سەدیق سەعید ڕواندزی
بە ھۆی دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و ھەبوونی دەیەھا مینبەری گوتن و نووسین، جۆرە فەزایەکی کراوە لە بەردەم ھەموواندا ھاتۆتە ئاراوە، کە بنووسن و سەرنج و ئایدیاکانیان تێدا بخەنە ڕوو. ئەم فەزا کراوەیە، جۆرە گوتارێکی بەرھەم ھێناوە، کە بنەماکانی لە چی گوتن دایە، نەک چۆن گوتن، بەو مانایەی ھەموومان دەنووسین و شتێک دەڵێین، بە بێ ئەوەی پێویست و گرنگ بێت، لە ڕووی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە، یاخود ئیزافەیەک بخاتە سەر گوتاری ڕۆشنبیری کوردییەوە. ئەم بێ بایەخکردنەی نووسین، وەک کایەیەکی گرنگی مەعریفی، ھیچ جۆرە شکۆیەک و بەھایەکی بۆ دنیای نووسین نەھێشتۆتەوە، لەو سۆنگەیەشەوە ڕۆژانە ئێمە، بەر سەدەھا بە ناو نووسین و وتار دەکەوین، کە بێ قوڵایی و بێ ناوەڕۆک و ھەڵگری ھیچ ڕەھەندێکی ڕۆشنبیری نین. بە جۆرێک مرۆڤ زۆرجار قێز لە دنیای نووسین دەکاتەوە. لە کاتێکدا نووسین، یەکێکە لە کردە ھەرە قوڕس و ئالۆز و ھزریەکان. بۆیە ھیچ کاتێک نابێ ئەو فەزا کراوەیە، لە پەراوێزی بە ناو ھەبوونی ئازادی دەربڕینەوە دڵخۆشمان بکات بەوەی کە ھەموو شتێک دەنووسرێت، بەڵکو لەوە گرنگتر ھەڵوەستەکردنە لە ئاست ئەوەی دەنووسرێت، چونکە ھەموو نووسینێک کە بڵاو دەبێتەوە، دەرەنجام خوێنەر لە خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنیدا دەبێتە پێوەر و ئەوە دواجار بەھایەک بەو نووسینە دەدات، بەوەی کە چەند پێویستە و ماھیەتی لە چۆن گوتن دایە یان چی گوتن. ئەگەر گوزەرێکی خێرا، بە ناو ئەو دنیا ئاڵۆز و شێواوەی نووسینی کوردی بکەین، ڕۆژانە بەر دەیەھا نووسینی کرچ و کاڵ و بێ ناوەڕۆک و لەشکرێک قەڵەم بەدەست دەکەوین، کە ھەر تەنھا مەبەستیانە شتێک بنووسن، نەک ئەوەی چی دەنووسن. بۆ نموونە: ھەیانە، چەند دەردەڵێک بە ناو شیعر بڵاو دەکاتەوە، کەچی لە شکرێک قەڵەم بەدەست، دەکەونە شانامە و ستایشی شیعرەکانی دەکەن، لە کاتێکدا نە زمان، نە وێنەی شیعری، نە شیعریەت و جوانی لە شیعرەکانی ئەو بە ناو شاعیرە نییە، جگە لە قسە ڕێزکردنێک. بڕوام وایە، ئەو خۆشی ڕەنگە پێ شاعیر نەبێت، وەلێ کاتێ دەبینێت، پەسن و ستایش دەکرێت و بەوە ناوی دەبەن، کە شیعرەکانی داھێنەرانەن و جێگای ھەموو شتێکیان تێدا دەبێتەوە، ئیدی خۆی لێ دەگۆڕێت و بەردەوام دەبێت لە سەر ئەو دەردە دڵانە، ھەیانە ڕابردووی خۆی کە سەردەمانێک بۆ نموونە فەقێ بووە، دەکاتە کەرستەی گاڵتەجاریانەی نووسین، بە بێ ئەوەی بۆ ئەوانیتر ھیچ مانایەکی ھەبێ، ئەمانە و دەیان و سەدان نموونەی تر، کە ئێمە ڕۆژانە بەریان دەکەوین. ئەم دۆخە لە غیابی ڕەخنەی جدی و شرۆڤەییەوە