ھونەرمەند و میدیاکار جاسم وەندی:بەداخەوە لە ئێستادابەشێک لە بێژەران زانیاران وەک پێویست نیە
کاتێ باس لە رادیۆ کوردی بەغدا دەکەین ،چەندین ھونەرمەندو میدیاکار بەبیرمان دێنەوە یەکێک لەو میدیاکار و ھونەرمەندانە دەرھێنەرو ئامادەکارو پێشکەشکار و ھونەرمەند (جاسم وەندی)یە کە ساڵانێک لەو رادیۆیە دڵسۆزانە خزمەت بە کلتوو و فەرھەنگ و ھونەرمەندانی کوردستانی کردوە. ھونەرمەند و راگەیاندکار جاسم محەمەد مستەفا ناسراو بە (جاسم وەندی) لە ساڵی ١٩٥٠ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە رادیۆی و تەلەفزیۆن بەغدا دەستی بەکاری ھونەری کردووە خاوەنی چەندین بەرنامە بووە وەکو پێشکەش کار و ئامادەکار و دەرھێنەر ، ھەروەھا لە بواری ھونەری گۆرانی وتن خاوەنی چەندین گۆرانییە لەدوای راپەرینی خەڵکی کوردستان لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ھونەرمەند و میدیاکار (جاسم وەندی) لە ساڵی ١٩٩٢،بڕیار دەدات بگەرێتەوە کوردستان ھەوای ئازادی ھەڵمژێت لە نێو ئازادی کوردستان دەست بەکاری راگەیاندن دەکات لە کوردستان تیڤی پاشان لە دەنگی کوردستانی عێراق و لە تیڤی گوڵان تیڤی و زاگرۆس لە ئێستاشدا لە دەزگاری سەتەلایەتی کوردستان تیڤی بەردەوامە بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە ھونەرمەند جاسم وەندی بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین – کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین جاسم وەندی چۆن جیھانی رادیۆی ناسی؟
– من لەسەرەتای گەنجیمەوە خولیای ھونەر ھەبوو،کاتێ قوتابخانەی سەرەتاییم تەواو کردلە قوتابخانەی (ئەلوەند) لە شاری خانەقین،بەبەردەوامی گوێم لە رادیۆ دەگرد ئەو کات لەگەڵ براگەورەم دەچوومە چایخانە لەوێ دەچوومە لەلای جیھازی رادیۆ دادەنیشم گوێم لە گۆرانی عەربی و کوردی دەگرت بەتایبەتی گۆرانییەکانی ھونەرمەندان (عەلی مەردان ،حسێن عەلی ، عەبدولحەلیم حافز ، محەرەم فوئاد، عەبدولوەھاب…) ئەمش بووە فاکتەرێک کە، رۆژێک لە رۆژان بچمە رادیۆ بۆ ئەوەی ئەو ھونەرمەندانە ببینم بتوانم کاریان لەگەڵدا بکەم بەجۆرێک چوونم بۆ رادیۆ بووە عشق و خەون و خەیاڵم بێ ئەوەی بزانم رۆژێ دەێت ئەو عشق و خەیاڵە دەبێتە راستی ھیوایەکەم دێتەدی لە حەفتاییەکانی سەدەی رابردوو دەبمە کارمەندێکی ئەو دەزگایە لەبەغدا .
