مامۆستایە گروپێکی سرودو گۆرانی لە نێو قوتابیان پێک ھێنا کە لە زۆربەی چالاکییەکانی قوتابخانە بەشدار بووین ،لە ١-٧-١٩٧٧ مامۆستا زرار خوولێکی موزیکی لە وەرزی ھاوین دا کردوە بۆ ئامێرەکان ( کەمان، عود ساز، ئۆکۆردیۆن، بانگۆز،ئیقاع، گیتار) بەندە لەسەر ئامێری کەمان لە خوولەکە بەشدار بووم ، دوای ٣مانگ لە راھێنان و پرۆڤە کردن لە ١-١٠-١٩٧٧ یەکەم نمایشمان لە نێو گۆڕەپانی قوتابخانەی پاشای گەورە بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێ خوێندن سازکرد، ئیتر لەو ساتەوە تیپی مۆسیقای پاشای گەورە کەوتەچالاکی ھونەری ئەندامانی تیپەکەیش بریتی بوون لە ( چەتۆ ساڵح نەورۆز، شێرزاد حەیدەری ، سیروان عەبدوڵڵا،ئامانج غازی، فاروق باپیر،سەید ئەحمەد رواندزی،رزگار جەودەت، رێبوار نوری، بژار نوری..).
دوای ئەوە لە سالی ١٩٨١ لەپەیمانگەی ھونەر جوانەکانی موسڵ / بەشی مویک وەرگیرام و لەساڵی ١٩٨٦ بەپلەی زۆر باش دەرچووم، لەھەمان کاتدا لەگەڵ تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە چالاکییەکانمان بەردەوام بووم و چەندین بەرھەمان بۆ گۆرانیبێژان تۆمار کرد وەکو ھونەرمەندان (نجمەی غوڵامی ، کاڵی ، ئەبوبەکری لەکزی، ھاوتا ئەسعەد، وەلی دۆسکی ، سلێمان ئەحمەد، خدر بێجانی ، سەلام وسامان مرادی چەندانی تر..
وێستگەیەکی تری ژیانی موزیکیم لە ساڵی ١٩٨٧تا ١٩٩٠ ئەندامی تیپی سەمفۆنیای نیشتمانی عێراق بووم زیاتر لە (٤٠) کۆنسێرت بەشدار بووم لە ساڵی ١٩٩٦-٢٠٠٠ چەندین خوولی موزیکم لە شارەکانی (رواندز، رانیە ، سۆران) کردۆتەوەو بەرھەمی باشی ھەبوو چەندین کادری ھونەری لە بواری موزیک پێگەیشتن . ھەروەھا لەسنووری شارەکانی (سلێمانی، ھەولێر،رانییە ، ھەڵبجە، چوارقوڕنە) چەندین کۆنسێرتم ئەنجام داو ھەر لەم ساڵانەش لێپسراوی ھونەرمەندانی راپەرین بووم.
لە ساڵانی ٢٠٠-٢٠٠٥ ئەندامی ئەجوومەنی باڵای یەکێیەتی ھونەرمەندانی کوردستان بووم لە سەرەتای سالی ٢٠٠٠ پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی رانیەمان دامەزراند و دوای ئەوە وێسگەی ژیانم گواستەوە بۆ شاری سلێمانی و ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٢٢مامۆستای پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی سلێمانی بووم بەشدار سەرجەم چالاکییەکانم کردووە وەکو ژەنین ، دابەشکردنی مۆزیک، ئێستاش مامۆستای بەشی مۆزیکی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی ھەولێرم جگە لەوەش بەشداری زیاتر لە (١٠٠) بەرنامەی تەلەفزیۆنییم کردووە .
بۆماوەی (٢) ساڵ بەشداری خوولی ھاوینەی موزیکم کرد لە زانکۆی مۆزارتیۆم لە وڵاتی نەمسا، لەوێش بەشداری چەندین کۆنسێرتم کرد .
* دیارە خاوەن ئەرشیفێکی دەوڵەمەند باشە بابزانین کێن ئەوانەی ھاوکارو پاڵپشتیان کردوویت لە بواری موزیک دا؟
– بێگومان زۆرن ئەوانەی ھاوکارو پاڵپشتیان کردووم ، سەرەتا زۆر سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم کە ھاوکاری زۆریان کردم بۆ ئەوەی بچمە نێو جیھانی موزیک،لە ھەمان کاتدا مامۆستای ھونەرمەند(زرارمحەمەد مستەفا)، ھاوکار و پاڵپشتی زۆری کردووم لەرێگەی ئەو ھونەرمەندەوە فێری ئەلف و بێی موزیک فێربووم ،بۆیە ھات دەمرم منتباری دەبم چونکە جگەلە ھونەر ھەمیشە رێنمایی و ئامۆژگاری دەکردین بۆ ئەوەی ببینە تاکێکی بەسوودی ناو کۆمەڵگە.
