ژیار ئیسماعیل: شانۆ کاریگەری بنچینەیی لەسەر کۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاک ھەیە
ژیار ئیسماعیل: ناتوانم بیربکەمەوە ئەگەر شانۆکار نەبم
خاتوونی ھونەرمەند “ژیار ئیسماعیل” یەکێکە لەوئەکتەرانەی کەشوێن پەنجەی لە نێو شانۆی کوردی دیارە، بەشداری چەندین شانۆگەری کردوە، خاوەنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان بووە لە ھەولێر،کارەکانی لە (کوردستان ،ئێران ،سوێد، ئەڵمانیا) نمایش کراوە،لەم ماوەی دوایی توانی بڕوانامەی ماستەرلەژێر ناونیشانی (ئەرکی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆیی منداڵان) بەدەست بھێنێت. ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کارو چالاکییەکانی ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازداوە.
*سەرەتا پێمان باشە باس لە چۆنییەتی ئاشنا بوونت بە ھونەری شانۆ بکەیت .
– من ژیار ئیسماعیل حەوێزلە ١٩٨٩ لە شارە جوانەکەی ھەولێر لەدایک بووم ، دەرچووی پەیمانگا و کۆلیژی ھونەرە جوانەکانی ھەولێرم لە بەشی شانۆ/ نواندن ، ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر زانکۆیی سەلاحەددین –ھەولێر٢٠٢٢ بە ناونیشانی( ئەرکی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆی منداڵان) ، نزیکەی لە ٢٥-٣٠ نمایشی شانۆ وەک ئەکتەر بەشداریم کردووە ،خەڵاتی باشترین ئەکتەری شانۆی منداڵان پێدراوە لە فیسڤاڵی شانۆی منداڵان لە ھەولێر لە ساڵی٢٠١٠، بەشداری چەندین نمایشی شانۆیم کردوە لە (تورکیا،ئێران،سوێد ، ئەلمَانیا) لە ئێستادا مامۆستام لە بەرێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان خزمەت بە جیھانی منداڵان و شانۆی قوتابخانەکان دەکەم ، وەک دۆبلێر کاری دۆبلاژ بۆ دراما و فیلمە بیبانییەکان دەکەم ، سەبارەت بە ئاشنا بوونم بە ھونەری شانۆ دەگرێتەوە بۆ بنەماڵە و خێزانەکەم کە چەندین ھونەرمەندی تێدا پەروەردە بووە ، باوکم لەساڵی ١٩٥٢ لە شاری ڕانیە وەک ئەکتەر ڕۆڵی گێراوە ، وە دوو خوشکی گەورەتر لە خۆم دەرچووی شانۆن و ئەکتەری دیارن ، جگە لە کەسە نزیکەکانی ناو بنەماڵەکەم کە ئەکتەر و شێوەکار و میوزیک ژەنی بە توانان بۆیە ئەو جیھان و ژینگەیی من تێیدا گەورە بووم زۆربەیان ھونەرمەند بوون ،کە بۆ من بوونەتە رێنیشاندەر و شانازی .
*ئێوە لە خێزانێکی ھونەرین تاچەند ماڵەوە ھۆکار بوون بۆ ئەوەی ھونەری شانۆ ھەڵبژێرت؟
– بێگومان ، کاریگەری زۆر ئەرێنییان لەسەرم ھەبووە ، وە دایک و باوک و خوشک وبرا ھەمیشە پاڵپشت و رێنماییکارم بوونە ھەمیشە ھۆکاری بڕوا بە خۆبوون و بەردەوامی منن ، ئەمەش وایکردووە بەردەوام بم و دانەبڕێم ھەمیشە کارەکەم ، پیشەکەم ، ھونەرەکەم بە بەرزی سەیر بکەم و دڵسۆز بم بۆیان .
*سەرەتا بە ھونەری نواندن دەستت پێکرد بەڵام لەم دواییەدا کاری دەرھێنانیشت کردوە زیاتر خۆت لە کامەیان دەبینتەوە؟
– ڕاستە چونکە من لە پەیمانگا و کۆلێژی ھونەرە جوانەکان پسپۆری نواندنم تەواو کردوە، ھەمیشە تواناکانی خۆمم لە ئەکتەر و بەرجەستە کردنی ڕۆڵ بینیوەتەوە، بەڵام ھەر لەوە نەمامەوە دەستم بەکاری دەرھێنان کرد بۆ نمایشی شانۆی منداڵان کە لە فیستیڤاڵی چالاکی قوتابخانەکان نمایشکرا بە ناوی (سەمای کچە پەمەییەکان ) ھەستم کرد دەتوانم لەدەرھێنانیش سەرکەوتوو ببم تا بتوانم زیاترخزمەت بە ھونەری شانۆ و نمایش و جیھانی منداڵان بکەم ، بەڕای من ئەکتەری سەرکەوتوو دەتوانێت ببیـە دەرھێنەر و ڕاھێنەری باش .