*کەواتە بابزانین چۆن ئەو عشق و خەیاڵە بوو بەڕاستی؟
بەڵێ ، رۆژیک ھونەرمەند (ناسرحەسەن) سەردانی شاری خانەقینی کرد راپۆرتێکی لەسەر شاری خانەقین بۆ تەلەفزیۆنی بەغدا ئامادە دەکرد،لەمیانی راپۆرتە کەدا من گۆرانییەکم لەسەر ئاوی ئەڵوەن ووت کاک ناسریش وتی تۆ دەنگت زۆر خۆشە بۆ نایەتە رادیۆ بۆ ئەوەی چەند گۆرانییەکەت بۆ تۆمار بکەین ،بەداخەوە ئەو کات دەرفەتم نەبوو چونکە قوتابی بووم ..بەڵام وتەری ھونەرمەند ناسر حەسەن ھەر لەمێشکم دابوو تا رۆژێک خزمێکمان لە بەغدا بوو وتی دەنگت زۆر خۆشە بۆنایتە رادیۆ من ھاورێیەکەم لەرادیۆ ھەیە بەناوی (عەبدولھادی موبارک) منیش زۆرم پێخۆش بوو، چوومە رادیۆ لەلایەن لیژنەی تایبەتی رادیۆ ئەو کات لیژنەیەکی تایبەت ھەبوو بۆ وەرگرتن و تۆمارکردنی گۆرانی سوپاس بۆ خوا من، بەسەرکەوتووی دەرچووم پاشان پێیان ووتم تۆ کوردی بڕۆ رادیۆی کوردی کاتێ چوومە بەشی کوردی منیان لە ئەرشیف دانا تا ئەو کاتەی شارەزاییەکی باشم لە گۆرانی و گۆرانیبێژان پەیداکرد.
*لە رادیۆ خزمەتێکی زۆری ھونەر و ھونەرمەندان کردوە ئەو بەرنامەنەی وەکو دەرھێنەر و ئامادەکارو پێشکەشکار کردوون ئەکرێ ئاماژەیان پێبدەیت؟
– بێگومان بەرنامەکان زۆرن دەتوانم بڵێم ھەر ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، تا ساڵی ١٩٩٢ زۆربەی بەرنامەکانی رادیۆ لە تۆمارکردن و دەرھێنانی من بوو ،بەرنامەم بۆ زۆربەی ھونەرمەندان و ئەدیبان تۆمار و کاری دەرھێنانم بۆ کردوون تەنانەت کاری دەرھێنانم بۆ بەرنامەی منداڵان کردووە کە لە ئامادەکردون وپێشکەش کردنی خاتوو (سەمیرە محەمەد عەلی) بوو ھەروەھا کاری دەرھێنانم بۆ بەرنامەی خاتوو(سەعدییە شەریف) خێزانی خودالێی خۆش بێت نووسەر (مەحموود زامدار)کردووە، بەرنامەی (ئێوەو ئەو ھونەرمەندە) لە ئامادەکردنی و دەرھێنانی خۆم بوو توانیم لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندانی کوردستان دیداری ھونەریان لەگەڵدا ساز بدەم ،تەنانەت لەو بەرنەمەیەدا دیدارم لەگەڵ ھونەرمەندانی رۆژھەڵاتی کوردستانیش ئەنجام دا وەکو: نەجمەدینی غوڵامی و کاڵێ وخودالێی خۆش بێت تاھیری خەلیلیی ھەروەھا لەوکاتەی تیپە مۆسیقاکان سەردانی بەغدایان دەکرد ،کارم بۆ کردوون ھاوکاری باشم دەکردن وەکو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تیپی مۆسیقای باواجی تیپی مۆسیقای دھۆک دەتوانم بڵێم زۆربەی ھونەرمەندانی ھەولێر و سلێمانی و کرکووک و دھۆک و رواندز و کۆیەو خانەقین ھاوکاریم کردوون وە گۆرانییەکانیان بۆم بڵاودەکرنەوە .