*وەکو ئەندامێکی کارای تیپی مۆزیکی پاشای گەورە، بۆچی لە ئێستادا تیپەکە بەرھەمتان نیە؟
– تیپی موزیکی پاشای گەورە تا ساڵی ١٩٩٣ کاروچالاکی بەردەوامی ھەبوو بە ئاستێکی زۆر باش ، بەڵام بەداخەوە بەھۆی شەڕی ناوخۆ زۆربەی ئەندامانی ئەو تیپەپەرت بڵاوبوون ھەندێکیان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کرد، ھەندیکان بۆ شارەکانی ھەولێر و سلێمانی ھەروەھا بژێوی ژیانیش کاریگەری خۆی ھەبوو بۆیە نەمان توانی وەکو جاران کۆببینەوە و چالاکی ئەنجانم بدەین.بەڵام لەئێستاوە ماوەی دووساڵە خۆمان کۆکردۆتەوە ، چەندین لاوی تازە موزیکیش دورست بووە ، بەھۆی کردنەوەی پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی رواندز توانیمان لە مانگی ھەشتی ٢٠٢٣ (دیدار و فیستیڤاڵی رۆژی ھونەر) ئەنجام بدەین ، بگەرێینەوە سەر کارەکانمان بەوھیوایەی بتوانینن لە ١-٧-٢٠٢٤ کە رۆژی ھونەرە لە رواندز فیستیڤاڵیکی نایاب بەو بۆنەیەوە ئەنجام بدەین.
*کامەن ئەو ھونەرمەندانە، کە بە ژنیان سەرسامیت و کاریگەریان لەسەر تۆ ھەبوو؟
– ئەوەی راستی بێت من زۆر سەرسام بووم بە ژەنینی ھەردوو ھونەرمەندی گەورەی کورد (ئەنوەر قەرداغی ) و (دلشاد محمەدسەعید) ئەو دوو ھونەرمەندە لە باری ژەنین و ئامادەکار و دانانی موزیک بەتوانان لە ھەمان کاتدا رۆڵیکی بەرچاویان ھەبوو لە خزمەتی ھونەری موزیکی کوردی.
چۆن موزیکی کوردی، دەگاتە ئاست موزیکی جیھانی؟
– موزیکی کورردی وەک میلۆدی و فۆرم ھیچی کەمتر نییە لە ئاستی میلۆدییەکان و فۆرمەکانی موزیکی تری جیھان،بەڵام لێرە خاڵێک ھەیە ئێمەی موزیسیانەکان یاخود ئەوانەی لە بواری (دانان)ی موزیک کاردەکەن دەبێت سوود لە تیۆریەکان و جوانکاریانەکانی موزیکی جیھانی وەربگرین ، لە نێو میلۆدیەکانی خۆمان بەکاری بین ئەو کاتە موزیکی کوردی بەرەوە ئاستێکی باشتر دەڕوات لەم بوارشەدا کۆمەلێک لە (کۆمپۆسەرەکان ) دانەرەکانی موزیکی کورد کاریان لەسەر ئەمە شێوازە کردووە موزیکی کوردیان گەیاندۆتە ئاستێکی باش وەکو ھونەرمەندان (عەبدوڵا جەمال سەگەرمە، دلشاد محەمەد سەعید، کارزان محمود فقێ، زۆزک قەرداغی…ھتد)،ئەم ھونەرمەندە بەرێزانە لە کوردستانی باشوور کاری نایابیان ئەنجام داوە.
*وەکو ھونەرمەندێک، لایڤ موزیک بۆ ژنیار تاچەند پێویستە؟
– من دەمێکە وتوومە (لایڤ موزیک) یاخود موزیکی راستەوخۆ کارێکی ئاسییە،وەک کارەکانی تری ژیان ،لە ھەموو بوارەکاندا،بەڵام بەمەرجێک ،موزیکی کوردی نەکاتە قوربانی موزیکی تورکی و عەرەبی ئەوانی تر.ڕوون و ئاشکرایە ژەنیارەکانمان ئەرک و شەو نەخونیان زۆر کردوە تابگەن بە ئاستێکی باشی ژەنیین تا بتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی دابین بکات لە رێگەی لایڤ موزیکەوە وەک ھەموو پسپۆریەکانی تری ژیان. بەداخەوە ئەم کارە تەنھا لەناو کوردا کارێکی نامۆیە یاخود بە باشی نازانن،کەچی لە ھەموو دونیا ئەم کارە بەرێزییەوە سەیری دەکرێت ئەوانەی لایڤ موزیک دەکەن ژنیاری زۆر باشن و ئاستێکی زۆر باشیان ھەیە نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ژەنینی راستەو خۆ زۆر قورسترو گرانترە لە ژەنینێک کە بەشێوەی تۆمار کردن بێت ،لەھەمان کاتدا لایڤ موزیک توانستی ژنیار بەھێز دەکات لەرووی کرداریدا.