*ھونەرمەندێکی دیار کراو ھەیە کاریگەریان لەسەربەرێزتان ھەبووبێت؟
– کە وتمان ھونەر واتە بە ھەموو بەشەکانییەوە بۆیە دەلێم، بەڵێ ھەر ھونەرمەندێک ھونەرێکی ئاست بەرز پێشکەش بکات ، بێگومان کاریگەری دەبێت چێژی لێدەبینم و دڵخۆش دەبم .
*وەکو شانۆکارێکی ئەکادیمی لە ئێستادا شانۆی کوردی چۆن دەبینی؟
– بەداخەوە، شانۆی کوردی خەریکە بەرەو داڕمان و ڕووخان دەچێت ، بە تایبەت لە شاری ھەولێر کە ئەوەش جێگای داخە .
*چۆن دەڕوانیتە رەخنەو رەخنەگری شانۆ لە کوردستان ؟
– یەکێک لەگرنگترین ئەو ھۆکارانەی کە لە کۆمەڵگە دا لەپێشکەوتن و گۆرانکاری ڕیشەیی دەستی باڵای ھەیە، ڕەخنەیە تا ڕەخنە نەبێت بونیاد نابێت ، چونکە ڕەخنە ئاراستە و رێرەوی ژیان بەرەوپێش دەبات وە گۆرانکاری دروست دەکات ، وە چارەسەری ئەو کێشانە دەکات، کە بۆتە ھۆی دەست نیشان کردنی ئەو کەم کوڕییەی لەو ناوەندە ھەیە ، بەڵام ئایا ئێمە لە شانۆی کوردی ڕەخنەگرمان ھەیە؟ ئایا شانۆکاران رۆحی ڕەخنە لێگرتنیان ھەیە؟ ئایا تا ئێستا دەرھێنەرانی کورد و شانۆکار لە حەزوو ئارەزووەکانی بینەران شارەزان دەزانن ئەوان چیان دەوێت ؟ بێگومان تا ڕادەیەکی زۆر وەڵاەمەکان بە نەخێرە بۆیە ناتوانین نەڕەخنە گری ئەکادیمی و نە شانۆیەکی باشمان ھەبێت، دەتوانم بڵێم ڕەخنەگری شانۆی کوردی بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن .
*تاچەند شانۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا ھەیە، راستە شانۆ قوتابخانەی گەلە ؟
– ھونەر بە گشتی و ھونەری شانۆ بەتایبەت کاریگەری بنچینەیی لەسەر کۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاک ھەیە ،شانۆ دەتوانێت گۆرانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگە بکات ، بەشداربێت لە بەرەو پێش چوونی کایەکانی ووڵات ، لە پاراستنی کلتور، لە بەھا کۆمەڵایەتییەکان ، ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ، ھەستی نیشتمان پەروەری ،وە ئەوەی زۆر گرنگە زۆربەی دەرونناسان و پەروەردەناسانی ھاوچەرخ درکیان بە ڕۆڵی شانۆ کردوە لە پرۆسەی فێربوون و بە رێگایەکی کاریگەرو باش دادەنرێت بۆ پەروەردە کردنی تاکێکی تەندروست لە ناو کۆمەڵگە . بۆیە شانۆ ھەم ئاوێنەی گەلە، ھەم ئاوێتەی گەلە .