*رادیۆی بەغدا ئەرشیفێکی دەوڵەندی ھونەری کوردی بوو دوای ئەو روداوانەی لە عێراق رویدا، چی بەسەر ئەو ئەرشیفە ھات؟
– رادیۆی کوردی بەغدا خاوەن ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی ھونەری کوردی بوو، سەرچاوەیەکی رۆشنبیری ھونەری کوردی بوو چەندین وتارو بەرنامەی رۆشنبیری لەگەڵ کەڵە کەسایەتییەکان لە نێو ئەرشیفەدا ھەبوون سەدان بەرھەمی ھونەرمەندان و شاعیران و ئەدیبان کە بەدەنگی خۆیان تۆمار کرابوون چەندین گۆرانی منداڵان ھەبوو سەدان چیرۆکی تەمسیلی لەنێوئەو ئەرشیفەدبوون، بەداخەوە زۆربەیان فەوتان لەزۆر شوێن گوێم لێبووە کە ھەندێ لەو ئەرشیفانەلە فەوتان رزگار کراون کەسانی دڵسۆز لە دوای رووخانی رژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەرشیفەکەیان بەروە کوردستان ھێناوە بەڵام لە کوێییە ئەوە من نازانم ئەرشیفی ئەو رادیۆییە لە ھەموو ئیزگەکان دەوڵەمەنتر بوو .
*زۆرێک لە گۆرانیبێژان لەرێگەی رادیۆی کوردی بەغدا دەرکەوتن تۆبەچەندین شێوە ھاوکار یان بوو لە تۆمارکردنی گۆرانییەکایان ئەکرێت ئاماژەیان پێبدەیت؟
– من ئەوە بەخزمەتکردن بە ھونەری کوردی دەزانم شانازی دەکەم کە ھاوکاری ئەو ھونەرمەندانەم کردووە،پێشتریش ئاماژەمان پێدا ھەندێکجار بیسەرانی رادیۆش سەردانییان دەکردین .جارێکیان ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (وەلی دۆسکی) رێزو خۆشەویستیم ھەیە بۆی ھاورێیەکی نزیکی منە پێم گووت ئێوە وەکو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تیپێکی گەورەن بۆنایەن بۆ رادیۆ بۆئەوەی چەند گۆرانییەک تۆمار بکەن؟ وتی زۆرمان پێباشە بەڵام چۆن بێن وتم من بۆتانی رێکدەخەم ئەوکات بەناوی مامۆستا (زرارمحەمەد مستەفا) یاداشتێکم بۆ بەرێوەبەری رادیۆ (شاکر مەنسوڕ) نووسی ئاماژەم دا کە وەکو تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دەمانەوێت چەند گۆرانییەک لە رادیۆی کوردی لەبەغدا تۆمار بکەین ، دوای رەزامەندی وەرگیرا سەرجەم ئەندامی تیپەکە ھاتنە بەغدا لە رادیۆ (١٢) گۆرانیمان بۆ تۆمارکردن بۆ گۆرانیبێژان (وەلی دۆسکی ،ئەحمەد محەمەد شریف ..) دوای گۆرانییەکانم خستە سەر بەکرەی گەورە کە پێان دەوت “ئێمی” بۆ ئەوەی لە تەلەفزیۆن کلیپی بۆ بکەن رێزم بۆ تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی رواندز ھەیە.. ھەورەھا ھاوکاری چەندین گۆرانیبیژی ترم کرد وەکو ھونەرمەندان (سابیر کوردستانی ،ئیسماعیل کوێستانی ،حەسن ھەیاس،مەھدی مەجید،عەلی حسێن وەندی ،نوری باریکە چەندانی تر…) بێگومان من، بەھاوکاری کارمەندانی رادیۆ ئەو خزمەتەمان دەکرد لێرە چاویان ماچ دەکەم کە زۆر دلسۆزانە کارمان دەکرد رۆحی کۆچکردوانیش خۆش بیت.
