ھێرۆ جەواد: لە کوردستان ڕەخنە گری شانۆیی زۆر باش و بە توانامان ھەیە، بە ووردی ڕەخنە کانیان دەخوێنمەوە
ھێرۆ جەواد: ئاستی شانۆی کوردی لە ئێستادا زۆر بەباشی دەبینیم
خانمە ھونەرمەند ھێرۆ جەوادمحەمەد ناسرا و بە(ھێرۆ جواد ) یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە ،دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانییە تائێستا بەشداری چەندین شانۆگەریی و کورتە فلیم و درامای تەلەفزیۆنی کردوە ھەروەھا کاری دەرھێنان بۆ چەندین شانۆگەری کردوە وەکو( دارستانی بەختیاری ،بۆیاخچیەکان یادگاریان نیە، جەنگی ژنێک..) وەکو ئەکتەر بەشداری چەندین شانۆگەریی کردووە لەوانە( ژووری ژمارە شەش، وەرن ئێمەش ببینن، توندو تیژی ، یاداشتەکانی عەرعەر ،عەترەکانی عەربستان ،ژنانی شارەکەم ،نماز ، زنە ، زەماوەند ، چوار ، جەستەی ژن ، ئێوارەی گوڵە مێخەک ، سێ خوشک ، بیرەوەری ونبوویەک ،شالیر و جادووگەرانی ماکبێس…) ھەروەھا بەشداری چەندین کورتە فیلم و درامای کردووە لەوانە (خومار لەدوا سەردانەوەیدا ،گەرمیان کوێستان ، خوناو ، ئەڵقە ، تاریکی ، گەڕان ، ساتەکانی ژیان ، سۆما ، شەوێک..) لە ئێستادا ھونەرمەند( ھێرۆ جەواد )، مامۆستای پەروەدەی ھونەرییە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی بەمەبەستی ئاشنا بوون بە کارە ھونەریەکانی بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرانمان باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە ھونەری شانۆ بکەیت؟
– سەرەتای ئاشنابوونم بەھونەری شانۆ کاتێ چوومەپەیمانگای ھونەرە جوانە کانی سلێمانی لەبەشی شانۆ وەرگیرام،پەیمانگا بوو وێستگەی دەست پێکردنم بە کاری نواندن ،ھەرلەوێ خۆشە ویستی شانۆ لە دەستی پێ کرد بەشداری چەندین کاری شانۆییم کرد.
*تۆ شانۆت ھەڵبژارد یان شانۆ تۆی ھەڵبژرارد؟
– کاتێ بە ویستی خۆم چوومە پەیمانگا، واتە خۆم شانۆم ھەڵبژارد ،بێگومان حەزو ئارەزوویەکی زۆرم ھەبوو بۆ ھونەری نواندن ھەوڵێکی زۆریشم دا بۆئەوەی بەردەوامی بەم حەزوو ئارەزووە بدەم.
*رۆڵی شانۆ لەژیانی گەلان چۆن دەبینیت؟
– دەستەواژێکی شانۆ ھەیە دەڵێت (شانۆ قوتابخانەی گەلە)،ھونەری شانۆ لەرێگەی جەستەی ئەکتەر بەشێوەیەکی زیندوو پێشکەش بە بینەران دەکرێت،خاڵێکی تری شانۆ ئەوەیەکە زۆربەی ھونەرەکانی تر وەکو موزیک ،شێوەکاری لە نێو شانۆدا بوونیان ھەیە لە ھەمان کات دا ئەدەبیش لەرێگەی دەقی شانۆیی رەگەزێکی گرنگی شانۆیە ھەربۆیە بەباوکی ھونەر ناوزەند کراوە، لەبەر ئەم فاکتەرانە پێگەی ھونەری شانۆ رۆڵێکی گرنگی ھەیە لە گۆرانکاری کردن و ھۆشیارکردنەوەی گەلان.
*خاتوو ھێرۆ جەواد کاریگەری کامە شانۆکاری لەسەرە ،یاخود بە نواندنی کامە شانۆکار سەرسامە؟
– ئەوەی راستی بێت حەز ئەکەم تەنھا خۆم کاریگەریم لەسەرخۆم ھەبێت ،ڕێزی زۆرم بۆھەموو شانۆکارەکانی تریش ھەیە بەڵام حەز ئەکەم تەنیا لەخۆم بچم لە ھێرۆ جواد بێگومان ھونەرمەندی زۆر باش و بەئەزموونیشمان ھەیە ھیوای سەرکە وتنیان بۆ دەخوازمشن لێرەوە رێزو سڵاو ھەیە بۆیان،بەڵام ئەوە حەزوو ئارەزووی خۆمە.
*چۆن دەڕوانیتە رەخنەگرانی شانۆ لە کوردستان؟
-لە کوردستان ڕەخنە گری شانۆیی زۆر باش و بە توانامان ھەیە زۆر بە باشی قەڵەمەکانیان دەخەنە سەر نمایشەکان، من زۆر بە ووردی ڕەخنە کانیان دەخوێنمەوە وە دەست خۆشی زۆرم ھەیە بۆیان چونکە دوورن لە مجاملە ی شانۆکاران ھیوای بەردەوامیان بۆدەخوازم ھیچ کارێکی ھونەریش کامڵ نیە ، بۆیە ھیچ کارێکیش بێ ڕەخنە نابیت بە ڵام ڕەخنەی ڕوو خێنەر نا،بەڵکو رەخنەی بنیاتنەر بێت لەپێناو خزمەتی کارەکەدا بێت.
