جێندەر پەیوەندیی بە جۆری حەزی سێکسیەوە نیە:
جێندەر پێگەی کۆمەڵایەتیی نێر و مێیە، و نەبەسراوەتەوە بە ناهاوڕەگەزخوازی و هاوڕەگەزخوازیەوە.
جێندەر جیاوازیە کۆمەڵایەتی و مرۆڤکردەکانی نێر و مێیە لە کۆمەڵگادا، و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی هەر ڕەگەزێک، وەکوو شێوازی دەرکەوتن و خۆگۆڕین و خۆناساندن لە کۆمەڵگادا، و مافە مەدەنیەکان کە زۆر کولتوور لەم مافانەدا جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا دەکات.
لە باسی “جێندەر”دا باسی نێر و مێ سەرەکیە، و پەراوێزێکیش دەمێنێتەوە بۆ نێرەمووک (کە ئەمیش “خوا دروستی کردووە”)، ئەوەی نە نێری تەواوە و نە مێی تەواوە، کە ئیسلامیش حسابی تایبەتی بۆ نێرەمووک “خنثی” و نێرەمووکی ناڕوون “خنثی مشکل” کردووە (لە بابی “طەهاڕەت” لە فیقهـ هەندێک “ئەحکام”ی جیاوازیان باس کراوە)، جا نێرەمووکیش دەکرێت وەکوو جۆرێکی کۆمەڵایەتی دەرکەوێت و بار و دۆخێکی یاسایی تایبەتیان هەبێت، یان ـ ئەگەر بکرێت ـ بلکێنرێن بە یەکێکەوە لەو دوانەی یەکەم.
جا “ناسنامەی جێندەری” gender identity ئەو پۆلێن و خۆناساندنە ئاشکرایەیە کە تاک لە کۆمەڵگادا بۆ خۆیی دەکات، کە خۆی بە “نێر” یان “مێ” (یان “نێرەمووک” و جۆرەکانی) ناودەبات.
لە هەمان کاتدا “ئاڕاستەی جێندەری” gender orientationـیش هەیە، کە بریتیە لە هەستی ناخەکیی تاک سەبارەت بە “جێندەر”ەکەی: ئایا خۆی وا هەست دەکات نێرە، یان مێیە، یان هیچ یەکێک لەو دوانە نیە بەڕوونی و یەکلایی (هەر بۆیە دەگونجێت هەندێک جار ئەم ئاڕاستە جێندەریە هەمان ئەو جێندەرە نەبێت کە لە لەدایکبوونیدا بۆی تۆمارکراوە، بۆ نموونە: بە نێر لەدایکبووە، بەڵام دواتر کە خۆی ناسی وا هەست دەکات زیاتر مێیە. ئیتر “ڕەگەزگۆڕین” ـ وەکوو چارەسەرێک ـ لێرەوە دێت).
ئینجا بەدوای “ناسنامەی جێندەری”ی ئاشکرا و ڕاگەیەنراودا؛ “ڕۆڵی جێندەری” gender roleـیش هەیە، کە بریتیە لەو شێوازانەی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و هەست و خۆگۆڕین و خۆدەرخستنەی کۆمەڵگا چاوەڕێیان دەکات لە تاک بەپێی ڕەگەز یاخود جۆری بایۆلۆجیی تاکەکە، ئەگەر نێرە یان مێیە، چاوەڕێی شێوازێکی تایبەت لە هەڵسوکەوت و خۆدەرخستنی لێ دەکرێت.
ئیتر جێندەر نەبەسراوەتەوە بەوەوە: پیاوەکە حەزی لە ڕەگەزی مێیە، یان “گەی”ـە، و ژنەکە حەزی لە ڕەگەزی نێرە، یان “لێزبیەن”ـە. پیاو لە ڕووی یاسایی و مەدەنیەوە هەر پیاوە، ئەگەر “گەی”یش بێت، و ژن لە ڕووی یاسایی و مەدەنیەوە هەر ژنە، ئەگەر “لێزبیەن”ـیش بێت.