بەردەوام بوونی ھەیە، بە تایبەتیش کە نووسەر و خوێنەری بیرکەرەوەو بە سەلیقە زۆر کەم بۆتەوە، کە حەوسەڵەی ئەوەی ھەبێت ئیستێک لە ئاست ئەو ھەموو بە ناو نووسینانە بکات. بێگومان ھەر وشەیەک کە دەینووسین بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی فەرھەنگی و ڕۆشنبیرییە، نووسین دەبێ پەیام و مەبەستێکی ھەبێت و شوێنێک لە ھزر و دیدی خوێنەران بگرێت، نەک تەنھا ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکان بێت. نووسەر کاتێ باس و بابەتێک لە نووسینەکەی دەخاتە ڕوو، دەیوروژێنێت، دەبێ لە چاوەڕوانی ئەوەش دابێت، خوێنەرانێک ھەبن، لە پەراوێزی خوێنەوەی ئەو نووسینەی ئەو پرسیاریان لادروست بێت و گومان بکەن لەوەی نووسەر دەیەوێت چی بڵێت؟ لەو سۆنگەیەوە، وەک خوێنەرێک دەمانەوێت ھەڵوەستە لە ئاست وتارێکی ( زانا ڕەزاق) بە ناوی ( نووسین و وردەکاری) بکەین، بە مەبەستی گفتوگۆ و پرسیار لە چیەتی نووسین. ئەم بەڕێزە، ماوەیەکە لە ڕێی ھەندێک کورتە وتاری دووسێ دێڕی، ھەر جارە و دەیەوێت وەک مەلای دوانزە عیلم لە بارەی شتێکەوە بنووسێت و وەعز بە ھەموومان بدات و گوایە، مەعریفە و زانینمان فێردەکات. کێشەکە لەوە دانییە چی دەنووسێت، بەڵکو گرفتی گەورە لەوە دایە، ئەو بابەتانەی ھەڵیان دەبژێرێت، نەک بە نووسینێکی سادە و بێ ناوەڕۆکی چەند ڕستەیی ئەو مافی تەواویان بۆ قسە لەسەر کردن پێ نادرێت، بەڵکو ھەیانە پێویستیان بەوەیە، دەیان کتێبیان لە بارەوە بنووسرێت. ئیدی نازانم، ئەم چۆن بوێری ئەوەی ھەیە، بەو کورتە بە ناو نووسینانە، قسە لە سەر ئەرز و ئاسمان بکات؟ ئەم بەڕێزە، لە نووسینێکی کورتی دیکەیدا، بە ناوی (نووسین و وردەکاری) کە لە ماڵپەڕی پڕ خوێنەری دەنگەکان بڵاو بۆتەوە، چەندین بۆچوونی سادە و ھاودژ دەردەبڕێت وگوایا ڕێنوینی ھەمووان دەکات چۆن بنووسن. سەیر و شۆخی لەوە دایە، باس لەوە دەکات، کە ئەوەی ئەم دەیڵێت، تاکو ئێستا کەس نەینوسیوە و بگرە فەیلەسوفە کۆنەکانیش باسیان نەکردووە، لێرەوە کارەساتەکانی دنیای بێ ڕەخنەیی دەردەکەوێت، کاتێ نووسەرێکی گەنج لە کورتە وتارێکدا باس لەوە دەکات کە قسەی جیاوازتر لە فەیلەسوفانی دنیا دەکات و ئەوان مەعریفەی ھەموو شتێکیان نەبووە. نووسەر لە دەسپێکی ئەو کورتە وتارەیدا دەنووسێت:_(سەرەتا نووسەر دەبێ بە شێوەیەک بیرۆکەکانی بنووسێت پر بێت لە ووردەکاری یانی بە پرۆسەیەکی زانستی ورد بڕوات نەک بە نووسینێک یان نووسینانێک کە خەیاڵێکی کامل بنووسێت یانی خەیاڵە کامڵەکان وورد وورد بێ ھەروەھا ئەو ووردە ووردەش ڕوون بێت) ھەڵبەتە سەرەتای نووسینە کورتەکەی ئەوم وەکو خۆی نووسیوەتەوە، کە ڕەچاوی ھێچ ڕێسایەکی خاڵبەندی