*کاتی خۆی بەرنامەکانی رادیۆی کوردی لە بەغدا بیسەرێکی زۆری ھەبوو،لەو بارییەوە چی دەڵێت؟
– رادیۆی کوردی لە بەغدا لەوماوەیەدا کە بەرنامەکانی پەخش دەکرد ،رۆژ لەدوای رۆژ بیسەری بەکۆمەڵ زیاد دەکرد ،ھۆکاریش زۆرن وەکو بەرنامەکان پڕبوون لە بابەتی ئاینی ،رۆشنبیری ، زانستی،ھەواڵی سەیرو سەمەرەی جیھان لەھەموو گرنگتر ئامادەکردن و پێشکەش کردنی بەرنامەکان کەسانی رۆشنبیر بوون زۆربەیان ئەدیب بوون بۆیە رادیۆ ببووە پردێکی دڵسۆزی نێوان بیسەران متمانەیەکی پتەو دروست ببوو ھەر لەمیانی بەرنامەکان دا دیار و خەڵات ھەبوو ھەر بەرێزێک خەڵاتی یان دیاری ھەبووایە وەکو رێزلێنانێک پێشکەشکار یان ئامادەکار، یان دەرھێنەر خۆی دەچووە شوێنەکە چ لەشار بێت یاخود لەگوند خەڵاتەکەی پێشکەش بە کەسەکە دەکرد و لە ھەمان کاتدا دیداریشیان لەگەڵ تۆمار دەکرد ھەر بۆ زانیاریان ھەرلەرێگەی بەرنامەکانی رادیۆ لەرێگەی گۆڕینەوەی نامەکاندا چەندین ھاوسەرگیری لە نێوان بیسەران دروست بوو ئەوەش بۆ دڵسۆزی کارمەندانی رادیۆ دەگەرێتەوە ، کەھەمیشە ھاوکار و دڵسۆزی بیسەران بوون.
*رەوشی رادیۆییە کوردییەکان لە ئێستادا چۆن دەبینیت؟
-بەداخەوە لە ئێستادا پەخشی رادیۆییەکان تەنیا ناخۆییە ،بەرنامەکانیان وەک پێوست نییە ، بەشێک لە بێژەران زانیاران وەک پێویست نیە ،ناتوانن بچەنە ناو خەڵکەوە ،گوزراشت لە ناسۆرییەکان ھاوڵاتیان بکەن ..چونکە زۆر گرنگە، رادیۆ بتوانی چۆن بیسەر بۆ خۆی رادەکێشێت دەبێ بێژەر خاوەن زانیارییەکی باش بێت من وای دەبینم لە ئێستا بە ھۆی زۆری ئامێرەکانی پەیوەندی سەردەمی تەکنەلۆژیا و سۆسیال میدیا بیسەرانی رادیۆ کەم بۆتەوە بۆیە دەبێ رادیۆ لە ئێستادا بەشێوەیەکی مەیدانی کار بکات لە ناو کێشەو گرفتەکانی خەڵک بێت ھەمیشە پردێک بێت لە نێوان جەماوەر و دەسەڵات بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکانیان بکات ،بەڵام ئایا لە ئێستادا رادیۆ دەتوانێت ئەم کارە بکات بەداخەوە من ئەوە نابینیم ھەرچەندە چەند بەرنامەیەک لە ھەندێ رادیۆ ھەیە باشن بەڵام ھێشتا وەک پێویست نیین.
*بەرێزتان وەکو گۆرانیبێژ خاوەنی چەندین گۆرانیین بابزانین چۆن دەستت بە گۆرانی وتن کرد؟
-من لە قوتابخانە بەشداری زۆربەی چالاکییەکانم دەکرد ،بەتایبەتی لە کاتی سروود و گۆرانی ھەر وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا دوای ئەوەی لە رادیۆ تاقیکرامەوە،بەسەرکەوتوو دەرچووم ،یەکەم گۆرانیم بەناوی (باڵا بەرز) تۆمار کرد لە شیعری ئەنوەر ساڵح و ئاوازەکەی لەلایەن سەمیر زاخۆلی بوو ..دوای ئەمە چەندین گۆرانی تریم بڵاوکردەوە وەکو (لەیلی لەیلی) (بەوبەو) (گوڵی زرەد و سور) ( تەمەن) (بیروە بیرەوە) (نەورۆز) چەندانی تر ژمارەی سەرجەم گۆرانییەکم نزیکەی (٢١) گۆرانییە بەڵام بەداخەوە ھەندکێکیان فەوتان.. من لەئێستادا کەم گۆرانی دەڵێم، بەڵام ھەندێک جار لە ئاھەنگی تایبەت گۆرانی دەڵێم بەڵام لە خزمەت کردنی گەلەکەم و وڵاتەکەم لە کاری راگەیاندن ھەر بەردەوامم .