*تاچەند ( دەق ) گرنگە لە پرۆسەی نمایش دا؟
– دەق رەگەزێکی گرنگ و گەورەو گرانی سەرکە وتنی ھەموو کارێکی شانۆیە ،رۆڵێکی سەرەکی دەبینیت لە پرۆسەی نماش دا ،چونکە دەق نیوەی دەرھێنانە بۆیە ھەڵبژاردنی دەق بۆ ھەر دەرھێنەرێکی شانۆیی گرنگەبەجۆرێک دەبێتەفاکتەرێک بۆ سەرکەوتنی نمایشەکە.
*ئێوە خاوەن چەندین خەڵاتی شانۆین،دوا خەڵات وەکو باشترین ئەکتەر دووەمی کچ لە فیستیڤاڵی شەشەمی نێودەوڵەتی شانۆی عێراق وەرگرت ھەستت چۆن بوو؟
– بێگومان خە ڵات بۆ ھەرھونەرمە ندێک گرنگە،پاڵ پشت و ھاندانێکی گەورەیە بۆ ھونەرمەند بە دڵنیاییەوە، شانازی بەھەموو خەڵاتەکان دەکەم وھەستێکی زۆر خۆشە لە ھەمان کاتەدا خەڵات وا لە ھونەرمەند دەکات زیاتر ھەوڵ بدات بۆ ئەوەی ئەو توانستییەی ھەیەتی پێشکەش بکات. بە ڵام نابێ بەدەست ھێنانی خە ڵات ببێتە ھۆی ئەوەی کەھونەرمەند توشی لوت بەرزیت بکات بەڵکو دەبێت ھەوڵی زیاتر بدات بۆئەوەی بەرەوە سەرکەوتنی گەورەتر ھەنگاو بنێت.
*لە ئێستادا شانۆی کوردی لە چ ئاستێک دایە، پێتان وایە شانۆی کوردی لە قەیران دایە؟
– بە پێچەوانەوە ئەوەی من دەیبنم و بەردەومیشم شانۆ لە شارەکەی مندا زۆر زیندووە و لە قەیران دا نیە ئەوەی قە یرانە …بەداخەوە قەیرانی ئابوری و سپۆنسەری کەمی کارە شانۆییەکانە ئەگەر نا ئێمەی شانۆکاران لە ئامادەباشی داین بۆ ھەرکارێکی شانۆییدا بەشداربین، شانۆکارانی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دەروەوەی عێراقیش ئامادەبوونیان ھەیە بەشداری فیستیڤاڵە شانۆیییەکان دەکەن و خەڵاتیش بەدەست دەھێنێن لە شارەکەی من ھیچ مانگێک بە بێ نمایشی شانۆ تێپەر ناکات بۆیە من ئاستی شانۆی کوردی لە ئێستادا زۆر بەباشی دەبینیم.
*لەرێگەی ئەم دیدارە چ پەیامێکی کەسی یاخود ھونەریت ھەیە بۆشانۆکاران و بینەرانی شانۆ ؟
-پەیامی من پەیامی خۆ شەویستی و یەکڕیزییە ، بەجۆریک ھونەرمەند دووربیت لە قاچ شکاندنی یەکتری و ناوزڕاندن چونکە ھونەرمە ند زۆر گەورەیە،پێویستە خۆی بە دوور بگرێت لەو دیاردە ناشرینە ھیوای ئەوە دەخوازم ھونەرمەندان ھەمیشە لە لوتکە دابن کاری جوانتر و باشتر پێشکەش بە بینەران بکەین.
* ھیچ پرۆژەیەکی نوێی ھونەریتان ھەیە؟
– بەڵێ کاری نوێم ھەیە، بە شداری درامایە کم کردووە ڕۆڵی سەرەکی لە درامایەکە دەبینم ،بەڵام نازانم لە کام کەناڵ پەخش دەکرێت درامایەکە بە ناوی (کرێچیە کان)-ە لە نووسینی (شوعلە شەریعەتی )یە نووسەر و ھونەرمەند “پێشڕەو حسێن ” کاری وەرگێڕانی کردووە ھونەرمەند (کاوە ئەحمەد میرزا) پێداچوونەوەی بۆ دەقەکە کردووە، ھونەرمەند(ئەنوەر قەرەداغی ) کاری موزیکی دراماکە ئامادەو جێبەجێ دەکات ،کاری دەرھێنانی لەلایەن ھونەرمەند (دکتۆر غەسان عەبدوڵا) بۆکراوە . ھەروەھا لە ئامادەکاری داین بۆ کارێکی شانۆ لەگەڵ کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان مامۆستای بە ڕێز مامۆستا “شە فیق “کاری دەرھێنانی بۆ دەکات بەمەرجێک ئە گەر داھاتی کارە شانۆ کەمان بۆ دابین بکەن.
* ئێمە لە کۆتایی ئەم ھەڤپیڤینەدا زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئیمەت بەخشی.
– منیش زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم بۆ ئەوسەرکردنەوەتان.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
Discussion about this post