*لەم دواییەدا ماستەر نامەت لەسەر شانۆی منداڵان بەدەست ھێنا ئەگەر بکرێت باس لە ناوەڕۆکی ماستەرمانەکە بکەیت؟
– تێنزی ماستەر نامەکەم لەژێر ناونیشانی (ئەرکی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆیی منداڵان) وەک یەکەم نامەی ماستەر لەسەر ئاستی کوردستان لە بابەتی (پێداگۆجی) بە پلەی نایاب پەسەند کرا ، لەم تێنزە ئەکادیمییە دا شییکاری بۆ سێ نمایشی شانۆی مندڵان کراوە، کە تاچەند شانۆ کاریگەری لەسەر پەروەردە و فێرکردنی فێرخوازان ھەیە ، کە لە ئێستادا لە ووڵاتە پێشکەوتو خوازەکان( شانۆ، دراما ،تەکنیک، سینەما) وەک گرنگترین ھۆکاری فێربوون بەکاردێن ،دەتوانن زۆرترین ئەنجام بدەن بە دەستەوە . وە کارم لەسەر خودی مامۆستا کردوە کە وەک ئەکتەر ڕۆڵ دەبینێت بە مەبەستی فێرکردن، بۆیە پێویستی بە میتۆد و تەکنیک و لێھاتوویەکی زۆر دەبێت، گرنگی دان بە جەستە و دەنگی کە دوو بواری گرنگ لە شانۆدا، مامۆستاش لە پۆل بتوانێ سوود لە شانۆی پۆل ،رۆڵ بینینی فێرخوازان ببینێ بۆ پرۆسەی فێرکردن وەک( کۆنفۆشیۆس) فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێت ” پێم بڵێ بیرم دەچێتەوە، نیشانم بدە ڕەنگە بیرم بمێنێت ، بەشداریم پێبکە ھەرگیز بیرم ناچێتەوە” ئەمەش گرنگی لایەنی کرداری و پراکتیکی وانە وتنەو پرۆسەی فێربوون دەردەخات ، کە چیتر فێرکردن لە سیستمی بانکی پاولۆ فرێری نەھێلینەوە ،کە فێرخواز مێشکی وەک بانک تەنیا زانیارییەکان وەربگرێت. دەبێت ھەنگاوی نوێ بنێن بگەینە ئاستی ووڵاتانی پیشکەوتوو ،لە پرۆسەیپەروەردەو فێربوون فێرخواز سەنتەر بێت ، ڕەخنەگر بێت ، داھێنەر بێت ،بۆئەمەش پێوستمان بە میتۆناسی ( پێداگۆجی)ە، تا کارامەیی مامۆستا بگاتە ئەو ئاستەی لەرێگەی شانۆ ، چیرۆک ، یاری ، ژینگەیی ئازاد و چێژ بەخش فێرخوازی داھێنەر دروست بکات .
*چۆن دەڕوانیتە ئاستی شانۆی منداڵان لەکوردستان؟
-بەداخەوە ئاستی شانۆ بەگشتی لاوازە، کە ئەم خاڵەش گرفتی سەرەکی تێنزی ماستەرەکەمە کە ھۆکارەکانی خراونەتە ڕوو.
گرنگترین ئاستەنگ لەبەردەم شانۆی منداڵان و شانۆی قوتابخانە ئاستەنگی کۆمەڵایەتییە کە تێڕوانینی بەشێک لە خێزان وایە کە شانۆ رێگە خۆشکەرە تا فێرخواز لە وانەکان دور بکەوێتەوە ،ئەم ڕوانگە ھەڵەیەش بە داخەوە بە شکستی فێرخواز کۆتایی دێت، ھەروەھا مامۆستا و بەرێوەبەری قوتابخانەکان تەنانەت بەشێک لە پسپۆرانی پەروەردەش بەشدارن لەو ئاستەنگە ، چونکە شارەزایی چەمکی شانۆیی پەروەردەیی نین ، کە شانۆ ھۆکار و گەیەنەرێکی گونجاو باشە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی فێرکردن. خودی شانۆکاران و مامۆستایانی شانۆش لە وئاستەنگیە بەدەر نین ، زۆربەی دەرچووانی پەیمانگا و کۆلێژی ھونەرە جوانەکان لە بوارەکانیان دوورن و تەنانەت وەک مامۆستاش ئامادە نین وانەی ھونەر بە گرنگ سەیر بکەن لە قوتابخانەکان ، بە داخەوە بێئاگان لەوەی ھەموو وانە زانستییەکان بۆ ئەوەی بە سەرکەووتوانە بە ئامانج بگات دەبێت بە ھونەری شانۆدا تێپەر ببیت ،چونکە پیشەی مامۆستا بەئاگا یا بێ ئاگایانە خۆی لە ئەکتەر و نواندن دەبینێتەوە .
*ئایا ھەموو حەزو ئارەزووەکانت لە شانۆدا بەدیھاتووە؟
– ناتوانم بیربکەمەوە ئەگەر شانۆکار نەبم ، دەبوایە چی بام؟ ھونەر و شانۆ ئەو رێگایەیە کە ھەرگیز ھەستم نەکردوە پەشیمان بم لە ھەڵبژاردنیان .
*ئێمە زۆر سوپاست دەکەین بۆ دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی ھیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین.
– منیش رێز و خۆشەویستیم ھەیە بۆئەو بەسەر کردنەوەتان.
ھەڤپەیڤین – کامەران حاجی ئەلیاس
Discussion about this post