نەکردووە، کە بۆ ھەر نووسەرێک کە بیەوێت بنووسێت، ئەلف و بێی سەرەتای نووسینە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، گەر بە وردی لە سەر ئەو پەڕەگرافە بووەستین، جگە لە قسە ڕێزکردنێک ھیچ مانای تر ناگەیەنێت، چونکە بنووسی ئەو دێڕانە، باس لە شتێک دەکات، گومان دەکەم خۆشی درکی پێ بکات. سەرەتا با ئەو پرسیارە بکەین، بیرۆکەی پڕ وردەکاری چییە؟ مەگەر لە دنیای نووسیندا، شتێک ھەیە بە ناوی بیرۆکەی پڕ وردەکاری و ھەمە لایەنە؟ بێگومان بیرۆکە نانووسرێت وەک ئەوەی ئەو تێی گەیشتووە، بەڵکو گەڵاڵە دەکرێت. بیرۆکەی ھەر کارێک، سەرەتا لە داڕشتنی ئایدیایێکی سنووردار و بێ وردەکاری دەست پێ دەکات، پاشان لە میانەی کارکردن لەسەر بیرۆکەکە، ئەو وردەکاریە دەست پێ دەکات. ئەمەی ئەو نووسیویەتی، ڕەنگە ناشارەزایی بێت، لە دنیای نووسین، چونە بیرۆکەی کارێکی زانستی، لە کارێکی ئەدەبی و ھونەری جیا ناکاتەوە، دەشێ لە کارێکی ئەندازەیی، زانستی، پزیشکی، بیرۆکەی پڕ وردەکاری ھەبێت، بەو مانایەی ڕەچاوی ھەموو لایەنەکان بکرێت، بەڵام لە دنیای نووسیندا، ھیچ کارێکی ئەدەبی و بگرە ھونەریش نییە، بیرۆکەی ھەمە لایەنەی ھەبێت. نووسینی پەیوەندی بە ھێزێکی شاراوەی نێو ناخ و ھزری مرۆڤە ھەیە و زۆرجار پلانی نووسینی ھیچ شتێکمان نەبووە، کەچی بە ھۆی ڕووداوێک، کارەسات و دیمەنێک، لە پڕ بیرۆکەی نووسینێکمان لا گەڵاڵە بووە. نووسین، بە تایبەتیش لە دنیای ئەدەبیاتدا، کارێک نییە لە سەرەتاوە بە ھەموو شتێکەوە دەست پێ بکات و کۆتایی بێت، بەڵکو سات وایە، لە بیرۆکەیەکەوە، یان ڕووداو و دیمەنێکەوە، یان خەیاڵکردنێک دروست دەبێت. ھیچ شیعر و چیڕۆک و ڕۆمانێک نییە، ھەر لە سەرەتاوە ناوەڕۆکەکەی بە ھەموو لایەنەکانەوە داڕێژرابێت، بە دەیان و سەدان نووسەر ھەن، لە میانەی ئەزموونی خۆیان لەگەڵ دنیای نووسیندا، باسیان لەوە کردووە، کە کارەکەیان سەرەتا لە بیرۆکەیەکەوە دەستی پێ کردووە، پاشان درێژ بۆتەوە، یاخود لە دەرەوەی ویستی ئەوان، ڕووداوەکان بەو شێوەیە ھاتوون. لە ڕۆمان و چیڕۆکدا، گرێچن ھەیە، کە لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات و دواتر وردەکاریەکانی کات و شوێن و ڕووداو، کارەکتەر بینا دەکرێن. نووسین پیشەی زانستی نییە، تا نووسەر بە ئارەزووی خۆی دابنیشێت و نەخشەو کڵێشەی پڕ وردەکاری نووسینەکەی دابنێت، وەک ئەوەی ئەندازیارێک نەخشەی خانووێک بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە دادەڕێژێت. گۆران ئەگەر سەردانی ھەورامانی نەکردبووایە، شیعرێک نەدەبوو بە ناوی گەشتێک بۆ ھەورامان، بەو مانایەی ئەو ئەستەم بوو بتوانێت بیرۆکەی پڕ وردەکاری