*لەنێو موزیکی کوردیدا،لەئێستادا چەندین فۆرم وشێوازی جیاواز ھەن ئاستی موزیکی کوردی چۆن دەبینیت؟
– موزیکی کوردی خاوەنی چەندین فۆرمی جوانی موزیکین ،چەندین فۆرمی موزیکمان ھەیە وەک (حەیران،لاوک، قەتار،ئەڵاویسی، سیاچەمانە…) ئەمانە نموونەی فۆرمی جوانی کوردین ،بەڵام دەبێت بەشێوەیەکی زانستی کاری لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی جوان و پیرۆزتریان بکەین وبە موزیکی گەلانی جیھان بیاناسێنین.
*بەرێزتان ساڵانێکە مامۆستای بەشی موزیکن لە پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی سلێمانی و ھەولێر چۆن دەڕوانیتە ئاستی قوتابیان ؟
-پەیمانگەکان لە کوردستان ،بۆتە پێگەیەکی زۆر پیرۆز بۆ پێگەیاندنی چەندین ھونەرمەند لە ھەموو بوراەکان دا بەتایبەتی لە بورای موزیک زۆربەی ھەرە زۆری ژنیارە بەتوانەکان دەرچووی پەیمانگەی ھونەرجوانەکانن ،لە ئێستادا چەندین تیپی موزیکی لەکوردستان ھەن بەشی زۆریان بەرھەمی ئەم شوێنە ھونەریەن بۆیە کاریگەری ئەرێنی ھەبووە ،بەڵام من لەگەڵ زۆری بۆری نیم لە کردنەوی ئەو ھەموو پەیامانگەیانە بەباشی نازانم ناکرێت لەھەر شارێک پەیمانگە یەک ھەبێت ،بۆیە من پێشنیار دەکەم پەیمانگاکان کەم بکرێتەوە چونکە ئەوەندە کادیری ھونەری زۆرەمان نییە بۆئەوەی ئەو ھەمووپەیمانگەیانە بەرێوەببن.
*ماوەیەکە لەگەڵ چەند ھونەرمەندێک،خەریکی دانانی میتۆدێکی ھونەرین بۆ وانەی پەروەردەی ھونەری لە ناوەندەکانی خوێندن ئەکرێت روونکردنەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە بدەیت ؟
– ئەوەی راستی بێت لە ئێستادا لە وەزارەتی پەروەردە لە بەرێوەبەرایەتی پرۆگرامەکان خوێندن من وەک سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی رێبەری مامۆستا و پرۆگرامی خوێندنی پەروەردەی ھونەرم بۆ بازنەکانی (١،٢) وبەشێوەی دیجیتاڵکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەو بازنانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد بەمەبەستی تۆمارکردن و دانانی ئاواز بۆ ھۆنراوەکانی ناو دەسپاکی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە کاری زۆر باشمان کردووە لەئێستادا گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی کارەکانمان ھەنگاوی باشمان بڕیوە.
سەبارەت بە وانەی پەروەردەی ھونەر و میتۆدەکان و رێبەری مامۆستالەم بوراەشەدا کاری زۆر باش کراوە بەپێی پسپۆرییەکان واتە ھەرسێ بەشە ھونەرییەکە(موزیک،شانۆ وشێوەکاری) ، بۆیە ئەو رێبەرە ،زۆرگرنگ دەبێت بۆ مامۆستایانی وانەی پەروەردەی ھونەری ، بەوھیواییەی لە ساڵی داھاتووی خوێندن ئەو رێبەرە بۆ مامۆستایانی ھونەری ئامادە بێت ببێتە فاکتەرێکی باش بۆ وانەی پەروەردەی ھونەری.
*ئێمە لە کۆتایی ئەم ھەڤپیڤینەدا زۆر سوپاست دەکەین.
– منیش سوپاسی ئێوە و خوێنەران دەکەم زۆر سوپاس.
Discussion about this post