سەدیق سەعید ڕواندزی
دەستەواژەی جیھانبینی شیعری کوردی، کە چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی فراوان ھاتۆتە نێو ئەدەبی کوردی و بە بەردەوامی دەگوترێتەوە و ئاماژەی پێ دەدرێت، بە بڕوای من گوزارشتێکە، جۆرێ لە گیروگازی زەمەنی و مێژوویی تێدایە، چونکە جیھانبینی شیعری کوردی لە ھەموو قۆناغ و سەردەمێکدا، ھاوکات لە ڕووی تیمە و بابەت و گوتاری شیعرییەوە، ھاوشێوە و ھاوتای یەکتری نین، بەڵکو بە پێی واقیعی کۆمەڵایەتی و ئەو ڕووداوانەی پەیوەندییان بە شیعر و گوتاری شیعرییەوە ھەیە، دەگۆڕێت. بۆیە ناتوانرێت ئەزموونی شیعری کوردی، لە قۆناغێکی دیاریکراودا، یا خود لە چەند دەیەیەکدا، کورت و چڕ بکرێتەوە لە تیمەیەکی شیعری دیاریکراو نیشان بدرێن، چونکە ئەزموونەکان جیاوازن. شیعری کوردی، بە تایبەتیش لە قۆناغی پێش ڕاپەریندا، جۆرێک جیھانبینی ھەیە، کە خۆی لە پرسی نەتەوە و نیشتمان، بەرگریی و مانەوە، پارێزگاریکردن لە شوناسی نەتەوە خۆی دەبینێتەوە، بۆیە نەک ھەر ناتوانین ئەو بابەتە لە شیعری ئەو قۆناغە دەرھێنین، بەڵکو ھەر لێکۆلینەوەیەک لە شیعری کوردیدا لەو قۆناغە، بە بێ ئاماژەدان بەو گوتارە شیعرییە، شوێنی خۆی ناگرێت. ئەمە وێرای ئەوەی چەمکی ھاوچەرخ بە مانای نوێگەرێتی لە ھەموو سەردەم و قۆناغێک نایەت. دەشێ ئەوەی ئەمڕۆ نوێ و ھاوچەرخە، لە داھاتوودا کۆن ببێت و ڕەھەندی نوێگەرانەی خۆی نەمێنێت، لە بەر ئەوەی ھاوچەرخبوون پەیوەندی بە قۆناغ و سەردەم و دیاردەکانی ژیانەوە لە ھەموو ڕووێکەوە ھەیە. لێرەوەش جیھانبینی شیعری ھاوچەرخی کوردی، لە ڕووی مانایەوە ھەڵگڕی گیرو گازە. لەو ڕوانگەیەوە، کتێبی (جیھانبینی شیعری کوردی) کە لێکۆلینەوەیەکە لە گوتاری شیعری کوردی، لە قۆناغەکانی نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تاکو ٢٠١٢، شڕۆڤەی ئەو بابەتانە دەکات، کە وەک تیمەی سەرەکی دەقی شیعری لەو سەردەمەدا، ڕەنگدانەوەی لە شیعری کوردی ھەبووە. بێگومان ئەم ناونیشانە، بە بێ پۆلێنکردنی زەمەنی و مێژوویی، جۆرێک لە ناڕۆشنی لە ڕووی ناوەڕۆک و بابەتەوە دروست دەکات. دواتریش دەبوو توێژەر ھەر تەنھا لە پێشەکی کتێبەکە نا، بەڵکو وەک ناونیشانێکی لاوەکی لە سەر بەرگی کتێبەکەش، ئاماژە بەو ماوە زەمەنییە بدات کە دیاریکردووە بۆ لێکۆلێنەوە لە جیھانبینی شیعری کوردی. توێژەر لەو کتێبەیدا، سێ تەوەرەی سەرەکی کە ئەوانیش:_ (خودا و گەردوون و مرۆڤ)ن، وەک بابەتی گوتاری شیعری و جیھانبینی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، واتا نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تاکو ٢٠١٢ دیاریکردووە. بە بڕوای نووسەر، ئەم بابەتانە جیھانبینی سەرەکی شیعری کوردی لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی کورد پێک دێنێت، بەڵام ئایا ئەم بابەتانە، تیمەی سەرەکی شیعری کوردین لە قۆناغی ھەفتا و ھەشتاکاندا؟ ئایا شیعری کوردی، بە درێژایی قۆناغەکانی تا چەند تەناھی لەگەڵ ئایین ھەبووە؟ مەگەر بەردەوام شاعیرانی ئێمە ڕەخنەیان لە ئایین نەگرتووە؟ بۆیە بەستنەوەی شیعری کوردی بەو سێ تەوەرەوە، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە لە مێژووی شیعری کوردی و ناوەڕۆکەکەی. لە ڕاستیدا، جیھانبینی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، تەنھا لە دەوری ئەو بابەتانە ناخولێتەوە کە ئەویش پرسی خوداو گەردوونە، گریمان ئەگەر لە شیعری شاعیرانیشدا، ئەو ڕەگەزانە باسکرابن ، مانای وانییە ئەمە ھەموو جیھانبینی شیعری کوردییە، بە پێچەوانەوە ئەم بابەتانە بەشێکی بچووک لە گوتاری شیعری پێک دێنن. شاعیرانی ئێمە، ھەمیشە دیدێکی ڕەخنەیان بۆ ئایین بە گشتی ھەبووە، بگرە لە ھەندێ کاتدا، ئایینیان وەک ڕەوایەتیدان بەو کارەساتانە بینیوە، کە بە سەر گەلی کورد داھاتوون، بۆ نموونە وەک ئەنفال، کە چۆن ڕژێمی بەعس دێت و ئایەتێکی قورئان دەکاتە بەھانەی قڕکردنی ئێمە و لە ژێر ئەو ناوەدا، سەدان ھەزار مرۆڤی کورد دەکوژێت. ڕەخنە گرتن لە ئایین، لای ھەندێ شاعیری کورد، ھێلی سووریشی بەزاندووە و بۆتە ھۆی ئەوەی فەتوای کوشتنی دەربکرێت، ئیدی نازانم چۆن نووسەری ئەم کتێبە دێت، ھەموو شیعری کوردی لە ھەبوونی خودا و گەردوون و قەزا و قەدەر کۆدەکاتەوە؟ کە ئەم ھەوڵە، پتر لە خزمەت دید و ئەقڵێکی ئیسلامی دایە، لەوەی فەرھەنگی و ئەدەبی و نەتەوەیی بێت. بێگومان جیھانبینی سەرەکی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، کە نووسەری کتێبەکە خۆی لێ بواردووە، پرسی خاک و نیشتمان و بەرگریی و مانەوەیە. ڕووبەرێکی سەرەکی و بگرە ھەموو گوتاری شیعری کوردی لە شەستەکان و ھەفتاکان و ھەشتاکان و ساڵانێکیش دوای ڕاپەڕین، خۆی لە پرسی خاک و نیشتماندا دەبینێتەوە. گوتاری شیعری ئەو قۆناغە گوتاری بەرگریی و گەڕانە بە دوای ئازادی و سەربەستیدا. شیعر لەو سەردەمەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە سیاسی و نەتەوەیەی ئێمەیە، کە لە پەراوێزی ئەو داگیرکاریی و ستەمە نەتەوەیەی بە سەر گەلی ئێمە داھاتوون. شیعر لەو قۆناغەدا، لە سەنگەری بەرگریی و مانەوەی شوناسی نەتەوەیی دایە. لەو ڕوانگەیەشەوە، سیماکانی بەرگریی و داکۆکی لە نەتەوە و یاخیبوون و ھاتنەوە بە گژ دوژمناندا، لە خاسیەت و گوتارە ھەرە دیارەکانی شیعری کوردین. ئەم بابەتانە، پرسی بنەڕەتی و سەرەکی و ھەرە دیاری شیعری کوردی پێکدەھێنن و ئەگەر پرسێکی وەک خوداو گەردوونیش لە شیعری ئەو سەردەمە لای شاعیرانی کورد بوونی ھەبێت، ھەرگیز مانای وا نییە جیھانبینی شیعری کوردی، جیھانبینییەکی ئایینگەرایی بووە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ مێژووی شیعری کوردی، لە ھەفتا و ھەشتاکاندا، لە ڕاستیدا شێواندنی مێژووی شیعری کوردییە و بەستنەوەیەتی بە پرسێک کە ھەمیشە پرسێکی نامۆ و لاوەکی بووە لای شاعیرانی کورد و بگرە نەتەوەی کورد بەگشتی. مەگەر کەس ئەوەندەی نالی و مەحویی و شێخ ڕەزاو پیرەمێرد و شێرکۆبێکەس، ڕەخنەیان لە ئایین و سیمبولە ئایینییەکان گرتووە؟ شیعری کوردی لە ھەفتاو ھەشتاکاندا، ڕوالەتێکی ئەوپەڕی نەتەوەییانە و بەرگریانەی ھەیە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرگریی و مانەوەی ئێمە ھاوشانی خەباتی چەکداری لە شاخدا بینیوە، بە سەدان پێشمەرگە، لە سەردەمی تێکۆشانی شاخدا، خۆزگەی ئەوەیان دەخواست شەھید بوونایە، بۆ ئەوەی شێرکۆبێکەس شیعرێکییان بۆ بنووسێت، ئیدی نازانم چۆن نووسەری کتێب، ئەو جیھانبینییە نابینێت و دێت شیعری چڵ ساڵی کوردی، بە خوداو گەردوون دەبەستێتەوە. تەوەرەیەکی دیکەی ئەو کتێبە، پرسی بوونی مرۆڤە, شاعیرانی کورد، ھەمیشە بوونی مرۆڤیان لە ڕوانگەیەکی ئەنتۆلۆژیی و وجودی بینیوە نەک ئایینی، وەک ئەوەی