ئەو شیعرە دابڕێژێت. ڕەنگە کەس ئەوەندەی شاعیران، سەروکاریان لەگەڵ دنیای شاراوەی نووسین نەبێت. شاعیران، زۆرجار بە بێ ئەوەی توانا و دەسەڵاتییان بە سەر نووسین ھەبێت، ئەوا ھێزێکی شاراوە و بزر ئاراستەیان دەکات. ھەیانە، بە ساڵ شیعرێک نانووسێت، ھەیانە شیعرێک دەنووسێت و تەواوی ناکات و دوای چڵ ساڵ تەواوی دەکات، ھەیانە، بیرۆکەی شیعرێکی کورتی ھەبووە، کەچی بۆتە قەسیدەیەکی درێژ. ھەموو ئەو ئەزموونانە، ئەزموونێک نین لە پێشدا ئامادەسازیی وردیان بۆ کرابێت وەک ئەوەی زانا ڕەزاق تێی گەیشتووە، بەڵکو مامەڵەکردنە لەگەڵ دنیای شاراوەی نووسین. ئەگەر بڕیار بێت، بیرۆکەی ورد و پڕ پلان بۆ دنیای نووسین ھەبێت، ئەوا نووسەران و ئەدیبان بە تایبەتی، چیان مەبەست بێت، لە پەراوێزی داڕشتنی بیرۆکەکانیانەوە ئەوە دەنووسن، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوەیە. من ساتی وا ھەبووە، کاتژمێر دووی شەو، بێدار بوومەتەوە، چونکە لە پڕ بیرۆکەی وتارێکم بە خەیاڵ داھاتووە، یەکێکیش لە سرووشتەکانی ژیانم ئەوەیە، کە مەحاڵە بنووم، قەڵەم و تێنووسم لە ژێر سەرین نەبێت. ھیچ بیرۆکەی ئەوەشم نەبووە، بنووسم، چ جای ئەوەی ڕەچاوی وردەکاری بکەم، وەک ئەوەی ئەم بەڕێزە دەیڵێت.ئەم کڵێشازییە بۆ نووسینی وشک و بریشکی ئەکادیمی ڕەنگە، دروست بێت،بەڵام نووسین مامەڵە کردنە لەگەڵ دۆخێکی زۆر تایبەت، کە زۆرجار لە دەرەوەی ویست و دەسەڵاتی نووسەرە. ھەر لە درێژەی ئەو نووسینە کورتەیدا، نموونەی سەیرو سەمەرە دەھێنێتەوە و دەنووسێت :_( کاتێ ئێمە خەڵکی فێری بەڵێ و نەخێر دەکەین، دەبێ فێری ئەوەشیان بکەین بۆ چ شتێک بەڵێ بڵێن و بۆ چ شتێکیش نەخێر بڵێن و ئەمەش بە ووردەکارییەوە یەک شتیش ئەوەیە واقیع گۆڕینیش پرۆسەیەکە، ووردە ووردەیە) ھەروەھا دەنووسێت:_( ئەوەی من دەیڵێم کەس نەیگوتووە نە لە پێشوو، نە لە ئێستاشدا تەنانەت فەیلە سوفەکانیش ئەمەیان نەگووتووە) بێگومان ڕاست دەکات، چونکە تا ئێستا کەس بوێری ئەوەی نەبووە، قسەی لەو شێوەیە بکات. ئاخۆ کەس تا ئێستا، قسەی سەیرو سەمەرەی لەو جۆرەی کردووە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، مەگەر ئەرکی ئێمە ئەوەیە خەڵک فێری بەڵێ و نەخێر بکەین، یان خۆیان ھوشیاری ھزری ئەوەیان ھەبێت، فێری بەڵێ و نەخێر بن؟ ئایا مرۆڤ توتییە، تا ئەوەی کەسێک چی وت ھەمووان دووبارەی بکەنەوە؟ بەڵێ و نەخێر لە ھیچ شتێکی ژیاندا، ڕەھا نییە بەڵکو ڕێژەییە، ئەوە مرۆڤە دەبێ خۆی فێری ئەوە بێت، چۆن بڕیار دەدات و لە چ کاتێک بەڵێ و لە چ کاتێکی دیکە نەخێر دەڵێت. مەرج نییە ئەوەی لای تۆ بەڵێ بێت، لای بەرانبەرەکەشت ھەمان شت بێت. دەبێ مرۆڤەکان خۆیان ھوشیاری ئەوەیان ھەبێت و درک بکەن، کە گوتیان نەخێر بۆچی دەبێ بڵًێن نەخێر و کە وتیشیان بەڵێ، بۆچی دەیانەوێت بڵێن بەڵێ. ئەوانەی دەیانەوێت خەڵک فێری بەڵێ و نەخێر بکەن نەک خۆیان فێری بن، ئەوانەن کە دەیانەوێت میللەتێکی مێگەل و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و ستەمکار ھەبێت. ئەم جۆرە لە کردەی بەڵێ و نەخێر بێگومان، ئەو دۆخە دێنێتە ئاراوە. کاتی خۆی سەددام وتەیەکی ھەبوو دەیگوت:_(گەر سەددام گوتی واتا گەلی عێراق گووتی ) بۆیەشە بینیمان لە ھەمووھەڵبژاردنەکاندا، لە سەدا سەدی دەنگەکانی دەھێنا. نابێ مرۆڤ لە سەر ئەو بنەمایە فێر بکەین، کە من چیم ویست، ئەویش ئەوەی بووێت. بەڵکو دەبێ خۆی ئازاد بێت لە بیرکردنەوە و ھەڵبژاردن. ئەم جۆرە کولتوورە کە لە ڕۆژھەڵات باوە، ھەمیشە مایەی نەھامەتی بووە بۆ ئێمە، چونکە بەردەوام نەمانتوانیوە گوتارێکی جیاواز بەرھەمبێنین. مرۆڤ دەبێ خۆی فێری ھەموو شتێک بێت لە ژیان، بە تایبەتیش کاتێ قۆناغی منداڵی دەبڕێت. ھەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە مرۆڤ پێویستی بە ئامۆژگاری نەبێت، بەڵکو بەو مانایەی دەبێ خۆی سەربەست و ئازاد بێت لە ھەڵبژاردن و ڕەت کردنەوە. ھەر لە نووسینێکی دیکەی کورتیدا، زانا رەزاق باسی داھێنان دەکات و دەنووسێت:_( داھێنان جاری یەکەم زەحمەتە دووەم جارو سێیەم جار ئاسان دەبێت) ئەم برادەرە، وا لە داھێنان گەیشتووە، کە کارێکی زۆر ئاسایی و ڕۆژانەیی بێت و ھەموو کەسێکیش دەتوانێت داھێنەر بێت، بێ ئاگا لەوەی داھێنانەکان یەکجار لە ژیان دێنە ئاراوە و ئەوانی دواتر ھیچ بەھایەکیان نییە. مەگەر لە دوای گۆران دەیان شاعیری دیکە، شیعری ئازادیان نەنووسی؟ بۆچی تەنھا گۆران بە نوێکەرەوەی شیعری کوردی و داھێنەری شیعری ئازاد دەناسرێت؟ چونکە لە بنەڕەتدا داھێنانەکە ھی ئەو بوو، بۆیە ئەوە نییە داھێنان ھەموو کات و سەردەمێک، ھەموو ڕۆژگار و قۆناغێک، لە ھەموو ڕووێکە بێتە ئاراوە، یان کەینێ ویست و مەبەستمان بوو، داھێنان بکەین. ئەم شێوە تێڕوانینە بۆ داھێنان تەنھا لە خەیاڵی ئەودا ھەیە. دواجار دەڵێم ھیوادارم وردترو بە دیقەتتر بێت، لەو وتارانەی لەمەو دوا دەیاننووسێت، بۆ ئەوەی بزانێت خوێنەرانێک ھەن، دەخوێننەوە و ھەڵوەستە دەکەن و پرسیاریان لادروست دەبێت، ھەروەھا ڕەچاوی خاڵبەندیش بکات و بەھەڵە بە کاری نەھێنێت، چونکە ڕستە ھەیە، پرسیاری تێدا نییە کەچی نیشانەی پرسیاری بۆ دا ئەنێت، ھەیانە سەرسوڕمان نییە، کەچی نیشانەی سەر سوڕمانی بۆ دا ئەنێت .
سەرنج: نووسین و وردەکاری، کورتە وتارێکی (زانا ڕەزاق) ە لە ١٦/٩ لە ماڵپەڕی دەنگەکان بڵاوبۆتەوە.
Discussion about this post