*ھەندێ لە گۆرانییەکانت کلیپ کراو لەئێستا چۆن دەڕوانیتە کلیپی گۆرانییەکان؟
– دەتوانم بڵێم کلیپ کردن بۆ گۆرانی کارێکی جوان و باشە بەداخەوە ھەندێ لە کلیپەکان باش نیین ئێمە گۆرانیبێژی زۆر باشمان ھەیە بەڵام ھەندێ لە کلیپەکان تەنیا ئافرەت بەشێوەیەک دەردەکەون کە لەگەڵ داب و نەریتی ئێمەی کورد ناگونجێت بەجۆرێک وا لە بینەر دەکات نەگوێ لە دەنگە نەلە ئاوازەکە نە لە شیعرەکە نەگرێت بۆیە گۆرانییەکانی ئێستا کاتین چەند رۆژێکەو دوای ون دەبن کەچی ئەگەر ئاوڕێک لە گۆرانیبێژانی رابردوو بدەینەوە دەبینین گۆرانییەکانیان بەنەمری ماونەتەوە ھیچ کلیپشیان نەبووە وەکو ھونەرمەندان حەسن زیرەک ، تاھیر تۆفیق، محەمەد عارف جزیری، عەلی مردان ، محەمەدی ماملێ ….کاتێ گۆێ لە گۆرانییەکانیان دەگرین وادەزانی ئێستا وتراون بۆیە ئەگەر ھونەرمەند دەنگ خۆش بێت پێویست بە کلیپ ھەرناکات..
*بۆچی لەئێستادا بەرھەمی گۆرانیت نییە؟وازت ھێناوە لە گۆرانی وتن ھۆکارەکەی چییە؟
– ئەوەی راستی بێت من بەیەکجاری وازم لە گۆرانی وتن نەھێناوە،بەڵام باردۆخەکە وای لێکردووم لە گۆرانی وتن دوور بکەمەوە ، ھەرچەند تائێستاش من خۆم بە گۆرانیبێژ دانەناوە ،وەکو ئارەزوو گۆرانیم وتووە من زیاتر وەکو میدیاکارێک کار دەکەم بەتایەبتی لەبواری دەرھێنان ئەگەرچی لە ئێستاش کەمێک لە بواری راگەیاند دوورکەوتوومەتەوە بەڵڕم ھەر لەناو کەشی راکەیاندنم ئەگەر کاری باش ھەبێت من ئامادەم چ لەبواری تەلەفزیۆن یان رادیۆ یان شانۆ بێت دەیکەم چونکە پێشتریش من کاری دەرھێنانم بۆ شانۆ کردووە لە شاری خانەقین شانۆگەری (ئەڕاکێ) لە نووسینی خودا لێی خۆش بیت ئازاد خانەقینی بوو من کاری دەرھێنانم بۆی کردبوو لە تیڤی زاگرۆس کاری دەرھێنان بۆ چەندین بەرنامە کردوە سەرقاڵ یم بەو کارانە وای لێکردووم لە گۆرانی گوتن دوو ربکەمەوە ،بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا ماوەیەکە خەریکی گۆرانییەکی نوێم وەکو دوا بەرھەمم بڵاودەکەمەوە، چونکە ھونەر لەلای من عیشق بووە تاکوو ئێستاش ھەر عاشقم .
Discussion about this post