نووسەری کتێب باسی دەکات. سەردەمانێک، شاعیرانی کورد لە ژێر کاریگەریەتی ھزری سارتەر و کامۆ دابوونە و لەو ڕوانگەیەشەوە، بوونی مرۆڤیان وەک پرسێکی فەلسەفی ئاڵۆز بینیوە، کە مایەی پرسیار و تێڕامانە. زۆرجار بوونی مرۆڤیان، بە کارێکی پووچگەرایی و بێ مانا و ژیانییان بە گشتی وەک دەرکەوتەیەکی بێ نرخ و بێ بەھا بینیوە، دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەیە، کە مرۆڤی کورد لەو سەردەمەدا تیایدا ژیاوە. بوون لای شاعیرانی کورد، ڕەھەندێکی فەلسەفی و یاخیبوونی ھەبووە، نەک ئەوەی بە ئاسانی باوەڕبەوە بێنن کە وەک ھەر مرۆڤێکی دیکە دەژین و دەمرن و خودا خەڵقی کردوون! لەو سۆنگەیەشەوە، بەردەوام لە ڕوانگەیەکی ھزریی و فەلسەفییەوە پرسیاریان لە بوون و ژیان و خودا کردووەو بگرە دژ بە دنیا و ژیان و بوونیش وەستاونەتەوە. بوون لای ئەوان، ڕەھەندێکی ئایینی و گەردوونی نەبووە، بگرە زۆرتر مایەی نائومێدی و ڕەشبینی و گومان و پرسیار بووە لەوەی مرۆڤ بۆ دروستکراوە؟ بۆچی دەژیت؟ بۆچی قەدەری ژیانی وەھایە؟ لێرەوەش نموونە ھێنانەوە لە شیعری چەند شاعیرێک کە زۆرینەیان ئەزموونێکی شیعری ئەوتۆیان نییە لەو کتێبەدا و لای نووسەر، مانای وانییە جیھانبینی شیعری کوردی ھەمووی پەیوەندی بە خوا و گەردوون و ئەستێرە و مانگ و خۆرەوە ھەیە. ھەموو ئەو توخمە گەردوونی و سرووشتیانە، کاتێ لە شیعری ئەو قۆناغەدا، واتا ساڵانی ھەفتاو ھەشتا، بەرجەستە دەکرێن، مانای دیکەی سیمبولی و سیاسی وەردەگرن و لە ڕەھەندە سرووشتییەکەی خۆیان دادەماڵڕێن و بوونێکی سیاسی و نەتەوەیی وشۆڕشگێرییان پێ دەدەرێت. ئەو ڕەگەزە سرووشتییانە، لە فۆڕمێکی دیکەی شیعریدا بەرجەستە دەکرێن، بۆیە لە شیعری نیوەی دووەمی ھەفتاکان و دەیەی ھەشتاکان، توخم و وێنە شیعرییەکان، بونیادێکی دیکەی واتایی وەردەگرن و جۆرێک لە ڕەھەندی سیاسی و نەتەوەیان پێ دەدرێت. گەر بە وردیش لە سەر شیعری ئەو قۆناغە بوەستین، باشتر ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. لە مێژووی شیعری کوردیدا، ھیچ قۆناغێک وەک ئەو قۆناغەی نووسەری کتێبەکە، وەک ماوەی زەمەنی توێژینەوەکەی دیاریکردووە، ھەڵگری جیھانبینی نەتەوەیانە و شۆڕشگێڕیانە نییە، ئیدی نازانم چۆن نووسەر دەیەوێت شیعری زیاتر لە سی ساڵی شاعیرانی ئێمە، بەتەنھا لە بابەتەکانی وەک بوونی خودا و ئەستێرەو گەردوون کۆبکاتەوە؟ ئەو شیعرانەی وەک نموونەی توێژینەوەکە وەرگیراون، زۆرینەی ھەرە زۆریان، شیعری شاعیرانێکن کە ھیچ ئەزموونێکی شیعری ئەوتۆیان نییە و بە داخەوە نووسەر لە ڕوانگەی شارییەوە، بەو پێیەی خەڵکی شارەکەی ئەون، نموونەی لە شیعرەکانیان ھێناوەتەوە. لە کاتێکدا، نموونەی لە شیعری شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس، فەرھاد شاکەلی ، ئەنوەرقادر و ڕەفیق سابیر ، بە جۆرێکی کەم نەبێت نەھێناوەتەوە. لەکاتێکدا باسکردن لە شیعری ھەفتاو ھەشتاکان، بە بێ ئاماژە دان بە ئەزموونی ئەو شاعیرانە، ناتوانرێت گوزارشت لە قۆناغە شیعرییەکە بکرێت.
*پەراوێز: ناوی کتێب: جیھانبینی شیعری ھاوچەرخی کوردی، ئامادەکردنی: دەریا جەمال حەوێزی، بڵاوکراوەی: ئەکادیمیای کوردی.
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ، ژمارە (١٢٨٥) ڕۆژی ١٠/ ٨/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
.
Discussion about this post