پوختەی قسە: جێندەر جۆرە کۆمەڵایەتیەکەی مرۆڤە، لەسەر بنەمای ڕەگەزەکەی: نێر و مێ (و نێرەمووک)، کە ئیتر هەر یەکە لە پیاو و ژن پێگەی کۆمەڵایەتی و باری یاسایی خۆیی هەیە. و ئەمە پەیوەندیی بە حەزەکانیانەوە نیە: ئایا حەزی لە ڕەگەزی بەرامبەرە، یان ڕەگەزەکەی خۆی، یان هەردووکیان، یان هیچیان.
ئەم حەزە جیاوازانە، کە خۆیان هەن، شتێکی ترن کە پێی دەوترێت “ئاڕاستەی سێکسی” sexual orientation کە بە حەز و خواستی سێکسیی تاکی مرۆڤ دەوترێت، کە شتێکی خۆڕسکە و تا ڕادەیەکی زۆریش سروشتیە، و بەشێکیشی زادەی پەروەردە و دەروبەر و هەندێک کارتێکەرە. گرنگ ئەوەیە شتێک نیە چالاکیوانی جێندەر یان یاساداڕێژ داوای بکات، بەڵکوو تەنها ناوی دەنێت و دانی پێدا دەنێت کە هەیە، و مادەم خۆی هەیە؛ دەبێت سەرکوت نەکرێت.
لەسەر بنەمای ئەو ئاڕاستە سێکسیانەی تاک؛ “ناسنامەی سێکسی” sexual identityی تاکیش پێکدێت، کە بریتیە لەوەی تاک چۆن لەلایەنی حەزی سێکسیەوە خۆی پۆلێن دەکات: پێی وایە حەزی لە ڕەگەزی بەرامبەرە: خۆی پێ ڕێکوڕاست straightـە (“ئەویترخواز” heterosexualـە)، یان لە هەمان ڕەگەز: خۆی پێ “هاوڕەگەزخواز” homosexualـە: “گەی”ـە یان “لێزبیەن”ـە، یان لە هەردووکیان: “دووڕەگەزخواز” bisexualـە، یان لە هیچیان: “ناڕەگەزخواز” asexualـە. ئەمانە “جێندەر” نین، حەز و ئاڕاستەی سێکسین. و لە هەموو گرووپ و کۆمەڵگایەکدا هەن، ئیتر چۆن ناودەنرێن و تا چ ڕادەیەک خۆیان دەناسن و چۆن خۆیان دەردەبڕن؛ ئەمانە مەسەلەی ترن.
■ ئەوەی کە چالاکیوانی جێندەر داوای دەکات؛ “یەکسانیی جێندەری”ـە:
“ئاڕاستەی سێکسی” و “ئاڕاستەی جێندەری” کە مەیلی سروشتی یان خۆڕسکن، و “ناسنامەی سێکسی” و “ناسنامەی جێندەری” کە هەڵبژاردنی خۆڕسک و خۆویستانەی تاکن؛ ئەم سیانە داواکاریی هیچ چالاکیوانێکی جێندەر نین، چونکە ئەمانە بۆ خۆیان هەن، نەک داواکاریی تەوژم و ڕێکخراوگەلێک بن. ئەوەی داواکاریە و کاری بۆ دەکرێت؛ هەر “یەکسانیی جێندەری”ـە.
ئینجا “یەکسانیی جێندەری” ئەوەیە ژن و پیاو لەسەر بنەمای جیاوازییان وەکوو نێر و مێ لە مافە مەدەنیەکاندا جیاکارییان بەرامبەر نەکرێت، وەکوو مافەکانی بواری خوێندن و کارکردن و کاری سیاسی.
بەتایبەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، یەکسانیی جێندەریی ژن و پیاو پێویستە کاری بۆ بکرێت، کە لەسەر بنەمای ناسنامەی جێندەری و “ژن و پیاوی” مافە مەدەنیەکان بۆ ژن ناتەواو نەکرێن، و ژن بە هۆی ژنبوونەوە بێبەش نەکرێت لە مافە مەدەنیەکانی یان مافەکانی کەم نەکرێنەوە.
———————–
سەروەر پێنجوێنی
Discussion about this post